سەرۆکی رێکخراوی چمک: کاری میدیای کوردیی نییە تاوانبار بکاتە پاڵەوان

چمک، سلێمانی: سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس دووپاتیکردەوە کە میدیای کوردیی بوەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاساییکردنەوەی تاوان و تەکنیکەکانی ئەنجامدانی وەک پرۆگرامی فێرکاریی چاپ و پەخش و بڵاودەکاتەوە.

شەوی سێشەممە (19ی نیسانی 2021) و لەمیانی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی ئەمڕۆ لەکەناڵی ئاسمانیی پەیام_دا تاووتوێی رۆڵی میدیای کوردیی لەبەرھەمھێنانی توندوتیژییدا کرا. لەو پرۆگرامە راستەوخۆیەدا؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس ئاماژەی بە گرفتێکی درێژخایانی میدیای کوردیی کرد کە بەدەگمەن نەبێت دەرگاوانی میدیایی بەھەند ناگرێت و دەرگای بۆ زۆر کەس خستوەتە سەر پشت کە بەبێ تێپەڕبوون بەھیچجۆرە فلتەرێکی ئەکادیمیی یان پیشەییدا ببێت بە رۆژنامەوان و یەکسەری کار لەسەر کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەسەر رووداوەکان بکات. ئەوەش وایکردووە ئێستا بەشێکی زۆری میدیاکان «بەپەلە» و بەشێوەی «راستەوخۆ» حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و سوتان و زۆر حاڵەت و دیاردەی دیکەی کۆمەڵگەی کوردیی بەوردەکارییەکی ناپێویست و بێبەھا بڵاوبکەنەوە.

ھەر لەو پرۆگرامەدا، ئاماژە بەوە درا کە ھیچ شەرەفێک لە داڵدەدان و پاراستنی ژنکوژ و پیاوکوژاندا نییە و پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکار و ھەماھەنگ بن لەدۆزینەوەی تۆمەتباران و روبەڕوکردنەوەیان بەیاسا و لێپێچینەوەکردن لەگەڵیاندا. ھاوکات سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ بەدیاردەیەکی نادروست و نەشیاوی زانی کە ھەرجۆرە ھەنگاوێک بۆ رێکخستنەوەی ناوەڕۆکی پەیامی میدیایی لەچوارچێوەی یاسا و رێسا پیشەییەکاندا بە سنوردارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لێکبدرێتەوە.

ئەمڕۆ؛ پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیی کەناڵی ئاسمانیی پەیام_ەو لەلایەن رۆژنامەوان حەکیم حەمەد ئامادە و پێشکەش دەکرێت. لەئەڵقەی ئەمجارەیدا میوانداریی ھەریەک لە د.شوان ئادەم ئەیڤەس و د.ملکۆ ئەسعەد_کرد.

بۆ بینین و بیستنی ناوەڕۆکی پرۆگرامەکە؛ کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟