چمک سەرکۆنەی پرۆگرامێکی کوردستان24 دەکات

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ بەتوندی سەرکۆنەی پرۆگرامێکی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24 دەکات و داوای سڕینەوەی دەکات.

لەو پرۆگرامەدا کە لەسەر شاشەی کوردستان24 پەخشکرا؛ دەرفەت بە بکوژێک دەدرێت کە بە زمانی خۆی زۆر بە روونیی و راشکاوانە باس لەچیرۆکی ھەڵکوتانە سەر خوشکێکی و دواتر کوشتنی بەدەستی خۆی بکات.

لەو رووەوە د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پسپۆڕی رێسا پیشەیەکانی راگەیاندن و سەرۆکی #رێکخراوی_چمک رایگەیاند: ئەمجۆرە پرۆگرامانە کە ماوەیەکە لەرووداوەکانی تاوان و کوشتندا دەزگا راگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق کاری لەسەر دەکەن و راستەوخۆ رووماڵی دەکەن، دژ و پێچەوانەی پێوەرەکانی رێسا پیشەیەکانی راگەیاندن_ە کە جەخت لەسەر پاراستنی دادوەریی لە گواستنەوەی زانیارییەکان و نەچوونە نێو وردەکاریی چیرۆکەکانی تاوان و دادگاکان دەکات؛ تا ئەوکاتەی لە دادگادا تۆمەتبار و تاوانبار ئاشکرا دەکرێن و لەلایەن دادگای تێھەڵچوونەوەوە بڕیارەکان یەکلایی دەکرێنەوە و حوکمی کۆتایی وەردەگرن. ھەروەک دووپاتیکردەوە کە «ناپیشەییبوونی ئەمجۆرە پرۆگرامانە؛ زۆرتر لەوەدا دەردەکەوێت کە تاوان و تاوانبار_ی تیا ئاسایی دەبێتەوەو زەمینەی بە پاڵەوان بوونیان بۆ دەرەخسێنرێت. ئەوەیش لە دواتردا سەردەکێشێت بۆ ئەوەی وەرگر؛ چاوی لێبکات و ھەوڵی لاساییکردنەوەی بدات. بەوەیش پەیامی میدیایی دەبێتە ھۆکاری سەرەکیی بەرھەمھێنانی توندوتیژیی و شێواندنی رێڕەوی لێکۆڵینەوە و بێبەھاکردنی رۆڵی پۆلیس و دادوەر و ھەرجۆرە پرۆسەیەکی دادگاییکردن.»

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) وێڕای دووبارە سەرکۆنەکردنی ئەمجۆرە لەرووماڵکردنی میدیایی؛ داوا لەبەرپرسانی کوردستان24 دەکات ئەو پرۆگرامە بسڕێتەوە و جارێکی دیکە ھەڵەی پیشەیی و یاسایی ھاوشێوە دووبارە نەکاتەوە. ھاوکات داوا لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان دەکات بەپێی یاسا و رێنمایی دیراسەتکراو، سنوورێک بۆ ئەمجۆرە پێشلکارییە پیشەیی و یاسایانە دابنێت.

چاودێریى میدیاى کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.

#تێبینی: لەبەر ناپیشەییبوونی پرۆگرامەکە و ناوەرۆکی قسەکانی میوانەکەی و سنووردارکردنی لەوەی زۆرتر ببینرێت و ببیسترێت؛ بەپێویست نەزانرا بەستەری پرۆگرامە پەخشکراوەکە لێرەدا دووبارە دابنرێتەوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟