خراپ بەکارھێنانی میدیای کوردی؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ھێنایە سەر خەت

چمک، ھەولێر: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان_ەوە کار بۆ ھەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندن و چۆنیەتی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوە دەکات.

بەپێی راگەیاندراوێکی حکومی؛ ڕۆژی سێشەممە (20ی نیسانی 2021) کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی محەمەد سەعید وەزیری رۆشنبیریی و لاوان و د.جوتیارعادل وتەبێژی حکومەت و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بەڕێوەچوو، «باس لەچۆنییەتی رێکخستنی کاری دەزگاکانی راگەیاندن لەچوارچێوەی یاسادا، و کارکردن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان وپێداچونەوە بە رێنماییەکان وبەهێزکردنی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی رۆشنبیری و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکە کرا.»

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا؛ «جەخت لەسەر گرنگیی ڕۆڵی میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە ئاراستەی پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردستان کرایەوە.» ھەروەھا «چەندین تەوەری گرنگی دیکەی وەک میدیا و سۆشیاڵ میدیای دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەمی و چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێنوێنی رێبەرەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم بوارە باس و گفتگۆیان لەسەر کرا.»

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟