دەبێت میدیاش کەرەنتین بکرێت

د. سارا موحسین

لەم سەردەمی جیهانگیریەدا، میدیا لە هەموو جیهاندا لە دۆخێکی هەستیاردایەو بەرەو ئاراستەیەکی نادڵنیاو مەترسیدار دەڕوات. دیارە میدیا هەمیشە ئامرازێکی بەهێز بووە نەک تەنیا بۆ گەیاندنی زانیاری، لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی ومافەکانیان. سیستەمی نیولیبرالیزم لە سەدەی بیستویەکدا گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک ومیدیاش وەکو دەسەڵاتەکانی دیکە بەها نیۆلیبرالییەکان بەرهەم دێنێتەوە. ئەم سیستەمە میدیا و میدیاکارانی خستۆتە ناو پارادۆکسێکی سەختەوە، ئەم قۆناغە بەسەردەمی جەنگی میدیا ناسراوەو لەسەر ئاستی جیهانیش میدیا بۆتە چەکێک و لەلایەن گروپ و لایەن ودەستەی جیاجیا بەکاردەهێنرێ، بۆهەڵگیرساندنی شۆڕش وجەنگ و بەریەککەوتنی لایەنەکان.

لەکوردستاندا، میدیایەکی پۆپیولەر (جەماوەری)مان هەیە کە بۆ بەدەستهێنانی جەماوەرو کلیکی زۆرو لایک و شێیرکردن، زیاتر فۆکەسی خستۆتەسەر تێکدانی سەقامگیریی و دروستکردنی پشێویی و لێدان لە بەرژەوەندی گشتی. مەترسیدارە کە میدیا لە دۆخە هەستیارەکاندا ترس و تۆقاندن بڵاوبکاتەوە و بارگرژی دەرونیی دروستبکات بۆ هاووڵاتی؛ بەتایبەت بۆ تاکی کوردی، چونکە زۆرێکیان خاوەن کەسایەتیەکی جێگیر نین. بۆیە درووستکردنی هەر ڕەوشێکی دەروونیی خراپیش لەناو ڕووبەری گشتیدا دەبێتەهۆی لاوازکردنی سیستمی بەرگریی لەش؛ ئەمەش یانی لاوازبوون لەبەردەم کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەر لەش. کەواتە لەدۆخی لەم چەشنەدا ئەرکی میدیا بۆ دووهێندە و زیاتریش قورس دەبێت، بەو پێیەی ئەوان دەتوانن ببنە سەرچاوەی وشیاری و هاوڵاتی ئاگادار بکەنەوە لە نەخۆشییەکە و جۆرێک لە گەشبینی و ئومێد بڵاوبکەنەوە، ورەی هاوڵاتیان نەڕوخێنرێت. چونکە گەورەترین و سەرەکیترین چارەسەری هەر نەخۆشیی و پەتا و درمێک ئاساییکردنەوەی باری دەروونیی کەسی تووشبوو یان نزیک لە کەسی توشبوەوەیە. ئەرکی لەپێشینەی میدیا لەم قۆناغەی ئێستادا؛ ئاساییکردنەوەی باری دەروونیی هاوڵاتیانە. هەڵبەت دیوێکی دیکەی میدیا هەڵوەستکردنە و خۆلادانێتی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی بێبنەماو بێپێشینەی زانستیی و داتای نادروست بە تایبەت لە دۆخێکی ناهەمواری وەك ئێستا کە جیهان لەگەل زیندەوەرێکی بەچاو نەبینراودا دەجەنگێت.

لە دۆخێکی ئاوا پڕ مەترسیدا کە تاکو ئێستا هیچکام لە وڵاتە خاوەن پیشەسازی و تەکنەلۆجیا و بەرهەمهێنەکانی دونیا نەیانتوانیوە ڕوبەڕووی ئەم قەیرانە ببنەوە و تادێت ژمارەی گیانلەدەستدان ڕوو لەزیادبوون دەکات، هاوکات چۆکیان دانەداوەو لەهەوڵەکانیان بەردەوامن. هەرێمی کوردستانیش وێڕای ئەوەی توانای تەندروستیی لاوازە بە بەراورد لەگەڵ جیهانی پێشکەوتودا، بەڵام بە میکانیزمی دیکە خەریکی پارێزگاریکردن و روبەڕوبونەوەی ئەم جەنگەن. یەکێک لەو لایەنە سەرکەوتوانەش بە بڕوای من کەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ و گەڕان بەدوای گومانلێکراوانە. لەم بارودۆخەدا ئەوەی کە پێویستە بکرێت هەندێک رێوشوێنی دیکەی گرنگە کە بگیرێتەبەر وەک کەرەنتینەکردن و لەمپەردانان بۆ هەندێک لە کەناڵە میدیایەکان کە زەمینەسازیی دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی بەهای ملکەچیی و گەوجاندن و بێباکیی و جەهالەت و هەوڵی غەسل دەماغ کردنی بینەر دەدەن، چونکە بە زانیاریە بێبنەماکانیان، دوور لە هیچ داتایەکی تەندروستیی پشتراست، هاووڵاتیان سارد دەکەنەوە لە خۆپارێزیی. جا ئەمجۆرە کەناڵانە چ به‌ ئه‌نقه‌س بێت یاخود به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه‌ بێت، ده‌بێته ‌هۆی دروستبوونی به‌رپرسیارییه‌تی سزایی، چونكه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وەی هه‌یه‌، میدیا به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌تاو ڤایرۆسه‌كه‌ بدات و كه‌سانی تر تووش بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ بەپێی ده‌قی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟