«ھەواڵی بەپەلە» و «تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان» سەرەکیتریین سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاریین

چمك، سلێمانی: بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی میدیایی؛ «ھەواڵی بەپەلە» و «تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان» سەرەکیتریین سەرچاوەو کەناڵی وەرگرتنی زانیاریین لەبارەی پێشھات و گۆڕانکارییەکانی پەتای جیھانیی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە کۆڤید-19.

لەنوێترین توێژینەوەی ھاوبەشی نێوانیاندا؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی و د.بەھات حەسیب قەرەداخی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر هەڵسەنگاندنیان بۆ کاریگەرییەکانى پەیامى میدیایی لەسەر هۆشیاریى تەندروستیی بەکارهێنەرانى میدیا لەبارەى کۆڤید_19ەوە کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش، ماوەى قەدەغەکردنى هاتووچۆى هەرێمى کوردستانى عێراق لەنێوان 14ى ئادار بۆ 16ى نیسانى 2020، وەک کۆمەڵ و مشتەى توێژینەوەکە وەرگیراوە.

پاش وەرگرتنەوەى 750 وەڵامى بەرتوێژان و شیکردنەوەى داتاکانیان، توێژینەوەکەیان گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە میدیاکان کاریگەرییەکى زۆریان لەسەر بەرتوێژان هەبووە و توانیویانە قەناعەتیان پێبهێنن کە پابەندى رێنماییە تەندروستییەکان بن. ئەوەیش بەهۆى تێڕوانینى ئەرێنیی بەکارهێنەرانى میدیاکان بۆ شێوازى داڕشتنى پەیامى میدیایی لەگەیاندنى زانیاریی و رێنمایی پەیوەست بەخۆپاراستن لەپەتاى کۆڤید_19و مەترسییەکانى.

بەپێی ئەنجامە بەدەستھاتووەکانی توێژینەوەکەیان؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنە کوردیی و جیهانییەکان، سەرچاوەى سەرەکیی زانیارییەکانى زۆرینەى بەرتوێژان بووە و لەو چوارچێوەیەشدا زۆرتر پشتیان بەژانرى رۆژنامەوانیی هەواڵ و “هەواڵى بەپەلە” بەستووە و کەمتر دیدارى تەلەڤزیۆنیی لەگەڵ پسپۆڕانى تەندروستییان بەلاوە گرنگ بووە. بەپێچەوانەشەوە، کەمینەیەک لەبەکارهێنەرانى میدیا لەهەرێمى کوردستاندا هێشتا گرنگیی بەهیچ جۆرە رێنمایی و پەیامێکى میدیایی نادەن و پێشیانەوە پابەند نابن. هاوکات بەرتوێژان زۆر بەگرنگى دەزانن، میدیاکان پەیامی ترس و بیم و هەواڵی ناخۆش کەمتر بکەنەوە و رەچاوی دۆخى دەروونیی وەرگرەکانیان بکەن. بەتایبەت لەسەروەختى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی و قەیرانەکان و کارەساتە سروشتییەکاندا.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟