د.شوان ئادەم ئەیڤەس*
سەربەخۆیی پیشەی رۆژنامەوانییو دابڕاندنی لەكۆی هەژموونە: سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتییو كولتورییەكانی كۆمەڵگەی كوردییو ناساندنی رۆژنامەوان وەك كەسایەتییەكی خاوەن ئیرادەی ئازاو ئازاد، بەبێ هەبوونی یاسایەكی روون و پانتاییەكی كراوەی كار و وتووێژی راشكاوانە، ئەگەری بەدیهاتنی سستو لاوازە. تێپەڕبوونی 124ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردییو غیابی كاریگەریی بنكەفراوانی كایەی رۆژنامەوانی، بە ناردنی دروودو سڵاو بۆ گیانی بەدرخانییەكانو رێكخستنی فیستیڤاڵی تەشریفاتیو بەخشینەوەی خەڵاتو دیاریی بۆ زۆرو بۆریی راگەیاندنەكانو كادیرەكانیان، پاساو نادرێتەوەو نابێتە بەڵگەی هەبوونی ئازادیی دەربڕینو رۆژنامەوانی، چونكە بەبێ جیاكردنەوەی دەستەڵاتەكانو دەستنیشانكردنی سنووری كار و بڕیاردانیان، ئیمكان نییە رۆژنامەوانیی بتوانێت وەك دەسەڵاتی چوارەم هەلی دەركەوتنی بۆ بڕەخسێتو بواری ئەوەی بدرێتێ؛ چاوێكی چاودێریی پانتایی كۆمەڵگەو ناوەندە جیاجیاكانی دەستەڵاتو حكومەت بێت.
دوابەدوای بەڕێكردنی سیستمی حوكمداریی چەند حكومەتێكی داغلەدڵو دوژمن بە كوردو پاشتر ئاشنابوونو هەڵكردن لەگەڵ چەند كابینەیەكی حكومەتی هەرێم لەباشوری كوردستاندا. جیانەكردنەوەی دەسەڵاتەكانی: یاسادانانو راپەڕاندنو دادوەری؛ وەك دیارترین خەسڵەتی هاوبەشی نێوان كۆی ئەو حكومەتانە، مۆتۆڕی هەڵسوڕِاندنی تەواوی كایە جیاجیاكانی نێو هەناوی كۆمەڵگەی كوردیی بووەو رێگر بووە لەوەی كایەكان، سەربەخۆیی كارگێڕییو پیشەیی خۆیان وەرگرنو مومارەسەی ئەركو مافەكانیان بكەن كە لەمەشدا سیستمی دیكتاتۆرییو شمولیەتی مۆدیلی حیزبی خۆرهەڵاتيیو هەژموونی سەرۆكو سەكردەی پارتو گروهی خاوەنهێز لەلایەكو ملكەچییو مایەپوچیی هاووڵاتیان لەلایەكی دیكەوە، رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لەوەی حكومەتەكان ساوایەكی دەستوپێ سپيیو گوێڕایەڵی پارتە هەڵسوڕێنەرەكانیان بنو پارتەكان-یش درێژكراوەی میزاجی ناجێگیرو عەفەویانەی ئەندامانی مەكتەب سیاسیی ئەو حیزبانە بن كە سووسەی رۆژنامەوانو زانیارییەكانی، عەقڵ لەكەللەیاندا ناهێڵێتو بەبێ سۆراخو بەدواداچوون، حوكمی پێشوەختو بڕیاری بێبنەمایان پێدەردەكاتو بەپێی پاشماوەكانی یاسای سزادانی عێراق، رۆژنامەوانان پەلكێشی “دادگا؟!” دەكەن. ئەو یاسایانەی گەورەترین بەربەستو سانسۆری تیا دەستنیشانكراوە؛ لەهەر لایەكەوە كاری پێبكرێت، دەتوانرێت گرژو خاو بكرێنەوەو بەپێی ویستو زەوقی ئەو نێوەندانە بەكاربهێنرێن كە لەپشت جووڵەپێكردنی یاساكانەوەن. رۆژنامەوانان؛ لەغیابی سەندیكایەكی سەربەخۆو خاوەنهەڵوێستی عەمەلییو نەبوونی حەسانەیەكی یاساییو رێكخراوەیی، دەبنە قوربانیی پیشەكەیان. لێرەشەوە رۆژنامەوان ناتوانێت وەك كەسێكی پڕۆفیشناڵو خاوەن پرۆژە كارنامەی خۆی لەدروشمێكی پڕ شەوقو زەوقەوە دابەزێنێتە پانتایی ناوەندە جیاكانی رۆژنامەوانییو ببێتە ئەو ئاوێنەیەی خەڵكو حكومەت ناڕێكییەكانی خۆیانیان لەبەردەمدا راستبكەنەوەو بەدوای چارەسەركردنی گرفتەكاندا بچنو پەیوەندییەكی درووست لەنێوان ناوەندە رۆژنامەوانییەكانو ئۆرگانو ناوەندەكانی دەستەڵاتو حكومەتدا درووستبكات. لەدەرئەنجامیشدا؛ ئەو متمانە دوولایەنەیە درووستنابێت كە لەنێوان نێرەری پەیامەكانو وەرگرەكانیاندا پێویستە درووست ببێت، چونكە لەكۆمەڵگەیەكدا كە ئەگەری بەدواداچوونو پشتڕاستكردنەوەی دەنگۆو بانگەشەو پروپاگەندەكان، بەپێی یاساو لەچوارچێوەی ئازادیی دەربڕینو كاركردنی رۆژنامەوانییدا ساغنەبوبێتەوەو سەرچاوەی زانیارییەكان كراوەو راشكاو نەبووبێتن، ناتوانرێت پەل بۆ زۆر باسوخواسی هەستیارو گرنگ ببرێتو هاووڵاتیانی لێ بەئاگا بهێنرێتەوە، چونكە كۆنیو داخراویی مۆدێلی حوكمڕانیی سیستمە سیاسییەكەو یاساكانی رێگردەبن لەوەی پەردە لەرووی گەندەڵییە گەورەكاندا هەڵبماڵرێنو زانیارییەكانی پشت پەردە ئاشكرا بكرێن.
جیانەكردنەوەی دەستەڵاتەكان بەتەنیا گرفتێكی سیاسییو كارگێڕیی ئەم بەشەی كوردستان نییە، بەڵكو دەرهاویشتەكانی لەنێو كۆی كایە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردییدا دەركەوتونەتەوەو رۆژانە لێرەو لەوێ كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی لەناو بچوكترین یەكەی كارگێڕیی ئەم كۆمەڵگەیەدا دەبینینەوە كە بێئەوەی بەخۆمان بزانین، لەگەڵیدا پەنجە نەرم دەكەینو باجی ئەو جیانەكردنەوەیە دەدەین. ئەم جیانەكردنەوەیەش؛ رۆچووەتە نێو ناوەندە رۆژنامەوانییەكانەوەو كاردانەوەی مەترسیداری لەسەر بارودۆخی رۆژنامەوانيی رۆژنامەوانو پیشەكەی درووستكردووەو وایكردووە ئەو بونەوەرەی كە بڕیارە گەڕیدەی زانیارییو گەیەنەری راستییەكان بێتو پێش چینو توێژەكانی دیكە دووراییەكانی دیاردەو دەركەوتەكانی كۆمەڵگەكەی دەستنیشانبكات، ئێستا بەشێكی زۆریان رۆڵی عەریزەنووسێك بگێڕنو ئەوە بڵێنو بنووسن كە پێیاندەوترێتو پێیانرادەگەیەنرێت؛ بەبێ ئەوەی خاوەنی فلتەرێكی خودیی بنو پشتبەست بە مەعریفەی رۆژنامەوانیی زانیارییەكان شەنوكەو بكەن، تاوەكو دواجار نەبنە درێژكراوەی هێزو گروهو لایەنێكی دیارییكراو كە لەدەرئەنجامدا بە زیانی خۆیو كایە رۆژنامەوانییەكەی تەواوبێت. هاوكات بێئەوەی بەخۆیشی بزانێت بكەوێتە مەیدانێكی جیاوازترو دوورتر لەمەیدانەكەی خۆیو شەڕی كەسو هێزو لایەنێكی دیكە بكات نەك شەڕی خۆیو پیشەكەی!!
بەر لەوەی باس لەو بارودۆخانە بكرێت كە لەنێو دەزگا رۆژنامەوانییەكانو لەبەردەم كەسو هێزو گروهە جیاوازەكاندا، رۆژنامەوان زياتر وەك عەریزەنووسێك دەركەوێتو بناسرێتەوە، باشترە قسە لەوەهمی “دامەزراوەی رۆژنامەوانیی كوردی” بكرێت، چونكە تاوەكو ئێستاش “دامەزراوەو عەقڵیەتی دامەزراوەیی” وەك پەیكەربەندییەكی كارگێڕیی خاوەن پرەنسیپو رێكخراو لەسەر بنەمای جیاكاریی دەستەڵاتی بەشە پێكهێنەرەكانیو سەربەخۆیی دەسەڵاتی هەر بەشێكیانو هەبوونی ئەنجومەنی دەستنیشانكەری بەرژەوەندیی تاكتیكو ستراتیژی كاركردنی “دامەزراوە” لەباشوری كوردستاندا نییە، بەڵكوو راستر وایە ئەو دەزگا رۆژنامەوانییە: چاپەمەنيی و رادیۆیی و تیڤیی یاخود ئەلكترۆنیانەی كە هەن بە كۆمەڵێك “رەشماڵو خێوەت” نێوزەدبكرێن كە كۆمەڵە كەسێكی دیارییكراو لەشوێنو كاتێكی دیارییكراودا بەرژەوەندییەكی كاتیی كۆیكردونەتەوەو لێیەوە، چاپكراوەكانیان یاخود بەرنامە رادیۆییو تەلەڤزیۆنییەكانیانو پێگە ئەلكترۆنییەكانیان پەخشو بڵاودەكرێنەوە؛ بەبێ ئەوەی ئاگاداری سنووری بڵاوبوونەوەی پەخشو كاریگەرییو كاردانەوەی وەرگرەكانیان بن. بەجۆرێك لەسەر بنەمای فیدباك یاخود كارلێكو كاردانەوەی وەرگرەكان بۆ پەیامەكانی نێرەر، ناوەندە رۆژنامەوانییەكانیان بكەونەخۆو كارنامەی دواتری پەیامەكانیان دابڕێژن، تاوەكو هەرچی زیاتر بەرچاو روونتر بن لەخوێندنەوەو مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو جەماوەرەی دەبێتە وەرگری پەیامەكانیان. لێرەوە گرنگە ئەو هۆكارو رێگرییانە دەستنیشانبكرێن كە دەبنە لەمپەری بەردەم كەسایەتی رۆژنامەوان لەوەی نەتوانێت، سەربەخۆیانەو بێلایەنانە مومارەسەی پیشەكەی خۆی بكات، تاوەكو لەدواجاردا ناچارنەكرێت وەك عەریزەنووسێك مامەڵە بكات. بەجۆرێك تەنيا ئەوەبكات كە پێیدەوترێتو داوای لێدەكرێت، نەكئەوەی هەستی رۆژنامەوانیانەی خۆی پەی پێبەرێت و بەدوایدا بچێت.
یەكەم: فرەدەسەڵاتی هەندێكو بێدەسەڵاتی هەندێكی دیكە
ئەو رەشماڵە رۆژنامەوانیانەی لەباشوری كوردستاندا هەن، بەشێوەیەكی گشتیی دابەشدەبن بەسەر ئۆرگانە حزبییو ناحزبییەكاندا. ئەوانەی لەچوارچێوەی پێڕەو پرۆگرامو ئایدۆلۆژیاو كارنامەی پارتو گروهێكی دیارییكراودا دەسوڕێنەوە بەئاشكرا ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوەو دەشبینرێت كەسێك بواری كاركردنو سەركەوتنو پۆستوەرگرتنی هەیە كە ئەندامی ئەو پارتانە بێت كە لەزۆربەی زۆریاندا ئەوانەی دانراونو ئاڕاستەی ئێستگەو كەناڵو چاپكراوەكانیان دیارییدەكەن، بەشێكیان پاش شكستهێنانیان لەبوارەكانی دیكەدا لایانداوەتەوە بەلای كاری رۆژنامەوانییداو لەوێدا بێئاگا لە بنەماو پرنسیپی رۆژنامەگەرییو رێسا پیشەیەكانی راگەیاندن؛ بڕیاری سەیروسەمەرەی بێبنەماو میزاجيی دەردەكەنو ئەوانەی خوارەوەش بەحوكمی ئەوەی كادیرو ئەندامی ئەو پارتەن كە ئاڕاستەی ناوەندەكە دەكات، هەرجۆرە لاسارییو لادانێك بە زیانی ئەو دەشكێتەوەو چارەنوسی نانبڕینو دەركردن دەبێت. هەربۆیە بەشێكی زۆریان وەك هەر فەرمانبەرێكی ملكەچو بێدەسەڵاتی دیكەی ئەم دەڤەرە، ناچارە بەپێی ویستو میزاجی ئەو كەسانە بڕوات كە ئاڕاستەی دەكەن. ئەوانەيشی لە ئۆرگانە ناحیزبییەكاندان بەشێوەیەكی جەوهەریی تەجاوزی ئەخلاقیاتو ئەدەبیاتی كاركردنی ئۆرگانە حیزبییەكانیان نەكردووە، بگرە لە هەندێك شوێنو لە هەندێك كاتدا رۆژنامەوان دەگاتە ئەو بڕوایەی: دەشێت ناوەندێكی رۆژنامەوانیی ناحیزبیی لەرووی دەربڕینو كاركردنەوە لەرێی چاپكراوەكانی یاخود رادیۆو پێگە ئەلكترۆنییەكانییەوە (تائێستا هیچ كەناڵێكی ساتەلایتی تەلەڤزیۆنیی نییە، ناحیزبیی بێتو پشتبەست بە كەرتی تایبەت كاربكات)، لەسەر واقیعی باو یاخود سیستمی سیاسی، ئابووريىو كۆمەڵایەتییو هەندێجار كولتووریش بۆچوونو سەرنجەكانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام لەرووی كارگێڕییو قسەكردن لەسەر كۆی گرفتو كەمتەرخەمییەكانی ناوخۆی ناوەندە رۆژنامەوانییەكە، یاساغەو چارەنوسی ئەو كەسەی ئەو كارە دەكات بەهەمانشێوەی ئۆرگانە حیزبییەكان یان نانبڕینو دەركردنە یاخود لێدانو بەرپاكردنی جەنگی دەروونییو لەپۆستخستنە تاوەكو ناچاربكرێت یان بێتەژێر بار و رازی بێت بەكۆی ئەو گەندەڵییو ژاوەژاو و بێسەروبەرییە كارگێڕییەی لەوشوێنەدا هەیە یاخود خۆی تێبگاتو داوای دەستلەكاركێشانەوە بكات، تاوەكو سەرنووسەری چاپكراوەكە یاخود بەڕێوبەری ئێستگە رادیۆییو پێگە ئەلكترۆنییەكە، “كەیفی خۆتە، حەزمان دەكرد لەگەڵمان بمایەتەوە.” بكاتە دوایین وەڵام بۆ ئەو رۆژنامەوانەی نایەوێت حورمەتی پیشەییو ئینسانیی خۆی لەكەدار بكاتو عیزەتی نەفسی رێگەی نادات، كەسێكی دیكە، جا سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازە یان بەڕێوبەرو سەرپەرشتیارە، وەك بەردەستو كرێكارو عەریزەنووس لێی بڕوانێتو دواجاریش بیدات بە داری گۆڵەكەداو پشتی لێهەڵبكات!!
دووەم: ئازادیی دەربڕینو زۆریی سانسۆری یاسا یاخود غیابی یاسای رۆژنامەوانی
تاكو ئەم ساتەی ئەم دێڕانەی تیادەنووسرێن، هیچ یاسایەكى گشتگیر و یەكخراوی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی بندەستی عێراقدا نییە؛ میكانیزمی كاركردنی كۆی ناوەندە رۆژنامەوانییەكان بە نووسراو، بینراو، بیستراو یاخود ئەلكترۆنیی بگرێتەخۆو ئەركو مافی ئەو كەسانە دەستنیشانبكات كە وەك رۆژنامەوان كاردەكەن. ئەمە وەنەبێت یاسای چاپەمەنیی ژمارە 10ی ساڵی 1993 و ژمارە 35ی رۆژنامەگەریی ساڵی 2007 كە زۆرتر لە دەوری رۆژنامەوانیی چاپكراودا دەسوڕێنەوە، تۆكمەبنو پانتاییەكی بەرفراوانیيان بۆ ئازادیی دەربڕینو سنووری كارو چالاكیی رۆژنامەوانیی رەخساندبێتو رۆژنامەوانان وەك حەسانەیەكی خۆیان بیبینن، بگرە بڕگەو بەندەكانی ئەم یاسايانە ئەوەندە لاستیكییو شمولیین، هەندێجار لەسەر بچووكترین هەواڵو پەرەگراف، دەتوانرێت داوای یاسایی بەرزبكرێتەوەو رۆژنامەوانو كەناڵەكەیشی پێ تۆمەتبار بكرێت و هەندێجاریش لە زوڵمەتی ژورەكانی زینداندا بە پاساو و یاسای دیكە تووندبكرێن. لەئەزموونی چەند ساڵەی حوكمی خۆجێی كورد لە باشوری كوردستاندا، هەندێجار ئەو كەسو لایەنو ناوەندە بەرپرسانەی لەلایەن ئۆرگانە جیاكانی رۆژنامەوانییەوە لەسەریان وتراوەو نووسراوە، ئەگەر بەپێی یاساكانی چاپەمەنییو رۆژنامەگەریی و سزادانی عێراق مامەڵەیان بكردایە ئێستا رۆژنامەوان نەدەماو هەموویان، بەپێی بڕگەیەكی ئەو یاسایانە تۆمەتبار دەكرانو تاوانباربوونیان دەسەلمێنرا. بگرە هەندێجار ئەوە لوتفو مەرحەمەتی سیاسییو كارگێڕییەكانە دەست لە داواكانیان هەڵدەگرن، وەگەرنا دەبوو بۆ خستنەڕووی هەر هەواڵو بەدواداچوونو نووسینێك، رۆژنامەوان پێیەكی لە دادگاو پێیەكی دیكەی لە زیندان بووایە. دیارە لێرەشدا نابێت ئەوە لەیادبكرێت كە رۆژنامەوانیی كوردیی بەتەواوی رەگەزە پێكهێنەرو ئۆرگانە جیاوازەكانییەوە، زۆر بە كەمیی نەبێت هیچ نرخو بەهایەكیان بۆ ئیتیكی پیشەكەیان دانەناوەو تائێستاش زۆربەی ئەوانەی لەم كایەدا كاردەكەن؛ ئاشنانین بەو بنەمايانەی كە گرنگە هەر رۆژنامەوانێك لەمیانی راپەڕاندنی كارەكەیدا بیانزانێتو هێڵی سوورو پەمەییو رەشو سپيی ئەو بابەتو باسوخواسانە بناسێتەوە كە رێگەی پێدەدەن لەسەریان بدوێتو بنووسێت یاخود یاساغن لەسەریان بەدەنگبێت. بەشێكی ئەم گرفتەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەكی رۆژنامەوانیی درووست كە سەرجەم ناوەندو ئۆرگانەكانی رۆژنامەوانیی لەخۆ بگرێت. بەشێكی دیكەشی بۆ سەندیكا حزبییەكەی رۆژنامەنووسان دەگەڕێتەوە كە تائێستاش خاوەنی بەڵگەنامی شەرەفی رۆژنامەوانییو پرنسیپی ئیتیكی رۆژنامەوانیی نییە، تا رۆژنامەوانان بەهەندی بگرنو كاری پێبكەن كە رەنگە ئەم سەندیكایە باشتربێت هەر بیریشی لێنەكاتەوەوە، چونكە پێكهاتەی بڕیاردەری ئەم سەندیكایە ناتوانن تەجاوزی ئەو بڕە ئازادییە بكەن كە 36ساڵ لەمەوپێش حزبی بەعس لەچوارچێوەی بەیاننامەی یانزەی ئاداری 1970دا، بەخشییە ناوچە ئۆتۆنۆمییەكانی باكوری عێراق. عەقڵیەتی ئەم سەندیكایە لەژێر هەژموونو رەحمەتی كۆمەڵە كەسانێكدایە بە شوشەییبوونی ئەم سەردەمەو پەلوپۆداریی ئازادییە فەردییو پیشەییەكانی رۆژنامەوانان رانەهاتوون. هەربۆیە دەبێت ئەم سەندیكایە سەرلەبەر هەڵوەشێتەوە یاخود وزەو خوێنێكی تازەو كراوە بەنێو شاخوێنبەرەكانیدا بڕواتو ببنە بەدیلو مۆتۆڕی بڕیاردانو كاركردنی ئەو سەندیكایەی كە هەر كەسێك ئەندامی نەبێت، بە رۆژنامەنووس-ى دانانێت؛ ئەوەيشی كە ئەندامە تیایدا ئەگەر پاسەوانی بەرژەوەندییو رێنماییەكانی عەقڵیەتە فەندەمێنتاڵو بەسەرچووەكانی سەندیكا نەبێت، بێبەش دەبێت لەهەر ئیمتیازێك كە بشێت ئەم سەندیكایە وەك بانگەشەی بۆدەكات، بۆی دەستەبەر بكات. تا ئەم دۆخەش بەردەوام بێتو ئەم مۆدیلە كاركردنە بڕیاردەری چارەنووسی رۆژنامەوانان بێت، نە دەسەڵاتی چوارەم هەلی دەركەوتنی بۆ دەرەخسێت نە رۆژنامەوان ئامادە دەبێت، تەجاوزی عەریزەنووسیی خۆی بكات. ئەوانەيشی ریسك بە ژیانی خۆیانەوە دەكەنو باجی هەڵوێستو بۆچوونە رۆژنامەوانییەكانی خۆیان دەدەن، دەبێت بەرگەی ئەو بێدەنگییەی سەندیكای رۆژنامەنووسانیش بگرن كە هەموو كاریان بووەتە دەركردنی بەیاننامەیەكی هەناسە حزبییو گشت جارێكیش لەبری بەرگرییكردن لە كارو پیشەی رۆژنامەوانان، پاساو بۆ دەسەڵات بهێنێتەوەو تكای لێخۆشبوونی لێبكات. ئەوەش مزگێنی كارەساتێكی گەورەیە؛ سیاسییو كارگێڕییەكان لە رۆژنامەوانان بوێرتربن و لەنێو كۆكەی هەر یەكێكیاندا سەندیكاو رۆژنامەنووسەكانی، حیكمەتێكیان بۆ بدۆزنەوەو لەپەراوێزی حیكمەتەكانیاندا رستێك ئامۆژگاریی نوێ، سێ ژەمە بۆ رۆژنامەوانان-ی ببڕنەوە!
سێیەم: زۆریی واتەواتو داخراویی سەرچاوەكانی زانیاری
رەنگبێت بەهەڵەدا نەچین ئەگەر بڵێین: باشوری كوردستان لەسەر ئاستی میللیو جەماوەریی، مۆڵگەی كۆكردنەوەو پەخشكردنی واتەواتی هەمەجۆری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، كوولتورییو … تد بێت كە زۆربەی زۆریشیان رەگێكی راستیان تێدایەو بەهۆی داخراویی سەرچاوەكانی زانیارییو ترسو لەرزی بەرپرسە نەشیاوەكانی ئەم هەرێمە زۆر باسوخواسو زانیاریی گرنگ دەگەنە بەرگوێی هاووڵاتیانو كەسێكیش نییە جورئەتی پشتڕاستكردنەوەیان بكات. خۆئەگەر ناوەندێكی رۆژنامەوانیی یاخود رۆژنامەوانێك ریسكی بە ژیانی خۆیو ناوەندەكەیەوە كرد هەندێ لەو زانیارییانە بڵاوكاتەوەو لەرێی پەیوەندییكردنی بە یەكێك لە سەرچاوەكانی زانیارییو وەگرتنەوەی وەڵامە حازربەدەستەكانی: “ئامادەنیم لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەم.” هەواڵێكی بڵاوكردەوە ئەوا دواجار بەبێ باج دەرناچێتو بۆ كاكی بەرپرسو لایەنی دەستەڵاتداریش دەبێتە بیانوویەكی سیحریی بۆ پەڕاندنەوەی خۆیان، لە پرسیارو گومانەكانی رۆژنامەوانانو تاوانباركردنیان بەوەی بێبەڵگە زانیارییان بڵاوكردوەتەوە.
چوارەم: زۆریی ئەزموونو كەم مەعریفەیی رۆژنامەوان
هەروەكچۆن پێكهاتەی رەشماڵو خێوەتە رۆژنامەوانییەكانی باشوری كوردستان بە فلتەرێكی كۆمەڵایەتییدا دەڕۆنو رەنگدانەوەی پێكهاتەی خێزانەكان دەبن؛ سەرۆكی خێزان بڕیاری یەكەمو كۆتایی لەهەر كارو كردارو هەندێجار رەفتاری ئەندامانی خێزانەكەی دەدات، ئاوەهاش لە ناوەندە رۆژنامەوانییەكاندا خاوەن ئیمتیاز یاخود سەرنووسەرو بەڕێوبەرو سەرپەرشتیار (كە بەشێكی زۆریان هەبوونی سەرمایەكی رەمزیی باوانو كارەساتێكی گەورەی ناوچەكانیان یاخود بەهێزیی پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتییو حزبایەتی، چانسی وەگرتنی ئەو پۆستانەی بۆ رەخساندوون) دەستەڵاتی تاكڕەوانەو هەژموونی بڕیارەكانی خۆیان بەسەر كۆی رۆژنامەوانەكانی خێوەتەكەیدا دەسەپێنێت، ئەوەيشی لەمە ناڕازی بێت بەپاساوی نەبوونی خەباتو ئەزموون بە “دەستوپێ سپيیو فاشیل” تۆمەتبار دەكرێت. رۆژنامەوانیی كوردیى كە سەرەتاكانی خۆی بە رۆژنامەنووسیی دەستپێكردو میقداد ميدحەت بەدرخان بووە رچەشكێنی ئەم كایەیە، پشتبەست بە سەلیقەی تاكەكەسیی هاتووەو قۆناغە جیاوازەكانی خۆی بڕیوە. لەدوای ساڵی 1999شەوە، كە بەشی رۆژنامەنووسییو راگەیاندن لەنێو پەیمانگەو زانكۆكاندا كرانەوە، چەند خولێكی دەرچووانیان كەوتنە نێو ناوەندە جیاجیاكانی رۆژنامەوانیی كوردییەوە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختەش كاریگەرییەكی جەوهەریی ئەوتۆیان لەپانتایی ئەو كایەدا بەدەرنەكەتووەو نەتوانراوە دابڕانێك لەنێوان ئەو نەوەیەی كە رۆژنامەوانیی بە ئەزموونو سەلیقە فێربوون لەگەڵ ئەو نەوەیەی چەندساڵێك لەنێو زانكۆو پەیمانگەكانی كوردستانەوە دەرچوون؛ درووستبكرێت كە بەشێكی ئەمەی دووەمیان بۆ لەدەستنەدانی پیشەكەیانو مانەوەیان وەك شۆڕەسواری رۆژنامەوانیی كوردی، لەو بوارەشدا “ئەسپی خۆیان” تاو دەدەنەوەو هاتوونەتەوە مەیدانەكە، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم خوێندنەیان هیچ كاریگەرییەكی لەسەر رەوتی پیشەكەیان هەبووبێت یان كاركردنی رۆژنامەوانییان مۆركێكی ئەكادیمیی وەرگرتبێت. بەدەرلەوەش؛ ئەوانەی لە زانكۆو پەیمانگەكاندا دەردەچن، بەشێكی زۆریان، بڕوانامەكەیان؛ مەبەست بووە نەك كرۆكو بەها پیشەی رۆژنامەگەری. لەحاڵی حازردا وەكچۆن دابڕانێكی گەورە كەوتووەتە نێوانی سیاسییو سەركردەكانو تاكەكانی كۆمەڵگە، ئاوەهاش لەنێوان ئەم دوو نەوەیەی رۆژنامەوانیی كوردییدا، لێك تۆرانو لەیەكخوێندنو نەمانی پردی پەیوەندیی هەستپێدەكرێتو كار وابڕوات ئەم دوو نەوەیەش لەبری هەماهەنگییو ئەكادیمییكردنی ناوەندەكانیان، وردەوردە بەرەو ئەوە دەڕۆن بكەونە سەنگەرلەیەكگرتنو دوورەپەرێزیی لەیەكتر كە لەدواجاردا ئەمەش بە زیانی كایەی رۆژنامەوانیی تەواودەبێتو مادەیەكی خاو دەبێت بۆ توێژی دەستەڵاتداری كوردستان؛ ئەم درزە گەورە بكەنو رۆژنامەوانان بگلێننە گرفتە ناوخۆییەكانی خۆیانەوەو ئەگەر بۆ چەند ساتێكیش بێت، زوومی كامێراو قەڵەمەكانیان بۆ تۆمەتباركردنو تاوانباركردنی نێوان رۆژنامەوانان بخرێتەگەڕ. تائێستاش لایەنێكی دیكەی گرنگ كە وایكردووە رۆژنامەوان عەریزەنووس بێتو بە ئەركی پیشەیی خۆی هەڵنەستێت، ئیمتیازدانە بەو كەسانەی خاوەنی “خەبات و مێژووی سەروەریین” نەك ئەوانەی نوێو خاوەن پرۆژەو خەونی گەورەن بۆ تەجاوزكردنی رەوتی رۆژنامەوانیی كوردی. لەكاتێكدا دەبوو رۆژنامەوان زانیارییەكی ئینسكلوپیدیایی هەبوایەو بەردەوام لەهەوڵی فێربوونو خۆپێگەیاندا بوونایە، ئێستا موبالەغە نابێت ئەگەر بووترێت بێئاگاترین توێژی كۆمەڵگە، ئەوانەن كە لەنێو رۆژنامەوانیی كوردییدا كاردەكەن، چونكە زۆربەی زۆریان ئەوەندەی خەریكی نووسینن نیوهێندە خەریكی خوێندنەوەو دەوڵەمەندكردنی بانكی زانیارییە خودییەكانی خۆیان نین. هەربۆیە زۆرجار وایلێهاتووە رۆژنامەنووسەكان هەندێكیان خەریكی جوینەوەی وتەو لێدوانی سیاسییو سەركردەكان بنو كەمتر لێكدانەوەو كۆمێنتێكی رۆژنامەوانیانەی خۆیان بۆ دیاردەو دەركەوتەكان هەبێتو بەرچاوی خوێنەرو بیسەرو بینەران روونبكاتەوە. رەنگبێت زۆریی خواستی رۆژنامەوانانو نەبوونو كەمیی موچەو بێدەسەڵاتیان لەئاست گۆڕینی بژێوی ژیانی رۆژانەیان، سەرەكیترین گرفت بێت لەوەی تەجاوزی عەریزەنووسیی خۆیان نەكەنو نەتوانن وەك رۆژنامەوانێكی پرۆفیشناڵو كارا بكەنەوەگەڕ. ئەوە بەدەر لەو بێمتمانەییە گەورەیەی رۆژنامەوان بەخۆیو دەرەوەی خۆی هەیەتیو وایكردووە هێندەی پاڵنەری سایكۆلۆژییو عاتیفیی بیجوڵێنێت، نیوهێندە پێوەری رۆژنامەوانییو رەهەندی بابەتی، نەبنە پاڵنەری كارو چالاكیینواندنی رۆژنامەوانیی خۆی.
چارەسەرى زۆر و راپەڕاندنى كەم
هۆكارەكان زۆر لەوە زیاترو پەلوپۆلدارترن، بەڵام ئێمە لێرەدا دەوەستین بەو هیوایەی بتوانین لە دەرفەتێكی تردا وردتر دەستنیشانی سەربەخۆنەبوونی كاری رۆژنامەگەریی و رۆژنامەوانان-ی كورد بكەین، چونكە دۆخی رۆژنامەگەریی کوردی؛ دوای 124ساڵ لەتەمەنی پڕ ھەوراز و نشێوی بەرەنگاریی و بەرگرییکردن لەناسنامەی نەتەوەیی، لەبری ئەوەی روو لەپێگەیشتن و تێگەیشتن بێت لە «پیشەی گەڕان بەدوای سەرئێشەدا»، ئێستا خۆی بەدەست خۆیەوە بووەتە سەرئێشەیەکی بێدەرمان و ھەر دەوایەکیشی بۆ پێشنیاز دەکرێت، بەر لەدایکبوونی لەبار دەبرێت! ئەگەر بەپێچەوانەی دۆخی باو و بە بەرنامە؛ لەھەموو کایە و کەرتێکی گشتیی و تایبەتیی ھەرێمی کوردستاندا «بیرکردنەوەی رەخنەگرانە» لەکارخرابێت و بخرێت، ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر پێویست بە زیندووکردنەوە و پێشخستنی دەکات. لەبری ھۆنینەوەی شانامە و بەیاننامەی لەقوتوونراوی ھەر حزب و سەرۆک و سەرکردەیەکی پلەیەک و دواپلەی کورد لەمانگەکانی ئادار و نیسانی ھەر ساڵێکدا؛ باشتر و راستگۆیانەترە بەبەرنامەی پێشوەختە بیرلێکراوە «ھەڵسەنگاندن و ھەڵبژاردن» بکرێتە رۆژەڤی ھەریەکێکیان و جێی «ھەڵخزاندن و پیاھەڵدان» بگرێتەوە. ئەوەیش ھەم بۆ دەستنیشانکردنی بەربەستە سروشتیی و دەستکردەکان، ھەم بۆ چارەسەری بابەتیی و واقیعیی رەوتی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی کوردی. ھەربۆیە لێرەدا وەک رۆژنامەوانێک یاخود ئەکادیمییەک و دامەزرێنەری رێکخراوێکی تایبەتمەند بە چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ چەند سەرنجێکی بچووک دەخەینەڕوو بەو ئومێدەی چەند گوێچکەیەکی گەورە توانای بیستنیان ھەبێت؛ ئازایانە و ئازادانە چاوێک بەو دۆخە دەڵەمە و نەخوازراوەی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بخشێننەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەوە بدەن، بەڵام ئەوەیش ھەر بەتەنیا نەبێتە «مرەکەبی سەر کاغەز»، بەڵکوو بوێری ئەوەشیان ھەبێت بڕیارەکانیان بەدوور لەھەڵاوێردکردن جێبەجێ بکەن. گرنگترین و دیارترین سەرنجەکانیشمان؛ دەکرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕبکرێنەوە، لەوانە:
یەکەم: لەرووی مێژووییەوە؛ ئەگەرچی کورد یادی 124ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیی دەکاتەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو مێژووە نەیتوانیوە «رۆژنامەگەری» وەک پیشە بناسێنێت و وەک پیشەیەکی ھەژموونداریش مامەڵەی پیشەیی لەگەڵ خۆی و ھەڵسوڕێنەرانییدا بکات. ئێستا کاتییەتی کە ھەم «پەرلەمان» و ھەم «حکومەت» و ھەم «دادگاکان»ی ھەرێمی کوردستان، بەفەرمیی وەک پیشەیەکی سەربەخۆ بیناسێنن و مامەڵەیەکی پیشەیی سەربەخۆیشی لەگەڵدا بکەن و لەژێر ھیچ پاساوێکدا تێکەڵاوی کار و چالاکیی پیشەکانی دیکەی نەکەن.
دووەم: لەرووی سیاسییەوە؛ قەوارەی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق بەدەست حزبە رکەبەرەکانییەوە ھێندەی لە ھەڵوەشاندنەوە و لەناوچوون نزیکە، نیو ھێندە لە فراوانبوون و کارکردن بۆ وەرچەرخان لەسیستمێکی دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسیی ھاوچەرخ نزیک نییە. بۆیە گرنگە ھەموو کەس و ھێزە خەمخۆرەکانی، کار لەسەر نزیکخستنەوەی خاڵە ھاوبەشەکان و بنیاتنانی رۆحییەتی نیشتمانیی بکەن. بەوەیش ھەم یەکڕیزیی ناوخۆیی و ئاشتی سیاسیی دەپارێزرێت، ھەم پلان و پرۆژە و پرۆگرامی نیشتمانیی لەبواری ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییدا؛ چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت.
سێیيەم: لەرووی ئابوورییەوە؛ سەرچاوەی داھات و دارایی میدیا و میدیاوانانی کورد گرێدراوی سەرچاوەی داھات و دارایی حزبە مۆڵەتپێدراوەکانی ھەرێمی کوردستان و ئاستی گەورە و بچووکیی کۆمپانیا ئاشکراو و نادیارەکانیانە. باشترین بژاردە بۆ دەربازبوون لەخراپ بەکارھێنانی بودجەی گشتیی و رەخساندنی زەمینەی کێبەرکێی پیشەیی بۆ سەرجەم میدیا و میدیاوانان بۆ دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریی و برەودان بە رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی ئەوەیە کە خاوەندارێتیی میدیا بەیاسا رێکبخرێتەوە و ئەرک و مافی ھەرکەسێک کە دەبێتە خاوەنی کەناڵێکی میدیایی روون و ئاشکرابکرێت. بەوەیش ھەم رێگە لە زۆر و بۆریی زمانحاڵی حزبەکان دەگیرێت، ھەم چیدیکە ناچارنابن بە بەردەوامیی بیر لەپشتگیرییکردنی میدیاک بکەنەوە کە لەبری سوودی گشتی، بەدوای کۆلاج و مۆنتاژی ژیانی تایبەتیی کەسایەتییەکان و شێواندنی دۆخی سیاسیی و لەباربردنی زەمینەی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە بن.
چوارەم: لەرووی کۆمەڵایەتییەوە؛ کۆمەڵگەی کوردیی لەباشوری کوردستاندا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆوە بینیوە و ئێستا تەکنیکی نوێ بەدوور لە لۆژیکی بەکارھێنانی بەشیوەیەکی درووست، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکانی کۆنترۆڵکردووە. ھەربۆیە لەھەر یاسا و رێنماییەکدا کە دەردەچوێنرێت، ئەگەر واقیعی گۆڕاوی کۆمەڵگەی کوردیی لەبەرچاو نەگیرێت، ئەگەری سەرپێخستن و سەرکەوتنی کەم و سنوردار دەبێت. ھاوکات گرنگە راگرتنی سیاسەتی جێندەریی و ھاوسەنگی جێندەریی بکرێتە پێشمەرجی مۆڵەتپێدان و دامەزراندنی ھەر دامەزراوەیەکی میدیایی. بەوەیش تاڕادەیەکی زۆر میدیاوانان و میدیاکانیان لە زمانی بازاڕیی و نێرسالاریی پەیامی میدیایی و ھاوکات لە شکاندن و بەقوربانیی نیشاندانی مرۆڤەکان و جیاکارییکردن لەنێوانیاندا دووردەکەونەوە.
پێنجەم: لەرووی یاساییەوە؛ ئەگەرچی نزیکەی نۆ یاسای تایبەتمەند و نزیک بە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووێنراون، بەڵام ھیچکامیان بەتەواویی و بەشێوەیەکی یاسایی لەلایەن کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ نەکراون و ناکرێن. باشترین بژاردە ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەو یاسایانەی چانسی جێبەجێکردنیان بەھۆی خراپیی و بەسەرچوویی و ئاڵۆزی میکانیزمەکانیانەوە لاوازە؛ ھەمواربکرێنەوە. ئەوەیش ھەم بۆ یەکخستن و رێکخستنی باشتری ئەو بڕگە و مادانەی لێکچوون و بەریەککەوتن لەنێوانیاندا ھەیە، ھەم بۆ داڕشتنی مادە و یاسای تایبەت بەو بوارانەی کە بۆشایی یاسایی بۆ پیشەی رۆژنامەگەریی کوردیی درووستکردووە. دواتریش ماوەیەکی دیارییکراو دەستنیشان بکرێت کە حکومەت بەجێبەجێکردنیان پابەندبکرێت و لەکاتی پەراوێزخستن یاخود سەرپێچیکردنییدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک «یاسای دەستکەوتنی زانیاری» لەرۆژی دەرچوونییەوە بخرێتە ئەرشیفەوەو ھیچ دەستەڵاتێکیش بوێری چاودێرییکردن و جێبەجێکردنی نەبێت.
بەدەر لەھەموو ئەوانەی سەرەوە؛ گرنگە نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چاودێریی و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی ئەو بابەت و سەرچاوانەدا بکەن کە لەرێیەوە نەوەی نوێی رۆژنامەوانانی پێدەگەیەنرێت. ھاوکات ببنە ھێزێکی گوشاری مەدەنیی بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە زانستییەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و دوورخستنەوەی «پیشەی گەڕان بەدوای سەرئێشە» لە «ئەسپێ کوشتنی مۆبایل» و دانیشتن لەپشت مێزی کۆمپیوتەر!
سەرچاوەكان:
- د.شوان ئادەم ئەیڤەس، 2020: مافی ژیانی تایبەت لە یاسا و ئیتیكی رۆژنامەگەرییدا، لە چاپكراوەكانی رێكخراوی چاودێری میدیای كوردی، چاپی دووەم، سلێمانی، چاپخانەی ناوەندی سارا.
- د.شوان ئادەم ئەیڤەس، 2020: ئیتیك لە رۆژنامەوانیی كوردییدا، لە چاپكراوەكانی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی، چاپی دووەم، سلێمانی، چاپخانەی ناوەندی سارا.
- د.شوان ئادەم ئەیڤەس، 2020: ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەهەرێمی كوردستاندا، لە چاپكراوەكانی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سلێمانی، چاپخانەی ناوەندی سارا.
- د.سامان فەوزی، 2020: بنەماكانی یاسای راگەیاندن، لەبڵاوكراوەكانی كتێبخانەی یادگار، چاپی سێیەم، سلێمانی.
- د.سامان فەوزی، 2020: رێبەری یاسایی راگەیاندن و بڵاوكردنەوە، لەبڵاوكراوەكانی كتێبخانەی یادگار، چاپی دووەم، سلێمانی.
*دکتۆرا لە کولتورەکانی رۆژنامەگەریی و پاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکان لەزانکۆی نۆتینگھام ترێنت_ی بەریتانیا. ئەم بابەتەی سەرەوەی؛ لەساڵانی پێشتردا هەندێكی بەجیا و لەژێر ناونیشانی دیكەدا چاپ و بڵاوكراوەتەوە، بەڵام لەبەر گرنگیی ناوەڕۆكەكەی لێرەدا یەكخراون و وەك بابەتێكی سەربەخۆ و بەناونیشانێكی تازەوە بڵاودەكرێتەوە.