میدیا؛ وەك شوێنی دڕندەكان*

بەختیار عەلی
ئیشكردن لە بواری ڕاگەیاندن و میدیاكاندا، چ جا میدیای نوسراو بێت یان بینراو، یەكێكە لە ترسناكترین ئیشەكانی دونیا.
ئەوەی خەڵك لە وڵاتی ئێمە و لە دونیاشدا بەگشتی زۆر ئاسان دەبن بە كارمەندی میدیا ھەمیشە مایەی سەرسوڕمانە. ئەوانەی ستایشی میدیاكان دەكەن و بەرگری لێدەكەن، لەبەر ئەو ڕۆڵە گەورەیەیانە كە لە دەرخستنی ڕاستی و بەرگریكردن لە مافی قسەكردن و ڕا دەربڕیندا دەیگێڕن، منیش لەوانەم و لەوانەش دەمێنمەوە، بەڵام ئەم ڕۆڵە گرنگەی میدیا، نابێت لە ڕوكارە ترسناكەكانی غافڵمان بكات، كە ئەگەر گوێی پێنەدرێت و فەرامۆشبكرێت… دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە مینبەری ڕاستی و ئازادییەوە دەبن بە مینبەری شێواندن، شوێنی بە ھەڵەدابردنی ڕای گشتی، درۆكردن، زامداركردنی ناھەقی ئینسانەكان و شاردنەوەی ڕاستییەكان. بە جۆرێك وای لێدێت، كاری میدیایی ببێتە ھەرێمی تێكشكاندنی مرۆڤ و بەھاكان، نەوەك شوێنی بەرگری لە ماف و ئازادی مرۆڤەكان.
من لە ژیانی خۆمدا زۆر لەو ھاوڕێ ڕۆژنامەنوسانەم بینیوە كە زۆر بە پیشەكەی خۆیان دڵخۆشبوون، ھەموویان ڕووە پۆزەتیڤەكەی ئیشی خۆیان زۆر بەرز نرخاندووە، بەڵام كەم و زۆر ئاگاداری ئەوە نەبوون كە میدیا چ جێگایەكی ترسناكە و ڕۆژنامەنوس گەر ئاگادار نەبێت دەشێت چ جانەوەرێكی ترسناكی لێدەربچێت. ھەڵبەت ترسی من لە میدیا زۆر لەترسی بەرپرسە كوردەكانەوە دوورە، كە لە ڕاستیدا خۆیان بەڕێوەبەری بەشێكی ئەو میدیا كوشندانەن كە وێنەیەكی نادروستمان دەربارەی دونیا بۆ دەگوازنەوە، نوسینەكەم بانگەوازێكە بۆ ھەموو ڕۆژنامەنووسێكی گەنج و ھەموو كەسێك كە لە میدیای ئازاددا ئیشدەكات، بزانێت كە ھەڵەكردن لە میدیادا كارەكتەری ڕۆژنامەنوس نزیكدەكاتەوە لە كارەكتەری جەلاد.
بە بۆچوونی من ھیچ ئیشێك وەك كاركردن لە میدیادا پێویستی بە گەشەی فیكری و ڕۆشنبیری و ئەخلاقی نییە. گەر ئەم سێ تەوەرە لە ناخی ڕۆژنامەنوسدا پێكەوە گەشەنەكەن و ھاوشانی یەك نەڕۆن، لە دواجاردا كارەساتی ترسناك بۆ كۆمەڵگا و میدیاش دروستدەكەن.
*بەشێک لەم وتارە لە كتێبی ئاوڕەكەی ئۆرفیۆس؛ لاپەڕە: ١٧٤-١٧٥ وەرگیراوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟