راگەیاندنی كورديى و بەنیشتمانیيكردنی

پ.ی.د.حەبیب ئيبراهيم كەركوكی

یەكێك لەو خاڵە گرنگانە، كە دەبێت دەزگاكانی راگەیاندن پشتی پێببەستن، بۆ ئەوەی بەتەواوی لەهەرێمی كوردستاندا سەربەخۆبن، لەرووی رووماڵكردنی رووداو و تەرحكردنی بابەتەكان بەشێوەكی پیشەییانە، بەبێ‌ بوونی كاریگەریی حزبیی و حكومیی لەسەری؛ تێگەیشتنە لە رووماڵ و ئەركەكانی راگەیاندن و خاوەندارێتیی ئامڕازەكانی راگەیاندن. هەروەها بڵاوكردنەوەی بەها پیشەییەكان لەنێوان راگەیاندنكاران-دا بۆئەوەی بێلایەنیی بپارێزن، چونكە ئەوان چاوی جەماوەرن و دەبێت بەئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خاڵەدا بكەن. لای هەموومان ئاشكرایە: راگەیاندنی كوردیی رووبەڕووی كۆمەڵێك‌ قەیران بوەتەوە. یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی ئەو قەیرانەیش، بریتیە لەوەی زۆربەی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن، سەر بە حزبە سیاسییەكانن و ماوەی 24ساڵیشە نەیانتوانیوە ببنە “دەسەڵاتی چوارەم”. بەڵام، بۆچی؟ ئەگەر بەكورتیی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەڵێین: لەبەرئەوەی راگەیاندن دەبێت‌ ئازاد بێت و ئەم ئازادییەیش، چەند رەهەندێك لەخۆدەگرێت، لەوانە: دەبێت‌ سەر بە حكومەت و پەرلەمان و حزب نەبێت، دەبێ داكۆكیی لە هیچ ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسیی نەكات، دەبێت‌ چاوی هاووڵاتی بێت، بەتایبەتی لەسەر كارەكانی حكومەت.

ژینگەی راگەیاندن

بۆ ئەوەی راگەیاندنێكی سەربەخۆ و بێلایەن لەهەرێمی كوردستاندا هەبێت، زۆر گرنگە ئەم پێكهاتانە باسبكرێن:

  1. خاوەندارێتی:زۆربەی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن، خاوەندارێتییەكەیان حزبە سیاسییەكانن، بەتایبەت رادیۆ و كەناڵە ئاسمانییەكان. بۆیە، ئەم دەزگایانە، ملكەچی ئایدیۆلۆژیای حزبەكانن. زۆربەی پسپۆڕانی بواری راگەیاندن، رایانوایە: “ئەگەر دەزگایەكی راگەیاندن ملكەچی حزبێكی سیاسیی بێت، ناتوانێ‌ بێلایەن بێت.” لەلایەكی ترەوە، خاوەندارێتیی رێگا بە راگەیاندنكارەكان نادات بە ئارەزووی خۆیان بابەت بڵاوبكەنەوە. بۆیە، راگەیاندنكاران روو لە پەیج و ئەكاونتەكانی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەكەن، ئەمەیش بۆ ئەوەی ئازادانە باسی بابەتێك بكەن. حزبە سیاسییەكان، بەدوو شێوە خاوەندارێتیی دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن. یەكەم: خاوەندارێتیی راستەوخۆ؛ ئەو ئامڕازە حزبیانەن كە مەكتەب یان نووسینگەی راگەیاندن بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەرپەرشتیان دەكەن، لەوانە: Ktv ، زاگرۆس، گەلی كوردستان، KNN، سپێدە، كۆمەڵ، رێگا… تد. دووەم: خاوەندارێتی ناڕاستەوخۆ؛ لە رێگەی پشتیوانییكردنی مادیی و مەعنەویی ئەو رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەڤزیۆنانەوە كە داكۆكیی و پاڵپشتی بۆچوونەكانی حزبەكە دەكەن؛ نموونەش لەمبارەیەوە زۆرە.
  2. بەها پیشەییەكان:تائێستا بە باشیی بەهای بێلایەنیی لەلای راگەیاندنكارەكان نەچەسپاوە، ئەمەیش لەبەر كۆمەڵێك هۆكار: یان ئەوەیە راگەیاندنكارەكە پڕۆفێشیناڵ نیيە، یاخود ئاستی رۆشنبیریی تا ڕاددەیەك نزمە و خوێندنەوەی كەمە بۆ بابەتی بێلایەنیی و كاركردنی بێلایەنانە، یان بە باشیی لە فەلسەفەی پیشەكەیان تێنەگەیشتوون كە دەبێ‌ت بەوپەڕی بێلایەنییەوە، خەڵك بە زانیاریی و بۆچوون تێربكەن.
  3. رێكخراوە پیشەییەكان:لەهەرێمی كوردستاندا، سەندیكای رۆژنامەنووسان نوێنەری زۆربەی زۆری رۆژنامەنووسانە، بەڵام سەندیكا وەكو سەرجەم سەندیكاكانی دیكە، لەسەر بنەمای بەشبەشێنە (محاصصە)ی حزبیی دانراوە و پۆستەكان دابەشكراون. بۆیە، لەزۆربەی پرسەكاندا، پاش سازان(توافق) بڕیار دەردەكرێت. واتا: ئەوانەی سەرپەرشتیی سەندیكا دەكەن، لەلایەن حزبەكانەوە دەستنیشانكراون و ئەمەش راستییەكی روون و ئاشكرایە. خاڵی دووەم ئەوەیە: سەندیكا جاروبار زەوی بەسەر رۆژنامەنووساندا دابەشدەكات ، ئەمەیش كارێكە كاریگەریی خراپی لەسەر بێلایەنیی رۆژنامەنووسان دەبێت، چونكە لەئەوروپادا بۆنموونە، نەك ئەم حاڵەتە نییە، بەڵكو بە گەندەڵیی هەژماردەكرێت. واتا: ئێستا سەندیكای رۆژنامەنووسان لە ژێر كاریگەریی حزبە سیاسییەكاندا كاردەكات و، لە سەرەتای درووستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای تەوافوقی حزبە سیاسییەكان، پلە و پۆستەكان دابەشكراون بەسەر حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا. هەروەكچۆن لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و كێبەركێی پیشەیی ئەو كارە نەكراوە، ئێستاش بەهەمان میكانیزم و بنەما، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كاردەكات. بۆیە، ئێستا لەم هەموو هێرشەی حزب و لایەنە سیاسییەكان كە لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە دەكرێتە سەر كۆمەڵگەی كوردی، ئەم كۆمەڵگەیە تووشی قەیرانی گەورە بوەو راگەیاندنەكانیش بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەسەر بنەمای حزبیی كاردەكەن. ئەوەش كێشەكەی گەورەتر كردووە، بێئەوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هیچ رۆڵێكی كارا و كاریگەریی لەسەر دەزگاكانی راگەیاندن درووستكردبێت. تائێستا وەزارەتی ناوخۆ، یاخود ئاسایش، مۆڵەت بە دەزگاكانی راگەیاندن دەدات و لێیان وەردەگرێتەوە. بەنمونە: مۆڵەتوەرگرتنەوە لە كەناڵی ناوخۆیی “ئاسۆ سپۆرت” لەماوەی رابردودا، بێئەوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی بەرچاوی هەبێت و هیچ گوشارێكیش لەسەر دەزگای ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان درووستبكات. كاریگەریی حزبی؛ تەنیا لەناو سەندیكادا رەنگدانەوەی نەبووە، بەڵكو شۆڕبۆتەوە ناو پەرلەمان و حكومەت و سەرجەم دام و دەزگاكانی ناو كۆمەڵگە، تا گەیشتووەتە قوتابخانە و دایەنگەكانیش.
  4. یاسای رۆژنامەگەری:ئەگەرچی یاسای رۆژنامەگەریی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام لەمادە یاساییەكاندا بە ورديی باسی زۆر شت نەكراوە: ئایا باسی بێلایەنیی كراوە؛ كاتێك‌ راگەیاندنكارێك لەكارەكەی دەردەكرێت ، بەهۆی ئەوەی ویستویەتی بێلایەنیی خۆی بپارێزێت لەبڵاوكردنەوەی بابەتەكاندا؟ بۆیە، لەدەقە یاساییەكاندا، زۆر گرنگە ئاماژە بەبێلایەنیی بكرێت.

چ كاتێك راگەیاندن دەبێتە “دەسەڵاتی چوارەم”؟

ئەگەر وەكو دەستەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەریی ئازادنەبێت، ناكرێت‌ بوترێت راگەیاندنی حزبیی “دەسەڵاتی چوارەم”ە؟ بۆچی؟ لەبەرئەوەی سیاسەتی دەزگاكانی راگەیاندنی حزبی، ملكەچی ئایدیۆلۆژیای حزبەكانن. بەبەردەوامی داكۆكیی لە سیاسەتی حزبەكان دەكەن و رووخساریان جوان دەكەن، بۆ بەرژەوەندیی و ئەجێندای حزبیی بەكاردەهێنرێن، بەتایبەتیی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا. ئایا چۆن دەبێت ئەمجۆرە راگەیاندنە “دەسەڵاتی چوارەم” بێت؟! هەروەها، راگەیاندنی حكومی؛ ئەگەر ملكەچی سیاسەتی حكومەت بێت، ناتوانێ‌ت ببێتە “دەستەڵاتی چوارەم”. بۆنموونە: كەناڵی “العراقیە” و كەناڵەكانی “نایل”ی میسریی و كەناڵە حكومییەكانی زۆربەی زۆری وڵاتە عەرەبییەكان. ئەگەر راگەیاندن، ملكەچی كەسایەتییە حزبییەكانی ناو حزبەكان بێت، دیسان ناتوانێت ببێتە “دەستەڵاتی چوارەم”. وەكو ئەو رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەڤزیۆنانە كە سەر بە كەسایەتییە حزبییەكانن. بۆنموونە زۆربەی زۆری كەناڵە عیراقییەكان سەر بە كەسایەتییە حزبیەكان. ئەی كەواتە كام جۆرەی راگەیاندن دەبێتە “دەسەڵاتی چوارەم”؟

  1. ئامرازە نەتەوەییەكان؛ ئەوانەی كە سەر بە وڵاتن، وەكو BBC.
  2. ئامڕازە ئەهلییەكان؛ ئەوانەی سەربەخۆن و سەر بە حكومەت و حزب و كەسایەتییە حزبییەكان نین.

گرنگیی راگەیاندنی نیشتمانیی و ئەهلیی لە كوردستاندا

ئەركی سەرەكیی راگەیاندن بەهەموو شێوەزارو ئامڕازەكانییەوە، گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییە بۆ جەماوەر، هەروەها گۆڕینەوەی زانیارییە لەگەڵ جەماوەردا. لە سەرچاوەوە بۆ نێرەر و دواتر بۆ وەرگر. دەتوانین ئێستا بڵێین: گۆڕینەوەی زانیارییە لەنێوان وەرگر و دەزگاكانی راگەیاندندا، بێئەوەی دەستكاریی زانیارییەكان بكرێت و كاریگەریی  لەسەر ناوەڕۆكی بابەتەكە و راستیی بابەتەكە هەبێت. واتا: راستیی بابەتەكە لە دەستبدات، ئەمەش لەم روانگەیەوە كە راگەیاندنی ئەهلی؛ دەبێـت راگەیاندنێكی سەربەخۆ و بێلایەن بێت، چونكە راگەیاندن دەستەڵاتێكی سەربەخۆی هەیە و “دەستەڵاتی چوارەم”ی پێدەوترێت. ئەهلییبوونی دەزگاكانی راگەیاندن یاخود بێلایەنییان، یەكێكە لە پایە هەرە سەرەكییەكانی ئەم دەستەڵاتە. ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا هەستی پێدەكرێت، راگەیاندن نەك وەكو “دەستەڵاتی چوارەم” كاری پیشەیی خۆی ناكات، بەڵكو ئێستا پاشكۆی دەستەڵاتەكانی تر و پاشكۆی حزبە سیاسییەكانیشە لەهەرێمی كوردستاندا. هەندێك لە راگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان، بانگەشەی سەربەخۆبونی خۆیان دەكەن، بەڵام هەستدەكەین لە كوردستاندا، تەنیا راگەیاندنی حزب و سێبەرەكانیان هەیە. بۆیە ئێستا، بوونی راگەیاندنی سەربەخۆ بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، بەجۆرێك كە عەیارە “24” بێت و پیشەییانە كاری رۆژنامەنوسیی راپەڕێنێت. زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا، هیچ جیاوازیان لەگەڵ ئۆرگانی حزبەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە. ئەوەندە لەژێر كاریگەریی حزبە سیاسیەكاندان، بەئەستەم لە ئۆرگانی حزبیی جیادەكرێنەوە. هەندێك دەزگای راگەیاندن، تەنیا بۆ ئەوە كاردەكەن نەیار نیشانی بینەر بدەن، بێلانیی خۆیان لەدەستداوە. لەئێستای هەرێمی كوردستاندا، ئەوجۆرە كەناڵانە هەن و كاریش دەكەن و، لەرێی سیاسەتی كەناڵەكەوە خۆیان خستوەتە بەرەیەك لە بەرەكانەوە. بۆنموونە: لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لایەنگریی كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان، رۆژنامە و گۆڤارەكان، بەئاسانیی هەستی پێدەكرێت. ئەگەر وەكو كەسێكی بێلایەن لێیان بڕوانین و ئەگەر راگەیاندنی بێلایەن لەم كاتەدا هەبێت، دەتوانێت متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بۆ خۆی رابكێشێت، چونكە ئێستا پرسی نیشتمانیی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە و زۆر پێویستمان بە راگەیاندنی ئەهلیی بێلان هەیە. ئەوەش بۆئەوەی هەست بە خاڵە گرنگەكانی نیشتمانی خۆمان بكەین و بریاری كۆتایی خۆمانی لەسەر بدەین، بەڵام ئێستا راگەیاندنی حزبەكان، راستییەكانیان بەشێوەیەكی گشتیی لە پێش چاوی خەڵك ونكردووە و بەشێوەیەكی تایبەتیش، خەڵكی بێلایەن راستییەكانیان لێ‌ ونبووە كە ئەمەش بەهۆی راگەیاندنە حزبیەكانی هەرێمی كوردستانەوەیە.

چۆن راگەیاندنی كوردیی بەنیشمانیی بكرێت؟

مرۆڤ هەر كە لە دایك دەبێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ژینگەی كۆمەڵگەكەیەوە، پێویستیی بە پێگەیاندن هەیە. لەهەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانیدا، كاریگەریی كەسێك، یاخود دەزگایەك، یان دامەزراوەیەكی بەهێز لەسەری دەبێت. كاریگەریی راگەیاندن، دەبێت بەشێوەیەك بێت، تا بەشداریی لە پڕۆسەی بەنیشتمانییكردنی تاكەكاندا بكات، چونكە تاكەكان هەر لەمنداڵییەوە مەیلیان بۆ حزبە سیاسییەكان دەبێت و تارادەیەك ئینتیمای نیشتمانیی لاوازدەبێت. تاكەكان، كۆمەڵێك پرسی گرنگ پشتگوێدەخەن، وەكو: پێشخستنی كۆمەڵگە، نەهێشتنی گەندەڵیی و … تد، بەڵام ئەگەر راگەیاندنی نیشتمانیی نەبێت، ئاسان نییە تاكەكان بگۆڕدرێن و كۆمەڵگە پێشبكەوێت. بەهۆی ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا، زۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن بە حزبیی كراون، بۆیە دەبێت پلانی راگەیاندنی نەتەوەیی، لەقۆناغی سەرەتایی و لەناو خێزانەكانەوە دەستپێبكات. سەرەتا هەستێكی نەتەوەیی لای كەسەكان و لەناو خێزانەكانیاندا درووستبكرێت. ئەوەش بۆئەوەی بتوانرێت پەیامی نەتەوەییمان لە دەزگاكانی راگەیاندندا هەبێت و لە ناو حزبە سیاسییەكانیشدا بڕیاری نەتەوەیی، لە پێش بڕیاری حزبەكانەوە بێت و بەرپرسەكانی راگەیاندن؛ سیاسەتی دەزگاكانی خۆیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دیاریی بكەن. یەكێك لە پایە گرنگەكانی تریش بۆ بەنیشتمانییبوونی راگەیاندن، بوونی دارایی سەربەخۆ و بوونی راگەیاندنكاری سەربەخۆیە. بۆئەوەی دەزگایەكی راگەیاندنی نەتەوەیی لە كۆمەڵگەی كوردییدا درووستبكرێت، پێویستمان بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و دەزگاكانە بەرامبەر بە پیرۆزییەكانی نیشتمان، بەتایبەتی نەتەوەیەكی وەك كورد كە بە درێژایی مێژوو، ژێردەستە و ماڵوێران بووە بەدەست بێگانەوە. بۆیە، دەبێت زیاتر هەستی نەتەوەیی بەرزبكرێتەوە، هەروەكچۆن دەبێـت سەرەتا لەناو كۆمەڵگەی كوردییەوە، ئەنجومەنێكی راگەیاندنی سەربەخۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن درووستبكرێت و دواتریش بە داهاتی دەزگاكانی راگەیاندنی سەربەخۆ، كادیری پڕۆفێشناڵی راگەیاندن درووستبكرێن؛ بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانیشدا، لەمبارەیەوە رۆڵی خۆیان ببینن. كاتێك‌ هەموو ئەمانە لەهەرێمی كوردستاندا فەرهەمكران، ئەوكات دەتوانین راگەیاندنی نیشتمانیی سەربەخۆ درووستبكەین، بۆنموونە هاوشێوەی BBC بەریتانیایی بێت. هەرێمی كوردستان، كێشە و ململانێی حزبیی زۆری تێدایە. شەڕی ناوخۆی تێدا كراوە؛ بۆیە زۆر پێویستی بە راگەیاندنی نیشتمانیی-ە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكرێت. هەربۆیە، پێویستمان بەوەیە لەرێی راگەیاندنەوە، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەلای هاووڵاتیان بەرزبكەینەوە.

پێشنیاز و راسپاردە

بۆ ئەوەی بتوانین لە هەرێمی كوردستاندا، “راگەیاندنی نیشتمانیی”مان هەبێت، ئەم پێشنیاز و راسپاردانە دەخەمەروو:

  1. پێكهێنانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێكی بێلایەن و دوور لە دەستێوەردانی حزبیی بێت.
  2. دامەزراندنی راگەیاندنی نەتەوەیی كە سەر بە هەرێمی كوردستان بێت و بەشێوەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك دەزگایەكی سەر بە حكومەت یان پەرلەمان بێت.
  3. كەمكردنەوەی دەزگای راگەیاندنی حزبیی لەرێگای یاساوە.
  4. گرنگیيدان بە راگەیاندنی ئەهلی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟