چمك، سلێمانی: «کاریگەرییەکانی کۆڤید_١٩ لەسەر بەرھەمھێنانی ریکلام و کەمکردنەوەی داھات؛ تەلەڤزیۆنە کوردییەکان لەماوەی قەدەغەی ھاتووچۆ لەھەرێمی کوردستاندا» ناونیشانی توێژینەوەیەكی ھاوبەشی هەریەك لە پ.ی.د.نەزاكەت حسێن سەعید لە زانكۆی سلێمانی، م.د.شوان ئادەم ئەیڤەس و م.ی.هەرێم كەریم غەفور لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە کە رۆژی یەکشەممە «18ی تەموزی 2020» لە ژمارەی پێنجی بەرگی سێییەمی ساڵی 2020ی «مجلە الدراسات السیاسیە والامنیە»دا بڵاوکرایەوە.
لەو توێژینەوەیەدا، توێژەران كاریان لەسەر دۆزینەوەی كاریگەرییە ئەرێنیی و نەرێنییەكانی كۆڤید_19 لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی ریكلام و داهاتی تەلەڤزیۆنە كوردییەكان كردووە، بەتایبەت لە سەروەختی بڵاوبوونەوەی جیهانیی پەتاكە و بڕیاری ناوخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ قەدەغەی هاتووچۆ. بۆ ئەو ئامانجەش، پشت بە كۆكردنەوەی داتای پێویست و گرتنەبەری هەردوو رێبازی توێژینەوەی پەسنیی رووپێویی و چاوپێكەوتن بەستراوە. لەو چوارچێوەیەشدا، 98 راگەیاندنكار و رۆژنامەوان لەگەڵ چوار كۆمپانیای بەرهەمهێنانی ریكلام و سێ كەناڵی ئاسمانیی و زەمینیی كوردی، وەك مشتەی توێژینەوەكە وەرگیراون.
بەپێی ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی توێژینەوەكەش، لەماوەی قەدەغەی هاتووچۆدا كۆڤید_19و دەهاویشتەكانی خۆپاراستن لێی، كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی پرۆژەی گەورەی ڤیدیۆیی هەریەك لە كۆمپانیاكانی “سولی میدیا، ئایدی میدیا، یونیك ئینجین و ستارت سەنتەر” هەبووە. هاوكات كاریگەریی لەسەر سەرچاوەكانی داهاتی ریكلامی كەناڵە زەمینییەكانی فاڵكۆن زیاتر و لەسەر كەناڵە ئاسمانییەكانی ئێن ئاڕ تیی و پەیام كەمتر بووە. ئەوەش پێچەوانەی بۆچوونی باوی زۆرینەی راگەیاندنكار و رۆژنامەوانانی كردەیی نێو میدیا جیاوازەكانە كە “هاوڕان” لەگەڵ ئەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی پەتای كۆڤید_19و دەرهاویشتەكانی بەجۆرێكە، دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەو بەردەوامیی تەلەڤزیۆنە كوردییەكان. بۆخوێندنەوەی دەقی تەواوەتی توێژینەوەکە کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە: