خالد سلێمان
پێشنیازه یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق-م دەسکەت و خوێندمەوە. پێشنیازەکە جگە لەوەی بەزمانێکی کوردی خراپ و ناڕون ئامادەکراوە، ناوەڕۆکێکی خراپیشی هەیەو ئەکرێ لە ئێستاوە وەک کۆت و بەندی میدیا لە هەرێمی کوردستان تەماشا بکرێت. ئەوەی لە خوێندەوەی یەکەمی ئەم پرۆژە یاسایەدا تێبینی دەکرێت، تێکەڵکردنی میدیای ئەلیکترۆنیە بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەبێ ئەوەی ئەرک و تایبەمەندی و ناسنامەیان لە یەک جیابکرێنەوە. یانی پەیجی تایبەتی کەسێک وەک سایتێک تەماشا ئەکرێت، تیک تۆک و ئینستاگرام و تویتەرو فەیسبوک و لینکد-ئین لە ژێڕ ڕۆشنایی هەمان یاسادا ئەبینرێن. ئەمەش نەک تەنها میدیاو ڕوبەری ڕۆژنامەنوسان بەرتەسک ئەکاتەوە، بەڵکو تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگە ئەخاتە ژێر پاڵەپەستۆی چاودێری و نمونەیەک لە ئەردۆگانیزم لە کوردستاندا پیادە دەکات.
ئەوەی بۆ هەمو لایەک ئاشکرایە کە میدیای پیشەیی و پەیوەست بە ئێتیکی کارکردنەوە، پێش بیروڕا، زانیاری بۆ خەڵک دابیندەکات، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕوبەرێکن بۆ رای گشتی و چەندەها جار کاریگەرییان هەبوە لەسەر بڕیاری سیاسی، بۆیە لێرەدا پەرلەمانی کوردستان بە پشتیوانی حکومەت ئەیەوێت ئەم ڕوبەرە لەناو بەرێت. بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکیش میدیای پیشەیی بەحوکمی وابەستەبونی بە سەرچاوەی دارایی سیاسییەوە، لە پیشەییبونی خۆی بەتاڵکراوەتەوەو بوەتە میدیایەکی ئاراستەکراو.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە لە دو شوێندا پرۆژە یاساکە گرێدراوە بەیاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق” و بەم شێوەیەی خوارەوە دارێژراوە: (لە كاتی بڵاوكردنەوەی مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی “مادەی چوارەم”ی “یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق” بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون، سەرنووسەری “وێبسایت” و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سزاكانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە). ئەم بڕگەیە بە جیهانبینییەکی ئەمنی نوسراوەو مەبەست لێی ترساندنی پێش بیرکردنەوەیە(واتە ترساندنی ئیستیباقی)، چونکە لە ڕابوردودا چەندەها پەیچ و ئەکانت باخچەی پشتەوەی تیرۆر بون و هیچ کاردانەوەیەکی یاسایی لەلایەن حکومەتەوە نەبو، ئیتر چی ئامانجێک لەپشت ئەم پرۆژە یاساییەوە دەوەستێت، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە کۆمەڵگەی دامەزراوە مەدەنیەکانی توانای ڕوبەڕوبونەوەی یاسایەکی لەم جۆرەیان کەمترە.
پرسیاری سەرەکیش ئەوەیە، بۆچی لەم دۆخە نالەبارە پەرلەمان یاساییەکی لەم جۆرە دەخاتە پێشچاو؟ ئایا لەبەر ئەوەی نەبونی چارەسەر بۆ کێشەکان و زەبەلاح بونیان، خەڵکی ماندو کردوەو لە ڕوبەری چالاکی و توانای ڕوبەڕو دوری خستونەتەوە؟ ئایا هۆکارەکە ئەوەیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پاڵەپەستۆی زیاتریان لەسەر دەسەڵاتداران دروست کردوە؟ ئەمانەو چەندان پرسیاری تر کە کەس چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیان لەلایەن حکومەتەوە ناکات، بەڵام هێشتا کۆمەڵگەی کوردستان بەشی ئەوە زیندوێتی تیاماوە، ڕوبەڕوی ببێتەوەو نەهێڵێت بەئاسانی تێپەڕ بێت. وەک ڕۆژنامەنوسێک ئەم هەنگاوە وا ئەبینم کە دەسەڵات بۆ خراپەکاریی بەکاردەهێنرێت، چونکە تیرۆر تیرۆرەو یاسای سزادانی خۆی، ئەوەی بەشداری لە بیرکردنەوەو ئاکتی تیرۆردا دەکات، بەپێی هەمان ئەو یاسایە سزا ئەدرێت کە خاوەن پیشەیەکی جیاواز لە ڕۆژنامەنوسیی و بەشدار لە ئاکتی تیرۆدا، پێ سزا ئەدرێت. بۆیە دانانی بڕگەیەکی تایبەت بەیاساکانی تیرۆر لە یاسای ڕۆژنامەوانیدا، ئەچێتە خانەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە. زۆر پرسیاری لۆژیکییش لەم بارەیەوە هەن و لە ڕوی ئەخلاقییەوە ڕەوان، چونکە هەمو لایەک ئەوە باش ئەزانین چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ کاری خراپ و شکاندنی کەسایەتی مەعنەی ڕکابەرەکان بەکار دەهێنرێن، بەڵام بۆ ئەم لایەنە بەسەر یاسایی میدیاو دەسکەوتنی زانیاریدا بەسپێنرێت و نەخرێتە چوارچێوەی یاساییەکی مەدەنییەوە؟ واتە ئەو هاووڵاتییەی فەیسبوک بۆ تانەلێدان و شکاندنی کەسایەتی مەعنەوی کەسێکی تر بەکار دەهێنێت، بەیاسایەکی مەدەنی سزا بدرێت، نەک یاسایەکی تێکەڵ لە دیدگای ئەمنی و مەدەنی و میدیایی. ئاشکراشە کە ژمارەیەکی زۆری سایتی ئەنتەرنێت و پەیجی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە بەشداری سەرەکین لە ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانداو بەبێ ناسنامەیەکی دیار کاردەکەن، لەلایەن کەسانی سیاسی و دەسڕۆیشتوەوە پاڵپشتی دارایی ئەکرێن و سیستمی سیاسی و دەسەڵات بەرپرسیارن لێیان.
خاڵێکی تر کە جێگەی لەسەر ڕاوەستانە ئەوەیە، پرۆژە یاساکان لە دۆخێکی جێگیرو ئاساییدا، ئەبنە هۆی دیبەت و قسەی جیاواز و دەوڵەمەندکردن، بەڵام لەم دۆخەی کوردستاندا کە بەشداریکردنی کۆمەڵگە بەهۆی قەیرانی ئابوریی و هەژارییەوە لە دیمەنی سیاسیدا کەمبوەو کەمیش کراوەتەوە. میدیای سپۆنسەرکراو لەلایەن حزب و سەکردە حزبی و حکومیەکانەوە باڵادەستن، ڕوبەری ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆو بێلایەن دیاریکراوە؛ دور نیە یاسایەکی لەم شێوەیە ڕوبەری سۆشیال-میدیاشی لێ داگیربکات. دەرخستنی پرۆژەکە لەم دۆخەدا، وەک (ددانی گورگ لە خوێنی یوسف)، لە بەرائەتەوە دورە؛ واتە دەسەڵات مەبەستێتی لە دۆخێکی نالەباردا، یاسایەک تێپەڕێنێت کە لە دۆخی لەباردا تێپەڕاندنی ئاسان نیە.
* ئەم بۆچوونە لە “دۆز و دۆسییەی میدیایی” لەبارەی یار و نەیاری پرۆژەیاسای میدیای ئەلكترۆنیی لەهەرێمی كوردستاندا لە یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا چاپ و بڵاوكراوەتەوە.