پێویستیی پێداچوونەوەی کاری کولتوریی و راگەیاندن و پەیوەندییکردن تاووتوێکرا

چمک، سلێمانی: رۆژی سێشەممە «٢٤ی ئەیلولی ٢٠١٩» یەکەمین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لەبارەی «دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لە ھەرێمی کوردستاندا» تاووتوێکرا .

لەو مێزگردەدا، بەمیوانداری ھەریەک لە بەڕێزان: بابەکر دڕەیی، چرۆ شەھاب، کامل عومەر، شەیما وەسیم، ھەڵشۆ عەبدوفەتاح، د.تریفە عومەر و د.شوان ئادەم ئەیڤەس گفتوگۆ لەسەر «پێویستیی سەرلەنوێ پێداچوونەوەی کاری کولتوریی و راگەیاندن و پەیوەندییکردن» کرا.

لەو رووەوەو، ئامادەبووان ئاماژەیان بۆ چەند دەرفەت و ئاستەنگێک کرد کە وایکردووە میدیای کوردیی توانای بەرھەمھێنانی کولتوریی لەرووی فلم و دراماوە سنورداربێت و ئەوەش بووەتە ھەوێنی ھاوردەکردنی زنجیرە دراما و فلمی بیانیی و دۆبلاژکردنیان بەشێوەزارێکی «زۆر لاواز» لە رووی زمانەوانییەوەو «نەشیاو» لەرووی کۆمەڵایەتییەوە.

بەشێکی دیکەی ئامادەبوون ئاماژەیان بۆ نێرسالاریی بەرھەمھێنەرانی ریکلامە تەلەڤزیۆنییەکان کرد کە زۆرجار مێیینە تیاییدا وەک کاڵا و کەسێکی پلەدوو و پاشکۆی نێرینە پیشان دەدرێت. ھاوکات جەخت لەناپرۆفیشناڵێتی میدیا و میدیاکاران کرایەوە کە زۆرجار وەک «پارتیزان» کاردەکەن کە بەزوویی «چالاکی»ییەک ئەنجام دەدەن پاشان بەجۆرێک ون دەبن کە نەتوانرێت لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت. ھەروەھا نەبوونی زمانێکی ستانداردی کوردیی و نەبوونی راوێژکاری زمانەوانیی و نەبوونی پسپۆڕی میدیایی وایکردووە دەزگاکانی راگەیاندن بکەونە ھەڵەی گەورەوەو بەبێ لێپرسینەوە دەربازیان بێت.

ئەوانە و دەیان سەرنج و بيرۆکەی دیکە لەیەکەمین تەوەری مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییدا کە لەبارەگای پەیمانگای کوردیی بۆ ھەڵبژاردن بەڕێوەچوو، باسکران و رێوشوێنی پێویستییان لەبارەوە خرایەروو.

فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی