ڕۆژی چوارشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2021) رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمك) و بەشی ڕاگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە “سیمپۆزیۆمی خوێندن و پەروەردەی میدیایی لەهەرێمی كوردستان”یان لەچوارچێوەی سێ پانێڵدا ئەنجامدا کە بەوتاری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەستیپێکرد.
لە پانێڵی یەکەمدا لەژێر ناونیشانی “خوێندنی میدیایی لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستاندا” تیشکخرایە سەر دەرفەت و بەربەستەکان، پەیڕەوکردنی پێداگۆجیا و پێواژووی بۆڵۆنیا لەخوێندنی میدیایدا.
“پەروەردەی میدیایی لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا” ناونیشانی پانێڵی دووەم بوو کەتێیدا ئاماژە درا بە(خوێندنی میدیایی لە سەدەی بیستویەکدا، دەرفەتەکانی پێداگۆجی، دۆخی شیاندنی ئەکادیمی بەشەکانی میدیا).
لە کۆتا پانێڵدا “خوێندن و پەروەردەی میدیایی و ڕەنگدانەوەی لەبازاری کاردا” لەچوارچێوەی دووتەوەردا تاوتوێکرا کەبریتیبوون لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی باڵا، دەرچوانی بەشە زانستییەکان لەبازاری کاری میدیاییدا.
بەشداربوانی هەرسێ پانێڵەکە لەهەریەک لەزانکۆکانی سلێمانی، پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە بەشداربوون و خاوەن پلەی زانستی بەرز و ئەزموونی کارکردنی میدیایی بوون.
بەخستنەڕوی چەندین ڕاسپاردە لەلایەن بەشداربووانی پانێڵەکانەوەکە ئاڕاستەی وەزارەتەکانی(خوێندنی باڵا، پەروەردە،ڕۆشنبیری) کرابوو، هەروەها دابەشکردنی بڕوانامە و سەرنجی ئامادەبووان کۆتایی بە پانێڵەکە هێنرا.
فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی











