چمک خاوەنی یەکەمین نازناوی زانستیی پرۆفیسۆری میدیای کوردیی بڵاودەکاتەوە

چمک، سلێمانی: د.ھێرش رەسوڵ مراد؛ بووە یەکەم توێژەری میدیایی ھەرێمی کوردستانی عێراق کە پلە زانستییەکەی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر_ەوە بۆ پرۆفیسۆر لەبواری راگەیاندندا بەرزبکرێتەوە.

بەپێی فەرمانێکی زانکۆیی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی؛ لە رۆژی 13ی تەموزی 2021ەوەو بەھۆی «تەواوکردنی گشت مەرجە یاسایی و زانستییەکانی پلە بەرزکردنەوە» بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی پ.ی.د.ھێرش رەسوڵ بۆ پلەی زانستیی پرۆفیسۆر لە بواری «میدیا_رۆژنامە»دا.

پرۆفیسۆر د.ھێرش رەسوڵ ؛ یاریدەدەری راگری کۆلیژی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە. ھەر سێ قۆناغی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لەدوای یەک و بەبێ دابڕان لە بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانیی تەواوکردووە.

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ پیرۆزبایی ئەم پلەبەرزکردنەوە زانستییە لە پرۆفیسۆر د.ھێرش رەسوڵ دەکات و ھیواخوازە پلەکەی و پسپۆڕییەکەی باشتر و وردتر لەبواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی کوردییدا بەگەڕبخات و «ریفۆرمی میدیایی لەئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵادا» بکاتە دەستپێکی ھەنگاوەکانی داھاتووی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟