خوێندنی راگەیاندن، پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی تاووتوێکرا

چمک؛ سلێمانی: رۆژی چوارشەممە «16ی تشرینی یەکەمی 2019» چوارەمین تەوەری مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەناونیشانی «گرفت و گەشەی خوێندنی راگەیاندن، پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی ھەرێمی کوردستاندا» تاووتوێکرا.

لەو مێزگردەدا کە لەئۆفیسی سەرەکیی ئینستیوتی پەی لەسلێمانیی بەئامادەبوونی نوێنەرانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەڵەبجە و گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێوەچوو؛ ھەریەک لە پ.ی.د. حەکیم عوسمان، د.ھەتاو حەمەساڵح، د.ئەحمەد عومەر بلیی و د.شوان ئادەم ئەیڤەس بەشدارییان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە گرفتە باوەکانی دۆخی گشتیی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەھەرێمی کوردستاندا رەنگدانەوەیان بەسەر تەواوی بەشە زانستییەکانی نێوەندە ئەکادیمییەکانەوە ھەیە. ئەوەش وایکردووە گۆڕانکارییەکان گرێدراوی دۆخە گشتییەکە بێت و کەمتر پرۆژە و پلان و پرۆگرامی پەروەردەیی چانسی سەرپێکەوتن و گەشەسەندنی سەربەخۆی ھەبێت.

لەرووی خوێندکارەوە، بەشێک لەوانەی لەبەشەکانی راگەیاندن، پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی دەخوێنن؛ بەناچاریی و بەھۆی سیستمی وەرگرتنی ناوەندی «قبول مرکزی» و لەدەرەنجامی وەرنەگرتنیان لە بەشە دڵخوازەکانی خۆیاندا و بەتەنھا لەپێناو پارچە کاغەزی بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسدا درێژە بەخوێندن دەدەن. ئەوەش وایکردووە لەدوای بەدەستھێنانی بڕوانامەکەیان، زیاتر لەبواری پسپۆڕییەکانیان دووربکەونەوەو لەشوێن و بوارێکی دیکەدا بەدوای پەیداکردنی بژێوی ژیانیاندا بگەڕێن.

لەرووی پرۆگرامی خوێندنەوە، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە لەگەڵ ھاتنی بۆلۆنیا پرۆسێس و ناچارکردنی نێوەندە ئەکادیمییەکان بەجێبەجێکردنی بڕگە و پێداویستییەکانی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی ھەرێمەوە، جۆرێک لەدەستکراوەیی و ئاسانکاریی زیاتر بۆ لەخۆگرتنی بابەت و پرۆگرامی نوێ لەخوێندنی بەشە زانستییەکاندا ھاتوەتەئارا.

ھەر لەو مێزگردەدا؛ ئامادەبووان کەمیی و سنورداریی ئاست و توانا و بەھرەی وانەوتنەوەی مامۆستایانیان بەگرفتێکی دیکەی بەردەم گەشەی خوێندن ناوبرد، بەتایبەت لەزانکۆ و پەیمانگا حکومییەکاندا بەھۆی ھەبوونی دامەزراندنی ھەمیشەیی و نەبونی گرێبەستی کاتیی کارکردن؛ کەمتر توانراوە لێپێچینەوەی زانستیی لەگەڵ دەستەی وانەبێژاندا بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا لەنێو پێکھاتەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵای ھەرێمدا زۆر بەکەمیی کار لەسەر گەشەپێدانی توانا و بەھرەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی کراوە. ھاوکات بەھۆی سنورداریی پاڵپشتیی و رۆتینیاتی دارایی، کارگێڕیی، زانستیی و گرفتی یاساییەوە، مامۆستا و دەستەی وانەبێژان کەمتر خۆیان سەرقاڵی کنە و پشکنین و توێژینەوەی بەرھەمداری واقیعیی دەکەن.

لەرووی شوێن و ژینگەی خوێندنیشەوە؛ بەشەکانی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی بەدەست تاقیگەی تایبەتمەند بەسروشتی بەشەکانیان؛ دەناڵێنن و ئەوەش وایکردووە کەمتر پێداویستیی بازاڕەکانی کارکردنی ھەرێم دابین بکەن.

بەسوپاسەوە ھەریەک لە بابان جافر، ئارێز دارا و ئەوین محەمەد لەئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان؛ میوانداریی تەوەری چوارەمی ئەم زنجیرە مێزگردەیان کرد.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟