موعتەز ئەلخەتیب*
لە عەرەبییەوە: عەبدول محەمەد ئەحمەد
رووماڵی میدیاكان بۆ جەنگی رووسیا لە ئۆكراین هەڵەی جۆرێك لە مامەڵەی رۆژنامەوانیی دەرخست كە زیانی بەدوو بابەت گەیاند: یەكەمیان پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندنە كە هەوڵمداوە لەم وتارەدا بەرجەستەی بكەم، بەشێوەیەك میدیا گەورەكانی وەك فرەنس ئێم ئێس ئێم، بی بی سی، ئای تی ڤی، سی بی ئێس، ئێن بی سی-ی و تەنانەت ئەلجەزیرەی ئینگلزیشی، لێ بەدەر نەبووە. بۆنموونە، پەیامنێری ئێن بی سی، ئەو پەنابەرە ئۆكرانیانەی كە لە سنوورەكانی پۆڵەندا پەڕیبوونەوە وا ناویبردن كە “ئەمانە پەناری سووریایی نین، بەڵكو ئۆكراین-ی هاوسێن، بە ئاشكرا ئەوانە مەسیحیین، ئەوان سپيی پێستن، لەوانە دەچن كە لە پۆڵەندا دەژین.” هەروەها پەیامنێری سی بی ئێس؛ Charlie DAgata لەرووماڵەكەییدا وتی: “ئەم شوێنە نە عێراقە و نە ئەفغانستانە كە بە درێژایی دەیان ساڵ پڕ لە كێشە و ململانێ بوون، ئێرە وڵاتێكی تاڕادەیەك خاوەن شارستانیی و ئەوروپاییە كە بەهیچشێوەیەك پێشبینی نەكردووە و هیواشی نەخواستووە رووداوێكی وای تیا رووبدات.” لەكاتی رووماڵی قەرەباڵغی ئۆكرانییەكان بۆ سەركەوتن لە شەمەندەفەر و هەڵاتن لە جەنگ، بێژەری جەزیرەی ئینگلیزی؛ Peter Dobbie وتی: “سەیری جلوبەرگی ئەمانە بكەن، ئەوان لە چینی ناوەندیی خۆشگوزەرانن، ئەوان پەنابەرنین هەوڵی هەڵاتن لە وڵاتەكەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان باكوری ئەفریقا بدەن، بەڵكو وەك هەر خێزانێكی دیكەی ئەوروپایی وان و لەپەنای ئەوانەوە دەژین.” هاوكات لە رۆژنامەی تەلگرافی بەریتانیایی؛ Daniel Hannan نووسیویەتی: “ئەوان تەواو لەئێمە دەچن، ئەوەش وادەكات دۆخەكە مایەی شۆك بێت. ئۆكراین؛ وڵاتێكی ئەوروپاییە و خەڵكەكەی سەیری نێتفلێكس دەكەن، هەژماریان لەئینستگرام هەیە و لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگدەدەن، رۆژنامەنووسی ئازادیان هەیە، جەنگ تەنیا لە كۆمەڵگە هەژار و پەراوێزەكان روونادات، بەڵكو ئەگەری روودانی لای هەر كەسێك هەیە.” ئەوانە چەند نموونەیەك بوون لە گوتار و كۆمێنتی میدیایی لەسەر جەنگ، ئەو قسە و لێدوانانە بوونە مایەی نیگەرانیی و ناڕەزایی زۆرینەی خەڵك لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا. بابەتەكە تەنیا بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە نەوەستا، بەڵكو گەیشتە لێدوان و هەڵسوكەوتی كەسایەتی سیاسیی و حكومیی وەك سەرۆك وەزیرانی بولگاریا راشكاوانە وتی: “پەنابەرە ئۆكرانییەكان وەك ئەو پەنابەرانە نیین كە لەسەریان راهاتووین.” بەڵكوو David Sakvarelidze ؛ جێگری داواكاری گشتیی پێشووی ئۆكراین بە بی بی سی وت: “ئەوەی روودەدات مایەی جوڵاندنی هەست و سۆزە، هاووڵاتی و منداڵی ئەوروپایی چاو سەوز و قژ زەرد دەبینم، هەموو رۆژێك بە موشەكەكانی پوتن گیانلەدەستدەدەن.” هاوكات چەندین دیمەنی دیكەی تۆماركراوی پۆلیسی پۆڵەندە هەیە كە رێگە بە پەڕینەوەی پەنابەرانی ئەفریقایی كە لەوڵاتی ئۆكراین خوێندكار بوون نادەن و دەڵێن: “ئێمە خوێندكاریین و پەنابەرنین”، بەڵام راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی دۆیچە ڤێلە-ی ئەڵمانیایی هەیە، نیگەرانیی و ناڕٍەزایی حكومەتی نەیجیریا و رەتكردنەوەی حكومەتی پۆڵەندا و بەڵێنی ئۆكراین-یش بۆ لێكۆڵینەوە لەبابەتەكەدا هەیە، بەڵام چی پاڵ بە رۆژنامەنووسێك یان پەیامنێر یاخود بێژەرێكەوە دەنێت، لە گواستنەوە یان رووماڵی رووداوێكدا یان كۆمنێت لەسەر بابەتێك، تێوەبگلێت لەو بەراوردكارییانەی كە مایەی سووكایەتییە بۆ گەلانی دیكە و پێشێلكارییە بۆ كاری رۆژنامەوانیی و پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكان كە سەرتاپا زیان بە بنەمای پیشەییبوون دەگەیەنێت. ئەم پرسیارە پاڵمان پێوەدەنێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دوو بابەتی سەرەكی: پیشەییبوون و پرۆگرامی بەراوردكاريی لەگەڵ رەگەزپەرستیی و رێساكانی كاری رۆژنامەوانی.
- پیشەییبوون و پرۆگرامی بەراوردكاری
خاڵێكی جەوهەری لەژەهراوییبوونی لێدوانەكانی پێشتردا هەیە. هەموویان بۆ سەردەمی بەراوردكاریی لەنێوان كارەساتی ئۆكراین و بەدیارییكراویش كڵۆڵی گەلانی دیكەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا هەڵخلیسكاون. ئەو بەراوردكاریەشە چەند بەهەندگرتنێك لەخۆدەگرێت:
- جیاكاریی لەنێوان پەنابەران و پەنابەرانی دیكەدا لەسەر چەند رەهەند و بەهەندگرتنێكی جیاوازی وەك رەنگ و ئایین و جوگرافیا (سپی، مەسیحی، هاوسێی جوگرافی) تەنانەت لەسەر دۆخی ئابووریيش، بەشێوەیەك پەنابەرە ئۆكرانییەكان وەك پەنابەرانی دیكە نین، چونكە ئەوان سەر بە چینی ناوەندیی خۆشگوزەرانن!
- چەسپاندنی جیاوازیی لەنێوان ئۆكرانییەكان و كەسانی ئەو وڵاتانەی كە جەنگیان بەخۆیانەوە دیوە. ئەو؛ وڵاتێكی ئەوروپایی خاوەن شارستانییە، خەڵكەكەی لەسەر جەنگ رانەهاتوون، وەك چۆن لە عێراق و ئەفغانستان هەیە!
- چیتر جەنگ تەنیا لەناو كۆمەڵگە هەژار و پەراوێزەخراوەكاندا روونادات، بەڵكوو لەناو وڵاتێكی ئەوروپاییش روودەدات. لەكاتێكدا ئەوان خاوەنی شێوەیەك لەژیان بەسەربردنن لەگەڵ “نێتفلێكس و ئینستگرام” و بەهاكانی “مافی دەنگدان، رۆژنامەنووسی ئازاد”. سەرباری ئەوەیش، دۆخەكە وا وێنادەكرێت كە جەنگ تەنیا پەیوەستە بە وڵاتانی هەژارەوە، لەكاتێكدا ئەو پەیامە لە كرۆكدا ئەوەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە كە هیچ گوێنادرێت بەوەی رووسیا چ كوشتارێكی لەناوخۆی سووریادا بەرپا كردووە یان ئیسرائیل كە چەندین جەنگی لەناو فەلەستین و دەرەوەش بەرپاكردووە، هەروەها ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان.
بە واتایەكی تر؛ هێزە دەرەكییەكان لە وڵاتە هەژار و لاوازەكاندا جەنگ بەرپادەكەن، چونكە جەنگ بژاردەیەكی ناوخۆیی نییە! لەو كاتەدا كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی عەرەب و رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (AMEJA) سەركۆنەی ئەو رووماڵە رەگەزپەرستانەیان كرد و ئەوەی جێی سەرنج بوو؛ بەیاننامەكە جەختی لەسەر چەند خاڵێك كردەوە:
- ڕەتكردنەوەی ئەو بەراوردكارییەی كە هەندێك لەململانێكان زەقدەكاتەوە و هاوسۆزە لەگەڵ هەندێكی دیكەدا كە دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی ململانێكان و بە كەم سەیركردنی ئازاری ئەو دانیشتوانانەی كە گیرۆدەی داگیركاریی و دەستدرێژی بوونەتەوە.
- بەراوردنەكردنی قوربانییەكان، بەشێوەیەك قوربانیی هاووڵاتی و ئاوارەبوون لە وڵاتانی تر شتێكی حاشاهەڵنەگرە و لە وڵاتانی دیكە هەمان سەنگ و قورسایی نییە.
- رەتكردنەوەی ئاساییكردنەوەی قەیران و كۆستی بەشێك لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و باشوری ئاسیا و ئەمریكای لاتین، ئەویش لە رێگەی داڕنینی ئەو گەلانە لە مرۆڤبوون و بەرپرسیاربوونیان لەهەموو ململانێكاندا، بەو پێیەی شایستەی جەنگ بن و وا بناسرێن كە هیچ شارستانیی نیین.
- هاوكارییكردنی ئەو هاووڵاتیانەی كە لەچەندین ناوچەی جیاوازی جیهاندا رووبەڕووی هێرشی سەربازیی بوونەتەوە.
ئەركی ڕۆژنامەنووس تەنیا بریتییە لەگواستنەوەی راستییەكان، بێئەوەی لە دەركردنی حوكمی پێشوەختە یان جۆرێك لە لایەنگيريی تێوە بگلێت. جا ئەگەر رۆژنامەنووس بەجۆرێك لە جۆرەكان كەوتە بەراوردكردن كە پێشتر مەبەستی تیكەڵكردنی هەواڵەكە بۆ روونبوونەوەی زیاتر یان گواستنەوەی راستییەكان بوو؛ كە دەبێت تەنیا بۆ تێگەیشتن بێت، نەك بۆ دیارییكردنی ئەركی بەرامبەر دۆخەكە یان چۆنێتی دەربڕینی، بەڵام ئایا نەنگییەكە لە بەراوردكردنی هەمان بیرۆكەیە كە ئەو رۆژنامەنووسانە پێشتر ئاماژەمان پێكرد؛ بەدەر لە ئاستی راستیی یان كورتكردنەوەكەی؟
دیارە بەراوردكاری؛ یەكێكە لە هۆكارەكانی بیركردنەوە و توێژینەوە، تەنانەت بە بەراوركاریی دەتوانین تێگەیشتیمان بۆ قووڵترین دیاردەكان هەبێت. ئەوەش بە واتای ئەوەی كێشەكە لە خودی بەراوردكارییەكەدا نییە، بەڵكو لە بوونی لایەنداریی پێشووترە كە سەردەكێشێت بۆ ئەو جۆرە لە بەراوردكاری. بەو واتایەی بەراوردكارییەكە لێرەدا ئالیەتێك نەبووە بۆ تێگەیشتن و شیكردنەوە، بەڵكوو بووەتە هۆكارێك بۆ چەسپاندنی هەندێك لە تێڕوانین و بەهای لەپێشینە و دەرخستنی هەڵوێست و باوەڕی پێشووتری رۆژنامەنووسەكان. ئەوەیش بە واتای ئەوەیە، ئەوانە بەتەنیا لە رووی مۆراڵییەوە شكستیان نەهێناوە، بەڵكو لە رووی كار و پیشەكەشیانەوە شكستیان هێناوە، ئەویش لەبەر سێ هۆكار:
یەكەم: ئەوانە لە كاتی رووماڵكردندا؛ رووداوەكەیان بەكارهێناوە و هەڵخلیسكاون بۆ لایەنداریی كوولتوریی و نەتەوەیی كە لە راستییدا پێویستە رۆژنامەنووس ئەوەی لەبیرنەچێت لە كاتی رووماڵكردنی روداوەكاندا پارێزگاریی لە بابەتییبوونی خۆی بكات. جا بۆیە لە ئەنجامی جیاوازیی لە گەرمیی و ساردیی هەست و سۆز لەناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر، لەكاتی رووماڵی جەنگ لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوە پرسیار لەبارەی بابەتییبوون و تەنانەت راستگۆییش درووستدەكات.
دووەم: كۆمێنت و لێدوانەكانی پێشوو؛ حكومدانی پێشوەختە بۆ تۆڵەكردنەوە لە مرۆڤبوونی كەسانی دیكە لەخۆدەگرێت. ئەوەیش تەنیا لەبەر جیاوازیی نەتەوەیی، كولتووريی، ئایینیی و جوگرافی. تەنانەت بینەرەكانی بۆ زیادكردنی سۆزداریی لەگەڵ ئۆكرانییەكاندا هاندەدات؛ تەنیا لەبەرئەوەی (لەوان دەچن)، نەك لەبەرئەوەی كێشەكەیان دادپەروەرانەیە لەو رووەوە كە رووبەڕووی داگیركارییەكی بێبەهانەی یاسایی رووسیا بووەتەوە یاخود ئەوان وەك پەنابەرانی دیكە نین و لە رووی سۆز و هاوكارییەوە پێویستیان بە جیاكاریی زیاتر هەیە.
سێیەم: كۆمێنتەكانی پێشوو لەسەر بنەمای بابەتییبوون؛ دەچنە چوارچێوەی (زۆربڵێی و درێژدادڕییەوە)، بەشێوەیەك هیچ زانیارییەكی بەسوود پێشكەش ناكات كە پەیوەندیی بە هەواڵەكەوە هەبێت یاخود پەیوەندیی بە تێگەیشتنێكی قووڵتر بۆ لایەنە شاراوەكانی رووداوەكە هەبێت. بەواتایەكی دیكە؛ رۆژنامەنووسان لەم دۆخەدا لەچوارچێوەی كاری رۆژنامەنووسیی خۆیان دەرچوون و چوونەتە ناو بە سەربازییكردن و هاندانی بینەران بۆ هاوسۆزیی لەگەڵیاندا بە شێوازی نامرۆراڵی؛ سەرباری ئەوەی كە ناپیشەییشین.
جیاوازیینەكردن لەنێوان ئەو دوو ئاستەی پێشوودا؛ مەبەست و هەڵسەنگاندن وەك هۆكارێك بۆ تێگەیشتن و شیكردنەوە یان بەراوردكردن وەك پەیڕەوێك بۆ هەڵسەنگاندن و جیاكارییكردن كە رەنگە ببێتە هۆی تێكەڵیی لەنێوان سێ بواردا: سیاسی، مۆراڵیی و رۆژنامەوانی. بواری سیاسی؛ بەراوردی داوایەك دەكات لەنێوان تێگەیشتن و شیكردنەوە و لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ پێشبینیكردنی هەڵسوكەوتی سیاسیی دەدات، بەشێوەیەك رووی لێكچوون و جیاوازیی مانای چڕ لەخۆدەگرێت، ئەگەربێتو لەسەر ئاڕاستە و سیاقی خۆی دابنرێت. بواری مۆراڵی؛ پێویستیی بە راستكردنەوەیە لە رێگەی بەراوردكارییەوە. بەو واتایەی بەدواچوون دەربارەی پوختەی راستكردنەوەكان دەكات، بەڵام بواری رۆژنامەنووسی؛ ئەركەكەی لە گواستنەوەی دۆخە ڕاستەقینەكەدا چڕكراوەتەوە، بێئەوەی لە دەركردنی حوكمی پێشوەختە یان هیچجۆرێك لە لایەنداریی تێوەبگلێت. بۆیە ئەگەر دەستی بۆ جۆرێك لە جۆرەكانی بەراوردكاریی برد، ئەوا ئامانجی پەیوەستكردنی هاتنی رووداوەكەیە بۆ هەواڵەكە بۆئەوەی روونتربێت و مەبەستی تەنیا گواستنەوەی رەوشە ڕاستەقینەكەیە، نەك دیارییكردنی ئاڕاستەی هەواڵەكە یاخود چۆنێتی گۆڕینی. بە واتایەكی تر؛ بەراوردكاریی لە كاری رۆژنامەنووسییدا مەرج نییە تەنیا لەپێناو وەرگرتنی وتە یان گەڕان بێت بەدوای دیاردەكانی هەواڵی جیاواز و تایبەتمەند لەئەوانیتردا؛ بەشێوەیەك بیكاتە هەواڵێكی تایبەت و شیاوی رووماڵكردن بێت. لایەنداریی رۆژنامەنووس لێرەدا بە ئاڕاستەی زانینی جیاوازییەكانە زیاتر لەوەی رووە لێكچووەكان بێت، چونكە لێكچوون پێشەكییەك یان سەرەتایەكە بۆ بە گشتییكردن، بەڵام جیاوازیی پەیوەستە بە تایبەتمەندی هەموو هەواڵەكە، چونكە ئەو پاڵەوانی رووداوەكەیە (لە حاڵەتی پەیامنێر یان بێژەردا). بەڵێ ڕۆژنامەنووس لەبەراوردكارییدا قووڵدەبێتەوە؛ لەپێناو ئاشكراكردنی رووە جیاوازەكانی و بابەتەكانی سیاسەتی دووفاقی، ئەگەرهاتوو بابەتەكە و سیاقەكە یەكیان گرت. بەشێوەك ئەو پرسیارانە بهێنێتە ئاراوە كە لەگەڵ دۆست و شیكەرەكەوەكاندا تاوتوێیان بكات. لە نموونەی بەراوردكاریی بەمەبەستی شیكردنەوە و تێگەیشتندا، رۆژنامەی نیویۆرك پۆست لەناساندنی سەربازێكی ئۆكراینی كە لەسەر پردێك خۆی تەقاندووەتەوە؛ بە مەبەستی رێگرییكردن لە پێشڕەوی رووسیا بەوەی (سەربازێكی پاڵەوانی ئۆكراین)، جیاوازیی ئەم حكومدانە لەگەڵ هاوشێوەكانی لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلییەكاندا لە فەلەستین و چەند شوێنێكی دیكە. بۆنموونە، پێدەچێت بەسوودبێت بۆ شیكردنەوە و بەدواداچوونی زیاتر لە جیاوازیی هاتنەكان، پاشان راستكردنەوە و هۆكارە كارییگەرەكان تیایدا. لەنموونەی دیكەدا، لێدوانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كە پشتیوانیی لەو كەسانە كرد كە دەیانەوێت بچنە بەرەكانی شەڕ لە ئۆكراین بە بەریتانیاییەكانیشەوە. ئەگەر بەراوردبكرێت بەهاوشێوەكانی لە سوریا و عێراق و چەند ناوچەیەكی دیكە، ئەوا دەتوانرێت ئاڵۆزی هەردوو رووداوەكە و جیاوازییەكانی نێوانیان تێبگەیت. ئەوەیش بە مانای ئەوەی لێرەدا بەراوردكارییەكان هەڵەنیین، بەڵكوو لە رووی تێگەیشتن بۆ تێڕوانینە جیاوازەكان بۆ پرسیاركردن بەسوودە، وەك جیاوازیی نێوان كردەی دەوڵەت و ئەو رێكخراوانەی كە دەوڵەتیی نین، جیاوازییكردن لەنێوان بەرپەرچدانەوەی داگیركردن بەگوێرەی تێگەیشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایدۆلۆژی كە لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتە لەسەر پاشماوەی خودی دەوڵەتە وەستاوەكە. لێرەدا گرنگە لەو بەراوردكارییەدا بابەتەكە لەپێناو كورتكراوەكانی پێشتردا پەرتپەرت نەكرێت. بۆنموونە؛ وەزیری بەرگریی بەریتانیا هەڵوێستی پێچەوانەی هەبوو لە هەڵوێستی وەزیری دەرەوە و دژی بیرۆكەی ناردنی شەڕكەری بیانیی بووە.
- رەگەزپەرستیی یان رێسا پیشەكانی راگەیاندن
كۆمێنێت و لێدوانە رۆژنامەوانییەكانی پێشوو لەسەر حوكمەكانی راستكردنەوە روون یان شاراوەیە و سەرجەمیان بە رەگەزپەرستانە دەناسرێن. پێشتر لە راگەیەندراوی كۆنگرەی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەرەدە و زانست و كولتوور لەساڵی 1978دا، لەیەكێك لەبەندەكانییدا بە دەق ئاماژەی كردووە بەوەی رەگەزپەرستی؛ هەموو هەڵوێستێكی لایەنداریی یان هەڵسوكەوتێكی جیاكاریی دەگرێتەوە. هەروەها ئەو بانگهێشتنانەش دەگرێتەوە كە باس لە بوونی بەهانەی مۆراڵیی و زانستیی بۆ ئەنجامدانی پەیوەندیی جیاكاریی و رەگەزپەرستیی لەنێوان كۆمەڵەكاندا دەكەن. لەگەڵ كۆمێنت و سەرنجەكانی پێشتردا؛ ئێمە لەبەردەم جیاكارییەكانی نێوان مرۆڤەكان یان بڕوایەك بە باڵای چینێك یان بەشێك بەسەر بەشێكی دیكەداین، لەسەر بنەمای ناسینەوەی رەگەزایەتيی وەك “رەنگ و شێوە” بەنموونە یان كولتورێك وەك “جلوبەرگ و شێوازی ژیان” یان ئایینیی وەك “مەسیحیی و ئیسلام” كە جیاكاریی و بەرچاوترینی لە هەڵسوكەوت و ماف و ئەركەكاندا لەسەر بنیات بنرێت. ئەو پەسەندكردن و ناسناندنانە بەلای كەمەوە، هیچ بەهایەكی مۆراڵییان لەپشتەوە نییە، چونكە بۆ هەندێك هۆكار ئاڕاستە دەكرێن كە هیچ دەرچەیەكی نییە، لە داڕشتنی ئەرك و دامەزراندنی بەها مۆراڵییەكان لە تێڕوانینی خۆرئاواوە بۆ خودی مافەكانی مرۆڤ. هەروەها ناشێت وەك سەرچاوە بۆ ناساندن و لكاندنی شەرعییەت بەسەر جیاوازییەكاندا مرۆڤ و ئەركە مۆراڵییەكان بەرامبەر بە پەنابەران یان ئەو كەسانەی كە دووچاری مەترسیی جەنگ بوونەتەوە. بەتایبەت ئەوانەیان كە پێویستییان بە هاوكارییە، ئەوەیش بەپێچەوانەی پێوەرەكان لەنموونەی مرۆیی یان پێویستیی بە هاوكاریی یاخود ئەو كەسانەی كە بێدەرەتان و دەستەپاچەن. رەگەزپەرستی؛ بەشێوەیەكی رێژەیی چەمكێكی نوێییە، چونكە لەسەردەمی ئیمپریالیزمی ئەوروپاییدا درووستبووە و پاشان لەگەڵ سەرمایەدارییدا گەشەیكرد. بەتایبەت لەسەردەمی بازرگانییكردن بە بەندەكانەوە، پاشان بووە كاڵای باڵای رەوایەتیدان بە هەڵمەتەكانی كۆلۆنیالیستیی و داگیركاریی و جینۆساید، بەڵام ئەمڕۆ بەهاتنی نوێوە دەیبینین؛ لەوانەش ئەو رووماڵە میدیاییەی كە رەنگدانەوەی تێڕوانین و بیركردنەوەی رۆژهەڵاتناسییە و سەرنج و كۆمێنێتەكانی پێشوو بیرۆكەی شاراوە و مەبەستداریان لەپشتەوەیە، بەوەی كلۆڵیی و كارەساتی ئەوانەی سپيی پێست نین (جگە لەئەوروپاییەكان) لەئاستی نزیكیی كولتوور و رۆشنبیرییانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوە دەبێتە هۆی رازیبوون یان قبووڵكردنی بیرۆكەی نایەكسانیی و چەسپاندن و برەودان لەسەر جیاوازیی لەمامەڵەكردندا. بەرمەبنای ئەوەیش؛ كەسانی باڵا و شارستانیی و رەنگ جیاواز شایەنی هاوكارییكردنن، چونكە خۆی وایە و وابووە، بۆیە بیرۆكەی جەنگ بۆ ئەوانە نامۆیە بەخۆیان و بیركردنەوە و ژیانی هاوچەرخییان، وەكئەوەی توندوتیژیی و بڕیاری جەنگ پیشەسازیی و درووستكراوی كەسانی دیكە بن، بەدیارییكراویش مسوڵمانەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا كە دۆستایەتییان لەگەڵ توندوتیژیی و جەنگ هەیە، وەكئەوەی بەشێك بێت لە كولتووری نزم و دواكەوتوویی و ناشارستانییان! بەڵام ئایا تا چ ئاستێك ئەو كۆمێنت و تێبینییە میدیایی و هەڵسوكەوتە جیاكارییانە لە ئۆكراین و پۆڵەندادا، ئاماژەن بۆ قووڵیی قەیرانەكە لەناوخۆی خودی كولتووری ئەوروپاییەكاندا؟ بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت ئەوە بگشتێندرێت، بەڵام دیاردەكە هەیە و جێگەی دوودڵییە كە بەهەمانشێوە خودی ئەمریكا نەیتوانی بیسڕێتەوە و خۆی لێ قوتاربكات. پاشان بیرۆكەكە لەگەڵ گەشەی راستڕەوی توندڕەو لەئەوروپادا لەهەڵكشاندایە. تەنانەت هەریەك لە دەیڤید گوڵدبێرگ و چارلز میلز، چەلەحانێیان لەسەر ئەوەبوو رەگەزپەرستی؛ رەگ و ریشەی قووڵی لەناو كولتوور و زمانی كۆمەڵگە نوێیەكانی ئەوروپادا هەیە. بەشێوەیەك باوەڕبوونی ئەو كۆمەڵگایانە بە چەمكەكانی لیبراڵیەتی كلاسیكی باو سەبارەت بە تاك و یەكسانیی و ئازادی، نەیتوانیوە رەگەزپەرستیی بشارێتەوە. بە لێكدانەوەی من؛ لەبەرچاوگرتنی “جیاوازی” كێشەیەكە پێویستیی بە قبووڵكردن هەیە. پەیڕەوكردنی سیاسەتی تێكەڵبوون و توانەوەش، ئاماژە و پەرچەكداری شێوەكانی رەگەزپەرستییە كە فرەیی و لێبوردەیی لەگەڵ شێوەی كولتوور و ئایینی جیاواز و گۆڕاو رەتدەكاتەوە و یەكناگرێتەوە یان نایەتەوە لەگەڵ ئەو شێوە و نموونە نوێیەی كە دەویسترێت بسەپێندرێت، چونكە لەوە تێپەڕێت مەرج نییە ناساندنی پێشكەوتن و مەدەنییەتی تیا بەدی بهێنرێت، پاشان دەبێت رەتبكرێتەوە و لەناوببرێت! ئایا ئەوە هەر گونجاندن نییە لەگەڵ ئەو تەونە كۆمەڵایەتییەی كە بەشار ئەسەد دوای كووشتن و كۆچپێكردنی ملیۆنان هاووڵاتی لە سوننەكانی سووریا قسەی لەبارەوە دەكرد. بەتایبەت دوای وەرگرتنی دەستەڵاتی وڵاتەكەی لەلایەن میدیای خۆرئاوا وا ناسێنرا كە پیاوێكی “نوێخوازە”و خوێندنی لە خۆرئاوا تەواو كردووە؟
كێشەكە لەسنووری جیاكارییكردن و بە باڵا سەیركردنی بەشێك لەسەر حسابی بەشێكی تر ناوەستێت، بەڵكو پێوەرەكانی جیاكارییش تێدەپەڕێنێت كە بنەماكانی زۆترین مرۆڤبوون و كەمتر مرۆڤبوونی لەسەر بنیات دەنرێت یاخود كێ مافی هاوكاریی و پەنابەرێتیی هەیە و كێ نییەتی. هەڵوێستە لەسەر رەخنە لە كۆمێنت و هەڵسوكەوتی رۆژنامەكانی پێشتر و خودی دامەزراوە رۆژنامەوانیەكانیان ناكەم، نە لەلایەن ئەو هاوڕێیانەیان لەڕاستەوخۆدا بیسەری كۆمێنتەكانیان بوون؛ پێدەچێت جەزیرەی ئینگلیزیی لێ بەدەربێت كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پەخشدەكات؛ بەیاننامەیەكی دەركرد و پۆزشی هێنایەوە بۆ بینەرەكان لەو هەڵە پیشەییە كە یەكێك لە بێژەرەكانی كردی و پێشتر ئاماژەمان پێكرد. هەروەك لەبەیاننامەكدا نوسیوویەتی: كۆمێنیتەكانی بێژەرەكە هەستیاریی پێویستی لەبەرچاونەگرتووە و بەرپرسیارانە نەبووە. هاوكات بی بی سی؛ لەبری ئەوەی رەخنە لەو هەڵوێستانە بگرێت، لەناویشیاندا كۆمێنت و لێدوانی بریكاری داواكاری گشتیی كە پێشتر لەسەر شاشەكەیەوە ئاماژەمان پێكرد، لەهەژماری تویتەردا تویتێكی بەڤیدیۆییەكی پەیامنێرەكەیەوە بڵاوكردووەتەوە كە چاوپێكەوتن لەگەڵ گەنجێكی نەیجیریاییدا دەكات و سوپای ئۆكراین وا دەناسێنێت كە وەك ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون، بەڵام چووە گۆڕانكاریی لە تویتەكەدا كردووە و ناونیشانەكەی بە “شەوی رابردوو زۆر قورسبوو، سوپا زۆر دووژمنكارانە بووە” گۆڕیوە كە پێدەچێت شێوازەكە لەو دڵڕەقیی و رەگەزپەرستییەی كە سوپای ئۆكراین ئەنجامی داوە، سووككرابێت! سەرجەم كۆمێنیت و لێدوانە میدیاییەكانی پێشتر لەسەر چەمكێكی كۆكەرەوە رێكبوون، ئەویش لایەندارییە بۆ ئەوانەی (لەئێمە دەچن) لەشێوە و رەنگ و جلوبەرگ و شێوازی ژیان و هەمان ئەو بەهایانەیان بەلاوە پەسەندە. ئەوەیش بە مانای ئەوەی دەستەواژە و لێدوانەكانی لیبراڵیەتی تایبەت بە ئازادیی و لێبوردەیی و فرەیی لە سڕینەوەی ئەو تۆفانە لە جیاوازیی رزگاری نەبووە كە بە لایەنداریی بۆ چەمكی ئەوانەی تەنها لەئێمە دەچن و پێدانی مەرجی لەپێشینە یاخود وەك مافی تایبەتمەندیی بۆ هاوكاریی و مافی پەناهەندەیی رووپۆشكراوە. ئەوەیش لەبەرئەنجامی ئەو وێنە باوەی كە بۆ تیرۆری ئیسلامیی هەیە یاخود ترس لەوانەی هەڕەشە لە گونجاندنی كولتووریی دەكەن. بەو شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ تێڕوانیینە گشتیی و مرۆییەكان بەگوێرەی تێڕوانینە سیاسیی و كولتوورییەكان؛ لەپاشەكشەدان بۆ سنورەكانی خوارەوە. كەواتە: كێشەكە لەسنووری بەراوردكاریی یان بڵندیی رێز و شكۆی بەشێك لەسەر حسابی تۆڵەسەندنەوە لەبەشێكی تر ناوەستێت، بەڵكوو لەپێوەرەكانی بەراوردكارییش تێپەڕدەكات كە زیاتر مرۆڤبوون و كەم مرۆڤبوونی لەسەر دیاریی دەكرێت یاخود مافی هاوكاریی و پەنابەرێتیی هەیە لەگەڵ ئەوانەی كە شایانی نیین. جا ئایا بەراوردكردنەكە لەسەر بنەمای پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن یان پەسەندكردنی نەتەوەیی و رەگەزایەتیی و كولتووریی بنیاتدەنرێت؟
ئەوەی پەسەندكردنە مۆراڵییەكان جیادەكاتەوە؛ ئەو پەسەندكردنە بە بەهایانەیە كە پشیتوانییەكی فراوانیان لێدەكرێت و مۆركی گشتیی و لەخۆگرتنی زۆریان هەیە و لایەندارییە تەسكەكان تێدەپەڕێنن، وەك مافی رەچەڵەك و هاوسێیەتی بەنموونە. لەگەڵئەوەشدا ئەوبەهایانە چوونیەك نین، چونكە لە كاتی بەریەككەوتندا دەكەونە سنووری بەراوردكارییەوە، بەڵام بەتەنیا لەیەكچوون لە شێوە و شێوازی ژیان مەرج نییە وەك هۆكار و پاشخانێكی باشتر و پەسەند لەخۆبگرێت كە بەشێكە لە تێڕوانینی كولتووریی و ناسنامەیی نوێ و لە هەڵوێستی رەگەزپەرستیی تێوە دەگلێت، سەرباری بانگەشەی ئازادی، و فرەیی و لێبوردەیی بەجیاوازییەكانەوە.
سەرچاوە:
معتز الخطيب، 2022: الحرب على أوكرانيا بين المعايير المهنية وأخلاقيات الإعلام، موقع الجزيرة،
https://www.aljazeera.net/opinions/2022/3/3/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%A3%D9%88%D9%83%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A7-%D8%A8%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D9%8A%D9%8A%D8%B1?fbclid=IwAR0B8A1CzaHz8c_SMBqGPFi_UjBX2iB6HDU-Vu47OpvG-qJie0At0osPC8Q
*مامۆستای فەلسەفەی مۆراڵ لە كۆلێژی توێژینەوەی ئیسلامی لە زانكۆی حەمەد بن خەلیفە.