سیمپۆزیۆمێك بۆ ژن و میدیا رێكخرا

چمک، سلێمانی: سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی بەپێشکەشکردنی بابەتێک بەشداریی پانێڵێکی سیمپۆزیۆمی ژن و میدیا دەکات کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی خانمان؛ سەنتەری یەکسانی جێندەریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەشی تەکنیکی میدیای پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، رێکیانخست.

رۆژی یەکشەممە (13ی ئاداری 2022) لە ھۆڵی پیرەمێرد_ی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پانێڵی یەکەمی سیمۆزیۆمەکە دەستیپێکرد کە لەلایەن م.ی.عەباس جومعە بەڕێوەدەبرا. سەرەتا پ.ی.د.پاڤێ جەمیل لەزانکۆی سلێمانی بابەتێکی لەسەر «وێنای ژن لە میدیای کوردییدا» پێشکەشکرد. پاشان د.شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بابەتێکی لەسەر «رۆڵی پرۆگرامە کۆمیدییەکان لە بەرھەمھێنانی جیاکاریی جێندەرییدا» پێشکەشکرد، هەروەها مامۆستا تاژان دڵشاد لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بابەتێکی لەبارەی «ژن و سۆشیاڵ میدیای کوردی» خستەڕوو.

لە پانێڵی دووەمدا کە لەلایەن م.ی یاریدەدەر ڤیان عومەر خدر بەڕێوەدەبرا؛ م.د.نەوزاد سدیق لە بەشی تەکنیکی میدیا باسی لە «بابەتە جێندەرییەکان لە میدیادا» کرد. دواتر م.ی ھەرمن شێرکۆ لەپەیمانگەی تەکنیکی دوکان تیشکی خستەسەر «وێنای ڕاگەیاندنکاری ژن لە کەناڵە کوردییەکاندا». دوابابەتی سیمپۆزیۆمەکەیش لەبارەی «رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەدەرخستنی دەنگ و رەنگی ژنی کورددا» لەلایەن م.د.هونەر رەسوڵ لەپەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرا.

پرسیارەکانی ئامادەبووان و وەڵامەکانی پانێڵیستەکان؛ ناوەڕۆکی بابەتەکانی دوو پانێڵەکەی دەوڵەمەند کرد. لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەیشدا؛ سوپاس و پێزانین_ی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین پێشکەش بە پانێلیستەکان کرا.

وێنەکان: رێگا ئەحمەد ، ئارام حەمەعەلی ، ھێمن عەزیز

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟