رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بانگهێشتی گفتوگۆی میدیايی كونسوڵخانەی ئەمەریكا كرا

چمك، هەولێر: سەرلەئیوارەی رۆژی پێنجشەممە «٢٠ی ئەیلولی ٢٠١٨»؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس بەنوێنەرایەتی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» بانگھێشتی ئێوارەخوانێوانێک کرا لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەھەولێر.

لەو ئێوارەخوانەدا، ھێزەر فابریکانت بەرپرسی کاروباری گشتیی و رەش ماربێرگ-ی جێگری دوای خۆناساندنیان وەک ستافی نوێی کونسوڵخانە؛ دەقی ئەو پرۆژەو چالاکیانەیان وەرگرت کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی چمک ئەنجامدرابوون و درێژەیان ھەیە.

لەبەشێکی تری ئێوارەخوانەکەدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی نەمان یاخود نەبوونی «میدیای سەربەخۆ» لەھەرێمی کوردستاندا و جێگرتنەوەی بە«میدیای ئیستیخباراتی». ھەروەھا ئاماژەدرا بەپێشلکارییە بەردەوامەکانی سەر رۆژنامەنووسان و نەبوونی داواکارییەکی گشتیی چالاک و سیستمێکی نیشتمانیی لەسەرجەم بوارەکانی سیاسی، دادوەری، میدیا و …. تد. ھاوکات چەند بیرۆکەیەک خرانەڕوو بۆ زیاتر ئاگاداربوون و لێکنزیکبوونەوەی رێکخراوە ناحکومییەکانی بواری میدیا لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لەھەولێر تاوەکو بەشێوەیەکی رێکخراوتر سوود لە پرۆژەو پلان و پرۆگرامەکانی رێکخراوەکان وەربگیرێت؛ بەتایبەت لەکاتی نووسینی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر رەوشی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی کۆماری عیراقدا.

ھەر لەو ئێوارەخوانەدا، جگە لەنوێنەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی؛ نوێنەری چەند رێکخراو و دامەزراوەیەکی دیکەش ئامادەبوون، لەوانە: ئەکادیمیای ئەڵمانیی بۆ راھێنانی میدیایی، ئینتەرنیوز، ئەلمەرسەد بۆ چاودێریی مافەکانی رۆژنامەنووسان لەگەڵ نوێنەرانی بەشی میدیا لەپەیمانگای تەکنیکی ھەولێر. پاش بەڕێوەچوونی زیاتر لە دوو کاتژمێر گفتوگۆی چڕوپری میدیایی لەنێوان ئامادەبواندا لەشاری ھەولێر، چەند وێنەیەکی یادگاریی لەگەڵ ستافی نوێی کونسوڵخانەدا گیرا و کۆتایی بەدانیشتنەکە ھێنرا.

 

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟