#دیجیتاڵمیدیای_چمک؛ ناوی یەکەمیین ژنە پرۆفیسۆر لە میدیای کوردییدا بڵاودەکاتەوە

چمک، سلێمانی: د.نەزاکەت حسێن حەمەسەعید؛ بووە یەکەم ژنە توێژەری میدیایی ھەرێمی کوردستانی عێراق کە پلە زانستییەکەی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر_ەوە بۆ پرۆفیسۆر لەبواری راگەیاندندا بەرزبکرێتەوە.
بەپێی فەرمانێکی زانکۆیی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی کە لە رۆژی 07ی حوزەیرانی 2022دا دەرچووە؛ بەھۆی «تەواوکردنی گشت مەرجە یاسایی و زانستییەکانی پلە بەرزکردنەوە» بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی پ.ی.د.نەزاکەت حسێن بۆ پلەی زانستیی پرۆفیسۆر .
پرۆفیسۆر د.نەزاکەت حسێن؛ لە بەشی راگەیاندن لە کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان زانکۆی سلێمانی وانەدەڵێتەوە و لە رابردوودا سەرپەرشتیی دەیان تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەری کردووەو چەندیین توێژینەوەی میدیایی چاپکراوی ھەیە. قۆناغی ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆکانی شەفێڵد ھاڵەم و برادفۆرد لەوڵاتی بەریتانیا تەواوکردووە.
رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ پیرۆزبایی ئەم پلەبەرزکردنەوە زانستییە لە پرۆفیسۆر د.نەزاکەت حسێن دەکات و ھیواخوازە پلەکەی و پسپۆڕییەکەی باشتر و وردتر لەبواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی کوردییدا بەگەڕبخات و «ریفۆرمی میدیایی لەئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵادا» بکاتە دەستپێکی ھەنگاوەکانی داھاتووی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟