لە ٢٢ی نیساندا؛ هەڵوەستەیەکی جددیی لەسەر راگەیاندنی کوردیی!

د. هێرش رەسوڵ
له‌٢٢ی نیسانی ئەمساڵدا، ساڵێکی دیکە دەچێتە سەر ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نوسیی كوردیی، به‌م بۆنەیەشه‌وه‌ وێڕای دانه‌واندنی سه‌ری رێز بۆ شه‌هید ‌و پێشه‌نگانی بواره‌كه‌، پیرۆزبایی له ‌رۆژنامەنوس ‌و راگەیاندنكارانی كورد ده‌كه‌م‌ و هیواخوازم ئه‌مساڵ ببێته‌ ساڵی هه‌نگاونانی رۆژنامه‌نوسیی كوردیی به‌ره‌و رۆژنامه‌نوسییه‌كی چاودێر‌و كارا‌ و دروستبونی (ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م) له ‌هه‌رێمی كوردستاندا.. لەپێناو هێنانەدیی ئەم ئامانجە گرنگەش، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ پێویست ده‌زانم:
* كاركردن بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌.
* هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئاسته‌نگه‌ جیاوازه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نوسیی.
* هه‌مواركردن ‌و پێداچونه‌وه‌ به‌ به‌ند‌و بڕگه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كاری رۆژنامه‌نوسیی له ‌هه‌رێمدا رێكده‌خه‌ن، به‌ جۆرێ، له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌م‌ و ژیانی دیموكراسییدا بگونجێن.
* دادگاكانی هه‌رێم له ‌بواری تاوانی رۆژنامه‌نوسییدا كار به ‌یاساكانی په‌یوه‌ست به‌و بواره‌ بكه‌ن، نه‌ك په‌نا بۆ ده‌قی دیكه‌ ببه‌ن.
* دروستكردنی رایه‌ڵی لێكتێگه‌یشتن ‌و په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌رپرسیارێتیی له‌نێوان راگەیاندن‌ و ده‌سه‌ڵاتدا له ‌كوردستاندا.
* رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێم گرنگی به ‌لایه‌نی ئاکار (ئێتیك)ـی‌ و پیشه‌یی بده‌ن ‌و، پتر په‌ره‌ به ‌پیشه‌كه‌یان بده‌ن، هه‌روه‌ك گه‌ڵاڵه‌كردنی ئاکارنامە (په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف) كاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌یه‌.
* هه‌وڵ بدرێت چاكسازیی له ‌بواری رێكخراوبونی رۆژنامه‌نوسان له‌ كوردستاندا بكرێت ‌و سه‌ندیكا بكرێته‌ چه‌تری هه‌مو ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی نێو دنیای رۆژنامه‌نوسیی كوردیی له ‌هه‌رێمدا.
* هەوڵدان بۆ پێشخستنی بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمدا، لە هەمو روەکانەوە.
* له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی داتای ورد‌ و له ‌ماوه‌ی زو زودا له‌سه‌ر كاریگه‌ریی راگەیاندنی كوردیی له‌سه‌ر رایگشتیی ‌و شه‌قام، نێوەندێكی راپێویی چالاك ‌و زانستیی دابمه‌زرێت‌ و به‌رده‌وام راپێویی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت.
* گرنگه‌ ناوەندێكی توێژینه‌وه‌ی راگەیاندن هه‌بێت ‌و توێژه‌رانی بواره‌كه‌ به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ی هه‌ستییار‌ و گرنگ له ‌باره‌ی راگەیاندنی كوردییه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن.
* كردنه‌وه‌ی نێوەندێكی وه‌رگێڕانی توێژینه‌وه‌‌ و كتێبه ‌ده‌گمه‌نه‌كانی بواری راگه‌یاندنیش یه‌كێكی تره‌ له‌ پێویستییە‌كان، تاكو رۆژنامه‌نوسانی كورد، به ‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ته‌نها به‌ زمانی دایك ده‌خوێننه‌وه،‌ لێی سودمه‌ند بن.
* كردنه‌وه‌ی خولی پێویستی رۆژنامه‌نوسیی له ‌ده‌ره‌وه ‌‌و ناوه‌وه‌ی هه‌رێم‌.
* کردنەوەی خولی فێربونی زمانی بیانی بۆ راگەیاندنکاران.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟