دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تاووتوێکرا

چمک، سلێمانی: لەپێنجەمیین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییدا رۆژی سێشەممە «٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩» تاووتوێی «مافی تایبەتمەندێتیی و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» کرا.

لەو مێزگردەدا کە لە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ (DHR) لەسلێمانیی بەئامادەبوونی ھەریەک لە ئاوات محەمەد، شۆخان حەمەرەشید، پ.ی.د.ئیبراھیم سەعید، نیاز ساڵح، د.شوان ئادەم ئەیڤەس، لەنجە خاوێ، ھێمن ئیبراھیم، داستان مارف، گمۆ محەمەد، ئەڤین ئەحمەد، گۆران فەتحی، پێشەنگ محەمەد بەڕێوەچوو؛ تیشکخرایەسەر رۆڵی حزبە سیاسییەکانی کوردستان و دەزگا سیخوڕییەکان وەک سەرچاوەیەکی رێکخراو و سەرەکیی لەپشت دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسایەتییە گشتتیەکان، نێودارەکان و تەنانەت ھاووڵاتیانی ئاسایی.

بەشێک لەئامادەبووان دووپاتیانکردەوە کە بەزاندنی سنورەکانی مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکان رەگ و ریشاڵی بۆ نێو کولتوری کوردیی بۆ بەر لەپەیدابوونی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە پێکھاتەی خێزانی کورد کە قەرەباڵخ و پێکەوەگرێدراو بووە، زەمینەی دەستوەردانە نێو تایبەتمەندییەکانی زیاتر رەخساندووە. ئەوەش وایکردووە، دیاردەکە پەلبھاوێت بۆ نێو ئەو تۆڕە ئەلکترۆنیانەی کە کۆنترۆڵکردنیان لەرووی تەکنۆلۆژیی و یاساییەوە ئاسان نییە.

ئەگەرچی لەھەرێمی کوردستاندا، بەدەر لەبڕگە و مادەکانی یاسای ژمارە ٤٣٨ی سزادانی عێراقیی ١٩٦٩؛ یاسای ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن بەکاردەھێنرێن بۆ وەرگرتن و لێپێچینەوەی یاسایی ئەو سکاڵایانەی لەسەر تاوانە ئەلکترۆنییەکان تۆماردەکرێن، بەڵام بەشداربووانی مێزگردەکە پێداگرییان لەسەر ھەموارکردنەوە یان دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەپاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی و ژیانی تایبەتیی کەسەکان کردەوە، چونکە ئەو یاسایانەی پێشوو وەڵامی پێداویستییە یاساییەکانی سنوردارکردنی تاوانە ئەلکترۆنییەکانی ئەمڕۆ نادەنەوە کە بەھۆی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانییەوە لەپەرەسەندندان.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟