د.سامان فەوزی*
یەكێك لە بنەماكانی كاری راگەیاندن ئەوەیە كە ریكلام وەك بابەتی میدیایی پێشكەش بەوەرگر نەكرێت، چونكە یەكەمیان (واتە ریكلام) پشتی بەستووە بە خۆستایشكردن و دەرخستنی تەنها لایەنە باشەكان وئامانجە سەرەكیەكەی قازانجی داراییە-بەتایبەتی ریكلامی بازرگانی. بەڵام دوەمیان (واتە راگەیاندن) پشتی بەستووە بەوتنی راستیەكان و هەڵسەنگاندنی لایەنە باش وخراپەكانی بابەتێك وئامانجە سەرەكیەكەی بەرژەوەندی گشتیە. بۆیە لەكاتی پێشاندانی ریكلام دەبێت بنوسرێت ئەوە بابەتێكی ریكلامیە.
بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا رۆژ بە رۆژ تێكەڵكردنی ریكلام و راگەیاندن لەكەناڵی كوردیدا روو لەزیادبونە. ئەمەش بەزیان بۆسەر وەرگر(ھاوڵاتی)دەشكێتەوە.
بۆ نمونە لەكاتی ئەنجامدانی چاوپێكەوتنێكی میدیایی لەگەڵ هونەرمەندێك پێشكەشكارەكە لێی دەپرسێت (هۆلیود سمایل)ت كردوە؟ هونەرمەندەكەش دەڵێت نەخێر بەڵام بە نیازم بیكەم، ئینجا پێشكەشكارەكە پێی دەڵێت: ئەگەر ویستت بیكەیت ئەوا لای(دكتور…) بیكە! ناوی دكتورەكە دەڵێت و ئینجا بەشان و باڵیشی ھەڵدەدات وبەس ماوە ناونیشانی نۆرینگەكەشی لەناو خودی بەرنامەكە بخاتە روو! یاخود تەرخانكردنی بەرنامەیەكی میدیایی بۆ ناساندنی کۆمپانیایەکی تایبەت. تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی بەرنامەی میدیایی هەیە پەیوەندی بەمیوانەكان دەكات (وەك پزیشك) و وپێیان دەڵێت سپۆنسەرمان بكە ئینجا چاوپێكەوتنت لەگەڵ ئەنجام دەدەین! بەو پاساوەی بەرنامەكە بەناوبانگەو دواتر بۆ میوانەكە دەبێتە ریكلام!
بەر لەنزیكەی(7) ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ چەند پسپۆریكی میدیا و زمان بەسەرپەرشتی رێكخراوێكی میدیایی كارمان بۆ ئامادەكردنی پێشنیازە یاسایەك كرد بۆ رێكخستنی ریكلام لەروی ناوەرۆك و ماوە و راستی زانیاریەكان و..هتد، بەڵام كاتێك خرایە ناو پەرلەمان و كرا بەیاسا بەناوی یاسای ریكلامی بازرگانی ژمارە(4)ی ساڵی2019، بەداخەوە بوو بەشتێكی دیكەی جیاواز لەوەی ئێمە ئامادەمان كردبوو.
*پرۆفیسۆر لە یاسای راگەیاندن و وانەبێژ لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی