كچەكەی كەژاڵیت؟ دەستەواژەیەك بۆ شەنوكەوی میدیای نوێی كوردی

سۆران عەلی
بڵاوبوونەوەی گرتەی گفتوگۆی هاووڵاتییەك لەگەڵ كچە پەیامنێرێك لە كاتی خۆپیشاندانی خوێندكاران لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، كاتێك پێی دەڵێت: «كچەكەی كەژاڵیت؟»، رووداوێك نییە بۆ پێكەنین یاخود گرتەیەك بۆ دەستاودەستپێكردن‌ و دووبارە شێركردنەوە، ئەو دیمەنە ئەگەر زانستیانە هەڵبسەنگێنرێت، زۆر مانا لە خۆیدا كۆدەكاتەوە، چەندین پەنهانی میدیای ئەمڕۆی كوردستان دەخاتە بەردەست، كۆمەڵێك لایەنیش ئاشكرا دەكات كە سەرەداوی تێفكرینن لە میدیا بەگشتی‌ و میدیای نوێ لە كوردستان بەتایبەتی.
پەلەپەل لەبری خێرایی
بۆ ئێمەیەك كە تازە دەستمان بە سەرتوێژی پێشكەوتنی میدیایی سەردەمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رادەگات‌، هێشتا لە دەمەدەمی رۆچوونین بەرەو ناوەخنی ئەم ئامرازە هەستیار‌ و كاریگەرە‌، بە تەواوی پەیمان بە كون ‌و كەلەبەرەكانی نەبردووە، هەر هێندە بە گرنگ دەزانین میدیا دەبێت بەخێرایی رووداو بگوازێتەوە، پێویستە هەموو شتێك پیشان بدات، بێ شەنوكەوكردن، بێ پێداچوونەوە ‌و بژاركردن، تەنیا ئەوە بە گرنگ دەزانین بڵاوكردنەوەكەمان پێش هەموان بكەوێت، لامان جێی بایەخ نییە چی پێشكەش دەكەین، ئەوەندە نەبێت كە لە پێشتر بین، لە راستیشدا ئامرازە میدیاییە هاوچەرخەكان ئەو نەزعەیە لە تاك بەتاكی رۆژنامەنووس‌ و میدیاكاراندا دەخوڵقێنن‌ و رایدەهێنن هەمیشە لە هەڵپەدا بێت بۆ زوو بڵاوكردنەوە و خۆ بەخاوەنكردن لە سەبقە رۆژنامەنووسییەكاندا، ئامرازە میدیاییە نوێیەكان كاتیان كردووە بە سەنتەری كاركردنی رۆژنامەنووسی ‌و زۆر پەرۆش نین بۆ جۆر ‌و كوالیتی ‌و پەیڕەوكردنی پرەنسیپە پیشەییە وردەكان، ئەوان لە روانگەی جەنگی كات لە ململانێی سەرمایە ‌و بازرگانیدا بۆ میدیا دەڕوانن، بەڵام ئایا خێرایی ئامانجی سەرەكی میدیایە؟ ئایا تەنیا كات گرنگترین رەگەزی كاری میدیایە؟
راستە خێرایی لە گەیاندنی زانیاری ‌و گواستنەوەی رووداوەكان یەكێكە لە خەسڵەتە باشەكانی هەر میدیایەكی پرۆفیشناڵ ‌و سەركەوتووی سەردەم، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە تەواو پێچەوانەی ئەم خەسڵەتەیە، خێرایی كراوەتە ئەولەویەت ‌و رەگەزەكانی دیكەی بابەتە رۆژنامەنووسییەكانیش كەمترین بایەخیان پێ دەدرێت، وەكو ئەوەی میدیا تەنیا بریتی بێت لە خێرایی. لەمەشدا نە خێراییەكە توانیویەتی جێگای خۆی بگرێت ‌و خزمەت بە وەرگر بكات، نە رەگەزەكانی دیكەی كارە میدیاییەكانیش مافی خۆیان وەرگرتووە، واتە بابەتە میدیاییەكان لە هەموو رووەكانەوە كەموكورتیان هەیە ‌و وەكو پێویست ناگەنە دەستی وەرگر.
توێژینەوەكانیش دەردەیدەخەن، پەلەكردن ‌و هەڵپەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە بڵاوكردنەوە هۆكارێكی راستەوخۆ‌ و كاریگەری بڵاوبوونەوەی ساختە هەواڵ‌ و هەواڵی درۆ‌ و چەواشەكارە بەتایبەتی لەم سەردەمی برەوی میدیای ئەلیكترۆنی‌ و تەشەنەی سۆشیال میدیایەدا كە سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە.
لە كوردستان ناوەڕۆك ‌و راستی ‌و دروستی زانیاری كراوەتە قوربانی خێرایی، بەشی زۆری هەواڵە گەرمەكان جیاوازییەكی بەرچاو ‌و هەندێك كاتیش ئابڕووبەرانەیان تێدا بەدی دەكرێت، جیاوازی هەمان هەواڵ‌ و رووداو لە كەناڵێكەوە بۆ كەناڵێكی دیكە ئاسمان ‌و رێسمانە، ئەگەرچی سروشتی كاری میدیایی بواری بۆ جیاوازبوون لە شێوازی رووماڵ ‌و خستنەڕووی بابەتەكاندا رەخساندووە، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی‌ و بەواقیعی دەبینرێت ئەو سنوورەی تەواو تێپەڕاندووە‌ و سەری كێشاوە بۆ جیاوازبوون لە ژمارە‌ و داتای رەسمی، گێڕانەوەی چیرۆكەكان، لێكنەچوونی رووداوە سەرەكییەكان، دەستكاریكردنی ماجەرای حیكایەتەكان، لە رووداوێكی سادەی هاتوچۆوە بیگرە تا قەبارەی زیانی كارەساتێكی سروشتی بۆ شەڕ‌وپێكدانی ئەمنی لەگەڵ تیرۆریستان، یان رووداوێكی ناوچەیی ‌و هەرێمی گەورە.
نقومبوون لە خۆجێیەتیدا
تەرزی میدیای نوێ رێگای بەرە و گەڕانەوە بۆ ناوخۆییبوون گرتووەتەبەر، دەیەوێت لە پاڵ خستنەڕووی كێشە گلۆبالەكان‌ و مەسەلەكانی پەیوەست بە مرۆڤایەتی‌ و هەسارەی زەوی، لایەك لە ناوچەییبوونیش بكاتەوە ‌و بەرە و خۆجێیەتی بگەڕێتەوە، دەیەوێت چیرۆكە نەیستراوەكانی ناوچە لە بیركراوەكان ‌و گوند ‌و شارەدێ دوورە دەستەكان بە جیهان بناسێنێتەوە‌ و بابەتە ناوچەییەكان زیندوو بكاتەوە ‌و بەرگی جیهانیان بەبەردا بكات، لەو پێناوەشدا دەگەڕێتەوە بۆ كوچە و كۆڵانە فەرامۆشكراوەكان ‌و پێدەشتە دابڕاوەكان‌ و پانتاییە لاچەپەك ‌و دابڕاوەكان، هەر بۆیە میدیای نوێ چیرۆكی جوتیارێكی سادەی نەخوێندەواری دوورە دێیەكی هیندستان دەهێنێت ‌و فۆرمێكی جیهانی پێ دەبەخشێت ‌و لە بەرگێكی نوێدا پێشكەشی وەرگرانی جیهانی دەكات، چیرۆكی راوچیەكی دارستانەكانی ئەمازۆن دەكاتە داستانێك ‌و بۆ هەموو جیهانی دەگوازێتەوە. ئەوەی لە كوردستانیش هەیە هەمان رێچكەی میدیای نوێیە، بەڵام لە بازنە و چێوەیەكی ناتەواودا، لە ستایلی هەمان ئەو چیرۆكانە لە میدیای كوردستاندا بەدی دەكرێن ‌و كاریان لەسەر دەكرێت، بەڵام لە چوارچێوە خۆجێیەكە دەرناچن‌ و لە بازنەی خۆیاندا دەسوڕێنەوە، كەواتە میدیایەكە چیرۆكی خۆمان دەداتەوە بە خۆمان، یان وەك دەوترێت «هذه بضاعتنا ردت إلینا»، هەر بۆیە میدیای نوێی كوردی گرنگترین ئەڵقەی هاوكێشەكەی فەرامۆشكردووە كە لایەنە جیهانییەكەیە، ئەمەش رەنگدانەوەیەكی زەقی لەسەر كاریگەرییەكەی هەیە كە لە بازنەی شارۆچكەیەك یان شارێك یاخود چەند شارێك دەرناچێت، هەروەك كاریگەرییەكەشی كورتخایەن‌ و سەرپێییە.
ئاوابوونی خۆری زمان
خەسڵەتێكی تری بەرچاوی میدیای نوێی كوردی زمانە تێكشاو ‌و ناجێگیرەكەیەتی كە تا كەمترین ئاست پشت بە بنەما رێزمانییە ناسراوەكانی (كوردی) دەبەستێت، هەروەها خستنەبەركاری وشەی بێگانە‌ و نامۆ بە كوردی بووەتە رواڵەتی ناسینەوەی، هەر بۆیە ئاساییە ئەگەر هەر دەقێكی رۆژنامەنووسی لەم میدیایەدا بڕێكی زۆر لە رستەی ناتەواو، وشەی بیانی، دەستەواژەی داتاشراوی نا مەفهوم، و بڕگە ‌و پەرەگراف لە خۆیدا كۆبكاتەوە، بێگومان ئەم حوكمە هەموو میدیای كوردی ناگرێتەوە ‌و تەنیا بەسەر بەشێكیاندا جێبەجێ دەبێت. هۆكاری ئەم نزمییەی ئاستی زمانیش زۆرن، رەنگە بێ توانایی بەشێك لە رۆژنامەنووسان ‌و بێبایەخی زمان لە ستراكچەری دەزگا میدیاییە نوێیەكان‌ و سەرقاڵبوون بە لایەنی هونەری ‌و شتی دیكەوە، دیارترینیان بن، بەڵام بەگشتی زمان یەكێك نییە لەو لایەنە باشانەی لەسەر میدیای نوێی كوردی بژمێردرێت، بەڵكو بووەتە خاڵی لاوازی ‌و جێی رەخنە لە زۆر ناوەند‌ و بۆنە ‌و كۆڕدا.
لە راستیشدا سروشتی میدیای نوێ خۆی لە خۆیدا هاندەر نییە بۆ بەرهەمهێنانی زمانێكی پاراو ‌و پابەند بە بنەما ‌و رێسا زمانەوانییەكانەوە، بەڵكو بایەخدان بە زمانی رۆژنامەنووسی لەم ئامرازە كاریگەرەی راگەیاندندا لە زۆر كاتدا هەر بوونیشی نامێنێت‌ و تەنیا وێنە ‌و ڤیدیۆ گوزارشت دەكەن‌ و رۆڵی زمان لە بچووكترین پنتدا دەبێت، رەنگە هەر ئەمەش بێت ئەو پەراوێزخستنەی زمانی لە میدیای نوێدا لێ كەوتبێتەوە.
بەهەر حاڵ پێدەچێت میدیای نوێ نەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لەسەرتاسەری جیهانیشدا بەرەو ئاراستەی وەلانانی زمان ‌و پشتپێنەبەستنی كار بكات، هەر بۆیە جیاوازی نێوان زمانی رۆژنامەنووسی لە میدیای نوێدا كە ئێستا لە برەودایە بەراورد بە میدیای كلاسیك، وەكو رۆژی رووناك دیارە.
روخسار بێ ناوەرۆك
روویەكی دیكەی میدیای نوێی كوردی هێنانە پێشەوەی روخساری تازە ‌و بە ئەستێرە‌ ناساندیانە لە بوارەكەدا، ئەمەش خاڵێكی پۆزەتیڤە بۆ ئەم جۆرە میدیایە ئەژمار دەكرێت، چونكە سروشتی وا هەڵكەوتووە بەردەوام لە نوێبوونەوە‌ و گۆڕاندایە ‌و مانەوە لەسەر یەك ریتم‌ و قاڵب‌ و فۆرم رەتدەكاتەوە، لەم روانگەیەشەوە بەردەوامی پێویستی بە ئەبدەیت‌ و خۆنوێكردنەوەیە. بۆیە ماوە ماوە گۆڕین‌ و دەرخستنی رۆژنامەنووس‌ و بێژە‌ر و پێشكەشکاری نوێ بووەتە یەكێك لە شێوازەكانی نوێكردنەوە بەو پێیەی ئەوانە رووی هەر میدیایەكن ‌و لەڕێی ئەوانەوە پەیامی میدیایی هەر دامەزاوەیەك بە وەرگرانی دەگات، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە زۆرێك لە دامەزراوەكان روخساری ئەو كاراكتەرانەیان خستووەتە سەروو هەموو پێودانگێكی دیكە‌ و تەنیا ئەو لایەنە لە بەرچاو دەگرن، كە ئەمەش رەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئەدا‌و ناوەڕۆكی بابەتە رۆژنامەوانییە پێشكەشكراوەكان دەبێت ‌و زۆر جار لە ئاستیان دێنێتە خوارەوە.
لە میدیای چەند دەیەی رابردووی كوردیدا تەنیا روخسار بڕیاردەر نەبووە لە دەستنیشانكردنی كاراكتەرە میدیاییەكاندا، بەڵكو نموونەی زۆر لە بەردەستدان كە پێش هەموو شتێك توانا‌ و لێهاتووی هەڵسەنگێنەری میدیاكاران بوون بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی بەردەوام بوونەتە روخساری دامەزراوە میدیاییەكان، دوای ئەوانیش گونجاوی روخسار ‌و كەسایەتی هاتووە. سەرەنجامیش پشتبەستنی میدیای نوێ بە روخسار‌ و شكڵی دەرەوە زیانی زۆری بە پەیامە میدیاییەكە گەیاندووە‌ و بینیومانە ئەو میدیاكارانەی بەهۆی روخسار‌ و شكڵەوە دەرفەتی دەركەوتنیان پێدراوە لە زۆر كایەدا سەركەوتوو نەبوون ‌و بگرە بوونەتە هۆكاری وەرگرتنی ئینتیباعێكی نیگەتیڤیش لەسەر دامەزراوە میدیاییەكان‌ و وەكو میدیایەكی بێ ناوەرۆك لێیان روانیون.
ئەمانە تەنیا بۆچوونن، چونكە سروشتی میدیای نوێ ناجێگری پێوە دیارە، ئەم ناجێگیرییەش رێگە نادات لە پنتێكدا بوەستێت تا هەڵسەنگاندێكی گشتگیر ‌و هەمەلایەنی بۆ بكرێت ‌و حوكمی كۆتایی لەسەر بدرێت، تا ئەو كاتەش كە بنەما ‌و پرەنسیپەكانی ئەم میدیایە جێگیر دەبن‌ و لە قۆناغی گۆڕانی خێرا دەرباز دەبێت، هەر بۆچوون‌ و تێڕوانینێكیش لەبارەیەوە قابیلی گۆڕان‌ و هەمواركردنە، بەڵام خاڵی كۆكەرەوە ئەوەیە كە هەموان قسە لەسەر میدیای نوێ دەكەن بەو ئومێدەی لە كێماسی‌ و كەموكورتییەكانی كەم بكەنەوە، لەوەشدا هەموان میدیای كلاسیك دەكەن بە پێوەر كە بۆ سەردەم و قۆناغێكی مێژوویی دیاریكراو لەكاردا بووە ‌و رەنگە جێبەجێكردنی بەسەر میدیایەكی جیاواز ‌و لە قۆناغ و سەردەمێكی دیكەدا مەبەست نەپێكێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟