ئاستەنگەكانی بەردەم “بەنیشتمانییبوونی مێدیا” لە هەرێمی كوردستاندا

پ.ی.د.یەحیا عومەر رێشاوی

ئەگەرچی بە درێژایی مێژووی رۆژنامەنوسیی كوردیی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كەمتر نموونە و ئەزمونی مێدیایەكی نیشتمانیی بەدیدەكەین. بەحزبییبوون و ئاڕاستەی سیاسی؛ پانتاییەكی فراوانی رەوتی رۆژنامەنوسیی كوردیی داگیركردووە، بەڵام بوونی مێدیایەكی نیشتمانی، بەردەوام پێویستییەكی حەتمیی ژینگەی كاری مێدیایی بووە، ئەگەرچی لێرەو لەوێ هەندێ هەوڵ دراون بۆ بەنیشتمانییكردنی ئەم مێدیایە، بەڵام تا هەنوكەش، دەزگا مێدیاییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوەندەی تەعبیر لە حزب و ئایدیا و ئاڕاستەیەكی سیاسیی و فیكریی و ئایینیی دیارییكراو دەكەن، كەمتر مۆركی مێدیایەكی نیشتمانییان پێوەدیارە. ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبكەین، ئەوەیە: مەرج نییە ئەوانەی لەنێو دەزگا مێدیاییەكاندا كاردەكەن، هەڵگری بیر و بۆچوونێكی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی دیارییكراو نەبن و خۆیان دابڕاندبێت لەگشت بیركردنەوەیەكی سیاسیی و ئایینیی و فیكری، بە قەدەر ئەوەی پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە، كۆی دیمەنی مێدیایی، هەڵگری سیمای بەنیشتمانییبوون بێت، دواجار ناوەڕۆكی دەزگا مێدیاییەكە برژێتەوە خانەی نەتەوە و نیشتمانەوە. ئێمە پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیعی مێدیایی لەهەرێمی كوردستاندا بكەین و دان بەوەدا بنێین كە لەپشت سەرجەم دەزگا مێدیاییەكانەوە، فەلسەفە و ئایدیایەك هەیە، بەرژەوەندییەكی سیاسیی و فیكریی دیارییكراو دەهێنێتە دی، بەڵام پێویستە هەمووان بەو ئاڕاستەیەدا كاربكەین كە دەزگا مێدیاییەكان، خەمی نیشتمانیی لەئەولەویاتی كاركردنیاندا بێت و بەرژەوەندیی نیشتمانیی كۆكەرەوەی هەمووان بێت. كە ئەوەش لە كاری مێدیاییدا، كارێكی ئاسان نییە و پڕە لە سەرئێشە. پێویستە ئەو خاڵەش بوروژێنین، كە: ئایا مێدیای نیشتمانیی بە مانای مێدیای ئەهلیی دێت؟ واتە: ئایا مێدیای ئەهلیی دەتوانێت گوزارشت لە خەمەكانی نەتەوە بكات و دواجار ناوی بنێین “مێدیای نیشتمانی”، وەك لە هەندێ‌ سەرچاوەدا باسی لێوە دەكرێت؟ واتە: كاتێك مێدیا بووە “دەسەڵاتی چوارەم” و چاودێرێكی راستەقینە بەسەر ژینگەی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئایینییەوە، ئیدی دەتوانێت خۆی ناوبنێت “مێدیای نیشتمانی”؟ یاخود: پێویستە ئێمە لە دەرەوەی سیستمی مێدیای حزبیی و ئەهلیی و ئەوەی ناونراوە مێدیای بێلایەن، دەزگا و ناوەڕۆكێكی مێدیایی درووستبكەین و دواجار ناوی لێبنێین “مێدیای نیشتمانی”؟ خالێكی دیكە كە پێویستە قسەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە: ئایا ئێمە كە باس لە مێدیایەكی نیشتمانیی دەكەین، مەبەستمان ئەوەیە ناوەڕۆكی مێدیایی و ئەو پەیامانەی ئاڕاستە دەكرێن، بەرژوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نەتەوە جێبەجێ بكەن؟ یاخود دەسەڵاتی سیاسیی و حكومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندییدارەكان، دەزگای مێدیایی تایبەت درووستبكەن و خەرجییان بكێشن؛ ئەو دەزگایانە بتوانن شتێك درووستبكەن و دواجار ناوی لێبنێین “مێدیای نیشتمانی”؟

ئاستەنگەكانی بەردەم “بەنیشتمانییبوونی مێدیا” لە هەرێمی كوردستاندا

لەبەردەم درووستبونی “مێدیایەكی نیشتمانی”دا، ئاستەنگ و لەمپەری جۆراوجۆر هەن. لێرەدا دەمەوێت بەشێك لەو ئاستەنگانە بخەمەڕوو كە رەنگە لەبەردەم “بەنیشتمانییبوونی مێدیا” لە هەرێمی كوردستاندا ئاستەنگبن:

یەكەم: دركنەكردن بە بایەخی مێدیای نیشتمانیی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە؛ كاتێك ئەم پڕۆسەیە نابێتە ئەولەویاتی بایەخدانی دەسەڵاتی سیاسیی و حكومەت و لایەنە پەیوەندییدارەكان لە پلان و نەخشەی گەشەدان بە وڵاتدا، شتێك نابینی و نابیستی بەناوی “مێدیای نیشتمانی”. ئەوكاتە گوتاری مێدیایی دیكە، دەبێتە سیمای دیمەنی كاری مێدیایی و مێدیا شكڵ و تەرزێكی دیكە وەردەگرێت؛ وەرگرەكان لەسەر ئەو شێوازە رادێن و لایان دەبێتە بنەڕەت لە كاری مێدیاییدا. لەدەرئەنجامدا، توانا مادیی و مرۆییەكان دەخرێنە خزمەت شێواز و ستایڵە جۆراوجۆرەكانی دیكەی مێدیا و دیمەنەكە داگیردەكات.

دووەم: نەبوونی تێگەیشتن و تێڕوانینێكی هاوبەش بۆ مێدیای نیشتمانی؛ ئەو خاڵەی سەرەوە، رەنگە ئەم كەموكورتییەی دووەم بەدوای خۆیدا بهێنێت. بینینێكی هاوبەش بەدیناكەیت؛ لای ئەوانەی پەیوەستن بە كاری مێدیاییەوە لەلایەنە فەرمییەكان و بەرپرسانی دەزگا مێدیاییەكان و پسپۆڕانی بواری مێدیا و مێدیاكاران بەشێوەیەكی گشتی. دەرئەنجام، گوتارێكی مێدیایی هاوبەش بەدیناكەیت و ئاسەواری ئەم نەبوونی تێڕوانینە هاوبەشەش، لە كاتی قەیران و تەنگژە سیاسییەكاندا دەبینیت، جۆرێك لە پەرتەوازەیی لەكاری مێدیاییدا بەدیدەكەیت.

سێیەم: زاڵبوونی مێدیای حزبیی و ئاڕاستەی سیاسیی بەسەر كۆی گوتاری مێدیاییدا؛ رەنگە فاكتەری سەرەكیی و زۆر روون بۆ درووستنەبوونی مێدیایەكی نیشتمانی، ئەو هەژموونە بێت كە مێدیای حزبیی و تێڕوانینی سیاسییانە بەسەر كۆی دیمەنی مێدیاییەوە هەیەتی. مێدیای حزبیی تا ئەم ساتانەش ئەگەرچی بەرگی نوێی پۆشی بێت و بەناوی دیكەوە خۆی بنوێنێت، بەڵام دواجار لە هەرێمی كوردستاندا، ئەگەرچی بە رێژەی كەم تا زۆر بێت؛ دەزگا مێدیاییەكان بەرژەوەندیی حزبە سیاسییەكان جێبەجێدەكەن. ئەم حاڵەتەش هیچ دەرفەتێكی بۆ درووستبوونی مێدیایەكی نیشتمانیی نەهێشتۆتەوە كە گوزارشت لە خەمە نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.

چوارەم: نەبوونی شەفافییەت لە سەرچاوەی داهاتی كەناڵە مێدیاییەكان و پاڵپشتیی داراییان؛ پەیوەست بەو خاڵەی پێشتر، تەمومژییەكی زۆر لەسەرچاوەی داهاتی كەناڵە مێدیاییەكاندا هەیە. دەزگای مێدیایی زەبەلاح بە بودجە و توانایەكی دارایی خەیاڵییەوە لەهەرێمی كوردستاندا درووستدەبن، لەكاتێكدا سەرجەمی كایەكانی ژیان، بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، كەچی هەندێ‌ دەزگای مێدیایی، فراوانتردەبن و خەرجیی بێشومار دەكەن؛ هەندێ‌ كەناڵی مێدیایی تازە، دەیانەوێت ركابەری كەناڵە مێدیاییەكان بكەن و بەتوانایەكی دارایی سەرسورهێنەرەوە دێنە مەیدانەكەوە. لەم بارودۆخەدا، ئەستەمە باس لە مێدیایەكی نیشتمانیی بكەیت، كاتێك ئەم هەموو ناشەفافییەت و ناروونییە لە سەرچاوەی داهاتی ئەو كەناڵانەدا بەدیدەكەیت.

پێنجەم: رەچاونەكردنی پرەنسیپ و بنەماكانی كاركرنی مێدیایی لەجیهاندا؛ بوونی گوتارێكی مێدیایی نیشتمانیی هاوبەش، رەنگە بە رەچاوكردنی پرەنسیپ و بنەماكانی كاری مێدیایی لەجیهاندا درووستببێت. بەداخەوە ئەزموون و كاری مێدیایی لەهەرێمی كوردستاندا، كەمتر رەچاوی ئەو پرەنسیپ و بنەما جیهانیانەی كردووە لە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتیی و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی و ئیتیكی كاری مێدیایی بەشێوەیەكی گشتی. هەربۆیە، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری مێدیا، زۆرجار باسیان لەو نەنگیی و خەوشیانە كردووە كە لەنێو گوتاری مێدیاییدا لەهەرێمی كوردستاندا هەن و بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەشەكردنێكی راستەقینەی رەوتی مێدیایی و دواجار نەبوونی مێدیایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو.

شەشەم: بارودۆخی ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستان، لەرووی سیاسیی و ئیداریی و گەشەپێدانەوە؛ بیركردنەوە لە مێدیایەكی نیشتمانیی ئاتاجی بارودۆخێكی سیاسیی و ئیداریی سەقامگیرە. هەرێمی كوردستان، لەهەندێ‌ ماوەی كورتخایەندا نەبێت، هەمیشە حاڵەتی شپرزەیی و بێسەرووبەرەیی سیاسیی و ئیداریی بەسەریدا زاڵبووە. شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و ململانێی سیاسی، هۆكاری جۆراوجۆر بوون بۆ دواكەوتنی بیركردنەوە لە درووستكردنی مێدیایەكی نیشتمانی.

حەوتەم: كەمئەزموونی مێدیایەكی نیشتمانیی لە ژینگەی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەوروبەردا؛ لەبێبەختی هەرێمی كوردستاندا، ژینگەی دەوروبەرمان، فاكتەرێكی یارمەتییدەر نەبووە بۆ بیركردنەوە لەم تەرزە لە كاری مێدیایی. وڵاتانی دەوربەرمان، تاڕادەیەكی زۆر، بەدەست قەیران و كێشەی نزیك لە كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان دەناڵێنن؛ مۆدێلێكی چاولێكراو نییە لە نەتەوەكانی نزیك خۆمان، تاببێتە سەرچاوەیەك بۆ ئەمجۆرە بیركردنەوەیە.

هەشتەم: ناسەقامگیریی كاری مێدیایی لە هەرێمی كوردستاندا و نەبوونی ستراتیجێكی كاركردنی مێدیایی؛ نەبوونی ستراتیجێك بۆ كاری مێدیا و ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە كاری مێدیاییدا لە هەرێمی كوردستاندا بەدیدەكرێت، دیسانەوە فاكتەرێكی نێگەتیڤ و رێگر بووە لەبەردەم بیركردنەوە لە مێدیایەكی نیشتمانییدا. هاوكات بوونی مێدیای حزبیی و مێدیای ئەهلیی و مێدیای “سێبەر” و مێدیای حكومیی و ئەو تێكەڵ و پێكەڵییەی لەو شێوازانەدا هەبووە، گورزی كوشندەی لە پلان و ستراتیج و تێڕوانینی مێدیایی وەشاندوە.

نۆیەم: كەمیی توێژینەوە و نووسین و كۆڕ و كۆبونەوە بۆ قسەكردن لەمێدیایەكی نیشتمانی؛ جێی خۆیەتی رەخنە ئاڕاستەی ناوەندە ئەكادیمییەكانیش بكرێت، بەوەی لەم بوارەدا نەیانتوانیوە توێژینەوە و تەرحی مێدیاییان هەبێت. سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەو زانكۆكان لەم بوارەدا هەژارن و نەیانتوانیوە كۆنفرانس و سیمینار و تێڕوانینی ئەكادیمیانە لەم بوارەدا بخەنەڕوو.

دەیەم: مەترسیی بەلارێدابردنی هەوڵەكان بۆ درووستكردنی مێدیایەكی نیشتمانی؛ دوا خاڵ كە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە: لەهەرێمی كوردستاندا، بیركردنەوە لە تەرحی نوێ و قسەكردن لە چارەسەركردنی قەیرانەكان، هەندێجار بەداخەوە قەیرانی دیكە درووستدەكات. ئەو دابەشبوونە حزبییەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، رەنگە گومان بخاتە سەر هەر نییەتێك بۆ چاكسازیی مێدیایی و لە نێویشیاندا، بیركردنەوە لە درووستكردن و پێكهێنانی مێدیایەك بە ناوی “مێدیای نیشتمانی”.

راسپاردە

  1. بڵاوكردنەوەی نووسین و توێژینەوە لە سایت و رۆژنامە و گۆڤارەكاندا لەسەرئەم بابەتە، لەلایەن پسپۆڕانی بواری مێدیا و شارەزایانەوە و خستنەرووی پرسی “بەنیشتیمانییكردنی مێدیا”، لەرووی بایەخ و ئاسەوارەكانی لەسەر كایەی مێدیایی و كۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەشێوەیەكی گشتی.
  2. وروژاندنی بابەتی “بەنیشتمانییكردنی مێدیا” لە كەناڵەكانی راگەیاندندا كە هەمووان هانبدرێن بۆ بایەخدان بەم بابەتە.
  3. بایەخدان بە مێدیای حكومیی و میدیای پەرلەمان، وەك ئەزموونێك بۆ مێدیایەكی نیشتمانیی و دوورخستنەوەی دەستی حزب و ئایدیای سیاسیی و …تد. بەجۆرێك گوتاری مێدیایی ئەم كەناڵانە، گوزارشت لە پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان بكەن و مۆدێلێكی نوێ پێشكەشبكەن.
  4. سوودوەرگرتن لە كایەی “سۆشیالمێدیا”، وەك سەكۆیەكی كراوە بۆ گفتوگۆ و راگۆرینەوە لەسەر ئەم بابەتە گرنكە، بەتایبەت لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە و میدیاكاران بەشێوەیەكی گشتی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟