ئەدەبی نیشتمانیی لەرۆژنامەوانیی کوردییدا تاووتوێکرا

چمک، سلێمانی: سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی بەشداریی دیداری «مستەفا پاشای یاموڵکیی بۆ ئەدەبی نیشتمانیی لەرۆژنامەوانیی کوردییدا» کرد و بابەتێکی پێشکەشکرد.

رۆژی پێنجشەممە (11ی ئاداری 2021) لەسلێمانیی و لەچوارچێوەی یەکەمین وەرزی هەفتەی دیالۆگی نیشتمانیی بۆ ئەدەبی کوردییدا رێکخراوی کوردستان دیالۆگ میوانداریی سێ پسپۆڕی میدیایی کرد؛ بۆ تاووتوێکردنی چەند بابەتێکی ھاوبەشی نێوان میدیا و ئەدەب.

لەدەستپێکی دیدارەکەدا، پ.ی.د.نەزاکەت حسێن حەمەسەعید لەزانکۆی سلێمانیی تاووتوێی «رەوشی ئەدەبی کوردیی لەدیجتاڵمیدیادا» کردو ئاماژەی بەوەدا کە دیجیتاڵمیدیای کوردیی کەمترین پانتایی بۆ بڵاوکردنەوەی تێز و چەشنە ئەدەبییەکان تەرخانکردووە. لەو رووەوە، ئەدەبی کوردیی وەک پێویست سوودی لەتۆڕی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بەرفراوانەکانی وەرنەگرتووە.

لە تەوەری دووەمی دیدارەکەدا؛ پ.ی.د. بەهات حەسیب قەرداغیی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر پرسی «پێگەی ئەدەب لە سەرەتاکانی ڕۆژنامەوانیی کوردییدا» خستەڕوو. دووپاتییکردەوە کەرۆژنامە کوردییەکانی سنوری ھەرێمی کوردستان لەسەرەتادا گرنگییەکی زۆریان بەچاپکردنی بەرھەمە ئەدەبییەکانی وەک شیعر و چیرۆک داوە. تەنانەت بەشێکی زۆری لاپەڕەکانیان ھێندەی بۆ ئەدەب تەرخانکراوە و بەزمانی ئەدەبیی بڵاوکراونەتەوە نیوھێندە بۆ پرسە رۆژانەییەکان و بۆ چەشنە رۆژنامەنووسییەکان تەرخان نەکراون.

لەدوایین تەوەری دیدارەکەدا؛ سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی تاووتوێی پرسی «ئەدەبی کوردیی و شوێنەوارەکانی لەنێو زمانی راگەیاندندا» کرد. لەو بابەتەیدا ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی ھەریەک لەدەق و تێزە ئەدەبیی و رۆژنامەنووسییەکان و پێگەی زمانی راگەیاندن کرد. پاشتر بەھێنانەوەی نموونەی زیندوو لەمیدیای کوردیی ئاماژەی بەدیارترین شوێنەوارە ئەدەبییەکان و زمانی ئەدەبیی لەنێو دەقە رۆژنامەوانیی و بەرھەمە میدیاییەکاندا کرد کە تائێستاش ھێشتا وەک پێویست نەتوانراوە میدیای کوردیی ببێت بەخاوەنی زمانێکی دەربڕینی تایبەت بەخۆی و لەئەدەب و زمانی ئەدەبیی بەتەواوی جیاببێتەوە.

لەکۆتایی دیدارەکەشدا؛ بە سەرنج و پرسیاری ئامادەبووان و وەڵامی پانێڵیستەکان ناوەڕۆکی ھەر سێ تەوەرەکە زیاتر دەوڵەمەند کران.

فۆتۆ:
زمناکۆ ئیسماعیل

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟