رۆژنامەگەریی کوردیی و 123ساڵ سەرئێشە!

د.شوان ئادەم ئەیڤەس*

دۆخی رۆژنامەگەریی کوردی؛ دوای 123ساڵ لەتەمەنی پڕ ھەوراز و نشێوی بەرەنگاریی و بەرگرییکردن لەناسنامەی نەتەوەیی، لەبری ئەوەی روو لەپێگەیشتن و تێگەیشتن بێت لە «پیشەی گەڕان بەدوای سەرئێشەدا»، ئێستا خۆی بەدەست خۆیەوە بوەتە سەرئێشەیەکی بێدەرمان و ھەر دەوایەکیشی بۆ پێشنیاز دەکرێت، بەر لەدایکبوونی لەبار دەبرێت!

ئەگەر بەپێچەوانەی دۆخی باو و بە بەرنامە؛ لەھەموو کایە و کەرتێکی گشتیی و تایبەتیی ھەرێمی کوردستاندا «بیرکردنەوەی رەخنەگرانە» لەکار خرابێت و بخرێت، ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر پێویست بە زیندووکردنەوە و پێشخستنی دەکات. لەبری ھۆنینەوەی شانامە و بەیاننامەی لەقوتوونراوی ھەر حزب و سەرۆک و سەرکردەیەکی پلەیەک و دواپلەی کورد لەمانگەکانی ئادار و نیسانی ھەر ساڵێکدا؛ باشتر و راستگۆیانەترە بەبەرنامەی پێشوەختە بیرلێکراوە «ھەڵسەنگاندن و ھەڵبژاردن» بکرێتە رۆژەڤی ھەریەکێکیان و جێی «ھەڵخزاندن و پیاھەڵدان» بگرێتەوە. ئەوەیش ھەم بۆ دەستنیشانکردنی بەربەستە سروشتیی و دەستکردەکان، ھەم بۆ چارەسەری بابەتیی و واقیعیی رەوتی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی کوردی. ھەربۆیە لێرەدا وەک رۆژنامەوانێک یاخود ئەکادیمییەک و دامەزرێنەری رێکخراوێکی تایبەتمەند بە چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ چەند سەرنجێکی بچووک دەخەینەڕوو بەو ئومێدەی چەند گوێچکەیەکی گەورە توانای بیستنیان ھەبێت؛ ئازایانە و ئازادانە چاوێک بەو دۆخە دەڵەمە و نەخوازراوەی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا بخشێننەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەوە بدەن، بەڵام ئەوەیش ھەر بە تەنیا نەبێتە «مرەکەبی سەر کاغەز»، بەڵکو بوێری ئەوەشیان ھەبێت بڕیارەکانیان بەدوور لەھەڵاوێردکردن جێبەجێ بکەن. گرنگترین و دیارترین سەرنجەکانیشمان؛ دەکرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕبکرێنەوە، لەوانە:

یەکەم: لەرووی مێژووییەوە؛ ئەگەرچی کورد یادی 123ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیی دەکاتەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو مێژووە نەیتوانیوە «رۆژنامەگەری» وەک پیشە بناسێنێت و وەک پیشەیەکی ھەژموونداریش مامەڵەی پیشەیی لەگەڵ خۆی و ھەڵسوڕێنەرانییدا بکات. ئێستا کاتییەتی کە ھەم «پەرلەمان» و ھەم «حکومەت» و ھەم «دادگاکان»ی ھەرێمی کوردستان، بەفەرمیی وەک پیشەیەکی سەربەخۆ بیناسێنن و مامەڵەیەکی پیشەیی سەربەخۆیشی لەگەڵدا بکەن و لەژێر ھیچ پاساوێکدا تێکەڵاوی کار و چالاکیی پیشەکانی دیکەی نەکەن.

دووەم: لەرووی سیاسییەوە؛ قەوارەی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق بەدەست حزبە رکەبەرەکانییەوە؛ ھێندەی لە ھەڵوەشاندنەوە و لەناوچوون نزیکە، نیو ھێندە لە فراوانبوون و کارکردن بۆ وەرچەرخان لە سیستمێکی دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسیی ھاوچەرخ نزیک نییە. بۆیە گرنگە ھەموو کەس و ھێزە خەمخۆرەکانی، کار لەسەر نزیکخستنەوەی خاڵە ھاوبەشەکان و بنیاتنانی رۆحییەتی نیشتمانیی بکەن. بەوەیش ھەم یەکڕیزیی ناوخۆیی و ئاشتی سیاسیی دەپارێزرێت، ھەم پلان و پرۆژە و پرۆگرامی نیشتمانیی لەبواری ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییدا؛ چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت.

سێییەم: لەرووی ئابورییەوە؛ سەرچاوەی داھات و دارایی میدیا و میدیاوانانی کورد گرێدراوی سەرچاوەی داھات و دارایی حزبە مۆڵەتپێدراوەکانی ھەرێمی کوردستان و ئاستی گەورە و بچووکیی کۆمپانیا ئاشکراو و نادیارەکانیانە. باشترین بژاردە بۆ دەربازبوون لەخراپ بەکارھێنانی بودجەی گشتیی و رەخساندنی زەمینەی کێبرکێی پیشەیی بۆ سەرجەم میدیا و میدیاوانان بۆ دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریی و برەودان بە رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی ئەوەیە کە خاوەندارێتیی میدیا بەیاسا رێکبخرێتەوە و ئەرک و مافی ھەرکەسێک کە دەبێتە خاوەنی کەناڵێکی میدیایی روون و ئاشکرابکرێت. بەوەیش ھەم رێگە لە زۆر و بۆریی زمانحاڵی حزبەکان دەگیرێت، ھەم چیدیکە ناچارنابن بە بەردەوامیی بیر لەپشتگیرییکردنی میدیاک بکەنەوە کە لەبری سوودی گشتی، بەدوای کۆلاج و مۆنتاژی ژیانی تایبەتیی کەسایەتییەکان و شێواندنی دۆخی سیاسیی و لەباربردنی زەمینەی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە بن.

چوارەم: لەرووی کۆمەڵایەتییەوە؛ کۆمەڵگەی کوردیی لەباشوری کوردستاندا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆوە بینیوە و ئێستا تەکنیکی نوێ بەدوور لە لۆژیکی بەکارھێنانی بەشیوەیەکی دروست، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکانی کۆنترۆڵکردووە. ھەربۆیە لەھەر یاسا و رێنماییەکدا کە دەردەچوێنرێت، ئەگەر واقیعی گۆڕاوی کۆمەڵگەی کوردیی لەبەرچاو نەگیرێت، ئەگەری سەرپێخستن و سەرکەوتنی کەم و سنوردار دەبێت. ھاوکات گرنگە راگرتنی سیاسەتی جێندەریی و ھاوسەنگی جێندەریی بکرێتە پێشمەرجی مۆڵەتپێدان و دامەزراندنی ھەر دامەزراوەیەکی میدیایی. بەوەیش تاڕادەیەکی زۆر میدیاوانان و میدیاکانیان لە زمانی بازاڕیی و نێرسالاریی پەیامی میدیایی و ھاوکات لە شکاندن و بەقوربانیی نیشاندانی مرۆڤەکان و جیاکارییکردن لەنێوانیاندا دوور دەکەونەوە.

پێنجەم: لەرووی یاساییەوە؛ ئەگەرچی نزیکەی نۆ یاسای تایبەتمەند و نزیک بە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووێنراون، بەڵام ھیچکامیان بەتەواویی و بەشێوەیەکی یاسایی لەلایەن کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ نەکراون و ناکرێن. باشترین بژاردە ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەو یاسایانەی چانسی جێبەجێکردنیان بەھۆی خراپیی و بەسەرچوویی و ئاڵۆزی میکانیزمەکانیانەوە لاوازە؛ ھەمواربکرێنەوە. ئەوەیش ھەم بۆ یەکخستن و رێکخستنی باشتری ئەو بڕگە و مادانەی لێکچوون و بەریەککەوتن لەنێوانیاندا ھەیە، ھەم بۆ داڕشتنی مادە و یاسای تایبەت بەو بوارانەی کە بۆشایی یاسایی بۆ پیشەی رۆژنامەگەریی کوردیی دروستکردووە. دواتریش ماوەیەکی دیارییکراو دەستنیشان بکرێت کە حکومەت بەجێبەجێکردنیان پابەند بکرێت و لەکاتی پەراوێزخستن یاخود سەرپێچیکردنییدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک «یاسای دەستکەوتنی زانیاری» لە رۆژی دەرچوونییەوە بخرێتە ئەرشیڤەوەو ھیچ دەستەڵاتێکیش بوێری چاودێرییکردن و جێبەجێکردنی نەبێت.

بەدەر لەھەموو ئەوانەی سەرەوە؛ گرنگە نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی چاودێریی و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی ئەو بابەت و سەرچاوانەدا بکەن کە لەرێیەوە نەوەی نوێی رۆژنامەوانانی پێدەگەیەنرێت. ھاوکات ببنە ھێزێکی گوشاری مەدەنیی بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە زانستییەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و دوورخستنەوەی «پیشەی گەڕان بەدوای سەرئێشە» لە «ئەسپێ کوشتنی مۆبایل» و دانیشتن لەپشت مێزی کۆمپیوتەر!

*دکتۆرا لە کولتورەکانی رۆژنامەگەریی و پاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکان لەزانکۆی نۆتینگھام ترێنت_ی بەریتانیا

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟