رێکخراوی چمک و Geneva Call وتووێژ لەسەر كاری هاوبەش دەکەن

چمک، سلێمانی: رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و رێکخراوی نێودەوڵەتیی Geneva Call  وتووێژ لەسەر  كار و پرۆژەی ھاوبەشی میدیایی دەکەن.
سەر لەئێوارەی رۆژی یەکشەممە (03ی تشرینی یەکەمی 2021) د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ پێشوازی لە عاتیف حەمید سەرۆکی نێردەی رێکخراوی Geneva Call لە عێراق و شاندێکی ھاوڕێیان کرد. 
لەو دیدارەدا کە لە ھۆڵی پێشوازیی ھۆتێل رامادا لە سلێمانیی رێكخرا؛ ھەردوولا بوارەکانی کارکردن و ناوەڕۆکی پرۆژە و پلان و پرۆگرامەکانیان بۆ یەکتری باسکرد و پاشتر لەسەر ھەماھەنگییکردن لەگەڵ یەكتریییدا بۆ كارى ھاوبەش رێککەوتن، بەتایبەت لەو پرۆژە و چالاکییە میدیاییانەی کە لەسنوری پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەنجامدەدرێن.  
 Geneva Call؛ یەکێکە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکان کە لەساڵی 2000دا دەمەزراوەو لەبواری بەشداریی مرۆییدا لە 170 وڵاتدا کاردەکات؛ لەوانە ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقدا.
چاودێریى میدیاى کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان. 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟