هەواڵی درۆ

کامیل عومەر
یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی ئەخلاقی كاری رۆژنامەنوسی (راستگۆیی)یە، مەبەستیش لێی راستگۆیی رۆژنامەنوس‌و كەناڵ و دامەزراوەی رۆژنامەگەرییە لەگەڵ وەرگر (بینەر، بیسەر، خوێنەر)، هەروەها لەگەڵ سەرچاوەی زانیاری. كاتێكیش كە باس لە راستگۆیی میدیا لەگەڵ وەرگر دەكرێت، واتە دەبێ‌ هەواڵ‌و زانیاری ناڕاست ‌و فەیك نەداتە وەرگرەكانی‌و یاری بە هەست‌و دەروونی نەكات، ئومێدی درۆینەی پێنەدات.

یەكێك لە رەفتار‌و كردارە بەردەوامەكانی بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان‌و پەیج‌و ئەوكانتەكانیان لە سۆشیال میدیادا، درۆكردن‌و ناڕاستگۆییە لەگەڵ وەرگرەكانیان، ئیدی بەمەبەست‌و ئاگاییەوە بێت، یان لە بێئاگایی‌و نەزانی‌و پەلە پەل‌و خێرا بڵاوكردنەوەوە سەرچاوەی گرتبێت. نوێترین نموونەش بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانی نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمە بۆ بەغدا بە مەبەستی ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی نێوان هەرێم‌و بەغدا، كە دوای چەند كاتژمێرێك دەركەوت ئەم هەواڵە ناڕاستە‌و هیچ بنەڕەتێكی نیە‌و هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی راستیەكەی ناسەلمێنێت، لەكاتێكدا سەرچاوەی ئەم هەواڵە كەناڵیكی عەرەبیە‌و هەواڵێكی (پەلە)ش بوو، نەك زانیاری ووردو بەڵگەی خستبێتەڕوو. لەوەش سەیرتر، یەكێك لە میدیاكان بەپشتبەستن بەسەرچاوەی ئاگادار‌و باوەڕپێكراوەكانی خۆی، راپۆرت لەسەر ووردەكاری رێكەوتنەكە بڵاودەكاتەوە‌و وا باسی دەكات كە تەنها ئیمزاكردنەكەی ماوە، كە چەند كاتژمێرێك دواتر دەركەوت كە گفتوگۆكان زۆر سەرەتایین‌و تەنانەت نزیكبونەوە لە گفتوگۆكانیش روینەداوە. بەپێی ئاماژەكان، بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵ‌و زانیارییە ناڕاستانە، لە چەند لایەنێكەوە سەرچاوە دەگرن.

یەكەم: پەلە پەل كردن‌و خێراكردن لەبڵاوكردنەوەی هەواڵ بۆ شانازیكردن بە یەكەمی‌و پێشەنگی لەبڵاوكردنەوەی هەواڵ.
دووەم: وورد نەبوون‌و بەدوادانەچوون‌و كنەنەكردنی زانیاری، وەك ئەركێكی هەرە گرنگ‌و لەپێشینەی رۆژنامەنوس.
سێیەم: پێنەدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان لەبارەی دانوستانەكان‌و قۆناغەكانی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان لەلایەن وەفد‌و لایەنی گفتوگۆكارەوە، كە ئەوە مافی رۆژنامەنوس بۆ دەستكەوتنی زانیاری‌و گەیشتن بەسەرچاوەی متمانەپێكراو.
چوارەم: تێنەگیشتن‌و نەخوێندنەوەی پێشینەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا‌و ئەنجامی كۆبونەوە‌و گفتوگۆكانی پێشووتر.

هەرچۆنێك بێت، بەرپرسیارێتی بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستانە، بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی رۆژنامەنوس‌و كەناڵەكەیەتی‌و پێویستە بەر لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ، لە ڕاستی و دروستی زانیارییەكان بكۆڵنەوە‌و ئەو هەواڵانە بڵاونەكەنەوە كە سەرچاوەكانیان ناڕوونن و جێی مشتومڕن، یان بە سەرچاوەكانیان نەگەیشتون و ناسنامەی قسەكەران و وتەبێژەكەیان دیار نین. بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست‌و ئومێد پێبەخشینی درۆ بە هەر پاساوێك‌و بۆ هەر مەبەستێك بێت، جگە لەوەی یاریكردنە بە هەستی وەرگر، پێشێلكارییەكی ئەخلاقیەو سەرئەنجامیش دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی وەرگر بە كەناڵ‌و دامەزراوەی راگەیاندن بە ئاستێك كە گومان لە هەواڵە راست و دروستەكانیشان دەكات.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟