لە ئەسفەهان خولێكی رۆژنامەوانیی بۆ رۆژنامەنووسانی سلێمانی رێكدەخرێت

بەدواداچوونی: ئارام حەمەعەلی

داڕشتنەوەی: دەرگاوان

“بەئامانجی زياتر برەودان بەتوانای پیشەیی رۆژنامەنووسانی کوردو بینینی ئەزموونی رۆژنامەنووسانی بیانیی و ئاشنابوون بەشێوازی كاركردنیان”؛ خوولێكی رۆژنامەوانیی بۆ 17ئارەزوومەندی میدیایی لە ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان و خوێندکارانی بەشە زانستییەكانی راگەیاندن و تەكنیكی میدیا-ی زانكۆكان و چالاکوانانی كۆمەڵگەی مەدەنیی نیشتەجێی پارێزگای سلێمانی لە شاری ئەسفەهان و “لەسەر حسابی وەزارەتی ئیرشاد و فەرهەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران” رێكخرا.

رۆژنامەنووسی باش و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەولێر و دهۆك

“لەبەرئەوەی ئێمە لەرووی ئەکادیمییەوە توانیومانە بەشێکی سەرەتایی لەبواری رۆژنامەگەریی وەربگرین، خوولەکان دەبنە درێژەپێدەری ئەو زانیاریانەی پێشتر وەرمانگرتوون.” سیڤان ئازاد؛ دەرچووی بەشی تەكنیكی میدیا لەپەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی وەك یەکێک لەبەشدارانی خوولەکە بەمجۆرە بۆ گۆڤاری دەرگاوان دواو بەپێویستیی زانی كە رۆژنامەنووسان بەپەرۆشەوە بەشداریی خوولە رۆژنامەوانییەكان بکەن و تواناکانی خۆیانی پێ پێشبخەن؛ “لەم خوولەدا؛ ئێمە لەسەر درووست بەكارهێنانی وشە راهێنراین، چونکە وشە گرنگیی خۆی بۆ ئاستی تێگەیشتنی وەرگر هەیەو راپۆرتە مەیدانییەکانیش بە بەرنامەی پلان بۆداڕێژراوی پێشوەخت کاریان لەسەر بکەین.” هاوكات بەشداران باس لەگرنگیی کردنەوەی خوولە پیشەییەكانی رۆژنامەوانیی و بردنەدەرەوەی رۆژنامەنووسان بۆ وڵاتانی بیانیی دەكەن. لەوبارەوە زانکۆ سەردار؛ وەك بەشداربوویەكی دیكەی خوولەكە دووپاتیكردەوە كە وێڕای ئەوەی ئەزموونی زیاتر لە 18ساڵ کاركردنی رۆژنامەوانیی هەیە، بەڵام کردنەوەی ئەوجۆرە خولانە بە “گرنگ” دەزانێت، چونكە “کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رۆژنامەنووس دەبێت، بەتایبەت کاتێک خۆی مەبەستی بێت برەو بەتواناکانی بدات و حەزی فێربوونی هەبێت. ئەو کەسانەی بەشداریی ئەم خوولەیان کرد؛ هەموویان رۆژنامەنووسی باشن و تموحێکی باشی فێربوونیشیان بۆ بوارەکەی خۆیان هەیە.” هەربۆیە ئەو رۆژنامەنووسە داوا لەسەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكات؛ “بەردەوامیی بەمجۆرە خولانە بدەن و هەوڵبدەن لە شارەکانی هەولێرو دهۆکیش ئەم دەرفەتە بۆ رۆژنامەنووسان بڕەخسێنن.”

ئەسفەهان؛ رۆژنامەنووسانی سلێمانی كۆدەكاتەوە

بە وتەی رێكخەرانی خوولەكە؛ پێشتر و لەناوخۆی وڵاتدا چەندینجار خوولی پیشەیی جۆربەجۆریان بۆ رۆژنامەنووسان رێكخستووە، بەڵام هیچکات بۆ خوولی رۆژنامەوانی؛ رۆژنامەنووسانیان نەبردووەتە دەرەوەی وڵات. ئەگەرچی لەساڵی 2016ەوە؛ بیرۆکەی رێكخستنی خوولێک بۆ رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی وڵات لەلای لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و دەزگای میدیایی جام کوردی؛ درووستبوو، بەڵام لەكۆتایی 2021دا بیرۆکەکە جێبەجێكرا. لەدوای بڵاوکردنەوەی بانگەواز؛ لەكۆی 68کەس کە ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، 30کەس بۆ بەشی یەكەمی خوولەكە هەڵبژێردران و لەماوەی نێوان 04-09ی كانونی یەكەمی 2021دا زیاتر لە 40كاتژمێر وانەی تیۆریی و پراکتیکیان خوێندو دواتر 26 كەسیان “بەسەرکەوتوویی خوولەكەیان لە شاری سلێمانی تەواوکرد.” ناوەڕۆکی وانەکانیش لە”دیمانەی تەلەڤزیۆنی، تێگەیشتنی میدیایی، هەواڵ و شێوازی داڕشتنی” پێكهاتبوون. فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی؛ زمناكۆ ئیسماعیل یەكێكی دیكەبوو لە بەشدارانی خووكە لەلێدوانێكیدا بۆ دەرگاوان رایگەیاند؛ کردنەوەی ئەم خولانە بۆ رۆژنامەنووسانی بەئەزموون گرنگە، چونكە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندكردنی ئەزموون و زانیاریی و گۆڕینی ئەو شێوازە کۆنەی ئیشکردنیان بەو شێوازە تازەی کە ئەمڕۆ باوە. هەربۆیە “گرنگە لایەنی پەیوەندییدار، بەتایبەت سەندیکای رۆژنامەنووسان بەردەوامیی بەمجۆرە خولانە بدەن و رۆژنامەنوسی زیاتر بەشداریی پێبکەن، تا باشتر لەگەڵ دنیای ئەمڕۆی رۆژنامەگەرییدا ڕێ بکەن.”

ئەو خوولە لەلایەن هەریەك لە کاروان ئەنوەر و ئازاد محەمەد لە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و رەزا رەحمەتیان؛ سەرنووسەری رۆژنامەی جام کوردی، رێكخرا و سەرپەرشتییكرا. دوای نزیکەی 40رۆژ لەتەواوبوونی بەشی یەكەم؛ ئامادەکاریی بۆ بەشی دووەمی خوولەكە کراو 17ئارەزوومەند لەکۆی 26بەشداربووی بەشی یەكەم بۆ بەشی دووەمی خوولەكە سەركەوتن كە چواریان لە رەگەزی مێ و 13شیان لە رەگەزی نێر بوون. لەرۆژی 11ی شوباتی 2022دا بەرەو وڵاتی ئێران بەڕێ کەوتن و لەپاش دوورۆژ لە شارۆچکەی ئاوریشمە-ی شاری ئەسفەهان و لەئۆردوگای شەهید بەهەشتی سەر بە وەزارەتی ئیرشادو فەرهەنگی ئێران بۆماوەی پێنج رۆژ و رۆژانە لەکاتژمێر 8:30-05:00ی ئێوارە وانەی تیۆریی و پراکتیکی خوێندران. ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی لە بەشی دووەمی خولەکەدا وتراونەوە؛ تەواكاریی بەشی یەكەم بوون، بەشێوەیەک کە لەگەڵ کاری ئەمڕۆی رۆژنامەوانییدا بگونجێن و رۆژنامەنووسان بتوانن بۆ میدیای نوێ و کلاسیک سوودی لێوەربگرن. بەتایبەت لەرووی چۆنیەتی نووسینی یاداشت و داڕشتنی راپۆرت و درووستکردنی هەواڵ. هەردووبەشی خوولەكەش لەلایەن سێ مامۆستای خاوەن ئەزموونی زانکۆکانی ئێران وترانەوە کە ئەوانیش: د.شەهریار گەنجی، سەید عەلی محەمەد رەزەوی و حەسەنی رەزایی بوون. د.شەهریار گەنجی؛ خاوەنی زیاتر لە 20ساڵ ئەزموونی کاركردنی رۆژنامەوانیی لەمیدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی ناوەڕۆکی بابەتەكانەوە رایگەیاند؛ هەواڵ لەمیدیا جیهانییەکاندا کاری سەرەکیی خوولەكەی ئەوانە، “بۆ کاری هەواڵنێریی و داڕشتنەوەی هەواڵ پێویستە زانست و زانیاریی تەواوت لەسەر هەواڵ و بەهاکانی و چۆنیەتی داڕشتنەوەی هەبێت، یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی هەواڵنێریی و هەواڵسازیی و پێویستییەکانی دەزگا میدیاییەکان؛ شارەزابوون و قاڵبوونەوەیە لەم بوارەدا.”

.”

هاوسەنگیی جێندەریی و بەردەوامیی خوولی رۆژنامەوانی

بەبڕوای بەشداران؛ ئامادەبوونی رەگەزی مێینە لەهەردووبەشدا لایەنێكی دیكەی “ئەرێنی” خوولەكە بوو. لەوبارەیەوە ڤینۆس تۆفیق وەك ژنە وێنەگرێكی رۆژنامەوانیی باسی لە “گرنگیی رەچاوكردنی هاوسەنگیی جێندەری” ئەمجۆرە خوولانە كردو وتى: “كردنەوەی خولێكی لەمجۆرە لە وڵاتێكی جیاواز بۆئێمەی میدیاكاری كورد جگە لە ئاشناكردنمان بە كولتوری وڵاتەكە، ناچاریشمان دەكات سوود لە نوێگەرییەكانی میدیای ئێران وەربگرین. ئەوەی من و هاوڕێكانم لەم خوولەدا بەتیۆریی و پراكتیكی بینیمان، زیاد لەتوانای خۆمان بوو، چ لەرووی کاتژمێرەکانی وانەخوێندن، چ لەرووی بڕینی رێگایەكی دوور لەسلێمانییەوە بۆ ئەسفەهان.” هەروەك دووپاتیشیكردەوە كە ئەو وەك فۆتۆگرافەرێك “زۆر زۆر” سوودی لێوەرگرتووەو لەدوای خوولەكەوە ئەزموون و تەكنیكی نوێی لە كارە میدیاییەكانیدا بەكارهێناوە، چونكە “مامۆستایانی خوولەكە لەئاستێكی میدیایی بەرزدا راهێنانیان بەئێمە كرد، ئەتوانم بڵێم هەموو تیمە رۆژنامەوانییەكەی سلێمانی بە زانیاریی نوێ و داهێنانی میدیاییەوە گەڕاونەتەوە.” هاوكات سەرنووسەری رۆژنامەی جام کوردی؛ رەزا رەحمەتیان لەبارەی پێویستیی كردنەوەی خوولی رۆژنامەوانیی بۆ رۆژنامەنووسانی كوردستان لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەرگاوان دواو وتی: “ئێمە دەمانەوێت کارێک بکەین ئێران و هەرێمی کوردستان لەبوارەکانی کولتووری، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەیەکتر نزیک بخەینەوە.” هەڵبەت پێشتر ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە، هەربۆیە ئەم خوولە هاوبەشەیان رێکخستووە، چونکە پێیانوایە دەتوانن لە رێگەی رۆژنامەوانان و رۆژنامەگەرییەوە زیاتر بەو مەبەستە بگەن. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بەردەوامیی بەوجۆرە خوولانە بدەن و کاری پێکەوەیی زیاتر ئەنجامبدەن؛ “کۆی تێچووی خوولەکە لەسەر حسابی وەزارەتی ئیرشاد و فەرهەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە بڕوانامە بە بەشداربووان دەدرێت.”

ڤاكسینی كۆرۆنا و ڤاكسینی سیخوڕی

بە وتەی بەشدارانی خوولەكە؛ لەپاش کۆتاییهاتنی وانەکان و بۆ تەواوكاریی ئەو زانیاریانەی لەچوارچێوەی وانە پراکتییکیەکاندا پێیان دەدرا؛ بەشداربووان دەبرانە شوێنە گەشتیاریی و مێژووییەکانی ئەسفەهان تا زیاتر ئاشنای مێژوو کولتوری ناوچەکە ببن و هەندێک شەویش فێرخوازان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر وانەیان وەردەگرت. هەر لەسەرەتاوە تا کۆتاییهاتنی خوولەكە، بەتایبەت بەشی دووەمی لەژێر رێنمایی و چاودێریی دەزگا تەندروستییەكانی هەردوو وڵاتدا بەڕێوەچوو، سەرجەم فێرخوازان لەسەرەتاو کۆتایی خوولەكەشدا پشکنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا-یان بۆکرا. ئەوە جگەلەوەی سەرجەمیان پێشتر ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتبوو. كاروان ئەنوەر وەك سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێکييدا بۆ دەرگاوان ئەو خوولەی بەیەکێک لەسەرکەوتووترین خوولەکانی سەندیکاكەی ناوبرد؛ “خوولێکی چڕوپڕو باشبوو، مامۆستاکان بەتواناو شارەزابوون و خوێندکارانی خوولەکەیش لەئاستێکی باشدابوون، تواناو حەزی فێربونیان زۆربوو.” هاوكات لەو وانانەی کە بە پراکتیکی و تیۆریی دەوترانەوە؛ هەوڵیانداوە لەئاستێکدابن کە هەموو بەشداران سوودی لێ ببینن و ببێتە رێگانیشاندەرێکی نوێ بۆیان، “دڵنیام لەدوای تەواوبوونی ئەم خوولەو گەشتکردن بە وڵاتی ئێران و بینینی شارێکی گەورەی وەک ئەسفەهان-دا، ئەم کۆمەڵە رۆژنامەنووسە گۆشەنیگای رۆژنامەنوسییان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووەو ئاستی بیرکردنەوەو دنیابینیان فراوانبووە، ئەمەیش لەو راپۆرت و بابەتانەی کە لەو ماودەیەدا بڵاویان دەكردەوە بەروونیی هەستی پێدەکرا.” هەربۆیە لەبەرنامەیاندا درێژە بە خوولی هاوشێوە بدەن و کارێک بکەن کە رۆژنامەنووسانی کورد ببەنە دەرەوەو ئاشنایان بکەن بەو وڵاتانەی کە رۆژنامەگەریی تێیدا پێشکەوتووەو مێژوویەکی باشیان لەو بوارەدا هەیە؛ “لەناو ئەوانەیشدا وڵاتی میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەبەرنامەماندایە خوولێک لەو وڵاتەدا بکەینەوە تا خزمەتێک بە رۆژنامەوانانی کورد و بواری رۆژنامەنووسیی بکەین و سوود لەئەزموون و پێشکەوتنەكانی ئەوان وەربگرین.” لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا؛ كاروان ئەنوەر “تۆمەتی سیخوڕییكردن بۆ ئێران”ی رەتكردەوە كە لەسەروەختی بەڕێوەچوونی بەشی دووەمی خوولەكەدا لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوویەوە، “هەموو کارێکی گەورە لەلایەن ناحەزانەوە بە گەورەیی پەلامار دەدرێت.” هەربۆیە ئەوان وەك لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە كار و چالاكیی و خوولی هاوشێوە بۆ خزمەتکردن بە رۆژنامەنووسان بەردەوامدەبن، چونكە “ئەم کارەمان بە قەناعەتەوە کردووەو خۆمان لە ئاوی شەو بەپاکتر دەزانین، بێباکین لەو تۆمەتانە. هەموو رێکارێکی یاساییمان گرتووەتەبەر و داوای یاساییمان تۆمارکردووەو داوای قەرەبوو بۆ فێرخوازانيش دەکەین؛ ئەگەر پێویستيش بکات سکاڵاکانمان لەدادگای فیدڕاڵيی عێراق تۆماردەکەین.”

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟