رێکخراوی چمک؛ سەرکۆنەی پەیامی میدیایی ماڵپەرەکانی باسنیوز و مییللەتپرێس دەکات

چمک، ھەرێمی کوردستان: بەپێی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ ھەردوو ماڵپەری ھەواڵیی باسنیوز و میللەتپرێس کە وەک دوو رکەبەری سەرسەخستی دەزگا ھەواڵگرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەردەکەون، لەھەر ھەڵکشان و داکشانێکی پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبەدا، ئەو دوو ماڵپەرەش بەشێوەیەکی زۆر ناپیشەیی و دوور لەھەموو ئیتیک و ئەتەکێتێکی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانیی پەیامی حزبیی خۆیان لەژێر پەردەی کاری میدیاییدا پەخش و بڵاودەکەنەوە.

ئیشکردنی ئێستا و رابردووی ئەو دوو ماڵپەرە بەجۆێکە؛ تەنانەت کەڵکی ئەوەشی نییە لێرەدا وەک نموونەیەکی زیندوو دووبارە بخرێنەڕوو. ھەربۆیە رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەتوندی سەرکۆنەی ئەوجۆرە ئیشکردنە دەکات کە ئامانج لێی بەکارھێنانی زمانێکی بازاڕیی ئاستنزمە بۆ داتاشینی تۆمەت و جنێودان بە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتیی و فووکردن بەئاگری شەڕی ناوخۆیی و شڵەژاندنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتیی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا.

پەیام و گوتاری میدیایی؛ دەبێت ھەڵگری خەم و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستانیان بێت، نەک خراپ بەکارھێنانی میدیا و خزمەتگوزارییە جۆربەجۆرەکانی بۆ دەستوەردانە نێو مافی تایبەتمەندێتیی و ژیانی تایبەتیی کەسەکان. لەھەر پلە و پۆست و پێگەیەکدا بن، کەسەکان بەپێی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن ژیانیان پارێزراوەو ئەو جۆرە کارکردنەی باسنیوز و میللەتپرێس؛ تەواو ناپیشەیی و نایاساییە. ھەربۆیە پێویستە دەستبەجێ دەست لەو شەڕە میدیاییە ھەڵگرن و لەوە زیاتر نەبنە «ئاگری بن کا»ی شەڕێکی دیکەی نێوان ھێزە کوردییەکان. ھاوکات پێویستە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێمی کوردستان رۆڵی یاسایی و پیشەیی خۆیان ببینن و سنورێک بۆ خراپ بەکارھێنانی میدیای کوردیی و پەیامەکانیان دابنێن.

چاودێریى میدیاى کوردى؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەهەرێمى کوردستانى عێراق دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟