میدیای خوێندنگەیی و گرنگیی خۆدەربڕینی فێرخوازان

نووسینی: عاتکە الحَصان

وەرگێرانی بەدەستكارییەوە: ئیسماعیل حاجی زەڵمی

میدیای خوێندنگەیی؛ ئەو سەكۆ و پەیج و تۆڕە كۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە كە خوێندگەكان بۆ بڵاوكردنەوەی چالاكیی و بۆنەو بابەتە جیاوازە پەروەردەیی و خوێندكارییەكان بەكاریاندەهێنن. میدیای خوێندنگەیی؛ بەیەکێک لەگرنگترین رێگاکانی پراکتیزەکردنی کاری میدیایی دادەنرێت، بەجۆرێک فێرخوازانی خوێندنگە لە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی بابەتە میدیاییەکاندا لە خستنەڕوو و نیشاندانی كێشەکانی تایبەت بە ژینگەو ئەو چوارچێوەیەی کە فێرخوازی تێدا دەژی داهێنان دەکەن. بۆیە ناکرێت هیچ خوێندنگەیەک میدیای خوێندنگەیی لەیادبکات، چونکە لە رێگەی ئەمجۆرە میدیایەوە جگەلەوەی فێرخواز گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەکات، هاوکات ئەم میدیایە دەبێتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی و رێنماییە پەروەردەییەکانی تایبەت بەخوێندن و خوێندنگە، ئەمە جگەلەوەی ئەمجۆرە میدیایە خۆی لەخۆیدا پیادەکردنی کۆمەڵێک چالاکیی مەعریفییە وەک خوێندنەوە و نووسین لە بوارە جیاوازەکاندا. بۆیە ئەگەر بەشێوەیەکی تر بڕوانین؛ دەبینین میدیای خوێندنگەیی بووەتە پێویستیيەکی سەردەم و لەو چوارچێوەیەشدا هەموو خوێندنگەیەک سەکۆیەکی میدیایی بۆخۆی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا کردووەتەوەو لەڕێگەیەوە سەرجەم بڕیارو راسپاردەو چالاکییەکانی تایبەت بە فێرخوازان و خوێندنگەی تێدا بڵاودەکاتەوە. ئەوەش بووەتە سەرچاوەیەکی باشی بڵاوکردنەوە بۆ کەناڵەکە میدیاییەکانی تر. بەشێک لە خوێندنگەکان؛ گۆڤارو بڵاوکراوەی بچووک بەشێوەی خوولیی چاپ و بڵاودەكەنەوە یاخود پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بەبڵاوکردنەوەی چالاکیی و بیرۆکەو داهێنانەکانی فێرخوازان و خوێندنگەكانيان دادەمەزرێنن. ئەمجۆرە میدیایە لەڕووی میدیایەوە دەرفەتێکی زێڕین بە خوێندنگە دەدات؛ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە پێویستە فێرخوازان و ستافی خوێندنگە و دایبابەکان بیزانن كە ئەوەیش ئاسانکارییەکی زۆرباش دەبێت بۆ بەیەکگەیشتنی لایەنی پەروەردەكار و پەروەردەکراو: فێرخواز و مامۆستا و دایباب.

میدیای خوێندنگەیی و چۆنیەتی سوودلێوەرگرتنی

ئەمجۆرە میدیایە ئەگەر بتوانرێت بەشێوەیەکی گونجاو ئاراستە بکرێت و بەشێوەیەکی پیشەیی لەلایەن مامۆستایانی پسپۆرەوە سەرپەرشتیی و پاڵپشتی بکرێت سوودێکی زۆری هەیە؛ دەتوانێت لە گەشەپێدانی تواناکانی فێرخوازاندا هاوکاربێت، بەوەی لەڕێگەیەوە تیشک بخرێتە سەر توانا و لێهاتوویی و داهێنانەکانيان. هاوكات ئاڕاستەکردنی ئەو توانا و داهێنانە بەشێوەیەکی درووست. لەگەڵئەوەشدا پێویستە فێرخوازان ئاشنابکرێن بە لێهاتووییە رۆژنامەوانییەکان لە رێگەی خوول و ۆرکشۆپی تایبەتەوە بۆ نیشاندانی رێگای درووست سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی بابەتە رۆژنامەوانییەکان. هەروەها ئاشناکردنیان بەگرنگترین رێساو یاساکانی کاری میدیایی لەرووی سزا و تاوانەکانی بڵاوکردنەوەوە، تاوەکو لەکاتی هەبوونی هەر بیرۆکەیەکدا ئەگەرچی سادەش بێت بتوانن بینووسن و بڵاویبکەنەوە. گرنگییەکی دیكەی ئەمجۆرە میدیایە، بریتییە لەوەی كە گەشەی کەسێتیی بە فێرخوازان دەبەخشێت و متمانەبەخۆبوونیان لەلا درووستدەکات. بەجۆرێك وایانلێدەکات بتوانن راستگۆیانە زۆر بە ئاسانیی و روونیی گوزارشت لە دیدوبۆچوونی خۆیان بکەن. ئەوە جگەلەوەی كە یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزبوونی داڕشتن و هەڵبژاردن و نووسین بەشێوەیەکی زۆرباش. هەروەها ئەمجۆرە لەمیدیا یارمەتییدەر دەبێت لەوەی  دەنگی فێرخواز بیستراوبێت و قەوارەیەكی رێزلێگیراوی لای مامۆستا بۆ فێرخوازان درووستبکات. میدیای خوێندنگەیی؛ دەتوانێت هۆکارێکی باشبێت لەوەی فێرخواز لەداهاتوودا رۆڵی سەرکردە ببینێت. لەم رێگەیەوە دەتوانرێت ئەو شتانەی لەناخیدایە بەبێ ترس و دوور لەهەرجۆرە سانسۆرێک دەریبڕێت و راست و چەوتی پەیامی میدیا جیاوازەکانی تر لەیەک جیابکاتەوە. میدیا خۆی لە خۆیدا هێزو دەسەڵاتە، ئەگەر بتوانرێت بخرێتە چوارچێوەی خوێندنگەوە، فێرخواز زۆر بەئاسانیی هۆگری دەبێت و خۆی لەگەڵ هێزەکەیدا دەگونجێنێت.

میدیای خوێندنگەیی و دەروازەیەک بۆ گەشەپێدانی زانست

ئەمجۆرە میدیایە دەروازەیەکە بەڕووی پێشکەوتن و گەشەسەندندا، بەتایبەت ئەگەر بێت و دەروازەکەی خوێندنگە بێت. ئەگەر ژینگەی خوێندنگە گرنگیی بدات بە دۆزی فێرخوازان و مامۆستایان، لەم چواچێوەیەدا میدیای خوێندنگەیی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. ئەوەش زۆر بەئاسانیی هەستی پێدەکرێت، کاتێک دەبینیت چەندە جیاوازیی هەیە؛ لەنێوان ئەو خوێندنگانەی گرنگیی بە بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی لەمیدیادا دەدات لەگەڵ ئەو خوێندنگانەی کە ئەم میدیایە بەگرنگ تەماشا ناکەن، بۆیە پێویستە لەسەر خوێندنگاکان کە تواناو کارامەییەکانی فێرخوازانیان بەگرنگ بزانن و هانیان بدەن و پاڵپشتیان بن، تاکو بتوانن پەرەیان پێبدەن. ئەمجۆرە میدیایە بەشدار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی لایەنی زانستیی فێرخوازان، چونکە هانیان دەدات بۆ نووسینی بابەت و راپۆرت و توێژینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری، لەسەر هەر بابەتێک خۆیان ویستیان لێی هەبێت، ئەوەش بەواتای هاندانی فێرخواز دێت بۆ توێژینەوە بەشێوەیەکی فراوانتر. هەروەها پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیار کە توانای هەڵهێنجان و جیاکردنەوەی زانیاریی بەشێوەیەکی راست و درووست هەبێت. ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر لایەنی زانستیی فێرخواز دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بێت و میدیا سەرجەم پسپۆڕییەکان بگرێتەوە و لەبابەتێکی دیاریکراودا چڕنەکرێنەوە، چونکە ئەگەر هاتوو سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی وەک ئەدەب و زانست و ئایین و … هتد لە میدیادا جێگەی کرایەوە، ئەوا کاریگەریی فراوان دەبێت. پێویستە میدیا لەناوەندی خوێندن و خوێندنگەدا رۆڵێکی دیاری پێبدرێت و وانەیەکی تایبەتیی بۆ دیارییبکرێت کە تایبەت بێت بە گرنگیی و سوود و کاریگەرییەکانی میدیا لەهەموو شوێنێکدا. ئەوەجگەلەوەی كە پێویستە فێرخواز شارەزا بکرێت، بەسەرجەم لێهاتووییەکان و فێری نووسین و چۆنییەتی داڕشتن بكرێت، تاکو بتوانن وەک کەسێکی میدیاکار و پسپۆڕ رۆڵ ببینن. كەواتە: میدیای خوێندنگەیی هەنگاو بە هەنگاو گەشەدەکات و پێشدەکەوێت. لەڕابردوودا تەنیا میدیایەکی سەرەتایی و ئەزموونێکی بچووک و سنوردار بوو، لە سەرجەم خوێندنگەکاندا نەگشتێنرابوو و تەنیا لەچەند خوێندنگەییەکی دیارییکراودا هەبوو. هۆشیاری لەبارەی ئەمجۆرە میدیایە نەگەیشتبوویە لای ناوەندەکانی فێرکردن و پەروەردە، بەڵام ئێستا میدیای خوێندنگەیی بووەتە پێویستییەکی گرنگ و سەرەکیی و لەلایەن خوێندنگاکانەوە بایەخی پێدەدرێت. هاوكات لەلایەن فێرخوازانیشەوە خواستێکی زۆر بۆ ئەمجۆرە میدیایە هەیە، بەوەی بووەتە سەکۆیەک بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان و خوێندنگەکەیان، چونكە میدیای خوێندنگەیی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو و گرنگ لە ژیانی فێرخواز و خوێندنگە و رۆژ لەدوای رۆژ گرنگییەکەی لەبواری پەروەردەدا زیاتردەبێت. بەجۆرێک ئێستا لەناو خوێندنگەکاندا پێویستیان بە لیژنەی میدیایی بچووک دەبێت؛ بۆ رێکخستنی چالاکیی و دەربڕینی دیدوبۆچوونی فێرخوازان و بڵاوکردنەوەی چالاکییە جۆربەجۆرەکان.

سەرچاوە: 

عاتكة الحصان، 2021: تعبير عن الإعلام المدرسي وأهميته للطلاب. موقع سطور،

https://sotor.com/%D8%AA%D8%B9%D8%A8%D9%8A%D8%B1_%D8%B9%D9%86_%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%85_%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AF%D8%B1%D8%B3%D9%8A_%D9%88%D8%A3%D9%87%D9%85%D9%8A%D8%AA%D9%87_%D9%84%D9%84%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%A8

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟