چمك، سلێمانی: لەساڵڕۆژی جیهانیی هەشتی مارسدا و لەیەكەمین پرۆژەی هاوبەشی نێوانیاندا، رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی و دەزگای (كەركوك ناو)، مێزگردێكی رەخنەیی هاوبەشیان بۆ قسەكردن لەسەر “وێنەی مێیینە لە راگەیاندندا” رێكخست كە لەدەرەنجامدا 10 راسپاردەی لێ گەڵاڵە كرا.
رۆژی پێنجشەممە (07ی ئاداری 2019) لەهۆڵی ئوتێل رامادای شاری سلێمانی، چالاكوانان و راگەیاندنكارانی مێینەی هەولێر، سلێمانی، كەركوك و گەرمیان بۆماوەی سێ كاتژمێر لەچوارچێوەی سێ گروپی پێنج كەسییدا گفتوگۆیان كرد لەسەر بابەتەكانی رووماڵی پرسەكانی مێینە لە راگەیاندندا، جیاكاریی جێندەریی لەدەزگاكانی راگەیاندندا، كاریگەریی بابەتە رۆژنامەوانییەكان لەسەر رەگەزی مێیینە. پاشان خاڵی هاوبەشی نێوان گروپەكان دەستنیشانكران و 10 راسپاردەیان لێ گەڵاڵە كرا كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
1. بەشێكی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن هیچ بەڵگەنامەیەكی نووسراویان لەبارەی سیاسەتی جێندەرییەوە نییەو هاوسەنگیی جێندەریی نەبووەتە بەشێك لە سیاسەت و ستراتیژی كاركردنی پیشەییان.
2. راگەیاندنكارانی مێیینە لەیەك كاتدا شەڕی خێزان، كۆمەڵگە و هاوپیشەكانیان لەنێو دەزگاكانی راگەیاندندا دەكەن، ئەوەش وایكردووە باجی هەڵبژاردنیراگەیاندنكارانی مێینە پیشەی راگەیاندن بدەن و زۆرجار بەچاوێكی جیاواز سەیریان بكرێت.
3. ژمارەیەك لە راگەیاندنكارانی مێیینە رووبەڕووی گێچەڵپێكردن و دەستدرێژیی سێكسیی دەبنەوە لەلایەن بڕیاربەدەست و بەپرسانی دەزگاكانیان و ئەو سەرچاوانەی كە زانیارییان لێوەردەگرن.
4. راگەیاندنەكان زۆرتر مۆركێكی نێرانەیان هەیەو نێرسالاریی بەسەر تەواوی جومگەكانیاندا زاڵە.
5. دەزگاكانی راگەیاندن سیاسەتێكی تەحریریی روون و پەسەندكراویان نییە تا لەپرسەكانی تایبەت بە رەگەزی مێیینەدا كاری لەسەر بكەن.
6. لە بەرهەمە رۆژنامەوانییەكاندا، رەگەزی مێینە بەلاواز نیشان دەدرێت و لەرێی توندوتیژی زارەكییەوە وشە و دەستەواژەی نەگونجاویان لەبەرامبەردا بەكاردەهێنرێت كە ئەوەش وایكردووە كاریگەری نەرێنیی لەسەر راگەیەندنكارانی مێینە بەجێبهێڵێت.
7. بەشێوەیەكی رووكەش رووماڵی پرسەكانی تایبەت بە رەگەزی مێینە دەكرێت. نەبونی رووماڵ و بەدواداچونی ورد و بابەتیی لەسەر پرسەكانی خۆكوشتن كە ئەوەش كاریگەریی لەسەر زیادبوون و بەئاسایی وەرگرتنی توندوتیژیی هەیە بەتایبەتی لەبەرامبەر راگەیاندندكارانی مێیینەدا.
8. ژینگەی كاركردنی پیشەی رۆژنامەوانیی بۆ راگەیاندنكاری مێیینە گونجاو و لەبارنییە.
9. دەزگاكانی راگەیاندن كەمتر متمانە بە رەگەزی مێیینە دەكەن لەرووداوەكانی خۆپیشاندان، جەنگ و ناوچە نائارامەكاندا، بەهۆی تێڕوانینی باو بەرامبەر راگەیاندنكارانی مێیینە و نەبینینی خولی پاراستنی سەلامەتی.
10. راگەیاندنكارانی مێینە لە هەندێك دەزگا و دامەزراوەدا، زۆرتر بۆ جوانكردنی شاشە و پشتبەست بەپێوەری جوانیی و رەهەندی سێكسیی وەردەگیرێن، وەك لە پێوەری تواناو لێهاتووییان كە ئەوەش كاریگەریی كردۆتە سەر ئەوەی نەتوانن نوێنەرێكی باش بن بۆ پرسەكانی تایبەت بە رەگەزی مێینە.
فۆتۆ: بەڵێن حسێن