ڕێکخراوی چمک؛ سەرکۆنەی داخستنی بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا دەکات

چمک، هەرێمی کوردستان: ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ سەرکۆنەی فەرمانێکی جێبەجێکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات کە ڕۆژی 14ی ئاداری 2025 بۆ «سنووردارکردنی چالاکییەکانی حەوت دەزگای فیدراڵیی» واژۆکرد «لەوانە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی (USAGM) کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/رادیۆ لیبرتی و دەزگاکانی دیکەی میدیای فیدراڵی دەکات.»

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانیی؛ ئاژانسێکی حکوومیی ئەمەریکایە و سەرپەرشتی پەخشی هەواڵ و زانیاریی بە زیاتر لە 50 زمان دەکات، لەوانە کوردیی و زمانەکانی دیکە. بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا لە 25ی نیسانی 1992دا لە پاش یەکهەمین جەنگی کەنداو دامەزرا. کاتی پڕۆگرامەکانی ئەم بەشە لە مانگی تشرینی دووهەمی 1992 تاوەکوو کانوونی دووهەمی 2003؛ ھەر یەک کاتژمێر بوو، بەدوایدا بۆ چوار کاتژمێر زیادکرا و لە نیسانی 2007 بەدواوە وەک بەشێکی سەربەخۆ و بە نزیکەی 25کارمەند و دەیان پەیامنێر لە هەرێمە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست-دا درێژەی بە پەخشی پڕۆگرامەکانی دا.

سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس واژۆکردنی فەرمانی داخستنی دەنگی ئەمەریکا بە گشتیی و بەشی کوردیی بەتایبەت لەلایەن دانۆڵد ترامپ بە هەنگاوێکی نەرێنیی بە ئاڕاستەی بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی ناوبرد، چوونکە «لە ڕابردوودا بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا ڕۆڵێکی دیاری لە گواستنەوە و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی کورد لە باکوور، باشوور، خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی کوردستان بە ناوەندی بڕیاری زلهێزێکی وەک ئەمەریکا هەبوو. داخستنی ئەم بەشە؛ جگەلە بڕینی سەرچاوەی داهات و بژێوی سەدان ڕۆژنامەوانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، هاوکات نەتەوەیەکی بێدەوڵەتیی وەک کوردیش لە میدیایەکی پیشەگەری جیهانیی بێبەشدەکات. هەربۆیە ئێمە لە ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ بڕیاری ڕاگرتنی بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا شەرمەزار دەکەین و داوای پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە و کارووبارەکانی بەشەکەدا دەکەین. هیوادارین زۆر بە زوویی و بە شێوازێکی کاریگەرتر کارابکرێتەوە و ببێتەوە بە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە گەیاندنی دەنگی کپکراو و ڕەنگی شێوێنراوی کورد لە سەرانسەری جیهاندا. ئەگەر ئەمەریکا وەک وڵاتێکی ئازا و ئازاد دژ و پێچەوانەی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بڕیار دەربکات؛ ئیتر چ هیوایەک بە وڵاتانی دیکتاتۆر و داخراوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێت پارێزگاری لە ئەرک و مافەکانی ڕۆژنامەوانان بکەن. ئێستا لە هەموو کات زیاتر؛ هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕووماڵی پیشەگەرانەی میدیایەکی جیهانیی وەک دەنگی ئەمەریکا و بەشە کوردییەکەی بەتایبەت هەیە.»

چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستی، سه‌ربه‌خۆییه. لە تشرینی دووهەمی 2017 لە لایەن چەند ئەکادیمییەک و توێژەرێکی میدیایی هەرێمی کوردستانی عێڕاق دامەزراوە و کار بۆ چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، ڕاپۆرتكردن‌و توێژینه‌وه‌ی خه‌وش‌ و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیاو ڕە‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیی دەکات.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟