میدیایەك عاسی لە رێسا و سیستم

سۆران عەلی

لە سەروبەندی یادی 123 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی باشتر نییە، تا بكرێتە دەرفەت بۆ پێداچوونەوە ‌و شەنوكەوكردنی دۆخی رۆژنامەنووسیمان كە زۆربەی هەرە زۆری شارەزایان ‌و خاوەنانی پیشەكە كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو كایە رۆژنامەنووسییەی ئێستا لەكاردایە زەحمەتە لە تایپێكی دیاریكراو، یاخود ناسراوی میدیادا پۆلێن بكرێت، نەك هەر تەنیا ئەوەش، بگرە پەیڕەوكردنی یەكێك لە تیۆرە تەقلیدییەكانی راگەیاندن بەسەر میدیای ئێستا ‌و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بنەمایە، كارێكی زەحمەتە، ئەگەر ئەستەمیش نەبێت، واتە میدیایەكە عاسی لە سیستم و رێسا و چوارچێوە، یاخی لە قاڵب و سنوور، هەر ئەوەش وایكردووە هەندێك لە پسپۆران داوای داهێنانی تیۆری نوێ یاخود هەمواركردنی تیۆرە تەقلیدییەكانی میدیا بكەن تا بتوانرێت ئەم میدیا نوێیە جڵەو بكرێت و سنوور و شێوازی كاركردنی پێناسە بكرێت و لە رێساو سیستمێكی جێگیردا كۆبكرێتەوەو لەو بێسەروبەری و نارێكخراوەییەی رزگار بكرێت، ئەگەرچی ئەوەش كارێكی ئاسان نییە و ئارامگرتن و كاتی زۆری دەوێت.

میدیایەكی گۆڕاو بەبێ هێڵی گشتیی

پەرەسەندنی زۆر خێرای میدیای ئەم سەردەمە تەنیا وابەستە نییە بە سنوورێكی جوگرافی دیاریكراوەوە، بەڵكو مۆركێكی جیهانی هەیە ‌و جۆرێك لە میدیا لە تەوری دروستبووندایە كە رواڵەت ‌و شێوە ‌و بنەمای كاركردنی تەواو روون نییە ‌و هێشتا لە قۆناغی گەڵاڵە بووندایە ‌و لەخەم نەڕەخسیوە، پابەند نییە بەهیچ پڕەنسیپ و سیستم و رێسایەكی میدیایی و هیچ بوارێكی ژیانیشی نەهێشتووەتەوە دەستی تێوەرنەدابێت، ئەو میدیایە تا دوا رادە پشت بە پێشكەوتنی زانستی ‌و تەكنۆلۆجی دەبەستێت و بووەتە پێكهێنەرە سەركییەكەی، هەربۆیە ناجێگیری ‌و گۆڕانی بەردەوام ‌و خێراش لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانیەتی ‌و بوار نادات رێسا ‌و رێكاری جێگیر ‌و هەمیشەیی بۆ دابنرێت تا ببێتە هێڵی گشتی كاركردنی، یاخود بنچینە بۆ لێكۆڵینەوە ‌و دیراسەكردن ‌و هەڵسەنگاندنی.

ئەگەرچی ئەم جۆرە میدیایە ئەمڕۆ پێناسەیەكی كۆكەرەوەی نییە، بەڵام كەس ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییە بەرفراون ‌و لەهەمان كاتیشدا مەترسییدارەكەی لەسەر كۆمەڵگەكان ببوێرێت، رۆژ لە دوای رۆژ جەمار ‌و بەكارهێنەرانی لە هەموو ئاست و چین و تەمەن و رەگەزێك زیاد دەبن كە ئەمەش گرفتی زۆری لە شوناس ‌و ئاسایشی نەتەوەیی ‌و ئاسایشی زانیاری ‌و هۆشیاری ‌و رۆشنبیری لەلای تاكەكان هێناوەتە ئاراوە، ئەو گرفتانەش پێویستیان بە هەوڵ ‌و كۆششی لێبڕاوانەترە بە مەبەستی دروستكردنی هۆشیارییەكی زیاتر بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیەكانی ئەو شەپۆلی زانیارییەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرن.

لە هەرێمی كوردستان كاری رۆژنامەوانی بە تەواوی تۆوی ئەو میدیا نوێیەی لە ناخدا هەڵگرتووە ‌و دەیەوێت بە هەڵچوون ‌و داچوونی ئەوەوە رێگەی خۆی بگرێتەبەر، بەڵام تایبەتمەندی كۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەكان ‌و وردتریش كۆمەڵگەی كوردی ‌و ئیعتباراتە سیاسی ‌و ئابووری ‌و كەلتوری ‌و ئەمنی ‌و كۆمەڵایەتیەكان ‌و جیاوازی لە ئاستی هۆشیاری ‌و مەعریفی ‌و چەندین ئیعتیباری دیكە، جیاوازییەكی تەواویان لە رەوتە جیهانییەكە پێبەخشیوە و كردوویانەتە تەرزێكی تایبەت و جۆرێكی جیاواز كە رەنگە نموونەی زۆر كەم بێت و لە هەندێك رووەوە نەچێتە ژێر باری ئەو راسپاردە و بڕیارانەی لە وڵاتانی دیكە بەسەر ئەو میدیایەدا دەسەپێنرێن.

ئەو میدیا نوێیەی لە كوردستان هەیە لە بنەڕەتدا پشتبەستووە بە هاووڵاتی ئاسایی لە هەموو چین ‌و توێژێكی كۆمەڵایەتی، لە هەموو ئاستێكی رۆشنبیری ‌و مەعریفی، لە هەموو پەیام ‌و ئامانجێكی ئابووری، سیاسی، ئاینی، نەتەوەیی، جێندەری، ‌و ئەتینیكی، ئەم تێكەڵییەش لە روویەكەوە فرەیی رەنگ ‌و دەنگی پێدەبەخشێت ‌و دەیكاتە میدیایەكی گشتگیری سەرتاسەری كە هیچ كەس و بوارێكی لێ بێبەش نابێت، لە سەرۆكی وڵاتەوە تا دەرۆزەكەرێكی سەر شەقام، لە چیرۆكی رۆژانەی خوێندكارێكی سەرەتایی تا دەگاتە مەسەلەی بوون و گەردوون و پرسیارە بێ وەڵامەكانی مرۆڤ لەسەرەتای پەیدابوونی ژیانەوە، لە روویەكی دیكەشەوە بەرفراوانی ‌و خێرایی هەڵقوڵانی زانیاری لەم میدیا نوێیەدا بووەتە خاڵی جیاكەرەوەی كە كۆنترۆڵكردن ‌و پێڕاگەیشتنی زۆر قورس كردووە، تەنانەت لە قاڵبدان ‌و دۆزینەوەی چێوەیەكی رێكخەر ‌و كۆكەرەوەش بۆ ئەو میدیا نوێیە لەتوانادا نییە ‌و بووەتە خەمی گەورەی پسپۆرانی بوارەكە.

سەرەڕای ئەو مشتومڕە جیهانییە گەرمەی لە بارەی چەمكی میدیای نوێ لە ئارادایە، بەڵام جیاوازی ئامڕازەكانی میدیای تەقلیدی لە رۆژنامەی كاغەزی و تەلەفزیۆن و رادیۆ، لەگەڵ ئامڕازە نوێیەكانی وەك رۆژنامەی ئەلیكترۆنی و وێبسایتەكانی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەكو فەیسبووك و تویتەر، ئاسمان و رێسمانە، چونكە ئەم ئامڕازە نوێیانە ئەمڕۆ بوونەتە گرنگترین هۆكاری گواستنەوەی هەواڵ، بەدەر لە رادەی راستگۆییان، هەوەرها ناودارترینن و لەلایەن زۆرترین كەسەوە بەكار دەهێنرێن و بەردەستترینن بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە بە جیاوازی رۆشنبیرییانەوە، هەربۆیەشە كە تاكی بەكاربەر پێشتر وەرگری ئەو هەواڵانە بووە كە تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە پەخشیان دەكردن و تاك یاخود وەرگر لە دەرەوەی بازنەی دروستكردنی هەواڵ و رای گشتیدا بوو، بەڵام ئێستا ئەو تاكە یاخود وەرگرە چووەتە ناو بازنەكە و كارلێك لەگەڵ چەقەكەی و دەوروبەریشیدا دەكات و بەشداریشە لە وێناكردن و دروستكردنی رای گشتیدا، لەگەڵ ئەوەشدا كە بەكارهێنان و كارلێككردن لەگەڵ ئەم ئامڕازانەدا زۆر ئاسان و بەردەستە، بەڵام رەنگە خراپ بەكاربهێنرێن لە ئاڕاستەكردنی رای گشتی لە كۆمەڵگەدا، هەربۆیە پێویستە تاكەكان ئەو بابەتانە بە تەواوی چێك بكەنەوە كە بڵاویان دەكەنەوە و لە راستی و دروستی و ئامانج و مەرامیان دڵنیاببنەوە، كە جێگەی داخە بەشی زۆری وەرگران و بەكارهێنەرانی كورد ئەو كارە ناكەن و هەرچیان بەردەست دەكەوێت وەكو راستییەكی سەلمێندراو مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و وەكو فاكتێك ئاڵوگۆڕی دەكەن بەبێ بەدواداچوون و دڵنیابوونەوە لێی.

میدیایەك بۆ سوودبەخشین

بەم پێیەش دەبینین ئامڕازە تەقلیدییەكان ئێستا گۆڕاون بۆ جۆرێكی تر و مۆبایل و فەیسبووك و تویتەر و یوتیوب و ئەنستگرام رۆڵێكی محیوەری لە جومگەكانی ژیانی رۆژانە و سیاسیدا دەگێڕن و بەكارهێنەرانیان لە 4 ملیار كەس تێپەڕیوە، ئەمەش كۆمەڵێك خەسڵەت و تایبەتمەندی بەم میدیا نوێیە داوە لەوانە خێرایی زۆر لە گواستنەوەی زانیاری و رووداوەكاندا بە بەراود بە ئامڕازە تەقلیدییەكان، و راپەڕاندنی ئەركە جیاجیاكانی میدیا لە گەیاندنی هەواڵ و بابەتی تەرفیهی و بازاڕكردن و هتد..، و توانای بەشداری و كارلێكی تاكەكان لە ئاڕاستەكردنی رووداوەكان و دروستكردنی رای گشتی و دامەزراندنی ناوەڕۆكی تایبەت بە خۆیان و توانای شەیركردنی لەگەڵ كەسانی دیكە بە ئاسانی و یارمەتیدانی رۆژنامەنووسان لە ئاگاداربوون و زانینی ئاراستەكانی رای گشتی و یارمەتیدان لە پەیوەندیكردن و بەكارهێنانی بزووتنەوە رزگاریخوازەكان وەكو سەكۆیەكی هەواڵی، یارمەتیدان لە پتەوكردنی هاریكاری نێوان ئەو كۆمەڵە و گروپانەی خاوەنی پرس و دۆزی هاوبەشن و بڵاوكردنەوەی راستی و بۆچوون و دیدگای جیاواز كە پێشتر قەدەغە كرابوون، هەرزانی و ئاسانی بەكارهێنان و بەردەستبوونی ئامڕازەكانی وەك میدیایەكی كۆمەڵایەتی هەمەجۆر و نەرم، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە بوارێكی فراوانی بۆ خەڵك رەخساند تا گوزارشت لە خۆیان و بۆچوونیان بكەن و بیگەیەنن بە جیهان. كە ئەم خاڵەی دوایینیان و بەسیاسییكردنی هەموو بوارەكانی بڵاوكردنەوە لە میدیای نوێدا كرۆكی كێشە گەورەكەی ئەو جۆرە میدیایە لە كوردستان، ئەویش بەهۆی نزمی ئاستی خوێندەواری و هۆشیاری میدیایی لای تاكی كوردی بەكارهێنەری میدیای نوێ كە كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر بەرنامە و ئامانج و پەیامی بڵاوكردنەوە هەیە و لە رێگە راستەكەی خۆی لای دەدات و بەرەو مەرامی دیكە سەری پێدەكێشێت كە پاڵنەری یەكەمی نەزانییە ئینجا پاڵنەری دیكەی وەكو بەرژەوەندی ماددی و سیاسی و كۆمەڵایەتی. هەروەها ئەو بارە ناسەقامگیر و تێكڕژاوەی سیاسەت لە كوردستانیش وایكردووە هیچ بوارێكی بڵاوكردنەوە لەم میدیا نوێیەدا لە مۆركی سیاسی دەربازی نەبێت و بەشێوەیەك لە شێوەكان بخرێتە خزمەتی سیاسەتەوە، بگرە بووەتە دید و ئامانجی یەكەم و كۆتایی زۆرێك لە پۆست و بڵاوكراوەكانی و لەوەشدا توانای مرۆیی و دارایی و تەكنیكی زۆر گەورە دەخرێتەگەڕ. جگە لەوەش ئەم میدیا نوێیە لە دووتوێیدا چەندین گرفت و لایەنی خراپی هەڵگرتووە كە پێشتر هەبوون، بەڵام ئەم ئامڕازە نوێیانە بوونەتە هاندەر لە دەركەوتنیان بەشێوەیەكی روونتر و بووەتە هۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانیشیان، لەو گرفتانەش:

شوناس

وشەی شوناس لە میدیای نوێدا روون نییە، چونكە زیاتر چەمكێكی ئایدیۆلۆجییە لەوەی پشتی بە بنەمای زانستی بەستبێت، ئەگەرچی گوزارشتكردن لە شوناس لە رێی چەند تایبەتمەندییەكەوە دەبێت كە گروپێك تێیدا هاوبەش بن وەكو ئایین و زمان و مێژوو و بیروباوەڕ و یەك كەلتوری، بەڵام ئەمڕۆ شوناس لە هەلومەرجێكی زۆر سەختدایە بەهۆی ئەو پێشكەوتنە تەكنۆلۆجییەی كە پەیوەندی نێوان كۆمەڵگەكانی كورت كردووەتەوە و زمانێكی تایبەت و شوناسێكی جیاوازی هێناوەتە ئاراوە، كە رێگەیەكی تری گرتووەتە بەر، جیاواز لەو رێگەیەی لەسەری راهاتبوو، بەم پێیەش شتێكی ئاسانە كە تاك شوناس و كەسێتی خۆی لە دەست بددات و لەم ژینگە نوێیەدا بێ شوناس یاخود كەلتورێكی تایبەت بەخۆی بێت، بەڵكو تاكەكان ئێستا بە یەك زمانی جیهانی قسە دەكەن.

میدیای نوێ جێدەستی بەسەر شوناسەوە دیارە، چونكە ئامڕازە تەكنۆلۆجییە نوێیەكان كۆمەڵگەی گریمانەیی ئەوتۆیان هێناوەتە ئاراوە تا ئەو رادەیەی ناتوانرێت ئاگاداریان بین و كۆنترۆڵ بكرێن، ئەوەش لێكەوتەی ئاشكرای بەسەر گۆڕینی شێوازی بیركردنەوەی تاك و گروپەكانەوە هەبووە و دوورایی و سنووری جوگرافی بوونەتە شكڵی وەهمی كە ناتوانن هێرشی تەكنۆلۆجی گریمانەیی بوەستنێنن و كۆمەڵگە گریمانەییەكان بوونەتە ئەو واقیعە نوێیەی ژیانی تاكەكان پێكدەهێنن و تاڕادەیەكی زۆریش وابەستەبوون بە ئامێرە نوێیەكانی وەكو كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرەكانی تر، ئەوەش شتێكی بەرهەم هێناوە كە پێی دەوترێت «تاكی كۆمپیوتەر» بەمانای ئەوەی بووەتە پرۆگرامكراو و جۆرێكی نوێ لە شوناسیشی هێناوەتە ئاراوە كە پێشتر نەبووە و ناشتوانرێت دەستنیشان بكرێت، چونكە تێكەڵەیەكە لە كرانەوە و تێكەڵبوونی زیاتر لەوەشەوە شوناسی گریمانەیی یاخود فەزای سایبیری (Cyber Space) سەرهەڵدەدات كە تاكەكان دەكاتە تاكی «ئینتەرنێتی» و لە كەلتوری كەسانی دیكەدا خۆیان دەبیننەوە تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی شوناسی خۆشیان بێت، ئەگەرچی ئەم حاڵەتەش خواست و پێداویستی دەروونی تاكەكان تێر دەكات، بەڵام ناجێگری شوناس بەرهەم دەهێنێت، چونكە ئەو تاكانە پەرشوبڵاو دەبن لە كەلتوور و فیكر و شوناسی جیاجیادا و توانای ئەوەیان نابێت خودی رەسەنی خۆیان دیاری بكەن كە دەبێت ئینتمایان بۆی هەبێت، ئەمەش كتومت بەسەر كۆمەڵگە و تاكی كورددا هاتووە و خۆی لە گێژاوێكی سەیری ونبوونی شوناس و سەرلێشێواویدا دەبینێتەوە و چاوخشاندنێك بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەسە بۆ بەدیكردنی دەیان ئاماژە لەسەر ئەو راستییەی سەرەوە.

باسكردنی گرفتی شوناسیش دابڕاو نییە لە زمان، چونكە هیچ گروپێك نییە هەمان شوناسیان هەبێت ئەگەر هەمان زمانیان نەبێت و ئەو گروپەش لە زۆر باردا هەوڵ دەدات زمانەكەی خۆی بسەپێنێت، رەنگە باشترین نموونەش بۆ ئەم باسە خودی كورد بێت، چونكە سەرەڕای دابەشبوونمان بەسەر چەند وڵاتێكدا، بەڵام تەنیا ئینتیمامان بۆ نەتەوە و شوناسی خۆمان هەیە و بەیەك زمان قسە دەكەین ئەگەرچی شێوەزاری جیاوازمان هەیە لەو بەشانەی لەو وڵاتانەدا تێیدا دەژین. كەواتە ئەوە زمانە كە شوناس دەپارێزێت و خۆیشی بەهۆی بەكارهێنان و ئاڵوگۆڕكردنەوە دەژی، لە ئەنجامی ئەم ئامڕازە تەكنۆلۆجیە نوێیانەشدا شوناسەكان پەرشوبڵاو بوون و یەك نموونەی كەلتووری بووەتە باڵادەست و چەق كە تێیدا شوناسە جیاجاكان لە بەرگێكی نوێدا كورت دەبنەوە، ئەوەش شتێكی خراپە و تەنیا لەناوبردنی كەلتوورێكە بۆ بەرژەوەندی كەلتوورێكی تر، بۆ نموونەی ئەوەش دەبینین زمانی كوردی بەرەو لاوازی چووە بەهۆی هەژموون و باڵادەستبوونی زمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە لە تۆڕی چاڵجاڵۆكەییدا. تەنانەت لە زۆر بواردا هێندەی دەستەواژە و وشەی زمانی تر لە بڵاوكراوەكاندا بەكاردێت هێندە زاراوەی كوردی بەكارنایەت، ئەمە جگە لە لاوازبوون یاخود فەرامۆشكردنی رێزمان و تەنانەت پابەندنەبوونیش بە بنەما سەرەتاییەكانی رێنووسی كوردی، كە بێگومان ئەمەش كاریگەرییەكەی هەر لە ئێستاوە دەركەوتووە و لە ساڵانی ئایندەشدا زەقتر هەستی پێدەكرێت.

هەژموونی زمانیش پرسێكی زۆر گرنگە، چونكە بەو هەژموونە بیرۆكەی ئەوتۆ بڵاودەكرێتەوە كە عەقڵی گەلانی پێ كۆنترۆڵ دەكرێت و خۆیان لەبەردەم گرێكوێرەیەكدا دەبیننەوە كە ئەویش زاڵبوونی زمانێكە لە مامەڵەی رۆژانەیاندا. ئەمە جگە لە برەوپەیداكردنی ئەو زمانەی پێی دەوترێت زمانی فەیسبووكی كە لەنێو گەنجاندا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە و شوناسی خستۆتە بارێكی لەوەش سەختترەوە، هەروەك زمانی نووسینیشی بەرەو هەڵدێر بردووە.

ئاسایشی زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی

ئەگەر لە میدیای تەقلیدیدا توانرابێت سنوورێك لە نێوان زانیارییە بەردەستەكان و ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشیی زانیاری دەوڵەتدا دابنرێت و بەو پێیەش مەترسییەكان كەمكرابنەوە، ئەوا لە سایەی میدیای نوێ یاخود دیجیتاڵیدا مەسەلەكە بە تەواوی جیاوازە، چونكە لەم میدیایەدا هەموو دیوارە ئەمنییەكان و سنوورە جیاكەرەوەكان لەناو دەچن و زانیارییەكان بە شێوەیەكی لەرادەبەدر بەردەست دەبن و لە تواناشدا نییە سەرچاوە رەسەنەكەیان بزانرێت، ئەمە لەپاڵ باڵادەستی ئارەزوو و بیروباوەڕ لە پرسی حوكمدان لە وردەكاری رووداوەكاندا، چونكە ئەم میدیایە، میدیای تاكەكانە نەك دامەزراوە و مۆركی ئایدیۆلۆجی و بیروباوەڕی بەسەردا زاڵە، كە ئەوەش وادەكات هەر تاكێك ئازاد بێت كام رێگە دەگرێتەبەر كە لەوانی تر جیاواز بێت، لێرەشدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە لەكاتی قەیران و تەنگژەكاندا وێنەكە بە تەواوی بۆ تاكەكان بەردەست نابێت، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو بەشانەی وێنەكە كە دەیانبینێت و لەسەر بنەمای ئارەزوو و ئایدیۆلۆجیاكەی خۆی دەست بە گەڵاڵەكردنی تێڕوانینك دەكات كە رەنگە راست دەربچێت یان نا، دواتر دەست بە دەربرینی ئەو تێڕوانییە دەكات لە رێی ئامڕازەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بۆیە بیروڕای تاكەكان تێكەڵاو دەبن و مشتومڕ دروست دەبێت و دەبێتە هۆی تێكەڵاوبوونێكی كۆمەڵایەتی، بەو پێیەشە رای گشتی ئەلیكترۆنی بۆ هەمووان ئاشكرا دەبێت و دەقۆزرێتەوە، بەم پێەش بێت ئەم میدیایە میدیای بیروڕا و ئایدیۆلۆجیایە كە دیسان ئەوەش لە كوردستان تەواو هەستی پێدەكرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنرێن بۆ كار و كردەوەی دژ بە سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان وەكو بڵاوكردنەوەی وێنەی تۆقێنەر یاخود بڵاوكردنەوەی كاری تاوانكاری كە نیگەرانی لەنێو تاكەكانی كۆمەڵدا بڵاودەكەنەوە، لەو كردەوانەش:

بڵاوبوونەوەی تاوانی ئەلیكترۆنی؛ تێیدا ئامڕازەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنرێت بۆ هەڕەشەكردن و تاوانی ئەلیكترۆنی و هاككردن و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی زانیاری كەسی تاكەكان بۆ سازشكردن بەمەبەستی وەرگرتنی پارە، ئەمە جگە لە كردەوەی دزی و كوشتن و تیرۆری ئەلیكترۆنی.

هەڕەشەكردن لە ئاسایشی كۆمەڵایەتی؛ ئاسایشی كۆمەڵایەتی بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی و ئامڕازەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كاریگەری دیاریان هەبووە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی كە ئەو بیروباوەڕانەیان تێدا بڵاودەكرێتەوە كە هانی خواستی جوداخوازی و بڵاوكردنەوەی رق و كینە دەدەن لەنێو تاكەكانی كۆمەڵدا ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر پێكەوەگونجان و پەیوەندی كۆمەڵایەتی. هەربۆیە فاكتەری هۆشیاركردنەوەی ئەلیكترۆنی و میكانیزمەكانی بەكارهێنانی راست و دروست، باشترین چارەسەرە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هێرشە كەلتووریانەدا، بەم دواییانەش زۆرێك لە دەوڵەتان بە ئاڕاستەی پێكهێنانی یەكەیەك رۆیشتوون كە پێی دەوترێت «یەكەی ئاسایشی سابیری» ئەویش بەمەبەستی مامەڵەكردنێكی دروست لەگەڵ ئەو چالاكییە ئەلیكترۆنیانەدا، یەكەی لەم شێوەیەش لە كوردستان یان نییە یاخود ئەگەر هەشبێت لە سنوورێكی بچووكدا كار دەكات و كاریگەرییەكەی دیاریكراوە.

هۆشیاری و رۆشنبیری؛ نكووڵی لەوە ناكرێت كە هۆشیاری تاكەكان لەهەمان ئاستدا نییە و لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت ئەوەش فاكتەری زۆرە، ئەو هۆشیاریەش رۆشنبیری ئەو كەسە بەشێوەیەكی گشتی و رۆشنبیرییە سیاسییەكەی بەتایبەتی پێكدەهێنێت، ئەم پرۆسەیەش پرۆسەیەكی بەیەكداچووە، چونكە وەك چۆن ئامڕازەكانی راگەیاندن كار لەسەر گۆڕاوە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان و تەمەن لەلای تاكەكان دەكەن، لە هەمانكاتدا تاكەكانیش بەرەو ئەو بابەتە میدیاییانە دەچن كە لەگەڵ بیر و ئاڕاستەكانیاندا دەگونجێن. ئەو ئامڕازانە زۆرن كە كار لەسەر دروستكردنی هۆشیاری لای تاكەكان دەكەن و میدیاش لەمەدا پشكی شێری بەردەكەوێت لە پای ئەو زانیاریانەی پێشكەشی تاكەكانی دەكات و ئەو رۆڵەی لە دروستكردنی رای گشتیدا دەیگێڕێت، لێرەشدا گرفتی زانیاری ناڕاست سەر هەڵدەدات كە لە ڕێی ئامڕازەكانی میدیای نوێوە بڵاودەكرێنەوە لەگەڵ ئەو شەپۆلی زانیارییە زۆرەی كە ناتوانین لە راستی و دروستیان دڵنیاببینەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا دەبینین میدیای نوێ وایكردووە دروستبوونی هۆشیاری و رۆشنبیری لە قەیراندا بێت، چونكە ناتوانین بەوردی ئەوە دەستنیشان بكەین كە ئایا نقوومبوون لە نێو زانیاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و فرەیی بیروڕا بڵاوكراوەكان هۆشیاری تاكەكان دروست دەكەن یاخود بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆجیاكانی تاكەكان ئاڕاستەیان دەكەن بۆ ئەوەی بیروباوەڕێكی دیاریكراو هەڵبگرن و بەو پێیەش شەیری بابەتی میدیایی دیاریكراو بكەن. بیرۆكەیەكی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە، ئایا ئەم فرەیی بیروڕایە دژبەیەكی فیكری زیاتر دێنێتە ئاراوە و دیالۆگی نێو كۆمەڵگە دەوڵەمەند دەكات و ئامڕازەكان بەكاردەهێنێت بۆ پشتیوانی رێزگرتن لە بۆچوونەكان و دەیانكاتە زەمینەیەكی ساز بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی، یاخود چەمكی قبوڵنەكردن و رەخنەری روخێنەر دەچەسپێنێت. هەموو ئەو فاكتەر و بیرۆكانە خراونەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا كەس نەگەیشتووەتە وەڵامێكی گشتگیر و تا ئێستاش ئەم گرفتە لێكەوتەی بەسەر هەموو كۆمەڵگەوە هەیە.

گرفتەكانی بەردەم میدیای نوێ

هەر لە گرفتەكانی بەردەم میدیای نوێ پێشێلكردنی مافی بڵاوكرنەوەی تاكی نێو كۆمەڵگەیە، كە رۆژانە رووبەڕووی گرفتی لەو جۆرە دەبینەوە و نموونەی زۆر لەو بارەیەوە هەن. هەروەها تەكنۆلۆجیای نوێ دەقۆزرێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیكترۆنی، ئەم دیاردەیەش لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەم دواییانە پەرەی سەندووە و چەندین كەیسی لەو شێوەیە لە دادگاكان هەن كە رۆژانە حوكمیان تێدا دەدرێت. گرفتێكی تری ئەم میدیایە لاوازی رێگریكردنە لە بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و توندڕەوی و تیرۆر، لەم رووەشەوە بێزاری و نیگەرانییەكی یەكجار زۆر لەنێو بەكارهێنەراندا هەیە سەبارەت بە بێباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە كە خەریكە ئەم میدیا نوێیە لە ئامانجە سەرەكییەكەی كە سوودگەیاندنە بە مرۆڤایەتی، دوور دەخاتەوە.

هەروەها رێگرییەكان بۆ هێرش نەكردنە سەر بەها ئاینی و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە لەم میدیا نوێیەدا لاوازن، هەربۆیە زۆر كەیسی هێرشكردنە سەر بەها ئاینییەكان و دژایەتیكردنی ئاینێكی دیاریكراو یاخود بێڕێزیكردن بە بەهای كۆمەڵایەتی یاخود هێرشكردنە سەر كەسایەتی و رەمزی كۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە و ئەو رێكارانەش كە بۆ چارەسەركردنیان گیراونەتەبەر لاواز بوون یان شایانی باسكردن نین.

نقومكردنی تاكەكان لە زانیاریدا تایبەتمەندییەكی دیكەی ئەم میدیا نوێیەیە كە بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دەوڵەت و حكومەتەكان، هەروەك دڵنیانەبوون لە راستی و دروستی ئەو زانیارییە زۆروزەوەندەی بڵاودەكرێتەوە بە بەراورد بە میدیای تەقلیدی، وایكردووە كێرڤی متمانەكردن بەو هەواڵ و زانیاریانەی لە ئامڕازەكانی ئەم میدیایەدا بڵاودەكرێنەوە زۆر بێتە خوارەوە، هەربۆیە كوالیتی ناوەڕۆك لە گرنگترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەم میدیایەیە، بەڵام ئەمەش وابەستەیە بە ئاستی هۆشیاری وەرگر و بەكارهێنەر، هەربۆیە بواری بڵاوبوونەوە و دەستاودەستكردنی هەواڵی ناڕاست و فەیك لەو كۆمەڵگانەدا كە ئاستی هۆشیاری میدیایی وەرگر تێیاندا نزمە وەكو كوردستان، زیاترە لەچاو كۆمەڵگەكانی تردا كە هۆشیاری میدیایی تاكەكانیان بەرزترە.

رەنگە ئەمە بەشێكی كەم بێت لە وێنەی گشتی ئەو میدیایەی ئەمڕۆ لە كوردستان لە كاردایە و بەشدارە لە تەیاركردنی كۆمەڵگە بە زانیاری و هۆشیاركردنەوەی و دروستكردنی رای گشتی لەسەر ئەو گرفت و رووداوانەی دێنە پێشەوە، بەڵام ئەم باسە زیاتر هەڵدەگرێت و رەنگە زۆر كەس بۆچوونی دیكە و جیاوازیشیان هەبێت لەم بارەیەوە، بۆیە دەكرێت ئەم بۆنەیە سەرەتایەك بێت بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەكی قووڵ بۆ هەلومەرجی میدیای ئەمڕۆمان بەرەو باشتكردنی.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە بینراوە:

(1) علي حجازي إبراهیم، التكامل بین الإعلام التقلیدي والجدید، (الاردن، دار المعتز، الطبعة الأولی، 2017).

(2) علي عبد الفتاح، الإعلام الاجتماعي، (الیازوری، 2016).

(3) Digital 2019: Global Digital Overview, Digital Report, 31/1/2019: https://datareportal.com/reports/digital-2019-global-digital-overview

(4) دعاء خضر، (الهویة- الاستدامة- الشراكة) دراسة مرجعیة لتطور المفهوم .

(5) بادیس لونیس، الإعلام الجدید والهویة دراسە نظریة فی جدلیة العلاقة والتأثیر، مجلة العلوم الاجتماعیة والإنسانیة، العدد 31، دیسمبر 2014.

(6) كریمة محمد كریبة، اللغة والهویة، مجلة الاداب، مجلد 27، العدد 1، 2015.

(7) مها عبد المجید، الإعلام الجدید و إدارة اڵازمات الأمنیة، ورقة علمیة مقدمة إلی الملتقی العلمي، عمان: الأردن، 25-27 یونیو 2012.

(8) أمل صقر، كیف یهدد «التواصل الاجتماعي» الأمن الوطني؟، مركز المستقبل ، 8 یوینو 2014.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟