خراپ بەکارھێنانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامە کۆمیدییە کوردییەکاندا

  • چمک، سلێمانی: ئاستی خراپ بەكارهێنانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامە كۆمیدییەكانی تەلەڤزیۆنە كوردییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و كاریگەرییەكانیان لەسەر بینەران؛ دەبێتە ئامانجی سەرەكیی توێژینەوەیەکی نوێ.

لەنوێترین توێژینەوەی ھاوبەشی د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی و د.مەھاباد کامل عەبدوڵا لەزانکۆی ھەڵەبجە کە لەدوایین ژمارەی گۆڤاری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی راپەڕین_دا بڵاوبووەتەوە؛ بۆچوونی 145 بینەر و 12 ئەڵقەی «بەرنامەی بەزمی بەزم» لەكەناڵی كوردماكس-یان وەک مشتەی توێژینەوەکەیان بەکارھێناوە و شیكردنەوەی ناوەڕۆكییان بۆ بابەتەكانی ئەو بەرنامەیە و وەڵامی بەرتوێژان کردووە.

بەپێی دەرەنجامە بەدەستهاتووەكانی ئەو توێژینەوەیە؛ خراپ بەكارهێنانی ئاستەكانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامەی بەزمی بەزم-ی كەناڵی كوردماكس-دا؛ كاریگەرییێكی نەرێنیی لەسەر بینەرانی بەرنامەكە هەبووە. بەجۆرێک زۆرینەیان ئەو بۆچوونانە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەگەرچی كوردماكس؛ وەک كەناڵێكی خۆشباری (ترفیهی) كوردیی لەلایەن زۆرترین بینەرەوە سەیری بەرنامە سەرەكییەكانی دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوڕان كە بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس؛ بووەتە سەكۆیەكی میللیی بۆ ئاساییكردنەوەی جنێودان، بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی كەس و گروپەكانی كۆمەڵگە و هۆكارێک بۆ شێواندنی زمانی كوردیی و شێوەزارەكانی، بەرهەمهێنانی توندوتیژی زارەكیی و دەروونیی و تۆخكردنەوەی جیاوازییە رەگەزییەكانی نێوان نێر و مێ. ئەوە جگەلەوەی كە بەرنامەکە بووەتە هۆی تێكدانی زەوق و سەلیقەی بینەرانی و رێزنەگرتنی خواستەكانیان؛ زیاتر بەدگۆیی و لاساریی منداڵان و هەرزەكاران و هۆكاری بێبەهاكردنی ئەتەكێتی كاركردنی هونەریی و بنەما پەروەردەییەكان و سوكایەتییكردن بەخێزان و كولتوری كوردیی و تایبەتمەندییەكانی.

لەناوەخنی بابەتەكانی ئەڵقە پەخشكراوەكانیشییەوە، ئەوە دووپاتبوەتەوە كە بەئامانجگرتنی پێكەنین، برەودان بە زمانی بازاڕیی، برەودان بە كولتوری باوی پیاوسالاریی و جیاكاری جێندەری، برەودان بە تابۆ كۆمەڵایەتیی و سێكسییەكان، شێواندنی یاسای زمان و تێكەڵاوكردنی شێوەزارەكان، برەودان بە ناو و ناتۆرەی كەسەكان، بەهەندوەرنەگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان و پێشێلكردنی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و پێوەرەكانی؛ ناسنامەی سەرەكیی بابەتەکانی بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس پێکدێنن.

ھەر لەو توێژینەوە ھاوبەشەدا چەندین راسپاردە ئاڕاستەی بەرھەمھێنەرانی بەرنامەکە و لایەنە پەیوەندییدارەکان کراوە، لەوانە؛ راگرتنی بەرنامەی بەزمی بەزم و بەرنامە ھاوشێوەکانی دیکە بۆ ماوەیەک بەئامانجی ھەرچی وردتر پێداچوونەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکانی بەرنامەکان لەرووی زمانەوانی، میدیایی، یاسایی و ھونەرییەوە. ھاوکات راسپاردنی لایەنە پەیوەندییدارەکان بەسەرلەنوێ ھەموارکردنەوەی یاسا تایبەتمەندەکانی راگەیاندن و گەڵاڵەکردنی رستێک رێسای پیشەیی، بەلەبەرچاوگرتنی بڕگە و بابەتەکانی بەرھەمە کۆمیدییەکان و راگەیاندنی خۆشباریی لەھەرێمی کوردستاندا.

بۆخوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکەن:

http://journal.uor.edu.krd/index.php/JUR/article/view/Vol%288%29.No%281%29.paper7/205

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟