میدیای ڕەشى كوردى

ئاسۆ عەبدوللەتیف
میدیای ئایدۆلۆژیی حیزبی و سێبەر، میدیای ڕەشەو هیچی کەمتر نییە لە ئاوازی ئاشکرای بارەگای حیزبی و تەبلیغات و مەنشوراتی داخلی، بگرە بارەگاکە باشترەو دروشمەکەی ڕوونترە، خۆیان ئەو جۆرە لە میدیاو سایت و پەیج دروست دەکەن و خۆشیان هاکی دەکەن، خۆیان کەسایەتیەکانت بۆ سوک دەکەن و هەرخۆشیان مانشێتی قەبەو تەسویقیی بۆ هەندێکیتر دروست دەکەن، باڵات بەرزدەکەن و نزمیشت دەکەنەوە بۆ ناو قوڕاوەکە.
مەعریفەی چاپەمەنی و هێزو بەهای وشەو شاشەو دیدی ڕۆژنامەوانیی بەجارێ بێبەهاو بێفەڕ بوە، خۆیان دەتگرن و خۆشیان ئازادت دەکەن بۆ پاڵەوانسازیی و بازاڕی میدیایی و کاتی هەڵبژاردن و دەنگ ماشینەوە، بازاڕی کاڵاو نقڵی بازرگانیت بۆ ئازادو سەربەست دەکەن و هەرخۆشیان نرخی گواستنەوەو گومرگ و کاڵاو شمەکی ڕۆژانەت بۆ ئەبەن بە ئاسمانا، ئەرزی حکومی و گشتی و پارکت بۆدەکەن بە موڵکی تایبەتی و نیشتەجێ بوون بۆ وەبەرهێنی چاوچنۆک بە ماستەرپلانی ساختەو بە قامچی ئەو جۆرە میدیایەش پرۆژەکان وەک گەشەسەندنی سەرخانی ئابوری و دەستکەوت دەفرۆشنەوە بە فەرمانبەران و چین و توێژەکان بە سەدقاتی نرخ.
دەی ئەوە میدیای بۆچوون و ڕەئیی نییە، میدیای جوانکاری و مایکەپ و شێواندنی حەقیقەتی خودی ناشیرینییەکەیە، میدیای دەستکاری پەڵەو سیما ڕەشەکانە، میدیای فیلەرو بۆتۆکسکردنی دەموچاوە چرچولۆچ بوەکانە، میدیای سەرخستنی نیەتی خراپ و ئەجێندایەکە بۆ مەبەستێکی کورت و کاتی، میدیای کەمپەینە لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵەو چیرۆکی مێژوویی بۆ ڕوداوەکان، میدیای ڕووگەی دروست و گوتارو شرۆڤەی سیاسیی و واقیعیی نییە.
ئیتر ئەو میدیایە پڕیەتی لە سۆزو هۆنینەوەی شەرعیەتی دەستکردو ناتوانێ بۆ یەک جار ڕای گشتی و عەقڵانیی دروست بکات و شەقام بجوڵێنێت بۆ قەزیەو دیدێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی، ئەوە کارەساتە بۆ ئایندە، ئەو میدیایە تەنها کادری حیزبیی پەروەردە دەکات و حەشاماتی ڕەشۆک تەڵقین ئەدات بۆ چنینی هەواڵ و چارەسەرکردنی برین و کەم و کورتیەکان.
دواجار، یەک میدیا نییە بڵێ بۆچی چوار ملیۆن مۆلیدە هەیە لە عێراق و ڕەشایی و دوکەڵ دەرخواردی خەڵکی ئەدەن بۆ پێدانی کارەبا، بەڵکو دەڵێت، گوشار دەکەین نرخی کارەبای مۆلیدە کەم بکەینەوەو حکومەت گاز بۆ مۆلیدەکان دابین بکات، دەی ئەوە خەبەرە یان سەرچاوەیەک بۆ گەشەسەندنی شێرپەنجە؟ یەک میدیا نییە بڵێ لەکاتێکدا موچەی مانگانە کەمەو نییە، وڵاتیش لە قەیران و جەنگدا نییە ئەدی ئەم دیاردەی بە حەشدکردن و بە کۆماندۆکردنەی گەنجان بۆ ؟
بۆیە بیماریی و سەختییەکان و بێدادیی کۆمەڵگا بەڕاستی بەو میدیایە چارەسەر نابێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟