تواناسازیی پیشەیی رۆژنامەوانان لەچوار خوولدا

چمک، ھەرێمی کوردستان: بە دروشمی «بەهێزکردنی توانای ڕۆژنامەنوسان بۆ ناسینەوەی هەواڵی ناڕاست و ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری»؛ چوار خوولی چوار ھەفتەیی بۆ رۆژنامەوانانی ھەڵەبجە و شارەزوور دەکرێنەوە.
لەھەریەک لەو خوولانەدا کە بۆ پیشەوەران و نەوەی نوێی رۆژنامەوانانی سنووری ھەڵەبجە و سەیدسادق و خوورماڵ لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووزی 2022دا کرانەوە؛ بەدرێژایی پێنج رۆژی ھەر ھەفتەیەک فێرخوازان ھەر رۆژە و لەلایەن راھێنەرێکی میدیاییەوە بە یەکێک لەبابەتەکانی بنەمای کارکردنی رۆژنامەگەری، راپۆرتی بنکۆڵکاریی و ھەنگاوەکانی ئامادەکردنی، ھەواڵ و بنەماکانی داڕشتنی، رۆژنامەگەریی مۆبایل و ناسینەوەی ھەواڵی ساختە، توندووتیژیی جێندەریی لە راگەیاندندا لەگەڵ یاسا و رێسا پیشەیەکانی راگەیاندن ئاشنا دەکران و دواتر لەنێوان راھێنەران و فێرخوازاندا گفتوگۆی کراوە لەبارەی بابەتە پێشکەشکراوەکانەوە دەکرا.
لەلێدوانێکی تایبەتییدا بۆ #دیجیتاڵمیدیای_چمک سەرپەرشتیاری گشتیی خوولەکان؛ قەیسەر رەحمان روونکردنەوەی لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆژەکەوە دا و وتی: «ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێكدێت له‌ شه‌ش به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی و ڕاهێنانی 60 ڕۆژنامه‌نوس لە شاری هه‌ڵه‌بجه‌، خورماڵ و سه‌یدسادق. دوای پێنج ڕۆژ ڕاهێنان، ڕۆژی 07ی تەمووزی 2022؛ چوارەم و کۆتا گروپ بڕوانامەی بەشداریکردنیان پێبەخشرا.» ھاوکات دووپاتییکردەوە کە «ئەم پرۆژەیە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری پەروەردەیی و کولتووریی بەهاوبەشی لەگەڵ سەنتەری مێردیان وەک لایەنی جێبەجێکار؛ پاڵپشتی دارایی کراوە.»
قەیسەر رەحمان؛ لەساڵی 2005دا لەسنووری پارێزگەی ھەڵەبجە رادیۆی دەنگی نوێ و لەساڵی 2012دا رێکخراوی نوێ بۆ مافەکانی ژنان و پاراستنی ژینگە و میدیا_ی دامەزراندووە، لە کۆتایی ساڵی 2021یشدا بەشداریی پرۆگرامی سەردانیکەرانی نێودەوڵەتی (International Visitor Leadership Program _IVLP) کردووە کە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی ھاوپیشەکانە لەسەرانسەری جیھاندا و بۆ ماوەی سێ ھەفتە بۆ ئەمەریکا میوانداریی دەکرێن تا ئاشنابکرێن بە چەند دامەزراوەیەکی کەرتی گشتیی و تایبەتیی ئەو وڵاتە و درووستکردنی پەیوەندیی لەنێوان ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیھاندا. لەدوای ئەو پرۆگرامەوە؛ قەیسەر رەحمان پرۆژەیەکی پێشکەشکردووە بۆ تواناسازیی پیشەیی لەبواری پێگەیاندن و گەشەپێدانی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان لەسنووری ھەڵەبجە و شارەزوور. پاش پەسەندکردنی پرۆژەپێشنیازەکەی؛ بەھەمانگیی لەگەڵ چەند پیشەوەرێکی بەئەزموون و مامۆستایەکی زانکۆ لەماوەی چوار ھەفتەدا راھێنان بە چوار گروپی رۆژنامەوانان کراون و پاشتر بڕوانامەی بەشدارییکردنیان پێدراوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟