لە پێشلكاریی دژ بە رۆژنامەنووساندا؛ هەرێمی كوردستان لەپلەی دووەمدایە*

       

 ئامادەكردنی: عەبدول محەمەد

 بەپێی دوایین راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور؛شاری بەغدا زۆرترین پێشێلكاريی لە دژی ڕۆژنامەنووسان تیا ئەنجامدراوە و بە 66 حاڵەت تۆماركراوە، لەدوای ئەویش هەرێمی كوردستان لەپلەی دووەمدایە و 53 حاڵەتی پێشێلكاریی تیا تۆماركراوە، لە پلەی سێهەمیشدا شاری كەركوك دێت كە 35حاڵەتی تیا تۆماركراوە. لەگەڵ ئەوەشدا؛ “هەندێك پارێزگا هەیە هیچ پێشێكارییەكی تیا تۆمارنەكراوە، ئەویش بەهۆی دەركردن و كۆچپێكردنی ڕۆژنامەنووسانەوە، لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019ەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە ترسی دەستگیركردن و هەڕەشەلێكردن ناچاربوون پارێزگاكانی خۆیان جێبهێڵن.” لەوبارەوە مستەفا ناسر سەرۆكی پەیامنێرانی بێسنور دەڵێت: ئەو سەرژمێرییانە ئاماژەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق، هیچ حسابێك بۆ ئەو گەمارۆیانە ناكەن كە گروپە چەكدارەكان و حزبەكانی دەسەڵات، دەیانەوێت لە دژی ڕۆژنامەوانیی و میدیا قورستری بكەن.

لە راپۆرتەكەیدا كە لەژێر ناوی “هیچ شارێك بۆ ڕۆژنامەنووسانی عێراق ئارام نییە”؛ ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور حاڵەتەكانی دەستدرێژیی و لێدان و سوكایەتییپێكردن هەڵكشانی تۆماركردووە، بە تایبەت لەو شوێنانەی كە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەخۆیانەوە دەبینن، وەك خۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی لەمانگی تشرینی دووەمی 2021دا كە بە گوێرەی تۆماری ڕێكخراوەكە 40 حاڵەتی پێشێلكردن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە. لەناو هەموو حاڵەتەكانیشدا، رێكخراوەكە 139 حاڵەتی لێدان و ڕێگرییكردن لە ڕووماڵی ڕۆژنامەوانیی تۆماركردووە، جگە لە تۆماركردنی 34 حاڵەتی دەستگیركردن و دەستبەسەركردن، یەك هەوڵی تیرۆركردن و فڕاندن، 15حاڵەتی داخستنی كەناڵە میدیاییەكان و ناردنەوەی كارمەندەكانی بۆ ماڵەوە. هاوكات 13 ڕۆژنامەنووس لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا برینداركراون. ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر قسەوباس لەبارەی ئازادیی دەربڕین و  پەیوەندییكردن لەجیهاندا دەكرێت. ئەوەیش بە واتای لەبەرچاوگرتنی مافی قسەكردن و نوسین و پەیوەندییكردن لە سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە كە ئێستا بەهۆی دەستوەردانی ڕەهاوە؛ وڵاتان لە ڕێگەی دەستوور و یاساوە كۆنترۆڵی ئازادیی دەبڕینیان كردووە و هەموو ئەو ڕێوشوێنانەش پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ-ە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی 1948ەوە؛ پشتیوانییكردووە و بە دەق هاتووە: هەموو تاكێك بەبێ هیچ دەستوەردانێك مافی ئازادیی دەبڕینی هەیە. كەسەكان بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنووری وڵاتان؛بۆیان هەیە لەڕێگەی سەرجەم دەزگاكانی پەیوەندییكردنەوە بەدواداچوون بۆ زانیاریی و بیرو بۆچوونەكان بكەن. ئەو ڕاستیانە لەكاتێكدایە، ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لەدوایین راپۆرتی ساڵی 2021دا، سەبارەت بە ڕیزبەندی جیهانیی بۆ ئازادیی دەبڕین دەڵێت: “كاری ڕۆژنامەوانی؛ هەمووی یان بەشێكی لەلایەن 73%ی وڵاتانەوە، بەربەست و ڕێگریی بۆ درووستدەكرێت”. هاوكات ڕێكخراوەكە؛ ڕۆژنامەوانیی بە باشترین پێكوتە (Vaccine) لە دژی ڤایرۆسی زانیارییە چەواشەكارییەكان دادەنێت. بە گوێرەی ڕیزبەندییەكەش كە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ڕۆژنامەنووسیی و میدیا لە 180 وڵاتی جیهاندا كردووە؛ ئەوە دەركەوتووە كە كاری ڕۆژنامەوانیی لە 73 وڵَاتی جیهاندا ڕێگری قورسی بۆ دروستكراوە و لە 59 دەوڵەتی دیكەیشدا كۆتوبەندی بۆ دروستكراوە. هەروەك كریستۆفەر دیلوار؛ ئەمنیداری گشتیی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور دەڵێت: “بەداخەوە زۆرجار كاری ڕۆژنامەوانیی بە هۆكاری سیاسی،ئابووریی و تەكنۆلۆژیی ڕێگری بۆ دروستدەكرێت و لەبەردەم بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشەكارانەداین. هەربۆیە ڕۆژنامەوانی؛ دڵنیایی سەرەكییە بۆ گفتوگۆی گشتیی كە لەسەر بنەمای ڕاستیی چەسپاو بنیاتنراوە.” هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕێكخراوی بەرگریی لە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە عێراقدا دەڵێت: “تائێستا عێراق نائارامە بۆ كاری ڕۆژنامەوانیی و دەستدرێژیی و لێدان و سوكایەتییپێكردن كە لەزۆربەی شارەكانی عێراقدا بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت.” ئەگەرچی لە عێراقدا بە دەیان دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیی بە ناوی جیاجیاوە كاردەكەن، وەك كەناڵی ئاسمانیی و زەمنیی و ڕادیۆ و رۆژنامە و ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام تائێستا ئەو فرەییە وەك هەندێك بۆی دەچن ئاماژەنییە بۆ فراوانی بازنەی ئازادیی دەربڕین لەوڵاتدا، بەڵكو زیادبوونەكە بەدەست ئەنقەستە و بەرهەمی هێزە سیاسییە دەسەڵَاتدارەكانە كە دەیانەوێت كەناڵە میدیاییەكانی خۆی زیاتر بكات و گەمارۆ بخاتەسەر ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی. هەندێك لە ڕۆژنامەنووسان پێیانوایە ئەو پێشێلكاریانەی كە تۆمار دەكرێن تەنها لوتكەی چیایەكی بەستەڵەكە لەبەرتەسككردنەوەی كاری رۆژنامەوانیی و میدیا لە عێراقدا. ڕۆژنامەنووسانی عێراق دووپاتیدەكەنەوە كە بەشێوەیەكی گشتیی تەنانەت ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە لەو دەزگایانەدا كار دەكەن، بەشێوەیەك لە شێوەكان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلكاریی دەبنەوە. هەروەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە: هەندێك لە پێشێلكارییەكان تۆمار ناكرێن، بە تایبەت ڕووبەڕووی ئەو رۆژنامەنووسانە دەبێتەوە كە هەوڵی ئاشكراكردنی دۆسیەی سیاسیی یان مرۆیی ئەوتۆ دەدەن كە زیانی بۆ هێزە كاریگەرەكانی عێراق هەیە. بەشێوەیەك كە بەهۆی كوژرانی ڕۆژنامەنووس یان هەڕەشەلێكردنی بەهۆی دۆسییەكەوە كە كاری لەسەر دەكات، پەیام بۆ چەندین ڕۆژنامەنووسی هاوڕێ و هاوكاری دەچێت كە هەمان چارەنووس چاوەڕێی دەكات، بەڵام سەرژمێرییەكان تەنها كوژرانی یەك ڕۆژنامەنووس تۆمار دەكات.

   “تائێستاش عێراق بۆ كاری ڕۆژنامەوانیی نائارامە.”         فۆتۆ: لەئینتەرنێتەوە وەرگیراوە

بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانی عێراق باس لەوە دەكەن، ڕۆژنامەوانیی لە عێراقدا بە ڕێنمایی ئەو كەسانە كاردەكات كە كۆمەكی دارایی دەكەن، بۆیە پەیامەكانی دەربڕی خاوەنەكەیەتی و هێرشی پێدەكاتە سەر نەیارەكانی. هەروەك پێیانوایە ئەو بابەتە كێشەیەكی گەورەیە، چونكە ئەوانەی كار لەو دامەزراوە میدیایانە دەكەن و ئەو پسپۆڕیەی كە بەهۆی داراییەكی باشەوە بۆیان دەستبەركراوە، قورسە بتوانرێت ڕووبەڕووی پەیامەكانیان ببیتەوە، یان بتوانیت لە جەماوەر بگەیەندرێت، ئەوەی بڵَاودەكرێتەوە فێڵكردنە لێیان. جگە لەوەش بەهۆی ئەو هەژموون و چەكەی كە هەندێك لە گروپەكانی ناوخۆی عێراق هەیانە، ئەو چەكی ڕاگەیاندنەش كە بە دەستیانەوەیە كاریگەریی بەرچاوی بۆ بێدەنگكردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە هەیە كە دەیانەوێت ناوبانگیان بزڕێنن. بەتایبەت ئەگەرهاتوو بەدواداچوون و بنكۆڵكارییەكانیان ببێتە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی ئەو گروپانە.

چاودێرانی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسیی لە عێراقدا ئاماژە بەوە دەكەن كە پێدەچێت سەرژمێری كوژران و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسان زۆر گەورەتر بێت، ئەگەر بێت و ئەو سیاسەتی تۆقاندنەیان سەركەوتوو نەبوایە. لە نیشاندەری ئازادیی ڕۆژنامەوانییدا كە ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە ساڵی 2021دا بڵاویكردووەتەوە،  عێراق پلەی 163 هەمینی گرتووەو لەناو وڵَاتانی عەرەبیشدا 15 هەمینە لەدوای سۆماڵ و سودان و لەپێش جەزائیریشەوەیە. ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور ئاماژە بەوە دەكات، ڕۆژنامەنووسان لەعێراقدا خۆیان ڕووبەڕووی مەترسیی دەكەنەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی خۆیان دروستدەكەن، كاتێك ڕووماڵی هەڵبژاردنەكان دەكەن یان بەدواداچوون لەسەر كێشەكانی گەندەڵیی لە وڵاتدا دەكەن؛فشارەكان بۆ سەر میدیاكاران لەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی ساڵی 2019 وە بەرەو زیاتر چووە. بەشێوەیەك هەر ڕۆژنامەنووسێك ڕوەماڵی خۆپیشاندانەكانی كردبێت؛ڕووبەڕووی مەترسیی هەڕەشەلێكردن و ڕفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر بۆتەوە كە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوی سەر بە یەكێك لە گروپە چەكدارەكان بوون. جگە لەوەش ڕەخنەگرتن لە كەسایەتییە سیاسیی و ئایینییەكان كە خۆیان بە پیرۆز دەزانن و قابیلی ئەوە نیین ڕەخنەیان لێ بگیرێت، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی دەستگیركردن و دادگاییكردن  دەبنەوە بە تۆمەتی سوكایەتییكردن بە ڕەمزە نیشتیمانیی و ئایینییەكان. لەو كاتەشدا تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان بەبێ سزا تێدەپەڕێت و ئەو دۆسیانەش كە بۆ لێكۆڵینەوە دەكرێنەوە هیچ ئەنجامێكی نابێت. لەراستییدا؛ هۆكاری ئەوەی عێراق لە ڕیزبەندییەكەدا زۆر لە دواوەیە؛ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك لەوانە:

  1. تائێستاش ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە عێراقدا لە دۆخێكی ئاڵۆز و ناڕۆشندایە. بەتایبەت لە سایەی نەبوونی یاسایەكی ئەوتۆ كە كارەكانی ڕێكبخات و لەو دەستدرێژیانەی كە دەكرێتە سەری بیپارێزێت.
  2. پاراستنی ئازادیی رۆژنامەنووسان و میدیا دەكەوێتە ئەستۆی سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەندیكا ڕۆڵی بەرچاوی لەسنورداركردنی ئەو پێشێلكاریانەدا نییە.
  3. دەستەی پەخش و پەیوەندییەكان، لایەنی فەرمیی و بەرپرسن لە ڕێكخستنی كاری دامەزراوە میدیاییەكان، بۆیە پێویستە كاربكەن لەسەر ڕێكخستنی كاری میدیا بەوشێوەیەی كە پشتیوانیی لە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بكات.
  4. لە سایەی لاوازیی دەزگا ئەمنیی و دادوەرییەكاندا، ناتوانرێت قسە لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بكرێت. بەتایبەت لە دەستەبەركردنی كەشێكی ئەمنیی كە تیایدا بوار بە كاركردنی میدیا بەشێوەیەكی ئازاد و ئارام بدرێت.

دیارترین ڕێكخراوەكانی بەرگریيكردن لە ڕۆژنامەنووسان:

  1. ئادیل سوز

http://www.adilsoz.kz/en/

ئەم ڕێكخراوە ڕۆژنامەوانیە بارەگاكەی لە شاری (ئالماتی) وڵاتی كازاخستانە و پیشتیوانی یاسایی لەو ڕۆژنامەنووسانە دەكات كە هەڕەشەیان لەسەرە.

  1. دامەزراوەی ئەندیز بۆ چاودێريی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و توێژینەوە

http://www.fundamedios.org/

ئەم دامەزراوەیە لەشاری كیتۆی وڵاتی ئیكوادۆرە و پێشێلكاریە لە دژی ئازادی ڕۆژنامەوانی تۆمار دەكات و دژایەتی ڕاستەوخۆی ئەو سەركوتنكردنانەیە كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەرهەق بە ڕۆژنامەنووسان و میدیا ئەنجامی دەدەن.

  1. لیژنەی پارێزگاری ڕۆژنامەنووسان

http://www.cpj.org

ڕێكخراوێكی قازانجنەویستی تایبەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە و بەرگریی دەكات لە ڕۆژنامەنووسان و ڕوماڵی هەواڵەكانیان بەبێ هیچ ترس و دوودڵییەك، چاودێریی ئەو پێشێلكاریانە دەكات كە زیندانین یان هەڕەشەیان لەسەرە و بەرگرییان لێدەكات، ساڵَانە بە دەیان پێشێلكاری لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆماردەكات و ڕاپۆرت دەربارەی ڕۆژنامەوانیی و میدیا لە وڵاتاندا بڵاودەكاتەوە.

  1. دامەزراوەی ئازادیی رۆژنامەوانی

http://www.flip.org.co

دامەزراوەیەكی ڕۆژنامەوانییە و بارەگاكەی لە بۆگۆتای پایتەختی كۆلۆمبیایە و ڕاوێژ و ڕێنمایی خۆڕایی پێشكەش بەو ڕۆژنامەنووسانە دەكات، كە دەبنە قوربانیی هێرش یان دەستدرێژیی و گیرۆدەی چەوسانەوەن.

  1. سندوقی ئازادی ڕۆژنامەوانی و سەلامەتییان

http://www.cmfr-phil.org/flagship-programs/freedom-watch/freedom-fund-for-filipino-journalists/

پەیمانگایەكە بایەخ دەدات بە ئازادیی پەیامنێران و سەلامەتییان، بارەگاكەی لە شاری باكۆی پایتەخی ئازەربیجانە و هەموو ئەو پێشێلكاریانە تۆمار دەكات كە دەكرێنەسەر ڕۆژنامەنووسان و بەرگریی دەگات لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە كاتی ڕووماڵی هەواڵ و ڕوداوەكان.

  1. یەكێتی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی

www.ifj.org

پێكهاتووە لە یەكێتی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیی و بارەگاكەی لە برۆكسل-ی پایتەخی بەلجیكایە و سەندیكا رۆژنامەوانییە جیاجیاكان لەخۆ دەگرێت، بە گەورەترین ڕێكخراوی ڕۆژنامەوانیی جیهان دادەنرێت، لەگەڵ یەكێتی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییدا كار دەكات، بۆ بەهێزكردنی مافی مرۆڤ و ئازادیی دەربڕین و دیموكراسیی لە ڕێگەی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە.

  1. تۆڕی نێودەوڵەتیی بۆ ئاڵۆگۆڕی زانیارییەكان سەبارەت بە ئازادی دەبڕین

http://www.ifex.org

هاوپەیمانێتییەكی جیهانییە، ئەو گروپانە لەخۆ دەگرێت كە بایەخ بە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی دەدەن. تۆڕەكە هەواڵی ئەو پێشێلكاریانە بڵاودەكاتەوە كە دەكرێنەسەر ئازادیی ڕۆژنامەنووسان، وەك پشتیوانییەك لە ئازادیی دەبڕین.

  1. پەیمانگای نێودەوڵەتیی بۆ ڕۆژنامەوانی

http://www.freemedia.at

تۆڕێكی جیهانییە بارەگاكەی لە شاری ڤییەنایە، ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە خۆ دەگرێت كە بایەخدەدەن بە پەخشكردنی هۆشیاریی سەبارەت بەو هەڕەشە و سوكایەتیانەی كە دەكرێنەسەر ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و بەهێزكردنی ڕۆژنامەوانی لە داهاتوودا، كار لەسەر ئەو پێشێلكاریانە دەكات كە دەرهەق بە ڕۆژنامەنووسان دەكرێن لەكاتی ڕوماڵی هەواڵەكان و هەڵسەنگاندن دەكات بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە وڵاتە جیاجیاكانی جیهان.

  1. پەیمانگای ڕۆژنامەوانیی و كۆمەڵگە

http://www.ipys.org/

پەیمانگایەكی تایبەتی ڕۆژنامەوانییە لە وڵاتی پیرۆ كاردەكات لەسەر بە بەڵگەنامەییكردنی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و بەرگریی دەكات لەو ڕۆژنامەنووسانەی كە هەڕەشەیان لەسەرە.

  1. ڕوانگەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی

http://www.jfoiraq.org

هاوپەیمانێتییەكی ڕۆژنامەوانەكانی عێراقە و بارەگاكەی لە بەغدایە، پشتیوانی یاسایی پێشكەش بەو ڕۆژنامەنووسانە دەكات كە بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانییەوە لە عێراقدا پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە. هەروەها كار لەسەر بڵَاوكردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە كەشی ئارامی ڕۆژنامەوانیی دەكات.

  1. ڕۆژنامەنووسان لە مەترسیدان

http://www.jed-afrique.org/en/

ڕێكخراوێكی ڕۆژنامەوانییە لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات و بایەخ بە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لەو وڵاتە و وڵاتانی دیكەی ئەفریقای ناوەڕاست دەدات و بارەگاكەی دەكەوێتە شاری كەشناسای ئەو وڵاتەوە.

  1. پەیمانگای ڕاگەیاندنی باشوری ئەفریقا

http://www.misa.org/

ئەم پەیمانگا ڕۆژنامەوانییە لە وڵاتی نامیبیای باشوری ئەفریقا لەساڵی 1992 دامەزراوە، هەوڵ بۆ بەهێزكردنی میدیای ئازاد و سەربەخۆ و فرەیی دەدات.

  1. یەكێتی فیدراڵیی رۆژنامەنووسانی پاكستان

http://pfuj.pk/

یەكێتی فیدراڵیی رۆژنامەنووسانی پاكستان لەساڵی 1950 دامەزراوە و بەدێرینترین ڕێكخراوی بەرگرییكردن لە ڕۆژنامەنووسان لە باشوری ئاسیا دادەنرێت. ئەم رێكخراوە لەپێناو پاراستن و باشتركردنی دۆخی ئابووریی ڕۆژنامەنووسان و هاندانی ئەندامەكانی بۆ پابەندبوون بە كاری ڕۆژنامەوانیی بەوپەڕی ڕەوشتبەرزییەوە كار دەكات.

  1. لیژنەی پەیامنێران لە پێناوی ئازادیی ڕۆژنامەوانییدا

http://www.rcfp.org

لیژنەیەكی پەیامنێرانە لەپێناو ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە ئەمریكا كاردەكات؛ خۆی تەرخانكردووە بۆ خزمەتی ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی دەزگا ڕۆژنامەوانییەكان و پاراستنی ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەوانیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هاوكات سەرچاوەی پێویست بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئەكادیمیست و لێپرسراوە حكومییەكان دابین دەكات.

  1. پەیامنێرانی بێسنور

http://en.rsf.org

ڕێكخراوێكی ڕۆژنامەوانییە بارەگاكەی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە و بەرگریی لە و ڕۆژنامەنووسانە دەكات كە هەرەشەیان لەسەرە یان لە سەرانسەری جیهاندا زیندانیكراون. هەروەها كاردەكات لەسەر سەلامەتی رۆژنامەنووسان و كەلوپەلی پاراستنیان بۆ دابین دەكات و نامیلكەشیان سەبارەت بە سەلامەتی كاركردنیان بۆ دەردەكات.

  1. هاوپەیمانیی ڕۆژنامەوانیی باشوری ئاسیا

http://www.seapabkk.org

ڕێكخراوێكە كار لەپێناو ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لەباشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەكات. لەساڵی 1998 لە بانكۆكی پایتەختی تایلاند و لەو ڕۆژنامەنووسە بێلایەنانە پێكهاتووە كە بایەخ بە ئازادیی و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەدەن.

  1. لیژنەی نێودەوڵەتیی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی

http://www.wpfc.org

هاوپەیمانێتییەكە پێكهاتووە لە ڕێكخراوە هەواڵییە نێودەوڵەتییەكان و بەرگریی لە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەكات. هاوكات توێژینەوە سەبارەت بە ئازادیی ڕۆژنامەوانی، چاودێری، یاساكانی ناوزڕاندن و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان لەسەرانسەری جیهاندا بڵاودەكاتەوە.

*ئەم بابەتە لە “دیدار و دیڤچوونی میدیایی” یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا بڵاوكراوەتەوە. 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟