رێكخراوی چمك و سەنتەری میترۆ یادداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

رۆژی چوارشەممە 30ی تشرینی یەكەمی 2019 لە كۆبونەوەی هاوبەشیاندا كە لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی «چمك» و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان METRO لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن، بەئامانجی كاركردنی رێكخراوەیی و پرۆژەی هاوبەش:

1. بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری، لە رێی پێداگریی لەسەر چەسپاندنی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013ی مافی دەستكەوتنی زانیاریی لە هەرێمی كوردستاندا.

2. كاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسیی و سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجام دەدەرێن.

3. هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی كاری پیشەیی میدیا و میدیاكاران لەهەرێمی كوردستاندا، لەرێی راپرسی، توێژینەوە و كۆنفرانسی ساڵانەوە.

4. هاندانی میدیا و میدیاكاران بۆ واژۆكردنی گرێبەستی كاركردنی پیشەیی نێوانیان و پابەندبوونیان بە ناوەڕۆكی ئەو بڕگانەی لەسەری رێككدەكەون. هاوكات بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانەی كە لە ناوەڕۆكی گرێبەستە واژۆكراوەكانیان پێشێل دەكەن.

5. كاراكردنی نوێنەرایەتی هاوبەشی هەردوولا لەو كۆڕ و كۆبوونەوە و گفتوگۆ گشتیانەی لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەرییەوە دەكرێن.

6. رێكخستنی مەشق و راهێنانی بەردەوام بۆ رۆژنامەوانان، بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی لەبارەی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن.

 

شوان ئادەم ئەیڤەس لە رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی «چمك»         دیاری محەمەد قادر لە سەنتەری میترۆ METRO

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟