راسپاردەكانی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی بڵاودەكرێنەوە

رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) بەسپۆنسەری دەزگای میدیایی كەركوك و بەئامادەبوونی نزیكەی 200 كەس و میوانداریی 14 پانێڵیست و لەچوارچێوەی چوار پانێلی سەرەكییدا؛ یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا لەرۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانیی رێكخست. لەماوەی هەشت كاتژمێر (09:30-05:30) وتووێژی كۆڕبەندەكەدا؛ چوار تەوەری سەرەكیی تاووتوێكران و لەكۆتاییدا ئەم چەند راسپاردەیەی خوارەوەی لێكەوتەوە. وێنەیەك لەو راسپاردانەیش ئاڕاستەی هەریەك لەم لایانانەی خوارەوە كران:

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
 سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
 سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان
 سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
 وەزارەتەكانی رۆشنبیریی و راگەیاندن، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
 سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن

بۆ بەڕێز: لایەنە پەیوەندییدارەكانی هەرێمی كوردستان

بابەت: راسپاردەكانی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی

 سڵاو و رێز:ـ

   رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) بەسپۆنسەری دەزگای میدیایی كەركوك و بەئامادەبوونی نزیكەی 200 كەس و میوانداریی 14 پانێڵیست و لەچوارچێوەی چوار پانێلی سەرەكییدا؛ یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا لەرۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانیی رێكخست. لەماوەی هەشت كاتژمێر (09:30-05:30) وتووێژی كۆڕبەندەكەدا؛ چوار تەوەری سەرەكیی تاووتوێكران و لەكۆتاییدا ئەم چەند راسپاردەیەی خوارەوەی لێكەوتەوە:

  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبییدا
  1. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ ناناوەندێتيی پیشەیی زیاتر بدەن بە میدیاكانیانیان و لە رێی ریفۆرمی سیاسیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتییەوە زەمینەسازیی بۆ ریفۆرمی میدیایی لەنێوخۆو دەرەوەی پارتەكانیاندا بڕەخسێنن، بەتایبەت لەرێی نوێنەرەكانیان لە دامودەزگاكانی پەرلەمان و حكومەت و دادگاكاندا. بەجۆرێك جیاكردنەوە و سەربەخۆ كاركردنی پیشەیی دەستەڵاتەكانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی ببێتە پێشمەرجی كشانەوە لە خاوەندارێتیی ناوەندێتیی میدیاكانيان و رەخساندنی ژینگەیەكی ئازادتری كاركردن بۆ رۆژنامەوانان و چەسپاندنی رۆڵی چاودێریی دەستەڵاتی چوارەم. واتە بەتەنيا کار بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکان نەکەن و بەرژەوەنديی گشتیيش لەبەرچاوبگرن.

  1. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ فلتەرە حزبییەكان لەمیدیاكانیاندا كەم بكەنەوە و فلتەرە پیشەییەكان بەرفراوانتر بكەن. بەجۆرێك لەكاتی كۆكردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر ئەو رووداوانەی لەناوخۆ و دەرەوەی كاری حزبییدا روودەدەن؛ بەهای پیشەیی جێگەی بەهای حزبیی بگرێتەوە. واتە كار لەسەر بەرزركردنەوەی هۆشیاری ویژدانیی رۆژنامەوان بكرێت، وەك لە كۆنترۆڵكردنی رۆژنامەوان و زانیارییەكانی.

  1. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ دەست لە سەندیكا پیشەییەكانی وەك رۆژنامەنووسان هەڵبگرن و زەمینەی سەربەخۆیی كاری رێكخراوەیی بۆ پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی بڕەخسێنن.

  1. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ لە رێی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان و حكومەت و دادگاكاندا پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان و بڕگە و ماددەكانی هەردوو یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانياريى و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی بكرێت. بەوەش دەكرێت رێگە لە پەخش و بڵاوكردنەوەی زانیاریی و هەواڵی ساختە بگیرێت و لەكاتى تاوانباربوونياندا؛ رۆژنامەوانان سزای زیندانییكردنیان بەسەردا نەسەپێنرێت و میدیاكانیشیان رووبەڕووی راگرتن و داخستن نەكرێنەوە.
  2. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ لەرێی دانانی رستێك پێوەری نیشتمانییەوە گوتاری میدیایی خۆیان لەسەروەختی قەیرانەكان و شەڕ و ململانێ و جەنگ و هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا یەكبخەن و رێگە لە دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی و ناوزڕاندنی هێما و پیرۆزییە نیشتمانییەكانی كورد و كوردستان بگرن.

  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان رێكخستنی یاسایی و رێسای پیشەییدا
  1. پێویستە لەسەر پەرلەمانی كوردستان؛ پێداچوونەوە بە یاسا بەركارەكانی بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی بكات. بەجۆرێك بڕگەو مادەكانی ئەو یاسایانەی لەیەكەوە نزیكن و بەریەككەوتن لەنێوانیاندا دروستبووە یەكیان بخات و لەچوارچێوەی یاسایەكی نوێدا هەمواریان بكاتەوە، بۆنموونە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییكردن و پرۆژەیاسای میدیای ئەلكترۆنیی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. هەروەها ئەو یاسایانەی كە بۆ رێكخستنی شێوە و ناوەڕۆك و خاوەندارێتیی راگەیاندن پێویستن؛ بەزوویی گەڵاڵەبكرێن و بكرێن بە یاسا، بۆنموونە یاسای میدیای پەخشكراو و یاسای پاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی كەسەكان.

  1. پێویستە لەسەر پەرلەمانی كوردستان؛ بە یاسایەك “ئەنجومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و پەیوەندییەكان” دابمەزرێنێت بە ئامانجی هۆشیاركردنەوە و هەڵسەنگاندنی پیشەیی و رێكخستنی یاسایی كاروباری راگەیاندن و رۆژنامەوانیی و تۆڕەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندییكردن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا.

  1. پێویستە لەسەر پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ بە یاسا و رێنمایی وەزاریی رێگە لە خراپ بەكارهێانی زمانی كوردیی لەلایەن راگەیاندنەكانەوە بگرن. بەجۆرێك درووست نووسین و درووست گۆكردن و بەكارهێانی زمانی دەربڕينی ناوچەیی و ستاندارد و فەرمیی و فەرهەنگی كوردیی لەیەكتر جیابكرێنەوە؛ لەپێناو نەشێواندن و درووست بەكارهێنانی زمانی كوردییدا، میدیاكان ناچار بەدامەزراندنی راوێژكاری زمانەوانیی بكرێن.

  1. پێویستە لەسەر میدیاكانی كوردستان؛ رستێك رێسای پیشەیی لەچوارچێوەی پەیماننامەی شكۆمەندیی رۆژنامەوانییدا گەڵاڵە بكەن و خۆیانی پێوە پاپەندبكەن، ئەویش لەپێناو خراپ بەكارنەهێنانی میدیا و پەیامەكانی و باشتر سوودوەرگرتن لە ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەوانی.

  1. پێویستە لەسەر رۆژنامەوانان و ئەو میدیایانەی كاری تیادەكەن؛ لەرێی رێكخستنی كۆنگرەیەكەوە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كارا بكەنەوە و ببنە نوێنەری پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەوانیی لەنێو سەندیكادا نەوەك نوێنەری پارتە سیاسییەكان لەنێو سەندیكا و ئاڕاستەكردنی ناپیشەیی.

  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەروەردە و خوێندنی باڵا دا
  1. پێویستە لەسەر وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، رۆشنبیریی و لاوان كار لەسەر گەڵاڵەكردنی پرۆژگرامێكی نوێی پەروەردەیی بەناوی “هۆشیاریی میدیایی” بكەن و بیخەنە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی خوێندنی قۆناغەكانی باخچە و بنەڕەتیی و ئامادەیی، بە ئامانجی هەرچی زووتر بەرزكردنەوەی هۆشیاریی تاكەكەس لەمەڕ بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی میدیا و ئەپڵیكەیشنە نوێكانی. هاوكات رێگەگرتن لە بەكارهێنانی مینبەری پەرستگاكان و سەكۆی میدیاكان لە هەڕەشەكردن و جنێودان و بەخشینەوەی تۆمەتى بێبەڵگە بەسەر كەسە سروشتیی و مەعنەوییەكاندا.
  2. لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پێویستە؛ پێداچوونەوەی ورد بە پرۆگرامە پەروەردەییەكانی بەشە زانستییەكانی میدیا و ماركێتینگ و پەیوەندییە گشتییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر ئاستی دبلۆم، بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا بكات و ئاڕاستەی توێژینەوەی میدیایی بۆ پرس و بابەتە هەنوكەییە هاوچەرچەكانی پەروەردەی میدیایی بگۆڕدرێت. بەجۆرێك خوێندن و توێژینەوەی فرەپسپۆڕیی تێكەڵاو بە خوێندن و توێژینەوەی میدیایی بكرێن.

  1. لەسەر كەناڵەكانی راگەیاندن پێویستە؛ دەرچووانی بەشە زانستییەكانی “راگەیاندن” و “تەكنیكی میدیا” و “دیجیتاڵمیدیا” و “بازاڕگەریی و پەیوەندییە گشتییەكان” دابمەزرێنن، بەئامانجی پڕكردنەوەی بازاڕی كاری میدیايى و سوودوەرگرتن لە بەهرەو تواناكانی خوێندەوارانی میدیا. هاوكات پێویستە خولی بەردەوامی هۆشیاریی و گەشەپێدانی میدیایی لە رووی پیشەیی و یاسایی بۆ رۆژنامەوانان بكرێتەوە.

  1. لەسەر سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پێویستە؛ ئەرك و مافی گشتیی ڕۆژنامەنووسان وەكیەك دیاریی بكات، نەوەك ئەوانەی لە میدیای دیجیتاڵییدا كاردەكەن بە كەمتر لەوانەی لە میدیای کلاسیکیی كاردەكەن سەیر بكات و بەرخوردیان لەگەڵدا بكات. هاوكات پێویستە پێداچوونەوەیەكی ورد بە ژمارەی ئەندامانی سەندیكادا بكرێت و بەتەنیا ئەوانە بەئەندام بهێڵرێنەوە كە راگەیاندن و رۆژنامەوانییان كردووەتە پیشەی سەرەكیی و سەرچاوەی بژێوی ژیانیان. هەروەها پێویستە گوێزانەوەی راژەی رۆژنامەوانیی بۆ سەر راژەی فەرمانبەریی كارابكرێتەوە و چیدیكە رۆژنامەوانان لەو مافە بێبەش نەكرێن.

  1. لەسەر میدیا دیجیتاڵییەكان پێویستە؛ گرنگیی زیاتر بە خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت لەجۆری هایپەرلینك و مەڵتی میدیا و کارلێکی نێوان دەنگ و رەنگ و دەق بدەن و بەشێوەیەكی پیشەییانە رووماڵی زانیاریی و رووداوەکان بکەن. بەتایبەت لەرووی گرنگیيدان بە ژانری بنکۆڵکاریی بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی كێشەكان و خستنەڕووی چارەسەری گونجاو بۆیان.

  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان سانسۆر و ئازادیی ژینگەی كاركردندا
  1. پێویستە لەسەر دەستەڵاتی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەریی؛ چاودێریی جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان و دادگاییکردنی رۆژنامەوانان بن بەپێی هەردوو یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاری. هەروەك گرنگە دادگایەكی تایبەت بە رۆژنامەوانان و تاوانەكانی راگەیاندن و بڵاوكردنەوە دابمەزرێت، بۆئەوەی تاوانبارانی خراپ بەكارهێنانی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی تێكەڵ بە تاوانبارانی دیكە نەكرێن. هاوكات پێویستە بەزوویی دۆسییەكانی تیرۆری رۆژنامەوانان یەكلایی بكرێنەوە و بەزوویی تاوانباران سزا بدرێن.

  1. پێویستە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان؛ پێداچوونەوەیەكی ورد بە رێنماییەكانی تایبەت بە رێكخستنی فریكوێنسی كەناڵەكان‌و شێوازی تۆماركردن و خاوەندارێتیی و ژمارەی سپاردنی كتێب و هەموو ئەوەی بە رێكخستنی شێوە و ناوەڕۆكی راگەیاندنەكان پەیوەستە؛ بكات و زەمینەیەكی زیاتری ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەوانیی بڕەخسێنێت.

  1. لەسەر میدیاكان پێویستە؛ راوێژكاری تایبەتمەندی میدیایی، یاسایی، پەروەردەیی و دەروونیی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ ئەو پرس و بابەتانەی كە لەرووی سیاسیی و یاسایی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەوە جێی مشتومڕن. ئەویش بە ئامانجی پێداچوونەوە بەو فلم و دراما و بابەتە رۆژنامەوانییانەی رۆژانە چاپ و پەخش و بڵاوی دەكەنەوە.
  2. لەسەر حكومەتە خۆجێییەكان پێویستە؛ زەمینەسازیی زیاتر بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بكەن. ئەویش لە رێی كاراكردنی وتەبێژ و هۆبەی زانیاریی لەسەرجەم فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەكاندا.

  1. لەسەر هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە پێویستە؛ لەكاتی خۆپیشاندان و قەیرانە جۆربەجۆرەكاندا بەشێوەیەكی پیشەیی مامەڵ لەگەڵ رۆژنامەواناندا بكەن و رێز لە سەربەخۆیی پیشەی رۆژنامەوانیی بگرن. هاوكات لەسەر بنكەكانی پۆلیس و دادگاكانیش پێویستە مامەڵەی تاوانبار لەگەڵ رۆژنامەواناندا نەكەن، بەتایبەت لەقۆناغی ئاگاداركردنەوە و راگرتنی كاتییدا.

 

 چاودێریی میدیاى کوردى (چمک)؛ وەک رێکخراوێکى ناحکومیی قازانجنەویستیى سەربەخۆ لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى هەرێمى کوردستان، بڕوانامەى تۆمارى پێدراوە. بەپێی یاساى ژمارە (1)ي ساڵى (2011)ي پەرلەمانى کوردستان و بە کۆدى ژمارە (4041-L) لە رۆژي پێنجشەممە (1/11/2017)دا. ئه‌م رێکخراوه‌ کار بۆ ‌چاودێرییکردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، راپۆرتکردن ‌و توێژینه‌وه‌ي خه‌وش ‌و پێشلکارییه‌ پیشه‌ییه‌کانی میدیا و ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ريی کوردیی دەکات. هاوكات چالاکیی ‌و پرۆژه‌کانيشى بۆ رووماڵکردنى به‌رهه‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌کانى میدیاي کوردییه؛ به‌ئامانجى گه‌ڵاڵه‌کردن‌ و خستنه‌ڕووي کارنامه‌یه‌کى پیشه‌ییتري کرداریی بۆ راستکردنه‌وه‌ي هه‌ڵه‌ باوه‌کانى میدیا و شێوازي کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.                                                                                          

                   

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛

خاوەنی بیرۆكە و رێكخەری گشتیی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بۆ ریفۆرمی میدیایی

 

 

 

  • وێنەیەك بۆ:
  • تۆماری دەرچوو
  • سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
  • سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
  • سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان
  • سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
  • وەزارەتەكانی رۆشنبیریی و راگەیاندن، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
  • سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟