چۆن سەیری تەلەفزیۆن بکەین؟

ئاراس سەعید

تیۆدۆر ئادۆرنۆ (1903 – 1969) سۆسیۆلۆگ و فەیلەسووفی قوتابخانەی تیۆری فرانکفۆرت لەساڵی 1954 لە وتارێکدا، بە ناونیشانی چۆن سەیری تەلەڤیزیۆن بکەین ( How to Look at Television) کە دواتر تێزەکەی لە پەرتووکێدا لە ساڵی 1991دا بەناوی پیشەسازی کولتووريی (Culture Industry)دا بڵاو کردەوە. لەتێزەکەیدا ئادۆرنۆ، ئاماژە بەوە دەکات لە کولتووری ئەمڕۆدا کەس لە کاریگەری میدیا و تەلەفزیۆن قوتاری نابێت، ئەمەش بەهۆی توانا و دەسەڵاتی میدیا بۆ دەستڕاگەیشتن بە خولیا و ئارەزووەکانی ئێمە و چۆنیەتی لەقاڵبدانی بیرکردنەوەمان. ئەوەی کە میدیای مۆدێرن لە ئێمەدا دەستی پێدەگات، شتێکە کە ئادۆرنۆ دەڵێت: جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە سەدەی نۆزدەهەم کە میدیا توانای ڕاوکردنی هەموو کەسێکی نەبوو. ئەمەش بەهۆی سادەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بینەر، وەک ئەوەی لە کوێ دەژیا یان بەشێک بووە لە کام چینی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئێستا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵناسی بینەردا ڕوویداوە و (Adorno 1991: 161) لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەڵبژاردنی سەکۆی بینیندا تێکەڵ بووە. كولتووری باوی میدیایی؛ دەستی بەسەر هەموو میدیاکان و ناوەڕۆکی هونەریدا گرتووە و ناوەڕۆکەکەی ئاڕاستەی هەمووان دەکرێت و ڕزگاربوون لێی قورستر دەکات. بەرهەمی میدیاکان بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە خۆ لێ دوور خستنەوەیان نزیکە لە مەحاڵەوە؛ تەنانەت ئەوانەی پێشتر لە کولتوری باو دوور بوون چ دانیشتوانی گوندنشین لەلایەک و ئەوانەی ڕۆشنبیرییەکی ئاست بەرزیان هەبوو (وەکیەک) کاریگەرییان لەسەرە (Adorno 1991: 160).

ئادۆرنۆ؛ ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی میدیا کاریگەری سیحری ڕاکێشانی بۆ هەموو کەسێک وەکیەکە و دەڵێت کە لەناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بۆ نموونە: هەندێک چوارچێوەی ئاماژەدان هەن، هەر ئەم چوارچێوەی ئاماژەپێدانانەن کە چەشنە پەیوەندیدارە تایبەتییەکان بۆ بینەر بەرهەم دەهێنن، ئەو ئەمانە بە “کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە-دەروونییەکان” ناودەبات (Adorno 1991: 158)، کە ئەم جۆرە کاریگەرییانە دەتوانن کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر کۆمەڵگا هەبێت، چونکە ڕەنگە مرۆڤەکان نەک تەنها تێڕوانینێکی ڕاستەقینە بۆ واقیع لەدەست بدەن، بەڵکو لە کۆتاییدا ڕەنگە هەر توانایان بۆ ئەزموونی ژیان بەهۆی لەچاوکردنی بەردەوامی چاویلکەی شین و پەمەییەوە مات بێت (Adorno 1991: 171). بە ونکردنی ئەوەی کە چی ڕاستەقینەیە و چ ساختەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئادۆرنۆ پێی وایە کە تەلەفزیۆن فۆڕمی هونەری خۆی لەدەستداوە و ئێستا گرنگی بە ژمارەی بینەران دەدات بە پێچەوانەی کوالیتی بەرنامەکان. ئەمەش بە بۆچوونی ئەو بووەتە هۆی سەردەمێک کە میدیا زانیاری بەشێوەی هەمان بێژی (تۆتۆلۆژیی) بەرهەم دەهێنێت (Adorno 1991: 169)، بۆیە بینەران هەست دەکەن کە پێشتر ئەو بەرهەمەیان بینیوە، یان لانیکەم پێشتر هەمان فۆرمیان ئەزموون کردووە.

بەدیدی ئادۆڕنۆ؛ سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی “پیشەسازيی کولتووریی”ەوە؛ پەیکەربەندی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە بۆ تایپێک لە مرۆڤی نامۆ و پاسیڤ. بەدەربڕێنکی دیکە؛ پیشەسازی کولتووری سوبێکت لە جەوهەری خۆی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ تایپێک، کە نموونەی جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەی پڕۆگرام و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت. دەتوانرێت بڵێین ئەمە نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە چۆن میدیا بووەتە بەرهەمی کۆمەڵگای سەرمایەداری. بۆچوونەکانی ئادۆرنۆ لە بۆچوونەکانی ئاڵتۆسێرەوە نزیکە (ئاڵتۆسێر ئەمە بە ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی ناودەبات) کە وایکردووە کە پەیامە ئایدیۆلۆژییەکان ئاسانتر کاریگەریان هەبێت لەسەر جەماوەر. بەڵام ئادۆرنۆ پێی وایە ئەمانە “پەیامی شاراوەن” لە ژێر کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبن و لە مێشکی بینەردا نوقم دەبن بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕوودانی بێت؛ (پەیامی شاراوە لە کۆنترۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبێت، سەیری ناکرێ). ئادۆڕنۆ بۆ تێگەشتن لەم نامۆبوونە مرۆییە، بەهۆی پەیامە شاراوەکانەوە، نموونەی کاتەکانی پشووی چینی کرێکاران دەهێنێتەوە و بە تێڕوانین لە ژیانی ڕۆتینی کرێکاران لە شارەگەورەکاندا، چەمێکیکی نوێی دادەهێنێت، ئەویش ژەهراویکردنی کاتی پشوو(Les loisirs deviennent toxiques)ه. ئادۆرنۆ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر کاتەکانی وچان و پشوو وەرگرتنی کرێکاران، بەتایبەتی کۆتایی ئێواران و ڕۆژانی پشوو. بەدیدی ئادۆڕنۆ سەرمایەداری مۆدێرن لە ڕێگەی پیشەسازی کولتوورییەوە کاتەکانی پشوو بەو شێوەیە پڕۆگرام دەکات، کە خۆی دەیەوێت. کاتەکانی پشوو لە بنەمادا بۆ پشوو وەرگرتن و پاڵدانەوە نیە، بەڵکو هەلومەرجێکە بۆ خۆپەروەدەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەمان، لە ڕێگە میدۆمە بەردەستەکانەوە. بۆ نموونە تەماشاکردنی پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی نامۆبوونی کرێکاران، فیلمێک لەبارەی ئازادییەوە، خوێندنەوەی کتێبێک لەبارەی سیاسەتەوە. وەلێ ئادۆرنۆ پێی وایە، کاتەکانی پشوومان لەژێر بەزەیی دوونیایی مۆدێرن و پیشەسازیدایە، کە لەناو کات و شوێندا ناتوانین خۆمانی لێ قوتار بکەین. بەدەربڕێنیکی دیکە، پیشەسازی کولتووری بەشێکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن و ناتوانین لە کۆمەڵگەیی داببڕین. سینەما، فیلم، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، میدیا؛ بۆ ئەوە بەرهەمهاتوون هزری مرۆڤ بەو شێوازە پڕۆگرامبکەن، کە تووشی بیربڵاوی بێت، تا کۆبیریان لەسەر ئیرادەی گۆڕێنی واقیعی سیاسی نەمێنێت.

لەساڵی 1954 لە وتارەکەیدا، بە ناونیشانی (How to Look at Television) لێکۆڵینەوەی لەبارەی لێکەوتەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کرد و لە فۆڕمە هونەرییە نوێیەکەی تەلەڤیزیۆنی کۆڵییەوە. ئادۆرنۆ پێی وابوو، لە بنەمادا تەلەڤیزیۆن بۆ مەبەستی ئازادییە. هەروەها ئارگۆمێنتی لەبارەی ئەوەوە کرد، کە تەلەڤیزیۆن پێغەمبەرێکی ساختەچییە لە سەردەمی مۆدێرندا وەک خەواندنی موگناتیسی وایە بۆ مرۆڤایەتی. بۆ نموونە پڕۆگرامی هەواڵەکان بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی دراماتیکی و ورژێنەری سیاسی، کە هەموو گریمانەیەک لەناو دەبن بۆ ئەوەی بزانین لەنێو زیندانێک، ئازاد دەژین. دونیای شاشە هێرشی ئەهریمەنی هەسارەیەکی دیکە نیشان دەدات. وەلێ هیچ گرنگیەک بە ژیانی واقیع نادات. تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر؛ لە کتێبی دیالێکتیکی رۆشنگەریى (Dialectic of Enlightenment)دا پێیان وابوو، ڕۆشنگەری بزوتنەوەیەکی کەلتووری بوو بۆ ئازادکردنی عەقڵ لە ئەفسانە و خوڕافیات، کەچی تەلەفیزیۆن وەک ئەهریمەنێک، هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە شێوەیەکی بونیادیی لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات، کە جیاوازن لە باوەڕەکانی خۆمان. لە چەمکی پیشەسازی کولتووریيدا، رەخنە لە میدیای جەماوەری و کولتووری جەماوەريی دەگرێت. بەدیدی ئادۆڕنۆ، میدیای جەماوەريی؛ ڕۆڵی پێغەمبەرێکی درۆزن دەگێڕێت لە فریودانی جەماوەردا، بە ناوەڕۆکێکی خالی لە ئەندێشەی ڕەخنەیی سەرنجی جەماوەر ڕادەکێشرێت، بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەی ناوەڕۆکێکی دیزاینکراوەوە دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانی چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەی کە بەو شێوەیە وابەستەی خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. ئادۆڕنۆ دەڵێت: “سەرمایەداری هەرگیز ئەوەمان پێنافرۆشێت کە دەمانەوێت.” بەرخۆریزم لە سەرمایەداری مۆدێرندا؛ پانتاییەکی فراوان لە پیشەسازيی کەلتووریيدا، داگیردەکات كە پێمان دەڵێت: “گەر پارەمان هەبێت، ئەوەی دەیخوازین، دەتوانین بەدەستی بهێنین.” پەپێچەوانەوە ئادۆرنۆ پێ وایە، هیچ کات ناتوانین دەستمان بە ویستە ڕاستەقینەکانمان بگات. بنۆڕە تەلەفیزیۆن کاتێک ڕیکلام بۆ کالایەک دەکات، سەرەتا بەدیمەنی پەیوەندییەکی توندووتۆڵی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات لە یەکێک لە بۆنە خێزانییەکاندا، لەناکاو جۆرێک کاڵا دێتە نێو دیمەنەکەوە. ویستەکانی تۆ، ڕزگاربوونە لە تەنهاییەکی بێهودە، کڕینی ئەوکاڵایە نە مۆتیڤە دەرونییەکانی تۆ خالی دەکاتەوە، نە کەمووکورتییەکانت پڕ دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیبیتە خاوەنی تەواوی ئەو کاڵایانە، وەلێ تۆ پێویستت بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پتەوە، کە هیچ کات سەرمایەداری ئەوە بۆتۆ فەراهەم ناکات.

سەرچاوە:

Adorno, T (1991.) Culture Industry. London: Routledge
Althusser, L (1971.) Lenin and philosophy, and other essays. London: Vintage
 [Online resource] http://plato.stanford.edu/entries/adorno/#3 Accessed 02/02/2015

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟