ماف و دەرماڵەی مەترسیی و بیمەی میدیاکاران

ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

“کێ ژیانی ئەو میدیاکارانەی بەلاوە گرنگە، لە ریزی ئاپۆڕای سەدرییەکان رووماڵ دەکەن؟” ژمارەیەک کەناڵ و بەشێک لە میدیای هەرێم، شێلگیرانەتر لە میدیای عەرەبی و عێراقی رووماڵی رووداوەکانی بەغدا و لێکەوتەی بڕیارە سەرپێیەکانی سەدر دەکەن، بۆ ئەوەش، ژمارەیەک پەیامنێر، کامێرامان و میدیاکاریان ناردووەتە بەغدا.

دەیانبینین، ئەو میدیاکارانە، لە ریزی میلشیا سەدرییەکانەوە رووماڵ دەکەن، تێکەڵی ئاپۆڕای لایەنگرانی مەرجەع گۆڕاوی سەدر بوونە، بێ ئەوەی کەرستەی خۆپارێزیان پێ بێت، بێ ئەوەی بناسرێنەوە، جا ئەشکوژرێن، یان بریندار دەبن، دەکرێنە حیکایەتی دەم حیکایەتخوانەکان، یان هەفتەیەک خەتێ رەش بە شاشەوە دەچەسپێنن و دواتر بۆ هەمیشە بێدەنگی لە بارەیانەوە هەڵدەبژێردرێ. ئەگەر بڕیارە رووماڵ بکەن، پێویستە:

یەک: هەموو کەرستەیەکی خۆپارێزی بۆ میدیاکاران دابین بکرێ و ئەوانیش بەکاری بهێنن.
دوو: پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە بارەی ناسنامە و شوێنی مانەوە و هەلومەرجی کارکردنیان ئاگادار بکرێ.
سێ: پێویستە دامەزراوەکە، رەچاوی گونجاوی میدیاکارەکەی بۆ ئەو ئەرکە لەبەرچاو بگرێ.
چوار: پێویستە دەرماڵەی مەترسی و بیمەی چارەسەری دەروونی و پزیشکی بۆ دابین بکرێ و رەچاوی ئەو مەترسیانە بکرێت رووبەڕووی میدیاکارەکە دەبنەوە.
پێنج: ئەگەر خوانەخواستە، میدیاکار پێکرا، یان گیانی لەدەستدا، پێویستە دەزگا داهاتووی خێزانەکەی دابینبکات، نەک دوو مووچەی بۆ خەرج کا و بڵێ ئیتر ناتوانین و خۆی لێ بەخاوەن نەکا.
شەش: ئەگەر بە هۆی سەرکێشی میدیا بۆ لایک و کۆمێنت، میدیاکارەکەی خۆی بە بێ پێداویستی خۆپارێزی و بە بێ رێککاری پێویست بۆ سەلامەتی و بە بێ راهێنانی گونجاو بۆ رووماڵی دۆخی لەوجۆرە، خستە مەترسییەوە، هەق وایە بەڕێوبەر و بەرپرسانی راستەوخۆی دامەزراوەکە بە تۆمەتی کارئاسانی بۆ تیاچوون و گوێنەدان بە سەلامەتی میدیاکار و بەهەندوەرنەگرتنی مەترسییەکان رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و وەک تۆمەتبار لە کەیسی کوشتن دادگایی بکرێن. نەک وەک ئەوەی میدیاکار شیفا گەردیی تێپەڕێت.
حەوت: پێویستە تیمێکی تایبەتمەند و شارەزا لە رووماڵی ئەو حاڵەتانە، بەردەوام بیستوچوار کاتژمێر لەگەڵ ئەو میدیاکارانە لەسەر هێڵ بن و ئاگاداریان بن.
هەشت: پێویستە کەناڵەکان؛ میدیاکارانیان ئاگادار بکەنەوە، کە نابێت تێکەڵی گرووپە میلیشیاییەکان بن و بچنە ریزیانەوە، بەڵکو دەبێت، مەودایەکی پێویست لە نێوانیاندا هەبێت.
نۆ: پێویستە لایەنی ئەمنی و رەسمی و بەرپرسیار لە رەوش ئەمنی، ئاگاداربکرێنەوە و رێنمایی پێویستیان لە بارەی جووڵە و شوێنی کارکردن لێ وەربگیرێت.
دە: ستەمە، ئەو دەزگایانە میدیاکاری بەر سێبەر و پشت کۆمپیوتەر، بەبێ راهێنان رەوانەی شوێنی مەترسیدار دەکەن، هەموو رووماڵەکەیان و هەموو ئەوەی دەیڵێن ئەرزشی گیان و خوێنی مرۆڤێکیان نییە، کە هەوای دەرکەوتن کەوتووەتە سەری، یان فریوی قسەی گەورەی بڕیاربەدەستەکانی میدیای خواردووە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟