لە رۆژە جیهانییەکەیدا؛ تەلەڤزیۆن لە کوێوە بۆ کوێ؟

د.هێرش رەسول*

دەگوترێت؛ لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردودا، لە باخچەی منداڵانی وڵاتێکی ئەوروپاییدا، لە منداڵێک دەپرسن: خێزانەکەتان لە چەند کەس پێکهاتوە؟ منداڵەکەش بێدودڵیی دەڵێت: “دایکم، باوکم، براکەم، تەلەڤزیۆنەکەمان.”
رۆژی 21ـی تشرینی دوەم، رۆژی جیهانیی تەلەڤزیۆنە، کە لە ساڵی 1996 ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان دیارییكرد. ئامانج لەوەش، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی حكومەت ‌و رێكخراو ‌و كەسێتییەكانە بۆ پەخشی تەلەڤزیۆنیی لەپێناو پێشكەشكردنی بێلایەنانەی زانیاریی لەبارەی پرس ‌و روداوە گرنكەكان، كە كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵ دەبێت.
لە ساڵی 1884 یەکەم هەوڵ بۆ دروستکردنی تەلەڤزیۆن لە ئەڵمانیا و لەلایەن داهێنەرێکەوە درا بە ناوی (پۆل نیپکۆ)، کە ویستی ئامێرێك دروست بکات (وێنە) بگوازێتەوە، بەڵام نەیتوانی ئامێرەکە پێشبخات، هەشت ساڵ دوای ئەوە، (کارڵ فاردیناند) هەوڵیدا ئەم ئامێرە بەرەوپێش بەرێت، ئینجا ساڵی 1921 زانای فرەنسی (ئێدوارد بیلین) هەوڵیدا لە رێگەی شەپۆلەکانی دەنگەوە وێنەکان بگوازێتەوە و، ئیتر پاش پێنج ساڵ زانا (جۆن لۆگی بێرد) یەکەم وێنەی تەلەڤزیۆنیی گواستەوە.
دوای ئەو هەوڵانەش، ئەم ئامێرە بەرەوپێشچونێکی خێرای بەخۆوەبینی و بو بە جێسەرنجی داهێنەر و حکومەتەکان لەو سەردەمەدا، ئەوە بو لە ساڵی 1928 لەسەر دەستی زانایەکی سۆڤێتیی بە ناوی (هوڤانس ئدمیان) لە لەندەن، هەوڵدرا بۆ ئەوەی ئەم ئامێرە پتر بەرەوپێشببرێ و بکرێتە رەنگاوڕەنگ، بەڵام لەوکاتەدا سەرکەوتونەبو و تەلەڤزیۆنی رەشوسپیی تا کاتی دروستکردنی تەلەڤزیۆنی رەنگاوڕەنگ، بەردەوامبو.
دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین؛ داهێنان لە بواری راگەیاندنی بینراودا هاوزای داهێنانی کامێرادابو و یەکەم بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی کە پەخشدەکرا کاتەکەی سەعاتێك بو لە هەفتەیەکدا، دواتر لە ساڵی 1934 پەخشی تەلەڤزیۆن درێژکرایەوە بۆ پەخشی رۆژانە، دوای ئەمەیش لە ساڵی 1962 لە پەخشی ناوخۆوە بۆ پەخشی مانگی دەستکرد گۆڕا.
وردە وردە شاشەی تەلەڤزیۆن بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینی و بە قەبارەی جۆراوجۆر گۆڕا، کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن زیادیانکرد، بە تێپەڕینی کات قەبارەکەی بچوك بۆوە و بو بە شاشەیەکی تەنك، بۆ ئەوەی لە هەمو شوێنێك جێگای ببێتەوە. تا بگاتە ترۆپکی گەشە و پێگەیشتنی خۆی لە جیهاندا و، هەمو کەسێک، وەک منداڵی باخچەکە، تەلەڤزیۆن بە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بزانێت.
لە روی ناوەرۆک و ئاستی پەخش و وردەکاریی دیکەی تەکنیکییەوە، لەگەڵ هاتنەکایە و گەشەی بەردەوامی ئامرازە نوێچەشنەکانی راگەیاندن (New Media)ـیش، تەلەڤزیۆن بەردەوام دەیەوێ خۆی لەگەڵ بارودۆخە تازەکاندا بگوجێنێ و خۆی نوێبکاتەوە، لە ئەنەلۆگەوە بۆ دیجیتاڵ، تا دەگاتە وێبتیڤیی و جۆر و شێوازە هاوچەرخەکانی تر، یان لە ناوەرۆکی گشتییەوە بۆ تایبەتمەند و تایبەتمەندتر، یاخود لە ناوخۆیی و نیشتمانییەوە بۆ هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی و، لە پەخشە رەسەنەکەیەوە بۆ پەخشی هاوچەرخ لە باوەشی سەکۆ و تۆڕ و پەڕە و چەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا و چەندین بەرەوپێشچون و خۆنوێکردنەوەی دیکە.
بەڵام پرسیارەکە لێرەیە؛ ئاخۆ ئەو ئامرازە کۆنباو (تقلیدی)ـەی راگەیاندن، کە سەدەیەکە ئەندامی خێزانەکانە، تا کەی دەتوانێت کێبەرکێی سەکۆکانی نیو میدیا بکا و، تەنها وەک میوانێکی بێدەنگ و کوژاوە لە ژوری میوانی ماڵەکان نەمێنێتەوە؟!

*پڕۆفیسۆر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟