دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم رێکخستنی یاسایی و پیشەیی راگەیاندن تاووتوێکران

چمک، سلێمانی: رۆژی سێشەممە «01ی تشرینی یەکەمی 2019» تاووتوێی دووەمین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کرا کە تەرخانکرابوو بۆ بۆ ھەڵسەنگاندنی «دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم رێکخستنی یاسایی و پیشەیی راگەیاندن لەھەرێمی کوردستاندا».

لەو مێزگردەدا کە بەئامادەبوونی ھەریەک لە د.شوان ئادەم ئەیڤەس، د.کاوە رەزا، فرمان عەبدولرەحمان ، عەدنان سەید محەمەد، عیماد حەمید و ھەڵشۆ عەبدولفەتاح بەڕێوەچوو؛ ئاماژە بەکەمیی ھۆشیاریی یاسایی رۆژنامەوانان و دەزگاکانی راگەیاندن یان پەراوێزخستنی رۆڵی راوێژکارە یاساییەکانیان کرا لەبەرامبەر ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتی رووماڵكردنی زانیاریی و رووداوەکاندا. ھاوکات نەبوونی یاسای گشتوەگیری میدیایی و لاوازیی جێبەجێکردنیان و کەمتەرخەمی داواکاریی گشتیی و سەربەخۆنەبوونی دادوەران و دادگاکان، بەدیارترین ئاستەنگی یاسایی بەردەم رێکخستنی راگەیاندن لەھەرێمی کوردستاندا دەستیشانکران.

ھەر لەو مێزگردەدا کە لە بارەگای ناوەندی نیشتمانیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسلێمانی بەڕێوەچوو، ئاماژە بە سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی کرا کە وایکردووە نەتوانرێت میدیایەکی سەربەخۆ یان نیشتمانیی لەھەرێمی کوردستاندا دروست ببێت. ئەوەش بۆ پلان و ھەژموونی «میدیای کەسی» گەڕێنرایەوە کە وایکردووە میدیا لەپێناو بەدیھێنانی ئامانج و بەرژەوەندی تایبەتییدا بخرێتەگەڕ.

بەبڕوای بەشێکی دیکە لەئامادەبووان، لاوازیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەسەپاندنی یاساکانی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی رۆژنامەگەری، ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ی مافی بەدەستھێنانی زانیاری، ژمارە ٦ ی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپبەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن؛ وایکردووە ھەندێجار لەبری گەڵاڵەکردنی یاسای نوێ بیر لەرێوشوێنی پیشەیی دیکە بکرێتەوە، چونکە پابەندنەبوون بەپێوەر و بنەماکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بەھۆکاری لەپێشینەی ئەو پشێویی و پاشاگەردانییەی پەیامی میدیایی؛ میدیا و میدیاکارانی ھەرێم دەزانرێت.

فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی