پلانی حکومەت بۆ «رێکخستنەوەی میدیا لەهەرێمی کوردستاندا»

چمک، ھەولێر: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان؛ دەیەوێت میدیای کوردیی رێکبخاتەوە.
بەپێی راگەیانراوێکی فەرمیی؛ رۆژی دووشەممە (03ی کانونی دووەمی 2022) جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەردانی حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوەو «ڕەوشی میدیا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا»وە. ئەوەیش لەسەر راسپاردەی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بووە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکدا؛ وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان باسی لەو بارودۆخەی ئێستا کردووە کە میدیای کوردیی پێیدا تێدەپەڕێت و بە گرنگی زانیوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، میدیا لە هەرێمی کوردستان ڕێکبخرێتەوە. پاشان جوتیارعادل ئامانجی کۆبونەوەکەی باسکردووە کە «حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە میدیا بە ئاراستەیەکی رێک و دروستدا بڕوات، کە خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان بکات و پایەکانی سیستەمی دیموکراتی بەهێزتر بکات و دەبێت کاری میدیایی و ڕاگەیاندن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی کاری میدیایەکی پرۆفیشناڵ بێت، کە لە خزمەت گەیاندنی پەیامی پیشەکەدا بێت و دوور لە شێواندنی ڕاستییەکان.»
لە کۆبوونەوەکەدا؛ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی ئاریشەکان و پێشنیاز و چارەسەری دۆخەکە دراوە. ھاوکات بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکارو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی تایبەت بەو سێکتەرە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و سەرنج و تێبینی خۆیان لەو بوارەدا خستوەتەڕوو.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟