ئاهەنگ حسێن لە بوار نیوز
هه‌راسانکردنى خانمان له‌سه‌ر کاره‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌کى گشتى، له‌نێو میدیادا به‌شێوه‌یه‌کى تایبه‌تى یه‌کێکه له‌و بابه‌تانه‌ى ئێستا له‌جیهاندا په‌ره‌یسه‌ندوه، له‌هه‌رێمى کوردستان و عێراقیشدا ئه‌م بابه‌ته به‌شێوه‌یه‌کى فراوان له‌په‌ره‌سه‌نددایه، به‌شێوه‌یه‌ک به‌پێى نوێترین راپرسى له‌چوارچێوه‌ى پرۆژەی “دەنگەکانمان” بەهاوکاری ڕێکخراوی پاو ئەنجامادراوه‌و 323 خانمى چالاکوان و رۆژنامه‌نوسى هه‌رێمى کوردستان به‌شدارییان تێدا کردوه، “62%ى ئه‌و خانمانه کۆمێنتی سێکسى و هەراسانکارییان ڕۆژانه بۆ ده‌نوسرێت”.
شیرین محه‌مه‌د، کچه رۆژنامه‌نوسێکى ته‌مه‌ن 28 ساڵانه‌و ناچاره به‌هۆى کاره‌که‌یه‌وه ڕۆژانه ته‌له‌فۆن بۆ به‌رپرسان و چه‌ندین که‌س له‌چین و توێژه جیاوازه‌کان بکات و به‌رکه‌وتنى له‌گه‌ڵ که‌سانى جیاوازی هه‌بێت، به‌ڵام به‌هه‌مان هۆکار ڕۆژانه توشى هه‌راسانکردن ده‌بێته‌وه. ئێوارەیەک، ئەو کاتەی لەماڵەکەی خۆیاندا لەگەڵ هاوسەرەکەی دانیشتبون، لە پڕ نامەیەک بۆ مۆبایلەکەی دێت و تێیدا نوسراوە “من بیرى تۆ ئه‌که‌م”. شیرین خۆى درێژه‌ى چیرۆکه‌که‌ى باس ده‌کات و ده‌ڵێت، “بە هۆی سروشتی کارەکەمەوە، ڕۆژانە به‌رکه‌وتنم له‌گه‌ڵ که‌سانى جیاواز هه‌بێت، ته‌له‌فۆن بۆ که‌سانى جیاواز بکه‌م، ئه‌و که‌سه‌ى ئه‌و شه‌وه نامه‌ى بۆ ناردم، یه‌کێکه له‌وانه‌ى که پێشتر بۆ ئاماده‌کردنى ڕاپۆرتێک ته‌له‌فۆنم بۆ کردبو، ئه‌م که‌سه پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و شه‌وه ئه‌و نامه‌یه‌م بۆ بنێرێت، داواى په‌یوه‌ندیى لێکردم و داواشى لێکردم بچینه ده‌ره‌وه، به‌ڵام من ئه‌مه‌م قبوڵ نه‌کردو هاوسه‌ره‌که‌مم لێ ئاگادار کرده‌وه‌و بێده‌نگ نه‌بوم، ئه‌و شه‌وه‌ش نامه‌که‌ى بۆ ناردم هاوسه‌ره‌که‌م ته‌له‌فۆنى بۆ کرد‌و روبه‌ڕوى ئه‌و کاره نه‌شیاوه‌ى بویه‌وه، به‌نیازیشم که‌یسه‌که‌م به‌رمه دادگا”.
شیرین تاکه قوربانى نییه، به‌ڵکو زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ى چیرۆکه‌که‌یان هاوشێوه‌ى ئه‌وه، دونیا که‌ریم، کچێکى ته‌مه‌ن 34 ساڵانه‌و هاوسه‌رگیرى نه‌کردوه، یه‌کێکه له‌قوربانییه‌کانى گێچه‌ڵى سێکسى، ئه‌و له‌شارى سلێمانى ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، له‌باره‌ى چیرۆکه‌که‌یه‌وه ده‌ڵێت، “سه‌ره‌تاى چیرۆکى من و ئه‌و که‌سه‌ى ویستى ده‌ستدرێژى بکاته سه‌رم له‌وه‌وه ده‌ستیپێکرد به‌بیانوى گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى کاره‌که‌مان له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک له‌گه‌ڵ یه‌کترى بوینه هاوڕێ، ئه‌و کاتانه‌ى به‌هۆى کاره‌که‌مه‌وه قسه‌مان ده‌کرد، له‌نامه‌کاندا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چه‌ندین وشەی بۆ خۆنزیکردنەوەو هەراسانکردنم به‌کارده‌هێنا، به‌ڵام من کاردانه‌وه‌م بۆ وشه‌کانى نه‌بو و وا نیشانمده‌دا ئه‌مه به‌شێکه له‌رێز نواندنى خۆى”.
دونیا ئێستا به‌هۆى ئه‌و روداوه‌ى به‌سه‌رى هاتوه وازى له‌کاره‌که‌ى هێناوه درێژه به‌گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکه‌که‌ى ده‌دات و ده‌ڵێت: “ئێواره‌یه‌کیان کات دره‌نگى کردبو، به‌هۆى کاره‌وه ئێمه مابوینه‌وه، من و ئه‌و که‌سه کاره‌که‌مان ته‌واوبو ویستمان بچینه‌وه ماڵه‌وه، من ئۆتۆمبێلم نه‌بو و ته‌کسیشم ده‌ستنه‌که‌وت، ئه‌ویش جه‌ختى کرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، ئێواره‌یه‌و دره‌نگه خۆى ده‌مگه‌یه‌نه‌ته ماڵه‌وه، منیش رازیبوم، له‌ڕێگا چه‌ند پرسیارێکى لێکردم، وتى: بۆچى تا ئێستا ته‌نیایت و هاوسه‌رگیریت نه‌کردوه؟ منیش به‌ڕێزه‌وه وه‌ڵامم دایه‌وه، به‌ڵام دواى ئه‌وه رێڕه‌وى قسه‌کانى گۆڕى ویستى ده‌ستدرێژیم بکاته سه‌ر، منیش خۆمم لێ دورخسته‌وه‌و وتم: ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێله‌که نه‌وه‌ستێنیت، هاوار ده‌که‌م، به‌ڵام روداوه‌که له‌ویا کۆتایی نه‌هات”. ئه‌م خانمه که یه‌کێکه له‌قوربانییه‌کانى گێچه‌ڵسى سێکسى، زیاتر باس له‌چیرۆکه‌که‌ى ده‌کات و پێوایه ئەمە جۆرێکە لەشکاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتی لەناو کۆمەڵگە. زیاتر درێژە بەچیرۆکەکەی دەدات و دەڵێت “دواى ئه‌و ئێواره‌یه ئه‌و که‌سه ڕق ئه‌ستورتربو به‌رامبه‌ر به من، ده‌یزانى من ملکه‌چناکه‌م بۆ خواسته‌کانى، بۆیه رۆژانه به‌شێوه‌ى جیاواز گێچه‌ڵى پێده‌کردم، ناچاریده‌کردم بچمه ژوره‌که‌ى کارى له‌گه‌ڵ بکه‌م و به‌رکه‌وتم له‌گه‌ڵى هه‌بێت، منیش ئیتر نه‌متوانى له‌و دۆخه ده‌رونییه سه‌خته‌ى بۆى دروستکردبوم به‌رده‌وام بم، ناچار ده‌ستم له‌کارکێشایه‌وه”.
“به‌شێکى زۆرى ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ى که دورستده‌کرێن ئاگادارى په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نوسانى سه‌ر به‌فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نوسان نین” نیاز عه‌بدوڵا، راهێنه‌رى بوارى مافه‌کانى رۆژنامه‌نوسان، هاوکات نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسه باس له‌هۆکاره‌کانى هه‌راسانکردن ده‌کات و ده‌ڵێت: “هۆکاره‌کانى پشت رودانى ئه‌م حاڵه‌تانه زۆرن، به‌ڵام سه‌ره‌کیترینییان بریتین له‌وه‌ى، به‌شێکى زۆرى ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ى دورستده‌کرێن ئاگادارى په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نوسانى سه‌ر به‌فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نوسان نین، زۆرجار هه‌ر خۆشیان په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فیان نییه، نه‌بونى گرێبه‌ست یه‌کێکى تره له‌هۆکاره‌کان به‌شى زۆرى ده‌زگاکانى راگه‌یاندن گرێبه‌ستى کارکردنیان نییه، ئه‌وانه‌شى هه‌یانه له‌نێو گرێبه‌سته‌که‌دا هیچ خاڵێک نییه پاراستنى ئه‌و رۆژنامه‌نوسه جا کچ بێت یان کوڕ ده‌سته‌به‌رى بکات، ئه‌وه یه‌کێکه له‌خاڵه‌کانى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى، پاشان بیناى ئه‌م ده‌زگایانه به‌پێى پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دروستنه‌کراون له‌ڕوى ئه‌ندازیارییه‌وه، چونکه به‌پێى پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌زگاکان پێویسته به شوشه ژوره‌کانى ناوه‌وه‌یان جیابکرێنه‌وه، شوێنى تاریک و په‌نهانیان نه‌بێت، کارکردن و دانیشتن تێیاندا به گروپ بێت، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بنه هانده‌ر بۆ هه‌راسانکردن”. ئه‌و خانمه چالاکوان و رۆژنامه‌نوسه پێیوایه که‌مبونه‌وه‌ى ده‌نگى ئازاد‌و ده‌زگا میدیاییه سه‌ربه‌خۆکان یه‌کێکه له‌پاڵنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانى هه‌راسانکردن و ئاماژه به‌وه‌ده‌کات: “ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه حزبه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن له‌ڕوى ماددى و مه‌عنه‌وییه‌وه ده‌زگا سه‌ربه‌خۆکان مایه‌پوچبکه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا کۆمه‌ڵێک ده‌زگاى سێبه‌ریان بۆ خۆیان دروستکردوه، ئه‌م ده‌زگایانه بونه‌ته مه‌یدانى که‌سانى ناشاره‌زاو تێنه‌گه‌یشتو لەپیشه‌ى رۆژنامه‌وانى و ئه‌نجامه‌که‌شى ئه‌وه‌یه رۆژانه ده‌بینرێت”. نیاز عه‌بدوڵا بێ متمانه‌یی و نه‌بونى لایه‌نێکى سه‌ربه‌خۆ که به‌رگریی له‌و خانمه رۆژنامه‌نوسانه‌ى که توشى هه‌راسانکردن ده‌بنه‌وه به‌یه‌کێکى تر له‌نه‌نگییه‌کانى ئه‌م بابه‌ته ده‌زانێت و باس له‌وه ده‌کات: “ئێستا له‌هه‌رێمى کوردستان هیچ پێگه‌و رێکخراوێک نییه به‌رگریی له‌خانمانى رۆژنامه‌نوس بکات له‌ڕوى یاساییه‌وه‌و که‌یسه‌که‌یان بپارێزێت، له‌به‌ر ئه‌وه بێمتمانه‌یی هه‌یه‌و ئه‌و خاتونانه‌ى توشى ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن ناچار بێده‌نگبن”.
نه‌زاکه‌ت حسێن، سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له‌مافى رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان له‌باره‌ى حاڵه‌ته‌کانى گێچه‌ڵى سێسکى به‌رامبه‌ر خانمانى رۆژنامه‌نوس ده‌ڵێت: “ئێمه له‌سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسان ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌ین، له‌ماوه‌ى رابردودا راپرسییه‌کمان ئه‌نجامدا، که تێیدا 70 رۆژنامه‌نوسى چالاک به‌شداربون، له‌ئه‌نجامدا بۆمان ده‌رکه‌وت که 50% ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نوسانه روبه‌ڕوى شێوه‌ى جیاوازى گێچه‌ڵى سێکسى ده‌بنه‌وه، که‌یسمان هه‌یه داواى په‌یوه‌ندى سێکسى لێکراوه، هه‌مانه داواى لێکراوه به داواکارى له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى کاره‌که‌ى رازیبێت، که‌یسمان هه‌یه پێشنیارى به‌ره‌وپێشچونى زیاترى له‌کاره‌که‌ى پێدراوه له‌به‌رامبه‌ر رازیبون به‌په‌یوه‌ندى و که‌یسیشمان هه‌یه که ده‌ستدرێژى کراوه‌ته سه‌رو به‌ڵێنى گه‌وره‌ى پێدراوه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره، به‌ڵام له‌کۆتایشدا ده‌رکراوه”. «به‌داخه‌وه کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى هه‌ستیاره بۆ ئه‌م بابه‌تانه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرینه‌ى ئه‌و که‌یسانه‌ى ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان روبه‌ڕو ده‌بێته‌وه ناچارن به‌نهێنى بیهێڵنه‌وه‌و سکاڵا تۆمار نه‌که‌ن”. سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له‌مافى رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند خانمانى رۆژنامه‌نوس هۆشیارن و سکاڵا تۆمارده‌که‌ن له‌و حاڵه‌تانه‌ى روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه؟ بۆچى هاوشێوه‌کانى دونیا په‌نا بۆ دادگا نابه‌ن ئاماژه به‌وه‌ده‌کات: “به‌داخه‌وه کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى هه‌ستیاره بۆ ئه‌م بابه‌تانه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرینه‌ى ئه‌و که‌یسانه‌ى ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان روبه‌ڕو ده‌بێته‌وه ناچارن به‌نهێنى بیهێڵنه‌وه‌و سکاڵا تۆمار نه‌که‌ن، پاشان نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت کارى رۆژنامه‌وانى به‌گشتى و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌تانه له هه‌رێمى کوردستان به یاسا رێکنه‌خراوه، له‌وڵاتانى ئه‌وروپا رۆژنامه‌نوسێک کارده‌کات یاسایه‌کیش هه‌یه به‌رگریی لێبکات، به‌ڵام لێره، به‌پێى مه‌زاج (دۆخى ده‌رونى) به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاکه‌یه، ده‌توانێت ده‌رتبکات، هه‌ڕه‌شه‌ت لێبکات، موچه‌که‌ت ببڕێت و بێزارت بکات”.
به‌پێى راپۆرتى ژماره (25 بۆ 26)ى لیژنەی داکۆکیکردن لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لەکوردستان له‌کۆتایی ساڵى 2020 ئاماده‌کراوه، “ئه‌و خانمانه‌ى روبه‌ڕوى گێچه‌ڵى سێکسى ده‌بنه‌وه له‌ده‌زگا میدیاییه‌کاندا به پله‌ى یه‌که‌م ئه‌وانه‌ن ته‌مه‌نیان له‌نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایه، به پله‌ى دوه‌میش ئه‌و خانمانه دێن که ته‌مه‌نیان له‌نێوان 30 بۆ 40 ساڵیدایه، هیچ جیاوازییه‌کش نییه له‌نێو ئه‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ى سه‌ر به‌حزبه‌کانن یان سه‌ربه‌خۆن له‌ڕوى ئه‌م بابه‌ته‌وه”. به‌وته‌ى نه‌زاکه‌ت حسێن، “ئه‌م بابه‌ته له‌هه‌رێمى کوردستان له‌حاڵه‌ته‌وه بوه‌ته دیارده”، به‌ڵام عێراق وه‌ک کۆى وڵاته‌که که کوردستان هه‌رێمێکه له‌چوارچێوه‌یدا له‌م بابه‌ته بێبه‌ش نییه، خانمه رۆژنامه‌نوسانى عێراقیش به‌هه‌مانشێوه ئه‌م حاڵه‌ته‌یان روبه‌ڕو ده‌بێته‌وە.
ئه‌میره جابرى، خانمه پێشکه‌شکارێکى عێراقییه له‌به‌غدا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ره‌تیکردوه‌ته‌وه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌رى که‌ناڵه‌که‌ى هه‌بێت له‌کارەکه‌ى دورخراوه‌ته‌وه، ئه‌و به‌هۆى کاره‌که‌یه‌وه بژێوى ژیانى کچه تاقانه‌که‌ى و دایکى دابینده‌کات باسى لەکه‌یسه‌که‌ى ده‌کات و ده‌ڵێت: “من ناترسم له‌وه‌ى ناوم ده‌ربکه‌وێت و پێچه‌وانه‌ى کچه رۆژنامه‌نوسه‌کانى تر له‌دادگا سکاڵام تۆمارکرد، به‌ڵگه‌ى ئه‌و کاره نه‌شیاوه‌ى به‌رامبه‌رمکراوه پێشکه‌شى دادگام کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستاش که‌یسه‌که‌م به‌و شێوه‌یه‌ى پێویسته نه‌چوه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام دوباره په‌شیمان نیم، کاتى ئه‌وه هاتوه ئه‌م مرۆڤه دزێوانه بدرێنه دادگا”.
به‌پێى ئامارێک له‌ساڵى 2020 له چوارچێوه‌ى راپۆرتێک‌دا له‌پێگه‌ى (الرسف) بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و 100 خانمه رۆژنامه‌نوس به‌شدارییان تێدا کردوه له‌سه‌رانسه‌رى عێرق، “54% ئه‌و خانمانه قوربانى گێچه‌ڵى سێکسین، 67% به‌شێوه‌ى زاره‌کى گێچه‌ڵیان پێکراوه، 22% ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته سه‌ر”.
گۆڕ‌انى ئه‌م بابه‌ته له حاڵه‌ته‌وه بۆ دیارده‌و هه‌ڵکشانى زیاترى ژماره‌کان، وایکردوه سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان رێکارى پێویست بگرێته‌به‌ر، له‌و باره‌یه‌وه، سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له مافى رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان ئاشکرای ده‌کات: “ئێمه له‌ئێستادا ده‌رگایه‌کمان کردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى خانمانى رۆژنامه‌نوس به‌بێ ئه‌وه‌ى ناویان ده‌ربکه‌وێت له‌ڕێگه‌ى راپرسییه‌کانه‌وه حاڵه‌ته‌مانمان بۆ ده‌ستنیشان بکه‌ن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى رۆشنبیرى له‌په‌رله‌مانى کوردستان کۆبوینه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته له‌ڕوى یاسایشه‌وه پرۆژه‌ى بۆ پێشکه‌شبکرێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ رێکخراوه په‌یوه‌ندیداره‌کانى تایبه‌ت به‌داکۆکى له‌مافى رۆژنامه‌نوسان گفتوگۆمان کردوه بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌یه‌کى تایبه‌ته‌وه هه‌م رۆژنامه‌نوسان هۆشیار بکه‌ینه‌وه هه‌میش رێگه له‌هه‌ڵکشانى ئاماره‌کانى بگرین”.
“پێویسته خانمانى رۆژنامه‌نوس بێده‌نگ نه‌بن له‌م حاڵه‌تانه، چونکه ئه‌و که‌سه‌ى ماف به‌خۆى ده‌دات ئه‌و کاره بکات، رۆژنامه‌نوس نییه‌و مافیایه، جێگه‌ى سه‌رجه‌م مافیاکانیش زیندانه نه‌وه‌ک ده‌زگاکانى راگه‌یاندن” نیاز عه‌بدوڵا به‌وته‌ى خۆى، “17 ساڵه له‌دونیای رۆژنامه‌وانى کوردی‌دا کارده‌کات” له‌باره‌ى چاره‌سه‌رییه‌کانه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو: “پێویسته خانمانى رۆژنامه‌وان رۆشنبیربن و ته‌نیا بۆ ده‌رکه‌وتن له‌سه‌ر شاشه‌کان هه‌وڵنه‌ده‌ن، به‌ڵکو خوێنه‌ر بن، مافه‌کانى خۆیان بزانن، چونکه پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى پێویستى به‌که‌سى رۆشنبیر‌و خوێنه‌رو چاوکراوه هه‌یه، پاشان به‌شداربن له‌راهێنانه‌کان و رێکخراوه‌کانیش راهێنانى تایبه‌ت به‌م بابه‌ته زیاتر بکه‌ن و به‌پلان کارى له‌سه‌ر بکه‌ن، دواتر خۆیان له‌ژێر هیچ بارودۆخێکداو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵى هه‌راسانکردن نه‌که‌ن و روبه‌ڕوى ببنه‌وه په‌نا بۆ یاسا به‌رن، چونکه هه‌رچه‌نده له‌و بواره‌دا ئێمه بۆشایی یاسایمان هه‌یه، به‌ڵام هێشتاش کۆمه‌ڵێک یاساى جیاواز هه‌ن ده‌کرێت ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌ژێریدا جێگه بکرێته‌وه‌و بیانپارێزن، دادگاکان له‌ئاستى پێویستدا نین، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک دادوه‌ر هه‌ن ده‌توانن مامه‌ڵه‌یه‌کى یه‌کسان له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌یسانه بکه‌ن”. ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نوسه له کۆتایی قسه‌کانیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، “پێویسته خانمانى رۆژنامه‌نوس بێده‌نگ نه‌بن له‌م حاڵه‌تانه، چونکه ئه‌و که‌سه‌ى ماف به‌خۆى ده‌دات ئه‌و کاره بکات، رۆژنامه‌نوس نییه و مافیایه، جێگه‌ى سه‌رجه‌م مافیاکانیش زیندانه نه‌وه‌ک ده‌زگاکانى راگه‌یاندن”.
تێبینى: هه‌ردوو ناوى دونیا که‌ریم و شیرین محه‌مه‌د که له‌م ڕاپۆرته‌دا به‌کارهاتون دو ناوى خوازراون و ناوه راسته‌قینه‌کانیان و ناسنامه‌یان له‌سه‌ر خواستى خۆیان به پارێزراوى هێڵراوه‌ته‌وه.