د.ئازاد حەمە
ئیتیك بەشێكە لە فەلسەفە كە بایەخ بە كێشە و دادوەرییە رەوشتییەكانمان دەدات؛ بریتییە لە كۆمەڵە بەها و پرینسیپێك كە مرۆڤەكان بەرەو كردە چاكەكان ئاڕاستە دەكات. كەواتە: بەهۆی ئیتیكەوە، مرۆڤەكان بەها و مانا بۆ كردەكانیان دەدۆزنەوە. هەرچی رەهەندی ئیتیكییە، ئەوا ئەم رەهەندە ئەو لایەنە گرینگەیە ئیمەی مرۆڤ لەبوونەوەرەكانی تر جیادەكاتەوە و بەهۆی ئەم رەهەندەشەوە، ئێمەی مرۆڤ دادوەریی بەسەر رەفتارەكانمانەوە دەكەین: باشە لە خراپە، جوان لە ناشیرین جیادەكەینەوە. ئەوەی بۆ ئەم شیكردنەوەیەی ئێمە گرینگە، ئەوەیە: ئەم رەهەندە لەژێر كاریگەریی ژینگەی پەروەردەیی و مامەڵەكردنەكانماندا لەگەڵ ئەویتردا بێت. واتە بەها ئیتیكییەكان بۆ ئێمەی تاك لە كۆمەڵگەدا، مانای خۆی هەیە و بایەخدانیش بەو بەهایانە، بایەخدانە بە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان. شوێنی هێماپێكردنە ئەوەی پێوەندیی بە رەهەندی ئێتیكییەوە هەیە، تایبەت بە میدیای نیشتمانیی لە سەردەمی جیهانگیریی زانیارییدا، ئەوەیە كە چۆن گرینگی بە بەرپرسیارێتیی ئێتیكیی لە ئەنجامدانی پیشەی میدیا بدرێت و چۆنیش ئاڕاستەی نیشتمانیی میدیا پارێزراوبێت و جیهانگیریی زانیارییش لەلایەن خۆیەوە كاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر میدیای نیشتمانیی دابنێت. كەواتە: لەم باسەدا، بایەخ بە رەهەندی ئێتیكیی میدیای نیشتمانیی لەسەردەمی جیهانگیریی زانیارییدا (The Ethical Dimension of National Media in the Age of Globalization of Information) دەدەین، ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی كە بایەخدان بەم رەهەندە، مانای لە درووستكردنی ژینگەیەكی ئێتیكیی درووستدا دەبێت.
رەهەندی ئێتیكیی میدیای نیشتمانی
زۆربەی ئیتیكناسەكانی بواری میدیا، پێیانوایە: گەشەدان بە ئێتیكی تاكی (ئیندڤیدواڵ) (رەوشتێكی خودموختاریی) لەبواری میدیادا، پێویستییە و ئەمەش بۆ ئەوەی میدیاكاران بتوانن ئەركە گرینگەكەیان راپەرێنن. كەوابێت چۆن وا لە میدیا بكرێت بەها ئێتیكییەكان لە كۆمەڵگەدا بەهێزبكات و كار بۆ ئەوەش بكات كۆمەڵگە لەگشت روویەكەوە پێشبخات؟ بۆ روونكردنەوەی ئەم پرسیارە، هێما بۆ ئەوە دەكەین كە بەها ئیتیكییەكان لە بواری راگەیاندندا، گرینگیی خۆیانیان هەیە بۆ درووستكردنی راستگۆیی لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی و زانین-دا. ئەڵبەتە، پاراستنی ئەو بەهایەش، هەرگیز كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی كاتێك میدیای نیشتمانیی لەژێر كاریگەریی میدیای نێونەتەوەیی (گڵۆباڵ)دا بێت، گومانیشی ناوێ ئەوە كاتێك روودەدات كە میدیای نیشتمانیی دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەو جۆرە میدیا گڵوباڵانەی رەوتێكی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی داگیركەرانە وەردەگرن. لێرەدا پێویستە بزانین ئایا ئەركی میدیای نیشتمانیی پاراستنی بەها نیشتمانییەكانە؟ بەها نیشتمانییەكان چین؟ مەگەر ئەو بەهایانە بریتیی نین لە لەبەرچاوگرتنی كێشە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان؟ بەها نەتەوەیی و كولتوورییەكان؟ ئەڵبەتە، مافی مرۆڤیش بەشێكە لەو پرۆسەیە، بەڵام تایبەت بەم لایەنە، زۆر گرینگە لێرەدا هێما بۆ ئەوە بكرێت كە ئێتیكی گەردوناویی، پێویستە مرۆڤەكان یەكانگیربكەن. ئێتیكێك كە ئامانجی جیاكردنەوەی باشەیە لە خراپە و بڕیاردانە بەسەر رەفتاری تاكەكانەوە. كانت وتەنی: “ئێمە دەبێ بەجۆرێك رەفتاربكەین، كە رەفتارەكانمان پێوانەی گەردوناوییان لێپێكبێت.” هاوكات كە باس لە میدیای نیشتمانیی دەكرێت، گرینگە باس لە پێوانە پیشەیی و یاساییەكان بكرێن، كە لێرەوە دەكرێ قسە لە رەهەندی ئێتیكیی میدیاش بكرێت. بەپێی ئەوەی كە میدیا و ئێتیك، لێكدی جیاناكرێنەوە. ئەمە وادەكات رەهەندی ئێتیكیی لەگەڵ نەشونمای میدیادا، رەنگدانەوەی خۆی هەبێت. دیارە میدیا، شێوازی خۆی لە گەیاندندا هەیە. زۆرجاریش ئەو شێوازە رەهەندی ئێتیكیی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش لەبەرئەوەی میدیا پۆڵسی (سیاسەتی) خۆی تێكەڵ بەو گەیاندنە دەكات. ئەو دەمەش میدیا رەهەندی ئایدیۆلۆژیی خۆی پێش مەسەلە پیشەیی و یاساییەكان دەخات. ئەو تێپەڕاندنە ئێتیكییە درووستدەكات، كە لەسەرەوە هێمای بۆ كرا. بۆیە، كە قسە دێتە سەر رەهەندی ئێتیكی میدیا، گرینگیی بەو شیوازە دەدرێت میدیای پێدەگەینرێت، چونكە ئەو شێوازەیە كە زۆرجار وادەكات میدیا دووچاری گرفتی ئێتیكی ببێت. هاوكات ئەو لایەنەی لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا، ئەوەشمان پێدەڵێت: میدیای نیشتمانیی زۆرجار دەكەوێتە ژێر كاریگەریی میدیای گڵۆباڵ (یان دەرەكیی-یەوە). بەمجۆرە میدیای نیشتمانیی ئاڕاستەی خراپ وەردەگرێت، بەتایبەت لەو جۆرە وڵاتانەی كێشەی سیاسییان هەیە. واتە: میدیای نیشتمانی، دەبێتە هەڵگری ئایدیۆلۆژیای میدیای گڵۆباڵ كە لەكۆتاییدا میدیایەكی بێلایەنی لێبەرهەمنایەت. ئەم لایەنەش، وادەكات بپرسین: ئایدیۆلۆژیا و میدیای نیشتمانی، ئایدیۆلۆژیا و میدیای گڵوباڵ، كاریگەرییان بەسەریەكەوە نییە؟ یاخود ئەم دوو میدیایە (واتە: میدیای نیشتمانیی و میدیای گڵوباڵ)، دەتوانن پشت لە ئایدیۆلۆژیا بكەن؟ بەشێك لە توێژەرەوەكانی بواری میدیا، پێیانوایە: تەكنەلۆژیای هاوچەرخ كە بنكەی دیاردەی جیهانگیرییە، ریشەیەكی ئایدیۆلۆژیی هەیە و ئەمەش وادەكات میدیای جیهانگیریی بێلایەن دەرنەكەوێت. بۆیە، لێرەوە دەكرێ قسە لە پێوەندیی سێكوچكەییانەی رەوشت-ئایدیۆلۆژیا- میدیا بكرێت بۆ رونكردنەوەی ئەم لایەنە. بەپێی ئەوەی وتاری میدیا، وتارێكی بێلایەن نییە، بەڵام لەژێر كاریگەریی سیاسەتی درووستدا، ئەم وتارە دەكرێ ژینگەیەكی بەهای باش بەرهەمبهێنێ. بەڵام، لە وتاردا، فۆكۆ وتەنی: “دەسەڵات دەتوانێ ویستی خۆی تێدا پراكتیزەبكات.” دەسەڵات، دەتوانێ وا لە وتارێكدا ئاڕاستەی پەچەكردن و چەپاندن لەناخیدا سەوزبێ. بۆیە، دەكرێت بوترێ كە وتاری میدیایی، سیستەمی كەناركردن و بندەستكردنی تایبەت بەخۆی هەیە، كە وەك بەشێك لە میكانیزمی دەسەڵات خۆی نیشاندەدا. ئەم لایەنەش، بەروونی ئێستا لە میدیای جیهانییدا دەردەكەوێت. ئەمەش بەتایبەت كە میدیای جیهانیی ئێستا، بەردەوام كار لەسەر هەندێك چەمك دەكات، لەوانە: یەكسانی، داد، مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزیی، مافی جیاوازیخوازیی، زانستخوازیی، رەوشتی گەردوناویی و… هتد. بەڵام بەشێك زۆر لە گوزارەكردنەكان، كاریگەریی میدیای گڵۆباڵیان بەسەرەوەیە، كە ئەوەش بەرهەمی وتارێكی كولتووریی و سیاسیی و ئابوورىی ترن.
رەهەندی ئێتیكیی میدیای نیشتمانیی لە چاخی زانیارییدا
گرینگە هەر لەم سەرەتایەوە بپرسین: میدیای هاوچەرخ چجۆرە میدیایەكە؟ هەروەها ئایا ئێتیك بۆ میدیا و دواتریش میدیا لەسەردەمی تەكنەلۆژیای زانیاریی گڵۆباڵ-دا چیدەگەیەنێت؟ ئایا میدیای گڵۆباڵ، دەتوانێ میدیای نیشتمانیی بپارێزێ؟
ئاشكرایە میدیای هاوچەرخ، جۆرە میدیایەكە كەوتۆتە ژێر كاریگەریی جیهانگیریی تەكنۆلۆژیی ئابوورىی و كولتووریی نوێوە، كە روخسارێكی جیهانیی رۆح داگیركەرانەی هەیە. ئەمە و گومانی ناوی بوترێ: جیهانی ئێستا، جیهانێكی لایەندارە. دابەشكراوە بەسەر هێزەكان و لەژێر هەندێك ناوی دەسەڵاتیش دا، ئەم جیهانە پراكتیزەی ویستەكانی خۆی دەكا. بۆنمونە بەناوی راستیی، دادپەروەریی و ماف-ەوە دەبینین گەلێ بێدادیی و نایەكسانیی لەجیهاندا پیادە دەكرێ و، میدیای گڵۆباڵ-یش، رۆڵی لە گەیاندنی ئەم لایەنانەدا هەیە. بەپێی ئەوەش كە میدیا شوێنێكە بۆ گوزارەكردن، ئەمە وا دەكا بواری گوزارەكردن بەزۆری بۆ ئەوانەبێ كە توانای مۆنۆپۆلكردنی وتاریان هەیە. بەواتایەكی تر، دەكرێ بپرسین: كێ لە ئێستادا وتاری میدیا دادەڕێژێ؟ ئایا ئەم وتارە، هێزە گڵۆباڵەكان لە بەرهەمهێنانی دا بەرپرسیارنین؟ ئەوەی بایەخدارە لێرە و، تایبەت بەم پرسیارانە سەرنجی بخرێتە سەر، ئەوەیە كە میدیای نوێ (میدیای چاخی تەكنەلۆژیای زانیاریی)، خۆی وەك میدیای هەموان نیشاندەدا، واتە: دەتوانین لەیەككاتدا، هەموان ئەوەی دەمانەوێت دەستمان بكەوێت و، تەنانەت میدیای نوێ، كە ئیش لەسەر كرانەوە و ئازادیی رادەربڕین دەكا، بەشێك لە فەلسەفەی ئەم میدیا نوێیە، بەرهەمی بیری سیاسیی و ئابوورىی لیبڕاڵیزمی نوێیە. ئەمەش وا دەكا بڵیین: ئابوورىی بازاڕ و میدیای نوێ، بەسەختی لێكدی جیادەكرێنەوە. هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ئەم میدیا تازەیەوە (مەبەست میدیای چاخی زانیارییە)، میدیای ناوبراو، كەوتۆتە ژێر سایەی تەكنەلۆژیای زانیاریی و ئابوورىی بازاڕەوە. بۆیە، زۆربەمان دەكرێ بپرسین: ئایا میدیای نیشتمانیی لەم لایەنەدا بەدوور دەبێ؟ چونكە میدیا كە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئابوورىی بازاڕەوە، بەرژەوەندییە ئابوورىی (بازرگانیی) و سیاسییەكان لەبەرچاودەگرێ و، كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێ بەسەر دیموكراسییەت و پلۆراڵیزمەوە، كە ئەوەش زیان لە رەهەندی ئێتیكی میدیا دەدا (نیشتمانیی، یان غەیرە نیشتمانیی).
بۆ پتر روونكردنەوەی ئەوەی لەسەرەوە وترا، هێما بۆ ئەوەش دەكەین كە شۆڕشی زانیاریی (یان تەكنەلۆژیای زانیاریی)، كاریگەریی زۆری بەسەر ژینگەی میدیای نیشتمانیی و نێونەتەوەیی (جیهانیی)یەوە بەجێهێشتوە. ژینگەی میدیای نیشتمانیی، كە ناتوانێ خۆی لە شۆڕشی زانیاریی دابڕێ، ئاڕاستەی جۆراوجۆری وەرگرتوە. ئەمەش لەبەرئەوەی خودی میدیا، لقوپۆپی لێدەبێتەوە (بینراو، بیستراو، خوێندراو). ئەڵبەتە كە باس لە میدیای نیشتمانیی دەكەین، گرینگە بزانین ئێمە باس لە میدیای لۆكاڵ دەكەین، هاوكات پێویستە ئەوەش بزانین كە چارەنووسی میدیای نیشتمانیی، لە دەموەختی میدیای ئەلەكترۆنیی، یان میدیای نیشتمانیی لە سەردەمی تەكنەلۆژیای زانیاریی، بە میدیای گڵۆباڵ-ەوە گرێدراوەتەوە، چونكە خودی سەروەریی نەتەوەیی (دەوڵەتی ناسیۆنال)، لەگەڵ هاتنی تەوژمی جیهانگیریی ئابوورىی و سیاسیی و كولتووریی- دا، ئەو مانا ئەفسانەییەی نییە، یان خۆی لەبەردەم سەروەریی نێونەتەوەیی دا، راناگرێ. كەوابێ دەشێ بوترێ: لیراڵیزمی نوێ، ئاڕاستەكانی میدیای گۆڕیوە. واتە میدیای سەردەمی لیبراڵیزمی نوێ، بەجۆرێكی تازە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی، رەگەز، ژێندەر، ئایین و شوێنی جوگرافی دا دەكات و، خودی میدیاكەش، رەهەندێكی ناكۆتا و بێسنوری هەیە. وەكی تریش، دەكرێ بوترێ میدیای نیشتمانیی و گڵۆباڵ، كاریگەریی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی لەسەر بینین و بیستن و خویندنەوەكانمان داناوە، كە ئەوەش تەماشاكردنە سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و روناكبیرییەكانیشمان دەگۆڕێ. بەڵام ئەو كاریگەرییە، وەك یەك نییە، كە لای خوارە هێمای بۆ دەكەین. كاری میدیا ئێستا، لەم سەردەمە دا كە كەوتۆتە ژێر كاریگەریی تەكنەلۆژیای زانیارییەوە، ئاسان نییە. زۆرجار ئەمە وادەكا میدیای نیشتمانیی بوونی نەبێ و لەبەردەم هەڕەشەی میدیای گڵۆباڵ-دا، وەك میدیای لۆكاڵ، وێنابكری. بەمجۆرە: ئەم بابەتە، كار لەسەر بوونی میدیای نیشتمانیی دەكا و، چۆنیەتی خۆڕاگریی ئەم میدیایە، لەبەردەم میدیای گڵۆباڵ و ئەو كاریگەرییانەیشی كە میدیای گڵۆباڵ لەسەر میدیای نیشتمانیی دایدەنێ، چونكە شیاوییەكانی میدیای گڵۆباڵ، وا دەكا ئەو سیستەمە بەهایە هەڵبوەشێنێتەوە. میدیای لۆكاڵ، كاری لەسەر دەكا و لەبری ئەوە، سیستەمێكی گڵۆباڵ، كە بەرهەمی تەكنەلۆژیای زانیاریی جیهانییە، لە هەناوی میدیای نیشتمانیی دا بەرهەمبهێنێ. ئاشكرایە، ئەو وێنە و دەنگەی ئەمڕۆ میدیای گڵۆباڵ دروستیدەكات، كاریگەرئامێزە. بەواتایەكی تر، وێنە و دەنگەكە، توانای درووستكردنی باش یان خراپە، جوان یان ناشیرینی هەیە. ئەم لایەنەش، ئۆتۆماتیكیی دەگوێزرێتەوە بۆ ناو میدیای نیشتمانیی. كەواتە: دەشێ بڵیین هەموو یەكێك لە ئێمە حەزدەكا رۆژانە هەواڵی چاكی گوێ لێبێ، ببینێ، بخوێنێتەوە. بەڵام، ئێمە ئێستا لە جیهانێكداین، پڕە لە كێشەی هەنووكەیی، كە خۆیان بەسەرماندا دەسەپێنن، بۆنمونە: تیرۆر، پیسبوونی ژینگە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی “ئیبۆلا”… و بەشی زۆریش لە هەواڵەكان، تووشی رەشبینیمان دەكەن و، بەشێكیشی بیركردنەوەمان پەرتدەكەن.
دەرهاویشتە
ئێستا، درووستكردنی بیركردنەوەی ئێتیكیی لەمیدیادا، لەگشت كاتی تر، پێویستە و رەهەندی ئێتیكیی میدیاش، خۆی لەوەدا چڕدەكاتەوە كە راستییەكان بوترێن، رێز لە ئەویتر بگیرێ. بەواتایەكی تر: ئەویتر مافی هەیە راستی بزانێ و بۆچوونی بەهەند وەربگیرێ و زانین و زانیاریی پێبگات. هاوكات كار بۆ ئەوەش بكرێ كە میدیا ببێتە شوێنێك بۆ گوزارەكردن لە بۆچوونی كەسی و فرەگەریی و رەوایەتیش نرخی بۆ دابنرێ و، كەمینە و چین و توێژە جیاجیاكانیش، بەرێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. تەنانەت ناشێ رۆڵی میدیا لە وروژاندنی دیاردە سیاسیی، ئاینیی و كولتوورییەكان-دا، دراماتیزەكردنی بەشێكیان بێ و وەلاوەنانی ئەوانیتر. لەبەرئەوەی كە جیهانگیریی، زانیاریی ئێمەی فڕێداوەتە ناو فرەگەریی میدیاوە، ئەمە وایكردوە میدیا بەناوی جۆراوجۆرییەوە، بكەوێتە ناو هەڵەی ئێتیكییەوە. لێ میدیای راستەقینە (نیشتمانیی، یان گڵۆباڵ)، پێویستە مانا بە ژیان بدات و، بەها ئێتیكییەكان بپارێزێ و ژینگەیەكی ئەقڵانیی مرۆڤدۆستیی بونیاد بنێ و، رەهەندی مرۆیی بپارێزێت و، پەرە بە تۆلیرانس و نازەبروزەنگ و یەكسانیی بدا. بۆیە، میدیای چاخی زانیاریی، پێویستی بەوەیە پێوەندیی سیانەی نێوان ئێتیك و جیهانگیریی زانیاریی و میدیادا، سەرلەنوێ رێكبخاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم لایەنانە بەرهەمبهێنی.
پێشنیاز
- ژینگەی میدیای نیشتمانیيمان؛ بەهۆی كێشە سیاسیی و ئابوورىی و كۆمەڵایەتییەكانەوە، پیسبووە. ئەمە وا دەكا پێویستمان بەوەبێ میدیای نیشتمانیی، كار بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكەكان بكات و، بەسەر دەسەڵاتيشەوە چاودێربێت.
- بەپێی ئەوەی میدیا دەتوانێ بیركردنەوە و شێوازی كەسەكان بگۆڕێت؛ بۆیە میدیای نیشتمانیی ئێمە، پێویستی بەوەیە توانای درووستكردنی ئیدیا و هزری هەبێ و، كاریگەریی لەسەر رەفتاری تاكەكان دابنێ.
- گرینگە میدیای نیشتمانی؛ میدیای هەموان بێ و كراوەیی و ئازادیی رادەربڕین بكاتە بناغە بۆ پەیامەكانی.
- پێویستە میدیا (نیشتمانیی، یاخود گڵۆباڵ)، ئێستا بایەخ بە بەها گەردونییەكان بدات. ئەو بەهایانەی خاڵی هاوبەشی مرۆڤەكانن كە ئەوەش وادەكا تەكنەلۆژیای گەیاندنی ئەلەكترۆنیی پۆزەتیڤ بكەوێتەوە. لێرە مەبەست لەو خاڵە هاوبەشانە، ئەوەیە: میدیای نیشتمانیی یان جیهانی، تایبەتمەندیی كولتووریی و زمانەوانییە جیاجیاكان بپارێزێ و مافەكانیش لەبەرچاو بگرێت.
- میدیای نیشتمانی؛ پێویستی بەوەشە كە گەشە بە دیموكراسیەتی بازاڕ نەدا و یاری بە هەستیش نەكا، كە ئەم لایەنە، ئێستا بووەتە یەكێك لە خەسڵەتەكانی میدیای گڵۆباڵ، چونكە ئەو دوولایەنە، كاری وایكردوە تاكەكان لە بەها و رێساكانی رەفتار بخات.
سەرچاوەكان:
- Pierre Bourdieu. Om televisionen. Brutus Östlings Bokförlag 1999.
- Löwenborg Anders. Undersökande journalist. Ordfronts förlag, Södertälje 1995.
- Linnea Brundell. Kommunikation, etik och moral. 2013.
- http://hig.diva-portal.org/…/get/diva2:642687/FULLTEXT01.pdf
- Cornu. D. “Journalisme et vérité”, Labor et Fides, Genève, 1994.
- William Babcock and William H. Freivogel. The Sage Guide to Key Issues in Mass Media Ethics and Law. SAGE Publications Inc 2015.
- Patrick L. (Lee) Plaisance. Media Ethics: Key Principles for Responsible Practice. SAGE Publications, Inc, 2013.
- Jay Black, Chris Roberts. Doing Ethics in Media: Theories and Practical Applications. Routledge, 2011.
- Media Ethics: Cases and Moral Reasoning. Clifford G. Christians, Mark Fackler, Kathy Richardson.Routledge; 2015.