لەسەر راست و ھەڵەی مانشێتی میدیا كوردییەكان؛ مامۆستایەکی زانکۆ دادگایی دەکرێت

چمك، سلێمانی: دوای ساڵێک لە دانانی پرسیاری میدیایی بۆ تاقیکردنەوەی خوێندکارانی بەشێکی زانستیی زانکۆی ھەڵەبجە؛ مامۆستایەکی میوانی زانکۆکە ئاگادار دەکرێتەوە کە رۆژی چوارشەممە (13ی نیسانی 2022) بۆ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردن لە دادگای کەتنی دووی سلێمانی ئامادەبێت.

دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەی وانەی «ئیتیک و یاسای راگەیاندن» لەبارەی دەستنیشانکردنی راست و ھەڵەی ھەندێک مانشێتی میدیا کوردییەکان لەرووی پێڕەوکردن یاخود پێشێلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ دەبێتە ھۆکاری تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی «فەرمانبەر»ێکی دەرەوەی زانکۆ لەسەر مامۆستایەکی میوانی زانکۆی ھەڵەبجە کە لە وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2020_2021دا ھێنابووەوە.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس کە لەو وەرزەی خوێندندا وەک مامۆستایەکی پسپۆڕ بۆ وتنەوەی بابەتی یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لەلایەن زانکۆی ھەڵەبجەوە میوانداریی کرابوو؛ لەلێدوانێکی تایبەتییدا بۆ دیجیتاڵمیدیای چمك وێڕای رەتکردنەوەی ھەرجۆرە ناسین و کێشەیەکی پێشوەختە لەگەڵ سکاڵاکاردا، ھاوکات دووپاتیکردەوە کە ئەو پرسیارانە بۆ خوێندکارانی قۆناغی دووەمی بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە ھێنراونەتەوە، «پێشتر 13 ھەفتە محازەرەی چڕوپڕیان لەسەر رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن (Media Ethics) و پێوەرەکانی لەلایەن بەندەوە پێوتراوە کە ئامانج لێی؛ ھەڵسەنگاندنی ئاستی مەعریفیی خوێندکارەکانمانە لەسەر چۆنییەتی تێگەیشتنیان لەو بابەتانەی کە خوێندوویانە، ئەویش پشتبەست بە کتێبێکی بەندە بەناونیشانی «ئیتیك لە رۆژنامەوانیی کوردییدا» کە یەکێکە لەچاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک). تەواوی ئەو پرسیارانەش؛ لەسەر بنەمای ئەو زانیاریی و ھەواڵ و بابەتانە ھێنراونەتەوە کە پێشتر لە میدیای کوردییدا بڵاوکراونەتەوە. ئامانج لەوەش ئەوەیە کە خوێندکاران باشتر لەپێشێلکاریی پێوەرەکانی رێسای پیشەیی راگەیاندن تێبگەن و جیایی بکەنەوە کە چ بابەتێک لەرووی پیشەییەوە رێگەپێدراوەو چ بابەتێکیش رێگەپێنەدراوە لەمیدیاکاندا بڵاوبکرێتەوە.»

ئەو مامۆستا میوانەی زانکۆ؛ روونکردنەوەی زیاتری دا و وتی: «لەدوای ئەوەی تاقیکردنەوەی کۆتایی سیمستەری یەکەم لەزانکۆی ھەڵەبجە لەرۆژی یەکشەممە (21ی شوباتی 2021) بە وانەکەی بەندە لە بەشی راگەیاندن دەستیپێکرد، بەھۆی وەرنەگرتنەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکە لەخوێندکاران، بەمەبەست بێت یان بێمەبەست ھەر زوو بۆ ھەندێک پەیج و سایت دزەیان پێکرا. بەداخەوە، بەبێ تێگەیشتن لەناوەڕۆکی پرسیارەکان و ئامانجە زانستییەکانی؛ ھەمان ناوەڕۆک لەم پەیج و سایت بۆ ئەو پەیج و سایت کۆپی و پەیست دەکرا، بەبێ ئەوەی بەفلتەرێکدا تێپەڕێت و گوێ بە بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی بابەتێک بدرێت کە دوور ونزیک پەیوەندیی بە کەسێکەوە نییە کە خوێندکاری بەشی راگەیاندن نەبێت! بەھەر حاڵ لەماوەی کەمتر لە 24کاتژمێردا؛ ھەندێکیان ھەڵەی خۆیان زانی و لەپەیجەکانیان سڕیانەوە و ھەندێکشیان درێژەیان پێدا و بەبێ بەڵگە و ناسینی پاشخانی بەندە، ناو و ناوبانگیییان زڕاندیین. جا ئێمە کە خۆمان بووین بە قوربانیی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری؛ ھەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کەس و لایەنێکی دیکە بەھۆی ئێمەوە ببێتە قوربانی، بۆیە داوای لێبووردن دەکەین کە بەھۆی بڕگەیەکی بێمەبەست یان زیاتری پرسیارەکانەوە کەسێک یان لایەنێک لەرووی دەروونییەوە ئازاری پێگەیشتبێت، چونکە ئێمە کارمان لەسەر نموونەی زیندووی نێو میدیای کوردیی کردووە نەک خەیاڵ و فەنتازیای خۆمان. ئەگەر کەس و لایەنێکیش شیاوی ئەوەبێت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماربکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە نابێت ئێمە بین، بەڵکو دەبێت لەسەر ئەو میدیاوان و میدیایانە تۆماربکرێن کە یەکەمجار و بەبێ گوێدانە ھیچ بەھا و پێوەرێکی پیشەیی، رووماڵی رووداوەکان دەکەن و زانیاریی ھەڵە و شێوێنراو دەگوێزنەوە.»

بەپێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە دیجیتاڵمیدیای چمك؛ سەرۆکایەتیی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دادگای لێکۆڵینەوەی شەش_ی ئاگادار کردووەتەوە کە بەپێی پسوڵەی ژمارە 2534/ک/2021 ھەریەک لە تۆمەتبار و سکاڵاکار و شایەتەکەی لە کات و شوێنی دیارییکراودا ئامادەبن. بەپێچەوانەوە، بەپێی ماددە 119 لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنە سزاییەکانی ژمارە 23ی ساڵی 1971ی کارپێکراو؛ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ جگەلەوەی كە مامۆستایەكی زانكۆیە هاوكات سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) و سەرنووسەری دەرگاوان-ە كە گۆڤارێكی وەرزیی تایبەتمەندە بە پەروەردەی میدیایی. درێژەی ئەم دۆسیەیەش لە ژمارە دووی گۆڤاری دەرگاوان-دا دەخوێننەوە كە لە رۆژی 21ی نیسانی 2022دا چاپ و بڵاودەبێتەوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟