رێکخراوی چمک و پەیمانگەی کوردستان یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان واژۆکرد

چمک، سلێمانی: بە ئامانجی ھەماھەنگیی زیاتر و سەرپێخستنی پرۆژە زانستیی و پیشەییەکانیان؛ نوێنەرانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان واژۆکرد.

ئەو یادداشتە لە بۆنەیەکی تایبەتدا و لە رۆژی چوارشەممە (29ی حوزەیرانی 2022)دا بە ئامادەبوونی سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس و راگری پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان؛ پ.ی.د.رێبوار مەلا نەبی و ژمارەیەک لە مامۆستایانی پەیمانگە واژۆکرا.

لەدوای واژۆکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان؛ سەرۆکی #رێکخراوی_چمک ئاماژەی بەچەند بڕگەیەکی نێو یادداشتەکەیان دا، لەوانە: کاراکردنی پەناگەی پێگەیاندنی پیشەیی پەیامنێران و نێوەندی توێژینەوەی میدیایی لەگەڵ پرۆژەی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەی بەرھەمی میدیایی لەسەر پرس و بابەتە ھەستیارەکانی میدیا و لێکەوتەکانی لەسەر چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بۆنە تایبەتییەدا؛ راگری #پەیمانگەی_تەکنیکی_کوردستان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە واژۆکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنی پەیمانگەکەیان لەگەڵ رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ دووپاتییکردەوە کە رێكخستنی راهێنانی پیشەیی و کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسی زانستیی و توێژینەوەی میدیایی دەبنە خاڵی ھاوبەشی کارکردنی ھەردوولا، «بەدڵنیاییەوە ئەم یادداشتە ھەر مرەکەبی سەر کاغەز نابێت و بەزوویی دەست بەجێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی دەکەین.»

#چاودێریى_میدیاى_کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند رۆژنامەوان و توێژەرێکی میدیایی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.

#پەیمانگەی_تەکنیکی_کوردستان؛ نێوەندێکی ئەکادیمیی ناحکومییە و ئێستا خاوەنی 10 بەشی زانستیی متمانەپێدراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستانە. بەشی دیجیتاڵمیدیا؛ یەکێکە لە بەشە زانستییە دیارەکانی ئەو پەیمانگەیە کە ساڵانە کادری تەکنیکی بۆ بازاڕی میدیای کوردستان دابیندەکات. وێنە: شاڵاو عوسمان

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟