د.ئازاد حەمە
مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆی سلێمانی
ئیتیك (رەوشت) چییە؟ ئیتیك بەشێكە لە فەلسەفە كە بایەخ بە كێشە و دادوەرییە رەوشتیەكانمان دەدا. هاوكات ئیتیك بریتییە لە كۆمەڵە بەها و پرینسیپێك، كە مرۆڤەكان بەرەو كردە چاكەكان ئاڕاستە دەكا. كەواتە: بەهۆی ئیتیكەوە، مرۆڤەكان بەها و مانا بۆ كردەكانیان دەدۆزنەوە. هەرچی رەهەندی ئیتیكییە، ئەوا ئەم رەهەندە ئەو لایەنە گرینگەیە ئیمەی مرۆڤ لە بوونەوەرەكانی تر جیادەكاتەوە و، بەهۆی ئەم رەهەندەشەوە، ئێمەی مرۆڤ دادوەریی بەسەر رەفتارەكانمانەوە دەكەین: باشە لە خراپە، جوان لە ناشیرین جیادەكەینەوە. ئەوەی بۆ ئەم شیكردنەوەیەی ئێمە گرینگە، ئەوەیە: ئەم رەهەندە لەژێر كاریگەریی ژینگەی پەروەردەیی و مامەڵەكردنەكانماندا لەگەڵ ئەویتردا بێت. واتە بەها ئیتیكییەكان بۆ ئێمەی تاك لە كۆمەڵگادا، مانای خۆی هەیە و بایەخدانیش بەو بەهایانە، بایەخدانە بە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان. شوێنی هێماپێكردنە ئەوەی پێوەندیی بە رەهەندی ئێتیكییەوە هەیە، تایبەت بە میدیای نیشتمانیی لە سەردەمی جیهانگیریی زانیاریی دا، ئەوەیە كە چۆن گرینگی بە بەرپرسیارێتیی ئێتیكیی لە ئەنجامدانی پیشەی میدیا بدرێ و، چۆنیش ئاڕاستەی نیشتمانیی میدیا پارێزراوبێ و، جیهانگیریی زانیارییش لەلایەن خۆیەوە كاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر میدیای نیشتمانیی دابنێ. كەواتە: لەم باسەدا، بایەخ بە رەهەندی ئێتیكیی میدیای نیشتمانیی لە سەردەمی جیهانگیریی زانیاریی دا دەدەین، ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی كە بایەخدان بەم رەهەندە، مانای لە دروستكردنی ژینگەیەكی ئێتیكیی دروستدا دەبێ.
رەهەندی ئێتیكیی میدیای نیشتمانیی:
زۆربەی ئیتیكناسەكانی بواری میدیا، پێیانوایە: گەشەدان بە ئێتیكی تاكی (ئیندڤیدواڵ) (رەوشتێكی خودموختاریی) لە بواری میدیادا، پێویستییە و، ئەمەش بۆ ئەوەی میدیاكاران بتوانن ئەركە گرینگەكەیان راپەرێنن. كەوابی چۆن وا لە میدیا بكرێ بەها ئێتیكییەكان لە كۆمەڵگەدا بەهێز بكات و كار بۆ ئەوەش بكات كۆمەڵگە لەگشت رویەكەوە پێشبخات؟ بۆ رونكردنەوەی ئەم پرسیارە، هێما بۆ ئەوە دەكەین كە بەها ئیتیكییەكان لە بواری راگەیاندن دا، گرینگی خۆیانیان هەیە بۆ دروستكردنی راستگۆیی لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی و زانین دا. ئەڵبەتە، پاراستنی ئەو بەهایەش، هەرگیز كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی كاتێك میدیای نیشتمانیی لە ژێر كاریگەریی میدیای نێونەتەوەیی (گڵۆباڵ)دا دەبێ، گومانیشی ناوێ ئەوە كاتێك روودەدا كە میدیای نیشتمانیی دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەوجۆرە میدیا گڵوباڵانەی رەوتێكی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی داگیركەرانە وەردەگرن.
لێرەدا پێویستە بزانین ئایا ئەركی میدیای نیشتمانیی پاراستنی بەها نیشتمانییەكانە؟ بەها نیشتمانییەكان چین؟ مەگەر ئەو بەهایانە بریتی نین لە لەبەرچاوگرتنی كێشە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان؟ بەها نەتەوەیی و كولتوورییەكان؟ ئەڵبەتە، مافی مرۆڤیش بەشێكە لەو پرۆسەیە. بەڵام تایبەت بەم لایەنە، زۆر گرینگە لێرەدا هێما بۆ ئەوە بكرێ كە ئێتیكی گەردوناویی، پێویستە مرۆڤەكان یەكانگیربكەن. ئێتیكێك كە ئامانجی جیاكردنەوەی باشەیە لە خراپە و، بڕیاردانیشە بەسەر رەفتاری تاكەكانەوە. “كانت” وتەنی: “ئێمە دەبێ بەجۆریك رەفتاربكەین، كە رەفتارەكانمان پێوانەی گەردوناویان لێپێكبێ”.
هاوكات كە باس لە میدیای نیشتمانیی دەكرێ، گرینگە باس لە پێوانە پیشەیی و یاساییەكان بكرێ، كە لێرەوە دەكرێ قسە لە رەهەندی ئێتیكیی میدیاش بكرێ. بەپێی ئەوەی كە میدیا و ئێتیك، لێكدی جیاناكرێنەوە. ئەمە وادەكا رەهەندی ئێتیكیی لەگەڵ نەشونمای میدیادا، رەنگدانەوەی خۆی هەبێ. دیارە میدیا، شێوازی خۆی لە گەیاندن دا هەیە. زۆر جاریش ئەو شێوازە رەهەندی ئێتیكیی تێدەپەڕێنێ، ئەمەش لەبەرئەوەی میدیا پۆلیسی (سیاسەتی) خۆی تێكەڵ بەو گەیاندنە دەكا. ئەو دەمەش میدیا رەهەندی ئایدیۆلۆژیی خۆی پێش مەسەلە پیشەیی و یاساییەكان دەخا. ئەو تێپەڕاندنە ئێتیكییە دروستدەكات، كە لەسەرەوە هێمای بۆ كرا. بۆیە، كە قسە دێتە سەر رەهەندی ئێتیكی میدیا، گرینگی بەو شیوازە دەدرێ میدیای پێدەگەینرێ، چونكە ئەو شیوازەیە كە زۆرجار وادەكا میدیا دوچاری گرفتی ئێتیكی ببێ.
هاوكات ئەو لایەنەی لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا، ئەوەشمان پێدەڵی: میدیای نیشتمانیی، زۆرجار دەكەوێتە ژێر كاریگەریی میدیای گڵۆباڵ (یان دەرەكیی-یەوە). بەمجۆرە میدیای نیشتمانیی، ئاڕاستەی خراپ وەردەگرێ، بەتایبەت لەو جۆرە وڵاتانەی كێشەی سیاسییان هەیە. واتە: میدیای نیشتمانیی، دەبێتە هەڵگری ئایدیۆلۆژیای میدیای گڵۆباڵ، كە لە كۆتایی دا میدیایەكی بێلایەنی لێبەرهەمنایەت. ئەم لایەنەش، وادەكا بپرسین: ئایدیۆلۆژیا و میدیای نیشتمانیی، ئایدیۆلۆژیا و میدیای گڵوباڵ، كاریگەرییان بەسەریەكەوە نییە؟ یاخود ئەم دوو میدیایە (واتە: میدیای نیشتمانیی و میدیای گڵوباڵ)، دەتوانن پشت لە ئایدیۆلۆژیا بكەن؟ بەشێك لە توێژەرەوەكانی بواری میدیا، پێیانوایە: تەكنەلۆژیای هاوچەرخ، كە بنكەی دیاردەی جیهانگیرییە، ریشەیەكی ئایدیۆلۆژیی هەیە و، ئەمەش وا دەكا میدیای جیهانگیریی، بێلایەن دەرنەكەوێ. بۆیە، لێرەوە دەكرێ قسە لە پێوەندیی سێكوچكەییانەی رەوشت-ئایدیۆلۆژیا- میدیا بكرێ بۆ رونكردنەوەی ئەم لایەنە. بەپێی ئەوەی وتاری میدیا، وتارێكی بێلایەن نییە، بەڵام لەژێر كاریگەریی سیاسەتی دروست دا، ئەم وتارە دەكرێ ژینگەیەكی بەهای باش بەرهەمبهێنێ. بەڵام، لە وتاردا، “فۆكۆ” وتەنی: “دەسەڵات دەتوانێ ویستی خۆی تێدا پراكتیزەبكات”. دەسەڵات، دەتوانێ وا لە وتارێكدا ئاڕاستەی پەچەكردن و چەپاندن لەناخیدا سەوزبێ. بۆیە، دەكرێت بوترێ كە وتاری میدیایی، سیستەمی كەناركردن و بندەستكردنی تایبەت بەخۆی هەیە، كە وەك بەشێك لە میكانیزمی دەسەڵات خۆی نیشاندەدا. ئەم لایەنەش، بەروونی لەئێستادا، لە میدیای جیهانیی دا دەردەكەوێت. ئەمەش بەتایبەت كە میدیای جیهانیی ئێستا، بەردەوام كار لەسەر هەندێك چەمك دەكا، لەوانە: یەكسانیی، داد، مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزیی، مافی جیاوازیخوازیی، زانستخوازیی، رەوشتی گەردوناویی و… هتد. بەڵام بەشێك زۆر لە گوزارەكردنەكان، كاریگەریی میدیای گڵۆباڵیان بەسەرەوەیە، كە ئەوەش بەرهەمی وتارێكی كولتووریی و سیاسیی و ئابوریی ترن.
رەهەندی ئێتیكیی میدیای نیشتمانیی لە چاخی زانیارییدا:
گرینگە هەر لەم سەرەتایەوە بپرسین: میدیای هاوچەرخ چ جۆرە میدیایەكە؟ هەروەها ئایا ئێتیك بۆ میدیا و دواتریش میدیا لە سەردەمی تەكنەلۆژیای زانیاریی گڵۆباڵ دا چی دەگەیەنێ؟ ئایا میدیای گڵۆباڵ، دەتوانێ میدیای نیشتمانیی بپارێزێ؟
ئاشكرایە میدیای هاوچەرخ، جۆرە میدیایەكە كەوتۆتە ژێر كاریگەریی جیهانگیریی تەكنۆلۆژیی ئابوریی و كولتوریی نوێوە، كە روخسارێكی جیهانیی رۆح داگیركەرانەی هەیە. ئەمە و گومانی ناوی بوترێ: جیهانی ئێستا، جیهانێكی لایەندارە. دابەشكراوە بەسەر هێزەكان و لەژێر هەندێك ناوی دەسەڵاتیش دا، ئەم جیهانە پراكتیزەی ویستەكانی خۆی دەكا. بۆنمونە بەناوی راستیی، دادپەروەریی و ماف-ەوە دەبینین گەلێ بێدادیی و نایەكسانیی لەجیهاندا پیادە دەكرێ و، میدیای گڵۆباڵ-یش، رۆڵی لە گەیاندنی ئەم لایەنانەدا هەیە. بەپێی ئەوەش كە میدیا شوێنێكە بۆ گوزارەكردن، ئەمە وا دەكا بواری گوزارەكردن بەزۆری بۆ ئەوانەبێ كە توانای مۆنۆپۆلكردنی وتاریان هەیە. بەواتایەكی تر، دەكرێ بپرسین: كێ لە ئێستادا وتاری میدیا دادەڕێژێ؟ ئایا ئەم وتارە، هێزە گڵۆباڵەكان لە بەرهەمهێنانی دا بەرپرسیارنین؟ ئەوەی بایەخدارە لێرە و، تایبەت بەم پرسیارانە سەرنجی بخرێتە سەر، ئەوەیە كە میدیای نوێ (میدیای چاخی تەكنەلۆژیای زانیاریی)، خۆی وەك میدیای هەموان نیشاندەدا، واتە: دەتوانین لەیەككاتدا، هەموان ئەوەی دەمانەوێت دەستمان بكەوێت و، تەنانەت میدیای نوێ، كە ئیش لەسەر كرانەوە و ئازادیی رادەربڕین دەكا، بەشێك لە فەلسەفەی ئەم میدیا نوێیە، بەرهەمی بیری سیاسیی و ئابوریی لیبڕاڵیزمی نوێیە. ئەمەش وا دەكا بڵیین: ئابوریی بازاڕ و میدیای نوێ، بەسەختی لێكدی جیادەكرێنەوە. هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ئەم میدیا تازەیەوە (مەبەست میدیای چاخی زانیارییە)، میدیای ناوبراو، كەوتۆتە ژێر سایەی تەكنەلۆژیای زانیاریی و ئابوریی بازاڕەوە. بۆیە، زۆربەمان دەكرێ بپرسین: ئایا میدیای نیشتمانیی لەم لایەنەدا بەدوور دەبێ؟ چونكە میدیا كە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئابوریی بازاڕەوە، بەرژەوەندییە ئابوریی (بازرگانیی) و سیاسییەكان لەبەرچاودەگرێ و، كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێ بەسەر دیموكراسییەت و پلۆراڵیزمەوە، كە ئەوەش زیان لە رەهەندی ئێتیكی میدیا دەدا (نیشتمانیی، یان غەیرە نیشتمانیی).
بۆ پتر رونكردنەوەی ئەوەی لەسەرەوە وترا، هێما بۆ ئەوەش دەكەین كە شۆڕشی زانیاریی (یان تەكنەلۆژیای زانیاریی)، كاریگەریی زۆری بەسەر ژینگەی میدیای نیشتمانیی و نێونەتەوەیی (جیهانیی)یەوە بەجێهێشتوە. ژینگەی میدیای نیشتمانیی، كە ناتوانێ خۆی لە شۆڕشی زانیاریی دابڕێ، ئاڕاستەی جۆراوجۆری وەرگرتوە. ئەمەش لەبەرئەوەی خودی میدیا، لقوپۆپی لێدەبێتەوە (بینراو، بیستراو، خوێندراو). ئەڵبەتە كە باس لە میدیای نیشتمانیی دەكەین، گرینگە بزانین ئێمە باس لە میدیای لۆكاڵ دەكەین، هاوكات پێویستە ئەوەش بزانین كە چارەنووسی میدیای نیشتمانیی، لە دەموەختی میدیای ئەلەكترۆنیی، یان میدیای نیشتمانیی لە سەردەمی تەكنەلۆژیای زانیاریی، بە میدیای گڵۆباڵ-ەوە گرێدراوەتەوە. چونكە خودی سەروەریی نەتەوەیی ( دەوڵەتی ناسیۆنال)، لەگەڵ هاتنی تەوژمی جیهانگیریی ئابوریی و سیاسیی و كولتوریی دا، ئەو مانا ئەفسانەییەی نییە، یان خۆی لەبەردەم سەروەریی نێونەتەوەیی دا، راناگرێ.
كەوابێ دەشێ بوترێ: لیراڵیزمی نوێ، ئاڕاستەكانی میدیای گۆڕیوە. واتە میدیای سەردەمی لیبراڵیزمی نوێ، بەجۆرێكی تازە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی، رەگەز، ژێندەر، ئایین و شوێنی جوگرافی دا دەكات و، خودی میدیاكەش، رەهەندێكی ناكۆتا و بێسنوری هەیە. وەكی تریش، دەكرێ بوترێ میدیای نیشتمانیی و گڵۆباڵ، كاریگەریی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی لەسەر بینین و بیستن و خویندنەوەكانمان داناوە، كە ئەوەش تەماشاكردنە سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و روناكبیرییەكانیشمان دەگۆڕێ. بەڵام ئەو كاریگەرییە، وەك یەك نییە، كە لای خوارە هێمای بۆ دەكەین.
كاری میدیا لەئێستادا، لەم سەردەمە دا كە كەوتۆتە ژێر كاریگەریی تەكنەلۆژیای زانیارییەوە، ئاسان نییە. زۆرجار ئەمە وادەكا میدیای نیشتمانیی بوونی نەبێ و لەبەردەم هەڕەشەی میدیای گڵۆباڵ دا، وەك میدیای لۆكاڵ، وێنابكری. بەمجۆرە: ئەم بابەتە، كار لەسەر بوونی میدیای نیشتمانیی دەكا و، چۆنیەتی خۆڕاگریی ئەم میدیایە، لەبەردەم میدیای گڵۆباڵ و ئەو كاریگەرییانەیشی كە میدیای گڵۆباڵ لەسەر میدیای نیشتمانیی دایدەنێ. چونكە شیاوییەكانی میدیای گڵۆباڵ، وا دەكا ئەو سیستەمە بەهایە هەڵبوەشێنێتەوە. میدیای لۆكاڵ، كاری لەسەر دەكا و لەبری ئەوە، سیستەمێكی گڵۆباڵ، كە بەرهەمی تەكنەلۆژیای زانیاریی جیهانییە، لە هەناوی میدیای نیشتمانیی دا بەرهەمبهێنێ. ئاشكرایە، ئەو وێنە و دەنگەی ئەمڕۆ میدیای گڵۆباڵ دروستیدەكات، كاریگەرئامێزە. بەواتایەكی تر، وێنە و دەنگەكە، توانای دروستكردنی باش یان خراپە، جوان یان ناشیرینی هەیە. ئەم لایەنەش، ئۆتۆماتیكیی دەگوێزرێتەوە بۆ ناو میدیای نیشتمانیی. كەواتە: دەشێ بڵیین هەموو یەكێك لە ئێمە حەزدەكا رۆژانە هەواڵی چاكی گوێ لێبێ، ببینێ، بخوێنێتەوە. بەڵام، ئێمە ئێستا لە جیهانێكداین، پڕە لە كێشەی هەنووكەیی، كە خۆیان بەسەرماندا دەسەپێنن، بۆ نمونە: تیرۆر، پیسبوونی ژینگە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی “ئیبۆلا”… و بەشی زۆریش لە هەواڵەكان، تووشی رەشبینیمان دەكەن و، بەشێكیشی بیركردنەوەمان پەرتدەكەن.
دەرهاویشتە:
لەئێستادا، دروستكردنی بیركردنەوەی ئێتیكیی لە میدیا، لەگشت كاتی تر، پێویستە و رەهەندی ئێتیكیی میدیاش، خۆی لەوەدا چڕدەكاتەوە كە راستییەكان بوترێن، رێز لە ئەوی تر بگیرێ. بەواتایەكی تر: ئەویتر مافی هەیە راستی بزانێ و بۆچوونی بەهەند وەربگیرێ و زانین و زانیاریی پێبگات. هاوكات كار بۆ ئەوەش بكرێ كە میدیا ببێتە شوێنێك بۆ گوزارەكردن لە بۆچونی كەسی و فرەگەریی و رەوایەتیش نرخی بۆ دابنرێ و، كەمینە و چین و توێژە جیاجیاكانیش، بەرێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. تەنانەت ناشێ رۆڵی میدیا لە وروژاندنی دیاردە سیاسیی، ئاینیی و كولتوورییەكان دا، دراماتیزەكردنی بەشێكیان بێ و وەلاوەنانی ئەوانیتر. لەبەرئەوەی كە جیهانگیریی، زانیاریی ئێمەی فڕێداوەتە ناو فرەگەریی میدیاوە، ئەمە وایكردوە میدیا بەناوی جۆراوجۆرییەوە، بكەوێتە ناو هەڵەی ئێتیكییەوە. لێ میدیای راستەقینە (نیشتمانیی، یان گڵۆباڵ)، پێویستە مانا بە ژیان بدات و، بەها ئێتیكییەكان بپارێزێ و ژینگەیەكی ئەقڵانیی مرۆڤدۆستیی بونیاد بنێ و، رەهەندی مرۆیی بپارێزێت و، پەرە بە تۆلیرانس و نازەبروزەنگ و یەكسانیی بدا. بۆیە، میدیای چاخی زانیاریی، پێویستی بەوەیە پێوەندیی سیانەی نێوان ئێتیك و جیهانگیریی زانیاریی و میدیادا، سەرلەنوێ رێكبخاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم لایەنانە بەرهەمبهێنی.
پێشنیاز:
1- ژینگەی میدیای نیشتمانیمان، بەهۆی كێشە سیاسیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتییەكانەوە، پیسبووە. ئەمە وا دەكا پێویستمان بەوەبێ میدیای نیشتمانیی، كار بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكەكان بكات و، چاودێریش بێت بەسەر دەسەڵاتەوە.
2- بەپێی ئەوەی میدیا دەتوانێ بیركردنەوە و شێوازی كەسەكان بگۆڕێ، بۆیە میدیای نیشتمانیی ئێمە، پێویستی بەوەیە توانای دروستكردنی ئیدیا و هزری هەبێ و، كاریگەریی لەسەر رەفتاری تاكەكان دابنێ.
3- گرینگە میدیای نیشتمانیی، میدیای هەموان بێ و كراوەیی و ئازادیی رادەربڕین بكاتە بناغە بۆ پەیامەكانی.
4- پێویستە میدیا (نیشتمانیی، یاخود گڵۆباڵ)، لەئێستادا بایەخ بە بەها گەردونییەكان بدات. ئەو بەهایانەی خاڵی هاوبەشی مرۆڤەكانن، كە ئەوەش وادەكا تەكنەلۆژیای گەیاندنی ئەلەكترۆنیی پۆزەتیڤ بكەوێتەوە. لێرە مەبەست لەو خاڵە هاوبەشانە، ئەوەیە: میدیای نیشتمانیی، یان جیهانیی، تایبەتمەندیی كولتوریی و زمانەوانییە جیاجیاكان بپارێزێ و مافەكانیش لەبەرچاوبگری.
5- میدیای نیشتمانیی، پێویستی بەوەشە كە گەشە بە دیموكراسیەتی بازاڕ نەدا و، یاری بە هەستیش نەكا، كە ئەم لایەنە، ئێستا بووەتە یەكێك لە خەسڵەتەكانی میدیای گڵۆباڵ، چونكە ئەو دوو لایەنە، كاری وایكردوە تاكەكان لە بەها و رێساكانی رەفتار بخات..
(*) دەقی ئەم ناونیشانە بە ئینگلیزیی بەمجۆرەیە:
The Ethical Dimension Of National Media In The Age Of Globalization Of Information
سەرچاوەكان:
- Pierre Bourdieu. Om televisionen. Brutus Östlings Bokförlag 1999.
- Löwenborg Anders. Undersökande journalist. Ordfronts förlag, Södertälje 1995.
- Linnea Brundell. Kommunikation, etik och moral. 2013.
- http://hig.diva-portal.org/…/get/diva2:642687/FULLTEXT01.pdf
- Cornu. D. “Journalisme et vérité”, Labor et Fides, Genève, 1994.
- William Babcock and William H. Freivogel. The Sage Guide to Key Issues in Mass Media Ethics and Law. SAGE Publications Inc 2015.
- Patrick L. (Lee) Plaisance. Media Ethics: Key Principles for Responsible Practice. SAGE Publications, Inc , 2013.
- Jay Black, Chris Roberts. Doing Ethics in Media: Theories and Practical Applications. Routledge, 2011.
- Media Ethics: Cases and Moral Reasoning. Clifford G. Christians, Mark Fackler, Kathy Richardson.Routledge; 2015.
سەرنجێك:
ئەمەی سەرەوە، دەقی بابەتێكی د.ئازاد حەمە -يه، كە لە كۆنفرانسی “بەنیشتمانیكردنی مێدیا”ى هاوبەشيی رێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسیی و مێدیا و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، لە رۆژی 22/8/2015، پێشكەشكرا.