ژینگەی کارکردن و ئازادی پیشەیی رۆژنامەوانانی ھەرێمی کوردستان تاووتوێکرا

چمک؛ سلێمانی: سێیەمین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تەرخانکرا بۆ تاووتوێکردنی «ژینگەی کارکردن و ئازادی پیشەیی رۆژنامەوانانی ھەرێمی کوردستان».

لەو مێزگردەدا کە رۆژی سێشەممە «08ی تشرینی یەکەمی 2019» لە ماڵی سەرکەوتن لەسلێمانیی بەبەشداریی ھەریەک لە ئومێد عوسمان، ژاڵە محەمەد، ئەکرەم تۆفیق، نیان محەمەد، عامر سەڵاح، گۆران سابیر و د.شوان ئادەم ئەیڤەس بەڕێوەچوو؛ تیشکخرایەسەر سیاسەتی تەحریریی و ئیدارەی کەناڵەکانی راگەیان وەک دوو دیارترین ئاستەنگی بەردەم رۆژنامەوانان کە رێگرە لەوەی رۆڵی پیشەیی خۆیان ببینن.

بەوتەی ئامادەبووان، ئێستا رۆژنامەوانان زۆرتر وەک «فەرمانبەر» مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؛ نەک پیشەوەرێکی خاوەن پرۆژە و پلان و پرۆگرامی پیشەیی خۆیان. ئەوەش وایکردووە کارکردنی رۆژانەیان ھێندەی لە «ئیش بەڕێکردن» و «کاتکوشتن»دا کورت بێتەوە، نیوھێندە خۆیان بۆ کاری رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری «investigative journalism» تەرخان نەکەن. ئەوە جگەلەوەی ئیدارەی راگەیاندنەکانیش ھێندەی ئیشی خێرا و بۆشایی پڕکردنەوەیان مەبەستە، نیوھێندە کات و پارە بۆ ئیشێکی درێژخایەنی پڕ زانیاریی تەرخان ناکەن.

بەشێک لەئامادەبووان پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە بێجگە لە رێگرییە یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی دەسەڵات و دامەزراوەی نیشتمانیی پیشەیی لەھەرێمی کوردستاندا کە بەرگریی لە ماف و ئازادییەکانی رۆژنامەوانان بکات؛ جۆرێک لەپەروەردە و کولتوری نادروستی جنێودان، تۆمەتبەخشینەوەو ناوزڕاندنی باڵادەست کراوە بەئامانجی دروستکردنی «پاڵەوانی شاشە» و بازاڕسازیی بۆی.

لەبەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا باس لەمەترسیی میدیای کوردیی کرا کە وەک خواردنی ماوەبەسەرچوو؛ ئیشتیھای بینین و بیستن و خوێندنەوەی وەرگرانی تێکداوە. لەو نێوەندەشدا، ژینگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەکارھێنانیان؛ جیاوازیی نێوان رۆژنامەوانێکی پیشەوەر و ناپیشەیی کەمکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، «تەمەڵیی رۆژنامەوان» و گەڕان بەدوای زانیاریی و بابەتی حازربەدەستدا وایکردووە خاوەنی راگەیاندنەکان؛ بەپێی ویست و بەرژەوەندیی خۆیان یاری بەبڕگەکانی گرێبەستی کارکردن بکەن و رەچاوی «پاداشت و سزا» نەکەن. ھاوکات ئەو راگەیاندنانەی کە بڕە مووچەیەکی زیاتر دەدەنە ئەوانەی کاریان لەگەڵدا دەکەن؛ زۆرتر وەک رۆبۆت کاریان لەگەڵ دەکرێت و بەپاساوی زۆریی مووچەوە؛ بەشێوەو جۆری جیاواز ئیستغلال دەکرێن و ژینگەیەکی لەبار و ئازادییان بۆ فەراھەم ناھێنرێت.

فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟